کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵەی لایەنەکان لە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لە کوێدا بوو ؟

Sunday, 18/10/2015, 1:50


دیارە لە گفتوگۆ و کۆبونەوە حزبیەکاندا، جگە لە زمانی بەرژەوەندی و کاریگەری رەفتارەکانیان لەسەر جەماوەرێتیان، هیچ شتێکی تر لەبەرچاو ناگیرێت  و پشتی پێ نابەسترێت، ئەمە لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا خۆی فەرز دەکات . بەڵام جیاوازیەکەی ئێمەی کورد لەگەڵ خەڵکی تردا ئەوەیە کە لەلایەکەوە ئێمە خەتی سورمان نیە،  لە لایەکی تریشەوە وەزعی تایبەتیی نەبونی دەوڵەت لەبەرچاو ناگرین  .
لە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هەڵەی زەق لەلایەن سەرجەم لانەکان (پارتی و چوار لایەنەکەی تر) ەوە روویدا، چ لە رووی چۆنێتی بەریوەچونی گفتوگۆکان، یان لە کەڵەکەبونی کۆمەڵێک پرسی تر و ناکۆکی و نادروستی پەیوەندیەکان پێش ئەم کاتە و رژانەەوەی بەم پرسەدا، لە رووی حزبیەوە بێت یان شەخسیەوە  .لە هەمان کاتدا نەزانین و نەخوێندنەوەی زمانی یەکتر و جیاوازیەکانی هەریەکە و بۆ ئەوی تر .
دەکرا چوار لایەنەکە و بەتایبەتی گۆران، سیفەتەکانیی پارتی بە گشتی و وەزعی سایکۆلۆجی بەرزانی و پەروەردە و چونێتی مامەڵە کردنی لەگەڵ کوردستان و پرسە جیاوازیەکان جوانتر بخوێننەوە و، بە شێوەیەکی رەق و تەق و یاسایی رووت مامەڵەی لەگەڵدا نەکەن . پێش ئەوەی بگاتە ئەم حاڵە: سەرکردەکانی لایەنەکان سەردانی بەرزانیان بکردایەو پرسەکەیان لەگەڵدا باس بکردایە و بە راشکاوی هەڵوێستیان بەرەسمی ئاشکرا بکردایە، بۆ ئەوەی بەرزانی بێ خەم بیر لەوە نەکاتەوە کە وەک 30 ی حوزەیران ماوەکەی درێژ دەکەنەوە .
پارتیش لای خۆیەوە، کە ئەم مەرامەی هەبوو دەکرا بە شێوەیەکی تر، بیری لە حیلەی شەرعی و قانونی بکردایەتەوە، نەک بەرەق و تەقی بە شێوەیەکی عەشایەری و بە زۆری زۆردارەکی راوبۆچونی هەموو لایەکی رەتبکردایەتەوە، تا گەیاندیە  رەفتارێکی رەقی  دوور لە هەموو یاسا و رێسایەک  . با دەرسی لە ولاتانی رۆژهەڵات وەرگرتبایە کە هەموویان ئەگەر لە سەر بنەمای یاسایی دەجوڵێنەوە بەڵام خۆ لە نەرجسیەت ودیکتاتۆریەتی خۆیان نەکەوتون . دەبوایە پارتی بە تایبەتی فێڵەکەی پوتین و میدیڤیدیڤ ی فەرز بکردایە و، لەم قۆناغەدا پێشنیاری یەکێکی تری تەنانەت لە حزبەکەی خۆی و جێگەی متمانەی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێم بکردایە و ،لە پاش ئەم قۆناغە بەهەمان شێوەی بوتین لەکاتی تێپەراندنی دەستوردا، بەرزانی بە خۆی بە سوک و ئاسانی دەگەرایەوە  سەر کورسیەکەی، ئەمەش هیچ لێدانێکی یاسایی تێدا رووی نەدا و، خەڵکی تریش هیچ بەهانەیەکی بۆ نەمایەوە . لەوەدا هەنگاوەکان هەم یاسایی بوون و هەمیش مەرامەکەی بەرزانی و حزبەکەی دەهاتەدی . بۆیە هەڵەی هەردوولا لەسەر نەزانینی خوێندنەوەی یەکتر و نەزانینی حیلەی شەرعی و زاڵبونی نەرجسیەت و حساب بۆ ئەویتر نەکردن و پشت بەستن بە ملهوری و رەفتاری عەشایەری پرسەکەیان وا ئاڵۆز کرد . 
لەم کاتەشدا دەکرێت پاش هێوربونەوەی وەزعەکە و نەرمە لێکتێگەیشتنێک، هەردوولا ئەم مەرجانە لەبەرچاو بگرن و دەرس و پەند لە گفتوگۆ نەزۆکەکانیان ورەبگرن . ئەگینا کەلەرەقی و عینادی دادی هیچ لایەکیان نادات  و بۆ ماوەیەکی درێژ لە بۆشایی یاساییدا دەمێنینەوە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە