کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەڵک گۆڕانی دەوێت بە گۆڕینی گۆڕانیشەوە

Sunday, 18/10/2015, 0:48


بە پێی سەرجەم تێۆریە زانستیەکان و مەنتقی ژیان، بەردەوامی  گۆرانی کۆمەڵگە لەسەرجەم بوارەکانیەوە سونەتێکی ژیانە و کەس ناتوانێت بەری لێ بگرێت، بۆیە ئەگەر وردە هاتنە دواوەیەک (بەگێک ) بکەین، هەست بە گۆرانێکی بەرچاو لە ژیانی خەڵک دەکەین بێ ئەوەی هیچ هێزێک خاوەنی بێت و دەبێت هیچ لایەک شانازی بە رۆڵی خۆی لە سەرجەم بوارەکانیەوە نەکات . ئەمە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام لە رووی سیاسیەوە بێگومان گۆرانکاری بە بژاردە و فکر و عەقڵ و بیرکردنەوەی سەردەمانە و بوێری و داینەمۆی تایبەتی دەکرێت .
لە کوردستانی تازە ئەزمون و زەمانی بەرەی کوردستانی، واقعی سیاسی گۆراوی کوردستان : هەڵبژاردنی پەرلەمان و هاتنەئارای حکومەتی فەرز کرد، نەک بیرکردنەوە و پێشکەوتنخوازی هەردوو حزب . بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەم، خوڵقاندنی شەری نێوخۆیە لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی حزبی و باوەرنەبون بە دەسەڵاتی مەدەنی، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت حزب فەرمانی یەکلاکەرەوەی سەرجەم بریارە چارەنوسسازەکانێتی .
گۆران وەک بزوتنەوەیەکی لەدایکبوی هەناوی ئەم بارودۆخە سیاسە کۆمەڵایەتیەی کوردستان و، لە دەرئەنجامی ململانێی نێوخۆی حزبی و دروستبونی باڵێکی پێشکوتنخوازی ریفۆرمخوازی تێکەڵبوو بە بژاردەیەکی مەەنی، سەرەرای کۆمەڵێک چەمک و بیرکردنەوەی نوێ، بەڵام زادەی واقعێکە کە ناکرێت دوور لە کاریگەریی بابەتیانەی واقع و سیاسەت و کارلێک و لێکەوتەکانی ژیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بخوێنرێتەوە . ئەمەش لە ململانێ سەختەکانیدا لەگەڵ هێزی موحافزکار  دەردەکەوێت، کە زۆر جار لە پێناو ئامانجە دوورمەوداکانیدا، نەیتوانی خۆی لە دەردانە سەلبیەکانی ئەو حزبانە بە سەرکەوتویی لابدات و، تەنانەت لە تەکتیکەکانیدا هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ هەردوو حزبی فەرمانرەوا نەبوو . ئەوە ئەگەر لە ستراتیجدا هیچ رۆڵێکی گرنگی بۆ رۆشنبیرانی دوور بین دەرنەکەوت  و ئامانجە گەورە و سەرەکیەکەی لای هیچ کەسێک تا ئەمرۆش دیار نیە، جگە لە گۆڕینی سیاسی . 
لەم ماوەیەدا و پاش ئەوەی پارتی هەستی کرد کە ئاستی جەماوەریەکەی لە خەتەردایە و، هیچ یاسایەک رێگە نادات مەسعود بەرزانی وەک خۆی بە سەرۆکی بمێنێتەوە، بەدوای ئاسانترین رێگەدا بوو، تاوەکو خۆی لەم قەیرانە گەورەیە دەرباز بکات و، جگە لە شەخسەنە کردنی کێشەکە هیچ بوارێک لەبەردەمیدا نەما و ، بۆ ئەو مەبەستەش پەنای بۆ نەوشیروان موستەفا برد کە هەموو کیشەکانی تێدا کورت بکاتەوە .  لەبەرامبەردا  بزوتنەوەی گۆرانیش لە پیناو لەدەستنەدانی جەماوەرێتی، مکوربونی خۆی لەسەر رەخنە و ململانێی پارتی بەردەوام بوو و ،پارتیش ئەمەی بۆ هەرس نەکرا و، بەڵکو بە هەلی زانی کە خۆی لە قەیرانە حزبی و سیاسیەکەی رزگار بکات و، بە قەیرانێکی نوێ سەرجەم قەیرانەکان کاڵ بکاتەوە .
ئەوەی لە بزوتنەوەی گۆران چاوەروان دەکرا، کە بە عەقڵێکی کراوە و رەفتارێکی دروست کار بکات، بوار نەدات بە پارتی ئامانجەکەی بپێکیت . بەڵام وابەستەیی عەقڵی سیاسی سەرکردایەتی گۆران بە هەمان بیرکردنەوە و مامەڵەی دوێنێوە، ئەمرۆیان خوێندەوە و، لەگەڵ پارتیدا گەیاندیانە ئەم وەزعە نالەبارە . 
بۆیە، ئەگەر گۆران لەم قۆناغە بەدواوە، هەڵسەنگاندنێکی زانستیانە بۆ رەفتار و مامەڵەی لەگەڵ واقعی کوردستاندا نەکات، بەهەمان ریتم سیاسەتەکانی بەرێوەببات و، لەسەر ئەم رەوتە جێگیر بێت، کە لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنیەوە لەسەری دەروات، ئەوە بە قەتیس کراوی لەنێو عەقڵی کۆمەڵێک خەڵکی کۆنە سیاسی شۆرشی نوێ و خاوەن مێژووی بێگەرد دەمێنێتەوە و، هیچ قازانجێک ناکات . ئەو هەموو گەنجەی گۆران کە وەک نمونەی سەرکردەی نوێ تا ئێستا لەسەر شاشەکان دەبینرێن و رای خۆیان دەردەبرن و، لە بریارە چارەنوسسازەکاندا هیچ بەدەستن،  دەبێت بە گۆرانێکی ریشەیی لە کارکردنیان گۆران بگۆرن و بە هاوکاری حەرەسە کۆنەکە  و بە عەقڵی نوێ مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن  . بۆیە گۆڕان پێویستی بە گۆرینی شێواز و  چۆنێتی کاری سیاسی نێوخۆ و دەروەی خۆی هەیە . واتە گۆرانکاری لە بەرێوەبردن و مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان و رووداوەکان و گۆرانکاریەکانی کوردستان و ناوچەکەدا . 
ئەگەر ئەم وەزعە بەرێبکەن، دەبێت پاش  رونبونەوەی دەرئەنجامی ئەم رووداوانە، گۆران کار لەسەر کاروباری نێوخۆ و دەرەوەی خۆیشی بکات . ئەگینا خەڵک زۆر پرن لەسەرجەم لایەنەکان و پێویستیان بە مۆدێلێکی نوێی سیاسەتە، کە گۆرانی هەمەرەنگی سەرەکی ژیانی خەڵک لەبەرچاو بگرێت  . ئەگینا حزبە موحافزکارەکان لە راستیدا زۆر لاوازن لە رووی جەماوەرێتیەوە  و تەنها بە دابینکردنی بەرژەوەندی تەسکی ئەندامانیەوە بەندن، دوور لە هەر بیروبۆچون و تازەگەریەک . بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری میلەت، تاکە ئەرکی سیاسی گرنگی حزبی نوێ و گۆرانخواز، پەروەردە و رێنمایی خەڵکە بۆ ماوەی چەند سالێک، ئەمەش تاکە رێگەی جێ لەقکردنی چەواشەکاریی دەسەڵاتخوازە   موحافزکارەکانە . بۆیە دەبێت گۆران لەم بارەدا گۆرانێکی ریشەیی لەخۆی بکات،  نەک تەنها گرنگی بە ململانێ حزبی بدات و کێبرکێی لایەنەکانی تر بکات . واتە ئەگەر گۆران لەم ململانێەی لەگەڵ هێزی موحافزکاردا هەر دەرئەنجامێکی بەرکەوت،  دەبێت ستراتیجی خۆی بگۆرێت و بۆ چەند ساڵێکی تر پلانی هەبێت و ململانێی ئەمرۆ بە شتێکی لاوەکی سەیر بکات و، وەک تەکتیک مامەڵەی لەگەڵدا بکات .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە