کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەلجیکا دەپاڕێنەوە

Thursday, 29/10/2015, 23:49


سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە  28ی ئەم مانگەدا بەسەرپەرشتی شێخ جەعفەر مستەفا بەرپرسی هێزە میلیشیاییەکانی ٧٠ی یەکیتی و سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری گوێر- مەخموور و خاتون خان بەرپرسی هێزی ژنان و چەند پلەدارێکی تری سەربازی بەبێ هیچ هەواڵێکی پێشوەخت وەکو تەواوی سەردانەکانی تری پیاوانی دەسەڵات گەیشتنە بەلجیکا.  ڕۆژنامە بەلجیکیەکان بەم شێوازەی خوارەوە ئاماژەیان بە داواکاریەکانی شاندەکە کرد;
'' پێشمەرگە لە بەلجیکا دەپاڕێنەوە بۆ پشتیوانی کردنیان لە ڕوبەڕوبونەوەیان بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی.... فەرماندەکانی کوردەکانی ئێراق لە بەلجیکا دەپاڕێنەوە بۆ چەك و ڕاوێژکاری سەربازی بۆ شەرکردن دژ بە گروپی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی و دەیانوت: تەنانەت بە چەکە کۆنەکانیش کە ئیتر ئێوە بەکاریناهێنن ئێمە خۆشحاڵین''
ئەمە سەروتار و سەرەتای یەکێك لە ناسراوترین ڕۆژنامە هۆڵەندی زمانەکانی بەلجیکایە ( دوا هەواڵ) ( HET LAATSTE NIEUWS) . هەمان بابەت لە ڕۆژنامەی( De Morgen) (بەیانی) بەلجیکی لە ژێر هەمان ناونیشان بڵاو بۆتەوە، تەنها ووشەی دەپاڕێنەوە گۆڕدراوە بە داوادەکەن.
ڕۆژنامەکە دەرئەنجامی داواکاریەکانی شاندەکە پەندێکی بەلجیکی هێناوەتەوە و دەڵێت: '' ئاو گەیشتۆتە سەر لێوارەکان'' بەو مانایەی ئیتر مەترسیەکان زۆر گەورەبون و پێویستیەکان ناکرێت زیاتر دوا بخرێن.
سەرباری ئەوەش ڕۆژنامەکان سەبارەت بە سەردانی شاندەکە بۆ پەرلەمانی بەلجیکا دەدوێن و هۆکاری ئەگەری بەدەستبەتاڵی گەڕانەوەی شاندەکەیان خستۆتە ڕوو.  نوسیویانە: '' هیچ دەسپێشکەریەکی کۆنکرێتی لە لایەن بەلجیکاوە ڕوینەدا. ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی حکومەتەوە(واتە ئەمە ئەرك و دەسەڵاتی پەرلەمانتاران نیە ـ نوسەر) . سێناتۆری پارتی مەسیحی دیموکراتی و فڵامی سۆنیا کڵاس ، کە ماوەیەك لەوەبەر لەگەڵ پۆڵ فان دێن دریشێ (پارتی بەرەی نوێی فڵاندێرن) و ئالان دێستێکسێ ( دکتۆرانی بێسنور) بۆ کوردستانی ئێراق سەفەریان کرد، دانیان بەوەدا نا کە بۆ حکومەت ئاسایی نیە (لەدەرەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی) مامەڵە بکات. ''
 بە دڵنیاییەوە دوو کەس ناکۆك نین لەسەر ئەو ڕاستیەی کە هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە چەکداریە حیزبیەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەوپەڕی کەمتواناییدان و لە هەمو شتێکیاندا کەموکورتی لەبەرچاویان هەیە. هەروەك ئەوەی لەبەردەم پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە وەڵامی پەیامنێری تەلەفزیۆنی ڕوداو سەبارەت بەوەی ئایا داواکاریەکانی شاندەکە چی دەبێت و چییان پێویستە بۆ شەڕی دژ بە داعششێخ جەعفەر وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: ''هەموو مستەلزەماتێك کە پێویستی بێت بۆ پێشمەرگە '' واتە لە ئەلفەوە تاکو یا.
پاش هەزاران جار پرسیاری خەڵکی هەرێمە پڕ سامانەکەمان لە بەرپرسان و سەرانی دەسەڵات، پاش 25 ساڵ سەربەخۆیی و حوکمی کوردی، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بەرپرسانی کوردستان لە خۆیان بپرسن کەی و چۆن کۆتایی دێت بە کەلتوری سواڵکەری و پاڕانەوە و خۆداماڵین لە تەواوی شانازیەکان لە دەرەوەی وڵات و لوتبەرز و ساماندار و گەندەڵ لە ناوەوەی وڵات؟ ئایا ئەتوانن وەلامی خەڵکی سەربەرزی کوردستان بدەنەوە کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە لە ناوەندی چوار دوژمنی مێژوویی و خاوەن دەوڵەت و سوپای بە‌هێز و چەندین دوژمنی تری چاوەڕوان نەکراوی وەکو داعش و میلیشیا سونی و شیعەکان چ ئامادەکاریەك کراوە بۆ خۆپارێزی و ئاسایشی نەتەوەیی؟!. لەکەس شاراوە نیە کە  تەواوی ووزە و هێزی هەرێمی کوردستان و تەواوی سەرمایەی مرۆیی و تەواوی سامانی نەتەوەیی لەدوای ڕاپەڕینەوە تەنها لە پێناوی شەڕی وێرانکاریانەی ناوخۆ ، شەڕی دژ بە شۆڕشگێڕانی پارچەکانی تری کوردستان، ململانێی نێوان پارتە بنەماڵەییەکان لە کڕینی دەنگ و ویژدان ولایەنگران و بەهەدەردانی سامانی نەتەوەیی لە ڕێگای موچەخۆری بنسێبەر و ...هتد دا بووە.
پاش 25 ساڵ لە فەرمانڕەوایی سەربەخۆ و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت. نە توانای ئەوە هەیە موچەی خەڵك بدرێت. نە ئاو و کارەبا و ژێرخانی ئابوری وڵات دەستەبەر و سەقامگیر و پتەوە. دكتۆر ئەرسەلان ئەحمەد، مامۆستای به‌شی ئابوری له‌زانكۆی سلێمانی له‌باره‌ی قه‌یرانه‌ داراییه‌کانی هەرێمی کوردستان دەڵێت:'' وای لێدێت وەكو نەوەدەكان چۆن خەڵك كەوتبوە سەر پلێت‌و بینامان دەڕوخاندو شیشی سەقفەكەیمان دەفرۆشت. بۆیە ئەگەر كار وا بڕوات دۆخەكە زۆر زۆر خراپ دەبێت بەتایبەت لە كاریگەری درێژخایەندا''.
25 ساڵە هەرێمەکەمان نەیتوانیوە ببێتە خاوەندی سوپایەکی نیزامی تۆکمە و ئامادەی پاراستنی خاك و خەڵك. نە هێزێکی پێشمەرگەی ڕاهێنراو بە تەکنیکە سەربازیەکانی سەردەم و نە سوپایەکی بێلایەنی دوور لە لایەنگری حیزبیمان هەیە. هەر وەك ئەوەی خودی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بەو شەوەی كە مەخمور لەلایەن چەكدارانی داعشەوە گیراو داعش دەیویست بەرەو هەولێر پێشڕەوی بكات دەڵێت :"هەرگیز ئەو شەوەمان لەبیرناچێتەوە، كە بەشێك لەهێزە سەربازییەكان‌و وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران لەوێ‌ بون‌و كۆمەكیان كردین، ئێمە رۆڵی ئیجابی ئەوان بەرز دەنرخێنین"..
سەرجەم پشتیوانیەکان لەلایەن بێگانەوەیە و وەك ئەوەی خۆمان لە دونیایەکی ترەوە هاتبین و میوانی کوردستان بین. بۆیە لە بەلجیکا و تەواوی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ و دوژمنانی دێرین و مێژوییمان سواڵکەر ئاسا بۆ پاراستنی خاکەکەمان دەپاڕێینەوە. سەیر و سەمەرە لەوەدایە لە تەواوی ماوەی ئەم 25 ساڵەدا هیچ بەرپرسێکی نە گەورە نە بچوك نە سەربازی و نە سیاسی و نە دارایی ئەنجامی فەشەل و قەیرانە هەمە جۆر و بێشومارەکان دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە و هەر هەموان بە پلە باڵا و مامناوەندی و بچوکەوە شەڕیانە لەسەر مانەوە و پلەی باڵا تر.
نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە شێخ جەعفەر و سیروان بارزانی لە بری وەزیری پێشمەرگەی کودەتا بەسەردا کراو هاتونەتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا. وا پێناچێت ناوبراوان کەسایەتیە گرنگەکانی حکومەتی بەلجیکا و وەزارەتی بەرگری و یەکێتی ئەوروپایان چاوپێکەوتبێت. دەنا ئێستا ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانی دەسەڵات و نوێنەری بنەماڵەی بارزانی لە بەلجیکا (دلاوەر ئاژگەیی و تیمەکەی ) بە وێنە گرتن لە پاڵیاندا فەیس و فیسی دونیایان پێ پر دەکردەوە. وا پێدەچێت وەفدەکە تەنها چاویان بە ئەو چەند ئەندامەی سێنات و پەرلەمانتارانەی هەرێمی فڵاندێرنی بەلجیکا و چەند ئەندامێكی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کەوتبێت کە لە ناوندی مانگی 9 ی ئەمساڵ سەردانی کوردستانیان کرد بوو .
سەرباری هاژ و هوژی ڕێکلامی تەلەفزیۆنی ڕوداو و میدیاکانی پارتی و دەسەڵات بەگشتی و پەیامنێرە هەرزە و کەم ئەزمونەکانی ڕۆژنامە و تەلەفیزۆنەکانی کوردستان لە بەلجیکا. وا پێناچێت ئەم سەردانە هیچ بەرێکی کەم یان زۆری هەبێت وەك ئەوەی لە هەردو ڕۆژنامەی بەلجیکی ناوبراوداهاتووە.
شێوازی دوان و پەیوەندیەکان و مامەڵەی ئەو شاندە سەربازیە جارێکی تر لاوازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی پەیوەندیە دبلۆماسیەکان خستەوە ڕو. سەردانێك بوو بە بێ هیچ ئامادەکاریەك بۆ چاوپێکەتن بە بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن واتە سەرۆك وەزیران و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری بەلجیکا. ئەو جۆرە بڕیارە گرنگە سیاسیانە تایبەتن بە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنی وڵاتانی پشتیوان. لایەنە سەربازیەکان تەنها ڕۆڵی ڕاوێژکاری دەبینن. فەرماندە سەربازیەکانی وڵاتی داخوازکاریش تەنها لە ڕێگای شاندە سیاسیەکانیانەوە دەتوانن داواکاریەکان و پێویستیە سەربازیەکانیان بخەنە ڕو نەك بەرپرسی میلیشیایی و فەرماندەی  یەکێك لە محوەرەکان، جا ئیتر بەچکەی هەر بنەماڵەیەك بێت.
چاوپێکەتن بە لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئەوروپا لە بری لیژنەی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەو بوارەدا هیچ ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ و لەبەرچاوی نابێت و سەرباری خەرجیە دەسبڵاوەکانی نێچیر بارزانی لە ڕێگای هێمن هەورامیەوە بۆ نوێنەرایەتی بنەماڵە لە بلجیکا ، پەیوەندیەکان هێشتا لە ئاستی چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی ئەوروپادایە نەك بڕیاردەران و دەزگاکانی ناو کۆمیسیۆن.
شاندە سەربازیەکەی هەرێم ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای سیستەمی بنەماڵەیی و میلیشیا گەری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بوو. سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری گوێر- مەخموور هیچ مافێكی شەرعی و یاسایی نیە ببێتە یەکێك لە هەمیشە پێشڕەوانی شاندە سەربازیەکانی هەرێم . سیروان بارزانی جگە لە بنەماڵەگەری و جگە لە پلە سەربازیەکانی هاوشێوەی براو ئامۆزاکانی وەکو دیاریەك بە شانیاندا کراوە لە هیچ لایەنێکی ترەوە جیاوازی نیە لەگەڵ فەرماندەی میحوەری کەرکوك حەمەی حاجی مەحموود یان فەرماندەی میحوەری شەنگال عەمید بەھرام عەریف یاسین یان سەرپەرشتی فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە – حەمرین لیوا مەردان چاوشین یان عارف ته‌یفور فەرماندەی میحوەری خازر. تەنها جیاوازیەك کە هەبێت ڕەنگە هەندێك لەوانە تاقیکردنەوەی سەربازی و پێشمەرگەیی کەم یان زۆریان هەبێت و لێرە و لەوێ سەرکەوتنێکیان بەدەست هێنابێت. بەڵام سیروان بارزانی بەهۆی شکستە لەبەرچاوەکانی و چەندین پێشمەرگە کردنە قوربانی نەزانی و ناشی بونی لە بواری سەربازیدا تەنها و تەنها شایەنی دادگای سەربازی و سزا دانە. بنەماڵەی بارزانی و سەرۆکە نا شەعی و نایاساییەکەیان بەمەبەستی هەوڵی بێسودی ئابڕو بۆ کڕینەوەی هەرجارە لە پایتەختێکی ئەوروپا سیروان بارزانی نمایش دەکەن.
شێخ جەعفەر شاندەکە وەکو شاندی فەرماندە مەیدانیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە جەبهەکانی داعش دەناسێنێت، کە دەعوەتی ڕەسمیان لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە پێ گەیشتووە. لە کاتێکدا خودی شێخ جەعفەر نەك هەر نوێنەرایەتی وەزارەتی پێشمەرگە ناکات و هیج پەیوەندیەکی بە هێزی پێشمەرگەی نیزامیەوە نیە. بەڵکو بەرپرسی هیزە میلیشیاییەکانە کە ناسراوە بە (هێزەکانی 70 ی یەکێتی). سەرۆکایەتی کردنی ئەو شاندە لەلایەن لۆردەکەی شەڕ لە  ناوچەی قەرەداخ تەنها بە مەبەستی ڕازیکردنی یەکێتیە لە لایەن پارتیەوە. لەهەمانکاتدا هەوڵدانە بۆ بەشداریپێکردنی یەکێتی لە جێگرتنەوەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵی ڕاکێشانی یەکێتیە بۆ پشتیوانی ڕاستەوخۆ لە کودەتا سەربازی و پێشێلکاریکردنەکانی ئەم دواییەی پارتی.
لە ڕوی شکڵی و پرۆتۆکۆڵیەوە شاندەکە هێندە ناشی و بێئاگا بون بەبەرگی سەربازیەوە چونە باڵەخانەی پەرلەمانی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا.
پۆشینی بەرگی سەربازی هەر وڵاتێك لەسەرزەمینی وڵاتێكی تر لە سەرجەم وڵاتانی دونیادا نەخوازراوە و شکاندنی سەروەری ئەو وڵاتەیە . تەنانەت لەگەڵ بونی ڕێکەوتننامە سەربازیەکانیش هێشتا هەوڵ دەدرێت کە دیاردەی سەربازی وڵاتێك لە وڵاتێکی تردا بە پێی توانا بە کەمترین شێواز نیشان بدرێت وەك بونی سەربازی ئەمەریکا لە خاکی ئەڵمانیا. وا پێدەچێت ڕێکخەری ئەم چاوپێکەوتنە بێ بەرهەمە بێئاگایە لەوەی کە سەربازانی خودی بەلجیکاش لە بەرواری23 .1.2015 وە فەرمانیان بۆ هاتووە کە پۆشینی بەرگی سەربازی لە شوێنە گشتتیەکاندا و تەنانەت لە چون و گەڕانەوەیان بۆ سەربازخانەکان قەدەغەیە. بڕیارێکی لەو جۆرەش لە 30.10.2014 دا بۆ سەربازانی هۆلەنداش لە سەر خودی سەرزەمینی شاهەنشاهی هۆڵەندا  دەرچووە. سیروان بارزانی و ئەندامانی تری شاندەکە بەو پەڕی بێئاگاییەوە ئەو بڕیارانەیان پێشێل کرد. ئەگەرچی دەبنە جێگای زەردەخەنەی شارەزایانی بواری سەربازی ئەم وڵاتە بەڵام بەلجیکیەکان زۆر دڵفراوانترن لەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکیان بەرامبەر بکەن لەبەرئەوەی دەزانن هیج مەبەستیکی خراپیان نەبووە جگە لە خۆ نمایشکردنی بێئاگایانە و فسفسپاڵەوانی.
لینکی رۆژنامەی ( دوا هەواڵ) ( HET LAATSTE NIEUWS)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە