شۆڕش و گۆڕانکاری بەکێ ئەکرێ
Sunday, 25/10/2015, 22:07
پارێزگاری لە پاک و تەمیزی شار و پاراستنی کەلوپەلەکان ئەرکی سەرشانی هەموانە. شەهید سورکێو زاهیر
لەکاتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و ڕۆژانی داهاتوو، لەنزیك خەستەخانەی چوارباغ بەدەستی چەتەکانی یەکێتی شەهید سورکێو زاهیر دڵە مەزنەکەی لەلێدان کەوت. ئەم چونکێ خۆی باوەڕی بەوە بوو کە شار و نیشتمان موڵکی هەموانە ،هەر بۆیە بەو تەمەنە لاوێتیەی خۆیەوە هەستی بە لێپرسینەوەو گەورەیی کردبوو. ئەم لای وابوو ئەشێ سیستمە سیاسیەکان بگۆڕین،ئەشێ شۆڕش و گۆڕانکاری بکەین،لێ ناشێ ووڵات و شارو نیشتمان وێران و کاول بکەین. بۆ ئەو،جوانی شار و کۆڵان و گەڕەك و پاراستنیان ئەرکی هاوڵاتیانە و پێوستە کەلوپەلەکانیان تێك و پێك نەدرێن. ئەو لای وابوو تەنەکەی خاشاك نابێ بشکێندرێ و پیسایی و خاشاك لەسەر شەقام وجادەکان فڕێ بدرێ و سیمای شار ناشرین بکرێ. ئەم چونکێ خۆی دڵی بەشارەوە بوو،هەرگیز ئامادە نەبوو لەکاتێ هەڵپژان و ڕووبەڕووبونەی لەگەڵ پۆلیس و چەتەکانی هەریەك لەپارتی و یەکێتی سیمای شار تێك بچێ و لەجیاتی گوڵ و دار پیسی و خاشاك جێگایان بگرێتەوە.
داخۆ گەنجێك بەم شێوەیە بیربکاتەوە و لەو کاتە ناهەموارانەدا خەمخۆری شارەکەی بێت و ئاگادارمان بکاتەوە لەوەی ناکرێ بەپاساوی هەلگیرساندنی ڕاپەڕین و شۆڕش هەرچی دێتە بەردەممان تێكی بدەین و ژینگەکەمان پیس بکەین! ئایا ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەم نەوە نوێیە لەهی ئێمە ناچێ و زیاتر خاك و نیشتمانیان لا پیرۆز و خۆشەویسترە! ئایا پاراستنی ژینگە و پاراستنی کەلوپەلی میری و دەوڵەوت موڵکی کێن و کێ پێوستە پارێزگاریان لێ بکا؟! ئەمە ئەو پەیامە بەرزەیە کەوا شەهید سورکێو بۆ گەنجانی ئەم ووڵاتەی جێهێشت. کەبەداخەوە ولەژێر پەردەی حزبایەتی ئەیانەوێ وێنەی لاوو گەنجانی ووڵات ناشرین بکەن. سورکێو داوامان لێ ئەکا کە بەردەوام بین لەگۆڕانکاری و شۆڕش و ئاستی ووشیاری و خۆشەویستی نیشتمان و پاراستنی کەلوپەلەکانی ئەرکێکی نیشتمانیە و پێوستە هاوڵاتی بیر لەسووتاندن و تێك دان و پیسکردنی ژینگە نەکاتەوە.
ئەلبەت شکاندنی شوشەی بینایەکی بارەگایەکی هیچ کات ناچێتە ژێر ئەو هاوکێشەیەی سورکێوەوە،لەبەرئەوەی بارەگای حزبی کاریان کۆیلەکردن و ڕامکردنی گەنجانە. لێرەدا،گەنج و لاو بۆ پیرۆزکردنی سەرکردە چەتەکان و مافیاکان گەورە ئەکرێن و تەلقین ئەکرێن. جا بۆیە ،وێران وکردن و سووتاندنی ئەو شوێنانە ئەرکێکی گەورەی خەڵکی ڕاپەڕیوەو ئەبێ نەیەڵن هەر شوێنێك ئامادە کرابێ بۆ پیروزکردنی سەرکردەو کۆیلەکردنیان لەسەر خاکی ووڵات بوونی هەبێ.
سڵاو لەگیانی سوورکێو زاهیرو ئەوانەی خەبات دژ بەستەم و زۆرداری و دیکتاتۆریەت ئەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست