* میهرداد.ر.ئیزەدى، تاماوەیەکى نزیکیش مامۆستاى مێژو و زمانە رۆژهەڵاتییەکانى زانکۆى هارڤارد بووە.
* نووسەر لیسانسى لەزانستى سیاسى و جوگرافیدا هەیە.
* بڕوانامەى ماجستێرى لەگۆڕانکارى و رووداوە نێو نەتەوەییەکان و جوگرافیاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەیە.
* بڕوانامەى دکتۆراشى لەزانکۆى کۆڵۆمبیا دەرحەق بەتێزەکانى سەبارەت بەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پآ بەخشراوە.
* لەکۆنگرێسى ئەمریکیدا سەبارەت بەمەسەلەى کورد، دوو جار بانگهێشت کراوەو گوێ لەڕاوبۆچوونەکانى گیراوە.
* بابەت و وتارێکى زۆرى لەم دوو رۆژنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە:
Kurdish Times
Middle East Journal
ئەم کتێبەى ئامادەیە بۆ چاپ بەناوى:
A basic of the land and people of Kurdistan
------------------------------------------------
دووهەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوپێش و بەپێى ئاماژەکانى تەلموود، جوولەکەکان لەلایەن "شەلمانەسەر"ى سەرکردەى ئاشوورییەکانەوە بەرەو کوردستان راگوێزراون و کوردە جوولەکەکان بەبنەچە دەچنەوە سەر هەردوو خێڵى ونبووى جوولەکە... سەرجەم ژمارەى خێڵە جوولەکەکانیش لەبنەڕەتدا دوانزە خێڵەو بەونبوونى دوو خێڵى، دە خێڵى دەمێنێتەوە.
بەحوکمى وابەستە نەبوونى کورد بە ڕێبازێکى ئایینییەوە حاخامەکانى جوولەکە زۆر بەباشى توانیوویانە پەیامى موسا لە نێو کورداندا بڵاوبکەنەوە.
لەو سەردەمەدا شارى هەولێر ناوى"ئادیابێنە" بووەو لەلایەن شازادەکانى کوردەوە حوکمڕانى کراوە و لەسەد ساڵى "پ.ز" دا ژمارەیەکى زۆریان لەجوولەکە لەهەولێردا جێکردۆتەوە.
شازادەى ئەو دەمەى کورد"مۆناباژ" یان رەنگە "ماگۆبادج" بووبێت و شاژنیش ناوى هێلینا بووە و هەر لەو دەمەدا باوەڕیان بە پەیامى موسا هێناوە و لەو ڕووەشەوە دەستپێشکەربوون و دواتریش لەناوچەکەدا، لەکوردستانى ناوەڕاستدا بەتەوژم گوڕێکى بێ وێنە بڵاوبۆتەوە.
یەهود بەزمانى عیبرى یەهوداى پێ دەگوترێت و ناوى شارێکى جوولەکەکان بووە واتە "یەهودییە" و شایانى باسیشە لەلایەن ڕۆمانەکانەوە چ یەهودییەو چ شارى ساماریا کە لەمڕۆدا بە"سەباستیلا" ناسراوە، داگیرکراوە.
کوردەکانى ئادیابێنە"هەولێر" بەمەبەستى فریاکەوتنى جوولەکەکان، سەرباز و ئەرزاق و تفاق و کەلوپەلیان بۆ ناردوون. بەپێى راوبۆچوونى مێژوونووسى جوولەکە "جۆزیف فلاڤیۆس" کوردەکان پشتگیرى و هاریکارى جوولەکەکانیان کردووە و بەتەنگ جوولەکە نەدار و هەژارەکانى ئەو دەمەوە هاتوون و لە سوریاو میسرەوە بەپارەى خۆیان دانەوێڵە و کەلوپەلى پێویستیان بۆ کڕیون و لەلایەن شاژنى ئەو دەمى کوردانەوە لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیدا بەسەر جوولەکەکاندا دابەشکراوە.. چ هێلینا و چ کوردە ئەریستۆکراتەکانى هەولێر بەشدارى پڕۆژە ئاوەدانییەکانى شارى قودس و شارى یەهودییە-یان کردووە و بەپێى ئاماژەکردنەکانى"ئۆسیبۆس": (هێشتاکە شوێنەوارى شاکارەکانى هێلینا لە قودس و دەورووبەریدا دەبینرێتەوە).
لەوەش گرنگتر بەشدارییکردنى کورد بووە شانبەشانى جوولەکان لە بەرگریکردن لەشارى قودس، بەرامبەر بەهێزە شاڵاوهێنەرەکان بەسەرکردایەتى "تیتۆس"و "ڤێسپاسیان" کە دیارە دواتر و لەساڵى حەفتاودووى زاینییدا، رۆمانەکان قودسیان داگیرکرد و پەرستگەکەشیان تاڵان کرد و ژمارەیەکى زۆرى کوردیشیان بەدیل گرت و لەوانەش شازادە "ئیزاتێس"و ژمارەیەک لە ئەریستۆکراتەکانى کورد بوون، کە بەفیعلى لەبەرەکانى جەنگدا بەشداری و بەرگرییان لەشارى قودس کردبوو، دیارە دواتر لەلایەن رۆمانەکانەوە بەدیلى و دەست و پێى زنجیرکراوەوە رەوانەى رۆما کران.
کورد لەم شەڕ و جەنگەدا سەر و ماڵیان دانا، دەرئەنجامى پشتگیریى و داکۆکى کردنى کوردەکان لە جوولەکە و بەرگرىکردنیان لێیان زۆر خراپ بەسەر کورددا شکایەوە و مایەى سەرسامییە گەر بڵێین، لە ئێستادا هیچ کورد و جوولەکەیەک زانیارى بەرامبەر بەم رووداوە مێژووییە نییە.
مەسیحییەت لە 400-500پ.ز لە ئادیابێنە دەستى بە بڵاوبوونەوە کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوردە جوولەکەکانى کوردستان تا ناوەڕاستى چەرخى "20"و دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل-یش وەک گەلە کۆمەڵێکى یەکانگیر و پتەو و قەرەباڵغ مانەوە. کوردە جوولەکەکان لەماڵەوەو پەرستگەکانیاندا"سیناگۆک" بەئارامى کۆن"ئاشوورى" دەدوێن و لە بازاڕ و دەرەوەشدا بە کوردى.. چەشنى گوزەران و داب و نەریتى کورد و جوولەکە بەشێوەیەکى بەرچاو یەکانگیر و تێکچڕژاوە.
لەساڵى 1170دا "تودێلا بینجامین" کە گەڕیدەیەکى جوولەکە بووە و لەگەشتێکى بۆ کوردستانداو تەنها لە ناوچەى هەولێردا سەد بنەماڵەى جوولەکەى کەوتۆتە بەرچاو، لە شارۆچکەى ئامێدى-یشدا بیست و پێنج هەزار هاوڵاتى جوولەکەى سەرژمێرکردووە و لەنێو کوردە جوولەکەکاندا جێگە و شوێنێکى دیار و سەربەستییەکى بەرچاوى هەبووە.
شایانى باسیشە لەنێوان ساڵانى 1742-1831زۆر لەکۆمەڵەجوولەکەکان بەهۆى بڵاوبوونەوەى چەند پەتایەکى کوشندە و ترسناکەوە، بەتەواوى کەوتنە بەر شاڵاوى کاریگەرى ئەو نەخۆشییانەوە و بەمەش رێژەیەکى زۆریان گیانیان لەدەستدا و لەناوچوون.. دواتر بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە لەئەنجامى لەناوچوونى ژمارەیەکى زۆرى جوولەکەکاندا هاتبووە مەیدان، کوردە جوولەکەکان کە دووچارى ئەو نەخۆشیانە نەبووبوون، پێ بەپێی جێگە و شوێنى ئەو جوولەکانەیان پڕکردەوە و دواتریش ئەو جوولەکانەیان لێکەوتەوە کە بە "بابلى"یان"عێراقى" ناسراون.. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەى کە کوردە جوولەکەکان بەریشە ناچنەوە سەر عەرەب، بەڵکو دەچنەوە سەر ریشەى کورد و ئارامى نوێ، هەر ئەمەشە بۆتە هۆى ئەوەى کە رەنگ و بۆى جوولەکانى عێراق وێکچوو بێت لەگەڵ رەنگ و بۆى کورددا.. لە ئێستاشدا ئەو جوولەکانەى کە بە"بەغدادى" یان "بابلى" ناسراون، لەراستیداو زۆر ئیحتیمالە کەهەموویان کورد بن.
"داڤید ساسۆن" کوڕى "شێخ ساسۆن ساڵح"ە و یەکێکە لەو کوردە جوولەکانەى بەغدا کە لەساڵى 1828دا خۆى و خێزانى لە ڕێگەى ئێرانەوە چوونە بۆمباىو پاشان شەنگەهاى و دواتریش سان فرانسیسکۆ.. بنەماڵەى "داڤید ساسۆن" سەر بەعەشیرەتى "ساسۆن"ساسان"ى کوردن. بنەماڵەى ساسۆن لەبەغدا لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتى ئیسرائیل-دا قوتابخانەى "ئەلیەنس ئیسرائیلییەت یونیڤێرسڵ"یان کردەوە.. پاشان لە "کرماشان و هەمەدان و خانەقین و هەولێر و کەرکووک"دا هامان چەشنە قوتابخانەیان دامەزراند.
بەکردنەوى کۆلێژى "ئالبێرت...ساسۆن"یش لەبەغدا هەوڵ و تەقەلاکانیان گەیشتە پلەى باڵاو بووە مایەى کەڵک و سوود وەرگرتنى کوردە جوولەکەکان.
لەناو خەڵکدا قوتابخانەکەیان بەقوتابخانەى یەکگرتوو ناسراوبوو، چونکە لە وەرگرتنى قوتابیدا سەیرى ئەسڵ و فەسڵى ئایینى نەدەکرا و هاوپەیمانێتى ئیسرائیل-یش کۆمەکێکى تەواوى کۆلێژەکەى دەکرد، پاش دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل لەساڵى 1948داو تا ماوەیەکى کەم لەخزمەتکردندا بەردەوام بوون و دواتریش قەدەغەکران.
لەجەنگى جیهانى یەکەمدا، سەرتاپاى کوردستان بووە گۆڕەپانى جەنگ و ئەمەش بووە مایەى کوشتن و تێداچوونى سەدان کورد.. بەناچارى ژمارەیەکى زۆرى کوردە جوولەکەکان کوردستانیان جێهێشت و روویانکردە شارە گەورەکانى وەک بەغداو ئەستانبوول و تاران و لەساڵى 1919دا بۆ یەکەمجار گرووپى "کۆمەڵەى ئازادى جوولەکەیان" دامەزراند و لەلایەن کوردە جوولەکەکانیشەوە پشتگیرى لێکرا و بۆ یەکەمجار "حسقل ساسۆن" وەک کوردە جوولەکەیەک لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لەساڵى 1920دا کرایە وەزیرى دارایى و لە ساڵەکانى 1925-1928یشدا نوێنەرى کوردە جوولەکەکانى ئێران و وەک ئەندامێک لەپەرلەمانى ئێران-دا دەست بەکاربوو.. لەهەمان کاتیشدا لەعێراق پێنج جوولەکە بوونە ئەندام پەرلەمان و لەوانەش دوانیان کوردە جوولەکە بوون.. گەرچى لەو دەمەدا مێژووى کوردە جوولەکەکان درەوشاوە دەکەوتە بەرچاو بەڵام بەداخەوە تەنها سپێدەیەک بوو لەمێژوویاندا!؟
لەساڵى 1934دا چ لە تورکیاو چ لەعێراق-دا نیشانەکانى دژایەتى کردنى جوولەکە بەئاشکرا دەکەوتە بەرچاو و لەژێر گوشارى تورکیادا، ژمارەیەکى زۆر لە کوردە جوولەکەکان بەرەو وڵاتانى رۆژئاوا کۆچیان کرد و لەساڵى 1941یشدا لەشارە عەرەبنشینەکانى عێراق-دا دەستکرا بە راونان و کوشتنى جوولەکە، بەڵام لەهیچ کاتێکدا لە کوردستانى عێراق-دا ئەم پرۆسەیە بەڕێوە نەچوو و هیچ جوولەکەیەکیش نەکوژرا.
لەساڵى 1942دا چالاکییەکانى "سیۆنیست" هەموو ناوچەکانى گرتبووە و مەشقى سەربازى و زمانى عیبریان فێرى جوولەکەکانى عێراق دەکرد، سەربارى پتەوکردنى ویستى گەڕانەوە بۆ "ئەرزولمەوعود".
گەرچى جوولەکەکانى تورکیا و ئێران ویستى گەڕانەوەیان بێهێز و لاواز بوو.. لەساڵى 1946"یەکێتى عەرەب" بانگەوازێکى دژى چالاکى "سیۆنیستەکان" بڵاوکردەوەو ئازادى هاتووچۆ و گەڕان و هەڵسووڕانیانى قەدەغەکرد.
پاش دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل-یش، رێژەى زوڵم و زۆر دەرحەق بە جوولەکەکانى عێراق بەشێوەیەکى بەرچاو زیادیکرد و پرۆسەى کوشتن و لەناوبردنیشیان بووە مایەى کۆچکردنى بەکۆمەڵیان بۆ ئیسرائیل و تەنها لەکوردستانى عێراق-ەوە هەشتا هەزار کوردە جوولەکە روویانکردە ئیسرائیل و ژمارەى سەرجەم جوولەکە کۆچکردووەکانى عێراق-یش سەد و سى و چوار هەزار کەس بووە.
لەساڵى 1978-1979دا پاش گۆڕانى رژێمى ئێرانى دە هەزار کوردە جوولەکە لەکوردستانەوە"سەرجەم چل هەزار جوولەکە" ئێرانیان جێهێشت و روویانکردە ئیسرائیل و وڵاتانى رۆژئاوا.
گەرچى لەسەردەمێکدا کوردە جوولەکەکان بەشێوەیەکى دیار لەهەموو ناوچەکانى کوردستاندا هەبوون و دەگوزەران، بەڵام لەئێستادا بەداخەوە تەنها پێنج هەزار جوولەکە لە کوردستاندا ماون.. مایەى سەرسووڕمانە گەر بڵێین: تا ئێستا کوردە جوولەکەکانى ئیسرائیل پێکەوە و لەگەڕەکى تایبەت بەخۆیان ژیان دەبەنە سەر و یادى هەموو جەژنەکانى کورد دەکەنەوە و هەموو داب و نەریتێکى کورد و کەلتوور و فەرهەنگیان پاراستووە، ئەمە بێجگە لە میوزیکى کوردیى کە جێگەیەکى تایبەتى هەیە لاى کوردە جوولەکەکان و بەشێوەیەکى رێک و پێک و هەروەک خۆى پارێزراوە. لەکۆتاییشدا بەپێویستى دەزانم کە ئاماژە بۆ ئەو پێغەمبەرانە بکەم کە ناویان لەکتێبى پیرۆزدا هاتووە و نزرگەکانیان لەکوردستاندایە وەک: "جۆناح-نەبى یونس" گۆڕەکەى دەکەوێتە موسڵى کۆنەوە و "دانیڵ" لە کەرکوک و "عازەر" لەهەولێر.
زۆر لەو ئەشکەوتانەى کە لەسەردەمێکدا پێغەمبەرەکان روویان تێکردووە، بە پیرۆز دەزانرێن و تا ئێستاش نەک تەنها لاى جوولەکەکان، بەڵکو لاى مەسیحى و موسڵمانەکانیش سیمبۆلێکى ئایینى و بەهایەکى مەعنەوییە.
دوا نموونەش سەبارەت بەشوێنە پیرۆزە هاوبەشەکانى نێوان جوولەکەکان و مەسیحییەکان و موسڵمانەکان و یەزدانییەکان کە بەپێویستى دەزانم لێرەدا بیخەمە ڕوو، "گۆمى ئیبراهیم"ە لە"ئورفا" حەوزێکى لاکێشە ئاساى ناوازەو درێژ لەناوەڕاستیدا دەبینرێت و دروستکردنى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکى کۆن و "ئیبراهیم" بەباوکى نەتەوە جیاجیاکان لەقەڵەم دەدرێت. "گۆمى ئیبراهیم"یش ئەو شوێنەیە کە "نەمرود" ویستى "ئیبراهیم"ى تێدا بسووتێنێت کە دیارە دواتر و وەک موعجیزەیەک ئاو لەبن عەردەوە هەڵدەقوڵێت و "ئیبراهیم" رزگار دەکات و لە ئێستاشدا "گۆمى ئیبراهیم"ەو ژمارەیەکى زۆر ماسى "سازان" لە گۆمەکەدا بەسەربەستى مەلە دەکەن و لەلایەن خەڵکییەوە خۆراکیان دەدرێتێ و بەهیچ شێوەیەکیش راو ناکرێن.. چونکە باوەڕ و قەناعەتێکى تەواویان بەوە هەیە کە گوایە هەر کەسێک لەو ماسییانە بخوات کوێر دەبێت.
ژێدەر:
KurtlerMehrdad.R.IzadiDoz Yaynlaristanbul2004
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست