هەڵە بە هەڵە راست نابێتەوە
Thursday, 29/10/2015, 22:33
پاش ئەم قەیرانە ئابووریەی کە لە دەرئەنجام دا مایەپوچیی بە دوای خۆیدا هێناوە و، حکومەتی ئیفلیج کردووە و، تەنانەت ناتوانێت کارە زۆر پێویست و سەرکیەکانی خۆی رایی بکات، گوێمان لە زۆر دەنگ و را و هەڵوێستی جیاواز لەمەڕ چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە قوڵەی دەرهاویشتەی دەستی نەزانی و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردستان، دەبێت . هەر یەکە و بە پێی هەڵوێستی سیاسی و بەرژەوەندی و پەیوەندیە هەمەجۆرەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە ترسناکەدا دەکات و، بە ناو رێگە چارە دەخاتە بازاری سیاسەتەوە . تا ئێستا لەلایەن خەڵکی پسپۆر و شارەزای باری ئابووری و بێلایەن بە زانیاری و داتای راست و زانستیانە، رێگەچارەیەکی واقعی و زانستیانەی دوور لە بۆچونی سیاسی و حزبیم نەبینیوە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا هەمیشە ئابووری کوردستان پەلکێشی هەڵوێستی سیاسی کراوە و، دوور لە بەرژەوەندیە گشتیەکان و بە هەرەمەکی بەرێوەبراوە و، بە چاولێکەری و روکەش وەک نمونەکەی دوبەی، مامەڵەی لەگەڵدا کراوە . ئەمەش وای لێکردین، کە تا بیناقاقامان نغرۆی بێ دەرامەتی و پشێوی و شڵەژانی ئابووری بین، بێ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵدا، رێگە چارەیەکی ریشەییمان بۆ دۆزیبێتەوە .
دیارە باس لە نەبونی پلانی ستراتیجی و بەرنامەی تۆکمە و هەڵسەنگاندنی وەزعی خودی خۆمان و سیاسەتی خواروخێچی دەسەڵات و لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندیەکانمان لەسەرجەم روەکانەوە ناکەم . لێرەدا ئەوەی پێویستە ئەوەیە: کە ئەوەی رویداوە پەندی لێوەر گرین و، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار هەڵبژاردە و چارەسەری هەبێت، کە بۆ دوارۆژ ی گەلی کوردستان لەهەموو شتێکی تر گرنگترە . بەڵام هەندێک رای دڵسۆزان لە بەرامبەر بۆچونی حزبی و بەرژەوەندخوازی دەسەڵاتی گرێدراوی سیاسەتی حزبی تەسک و دیدی کەسەکان دەبیستین، کە لە دوو تەوەردا چارەسەرەکە دەبینن، کە زۆرینەی رەهایان هیچ زانیاریەکی نهێنیان لەسەر داهات و دارایی هەرێم نیە و، لەو روانگەوە قسە دەکەن کە توانای دارایی کوردستان گەیشتۆتە پلە سفر و هیچ بەرپرسێک لەسەر داهاتی میلەت و پارە لە هیچ شوێنێکدا قسەی نیە و وا دەردەخرێت کە دەسەڵات و ملیاردێرە تازەکانی کوردستان هیچ تاوانێکیان نیە، ئۆپشنەکان :
یەکەم : گەرانەوە بۆ باوەشی بەغدا و رازیبون بە ئەمری واقیع و دووبارە خۆگرێدانەوەی یەکجارەکی ئابووری کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا بە ناوەندەوە، لێرەشدا و بەغدا لەم خاڵە لاوازەدا بەجوانی لە دیدگای تەسکی خۆیەوە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات و سەرجەم مەرجەکانی دەسەپێنێت، کە ئەمەش بە زەرەرێکی گەورە دەگەرێتەوە، جگە لەوەی بەغدا بە خۆیشی بەشێوەیەکی جیاواز توشی قەیران بووە،لە وانەیە هەردوو قەیرانەکە لە داهاتویەکی نزیکدا تێکەڵی یەکبن، بەڵام عیراق وەک دەوڵەت لەوانەیە لە داهاتودا بتوانێت تا رادەیەک نیمچە چارەسەری بکات، یان لە ئەگەری لاوازدا، ئەویش توشی مایەپوچی بێت و گەرانەوەی هەرێم بۆ باوەشی بەغدا هیچ چارەسەرێکی پێ نەبێت ، بەتایبەتی بەغدا تاوەکو پارێزگاگانی تری پێویست بە داهات بکات بە هەموو شێوەیەکی ساختە و فرتوفێل بوار بەوە نادات کوردستان لەسەر حسابی ئەو چارەسەری هەمان قەیران بکاتەوە .
دووەم : مانەوە بەم شێوەیە و قەرزکردن و گرێدانی زیاتری هەرێم بە دەوڵەتانی دونیاوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەچارەسەرکردنی بەشدار بن و لە پێناو بەرژەوەندی کۆمپانیاکانیان درێژە بە مامەڵە کردنیان لەگەڵ هەرێمدا بدەن، تا ئەو کاتەی نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، کە ئەمە بە پێی پسپۆرانی نەوتی جیهانی لەماوەی ساڵێکی تردا یەکێکە لەئەگەرە پێشبینی کراوەکان . ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە را و هەڵوێستە سیاسیەکانی حزبەکانەوە نەک خەڵکی پسپۆر و بێلایەن . بەتایبەتی پەیوەندی تورکیا و هەرێم و بازارەکانی کرین و فرۆشتنی نەوت و کۆمپانیاکان.
لێرەدا، لەم کاتەدا کە لە دووریانی چارەسەرکردنداین، دەکرێت لەلایەن ئەوانەی کە لە بارەی داهاتی ئەم چەند ساڵەی هەرێمی کوردستان و دیارنەمانی برێکی زۆری لە نێوخۆی کوردستان و چونە دەرەوەی و چۆنێتی گەرانەوەی، کە زانیاری زۆریان هەیە، بەتایبەتی دەسترۆیشتوانی پارتی و یەکێتی ، دەکرێت باشترین رێگە بدۆزرێتەوە و هەڵەکان دیاری بکرێن، ئەگینا بریاری خێرای گەرانەوە یان نەگەرانەوە بۆ ناوەندی عیراق بەقبوڵکردنی هەموو مەرجەکانی بەغدا، پرسەکەمان دەگەرێنێتەوە خاڵی سفر و بێ ئومێدیەک کە کەمتر نەبێت لە هەرەس، باڵی بە سەر سەرجەم گەلی کوردستاندا دەکێشێت . ئەوەش باش بزانین کە بریاری کتوپر و بێ دراسەت خۆی لەخۆیدا هەڵەیە و، هەڵەش بە هەڵە چارەسەر ناکرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست