کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەڕلەمان فەل نەبووایە سەرەکەی بە پەلەپیتکەیەک نەدەپەڕی

Tuesday, 20/10/2015, 22:43


- جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ریی هه‌یه‌ له‌ نێوانی ئه‌وه‌دا که‌ هه‌ڵوێستێک له‌ پره‌نسیپه‌وه‌ بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ وا بکه‌وێته‌وه‌ قسه‌ بۆ ئه‌و رۆژه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ‌هه‌بێت
---------------------------------------------
- پارتی له‌سه‌ر شانی گۆڕان سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی داگرت
------------------------------------------
دەرکردنی کاربەدەستانی گۆڕان لە لایه‌ن پارتییەوە لایەنێکی شاراوەی پارتی دەرنەخست. ئەگەر کێشەکە ئەوە بێت کە پارتی شەقی لە یاسا هەڵدابێت، ئەوا ئەمە جێگای پێکەنینە. کام یاسا؟
لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی باشوردا سەرگردە دەستەڵات وەکو لوتی ئەوەتا بە خۆیەوە. دەستەڵاتەکەی هی خۆیەتی نەک هی پۆستەکەی. بە یاسای بێ یاسایی نەبێت چۆن سەرگردە زەق و رەوان گردی حکومەت لەسەر خۆی تاپۆ دەکات و سەرباز لە جیاتی بیگرن بە فەوج به‌ پاره‌ی میلله‌ت خزمەتکارییشی بۆ ده‌که‌ن؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌‌مه‌ش په‌یتا په‌یتا په‌یامیشمان بۆ ده‌رئه‌که‌ن.
سنوردارکردنی دەستەڵاتی سه‌رۆک له‌سه‌ر کاغه‌ز وەکو ئەوە وایە بۆ ئەوەی خۆی بگریت پەلاماری سێبەرەکەی بدەیت. سەرگردەکانی کورد هیچ کاتێک ئیشیان بۆ ئەوە نەکردووە کۆمەڵگایەکی شارستانیی دروست بکەن که‌ تیایدا خه‌ڵک به‌ یاسا و رێسا بڕوات به‌ڕێووه‌. ئەو پەڕلەمانەش کە کاک یوسف محەمەد سەرۆکێتی پەڕلەمانێکی کارتۆنییە. میکرۆفۆنێکە کە دەنگی سەرگردەکانی پیادا تێپەڕ دەبێت، بۆ کورد نەبوونی باشترە. به‌ڵام بۆ ئەندام پەڕلەمانه‌کان پلێکی چه‌وری بریانییه‌که‌یه‌. پەڕلەمان ئەگەر فەل نەبووایە لە فەحسدا دەردەچوو، سەرەکەی بە پەلەپیتکەیەک نەدەپەڕی.
دەرکردنی کاربەدەستانی گۆڕان پەردەی لەسەر ئەو راستییە هەڵدایەوە کە ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییەی پارتەکانی ناو پەڕلەمان پێکڕا دروستیان کردووە سیستێمێکه‌ که‌ تیایدا پارتی ده‌توانێت سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و وه‌زیره‌کانی گۆڕان به‌ فویه‌ک ده‌ربکات. ئه‌مه‌ له‌وه‌ ده‌چێت که‌ یه‌کێک پشت دانه‌وێنێت بۆ یه‌کێکی تر گڵۆپێک دابگرێت. هه‌مووی مه‌نێنه‌ ملی پارتی! ئەمە هەموو پارتەکانی ناو پەڕلەمان و په‌نجه‌مۆرانی ده‌نگدان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دەرکردنی سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان، پیشانی ئەدات کە ئەو هەڵبژاردن و دەنگدانانەی بە گەلێکی کۆیلە دەکرێت ناتوانرێت دەستەڵاتێکیان لێ دروست بکرێت کوتەکی کۆیلەدار نەبێت. ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌یه‌ که‌ ره‌وایی پێ ده‌درێت به‌ سیاسه‌تێکی ناڕه‌وا و‌ سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان چه‌کوشی بۆ ئه‌دات به‌ مێزدا. گرفتی گۆڕان و سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانه‌که‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ پارتی کاربه‌ده‌سته‌کانی به‌ فوویه‌ک ده‌رکرد. به‌ڵکو ئه‌وه‌یه‌ که‌ قاچێکی ئه‌و کورسییه‌یه‌ که‌ مه‌سعود بارزانی له‌سه‌ری دانیشتووه‌. ناکۆکییه‌که‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ناوبراو سه‌رۆک نه‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مان ده‌یانه‌وێت کورسییه‌که‌ی بۆ بۆیاخ بکه‌ن به‌ڵام سه‌رۆک نایه‌وێت ره‌نگی کورسییه‌که‌ی ئه‌سڵه‌که‌ی نه‌بێت.
ده‌رکردنی کاربه‌ده‌سته‌کانی گۆڕان ئه‌وه‌ی پیشان دا که‌ دۆلاربیران چ درۆیه‌کیان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر کردووه‌، کاتێک که‌ هێرش ده‌که‌نه‌‌ سه‌ر ده‌سته‌ڵات و به‌ڵام له‌ کاتی پێویستدا هه‌ڵبژاردن به‌ دیموکراتیی ده‌ناسێنن و جه‌ماوه‌ر هان ئه‌ده‌ن بچن بۆ ده‌نگدان. کام دیموکراتیی؟
ئه‌م قه‌یرانانه‌ هێلکه‌ی ئه‌و قریشکه‌ن که‌ به‌ به‌شداریی پارته‌کان و هه‌وڵی دۆلاربیران دروست بووه‌. ئه‌مشه‌و 19/10/2015 هه‌واڵی خنکانی دایکێک و پێنج منداڵه‌که‌ی له‌گه‌ڵ حه‌وتی تردا له‌ ده‌ریادا بڵاو بووه‌وه‌.
ده‌رئه‌نجام چییه‌؟
پێویسته‌‌ میلله‌ت هێڵی سیاسیی خۆی ون نه‌کات. هه‌ر جاره‌و سه‌ری نه‌خه‌نه‌ ناو توره‌که‌یه‌که‌وه‌. کلیلێک ده‌رگاکه‌ی نه‌کردبێته‌وه‌ جارێکی تر به‌کاری نه‌هێنێته‌وه‌. هه‌میشه‌ رێگای نوێ تاقی بکاته‌وه‌. هه‌تا ده‌گات به‌ ئامانج. ئه‌گینا هه‌رگیز رزگاری نابێت. ئه‌گه‌ر شۆڕشێک له‌ ناو خۆماندا نه‌که‌ین دنیاکه‌مان هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ ئێستامان دروستی کردووه‌.

ناسر حه‌فید
19/10/2015، سولێمانی
ئێمه‌ له‌ به‌رده‌می شۆڕشێکدا وه‌ستاوین خۆتانی لێ مه‌دزنه‌وه‌!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە