کاتێک کە دیموکراسیەت و بەرژەوەندی نەتەوەیەک دەکرێتە قوربانی بۆ بەرژەوەندی بنەماڵە و کورسی!
Saturday, 17/10/2015, 20:44
لە کەس شاراوە نییە لە باشووری کوردستاندا چی دەگوزەرێت. بە درێژایی ٢٤ ساڵی حوکمڕانی بەناو دەسەڵاتی خۆماڵی، لەگەڵ هەوڵ و تەقەلای دڵسۆزانی گەلی باشووری کوردستان بۆ بنیاتنانی حکومەتێکی دیموکراسی کە رێز لە مافی گەلەکەی بگرێت و ئەو هەموو خەونی سەربەخۆیی و ئازادییەی کە لە پیناویدا سەدان هەزار لە رۆڵەکانی گەلەکەمان خەباتیان بۆی کرد و ژیانی خۆیان کردە قوربانی و سەرەنجامەکەی بەوە شکایەوە، کە کۆمەڵێک خوێنی ئەو شەهید و قوربانییدانەیان بە پارە و دەسەڵات گۆڕییەوە و خۆیان خستە سەرسەکۆی کورسی حوکمڕانی.
ئەوەی کە پارتیی و خودی مەسعود بارزانی دەرهەق بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمەنتارانی گۆران و وەزیرەکان کردیان ئەوەی سەلماند لەو هەرێمەدا یاسا نەبوونی هەیە، بەڵکو بەتۆپزی دەسەڵات و توانای خۆیان بەسەر یاسادا سەپاندووە، ئەوەی لە هەفتەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان رووی دا، بە تەواوی پەردەی لەسەر رووی ئەو دەسەڵاتە داماڵی، کە حیزب و دەسەڵات سووکایەتیان بە ئیرادەی گەلێک کرد، کە لە رۆژگارێکدا داوایان لێکردبوون بچنە سەر سندووقی دەنگدان و نوینەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن. مەسعود بارزانی چاک دەزانێت کە هەموو جیهانی دیموکراسی تەماشای هەڵس وکەوتی ئەو دەکەن و بە پێوانەی بنەماکانی دیموکراسی سیاسەتی خۆی و حیزبەکەی دەپێون و میتوودەکانی هەڵسوکەوتی ئەو لەگەڵ پارتەکانی تردا هەڵدەسەنگێنن، بە پێچەوانەوە ئەمجاش زۆر بێباکانە دژ بە هەموو یاسا و رێسایەک رەفتاری کرد، دیکتاتۆریانە پاڵێکی نا بە سەرۆکی پەرلەمان ، پەرلەمەنتار و وەزیرەکانی گۆڕانەوە و رەوانەی ماڵەوەی کردن، ئەمە لە کاتێکدا بە پێی ئەو یاسایەی کە خۆییان دایان ناوە، رەوای دەسەڵاتی وەک سەرۆکی هەرێم نەماوە.
ئەوەی کە مەسعود بارزانی کردی، تەنها لە دژی لایەنێکی هاوبەشی حکومەتەکەیان نەبوو، بەڵکو دژ بە ئیرادەی هەموو ئەو کەسانە بوو کە دەنگیان پێدابوون. لەهەمانکاتدا سووکایەتیش بوو بە هەموو رێکخراو و پارت و کەسایەتییانەی کە لە نێو پەرلەمان و حکومەت و دەرەوەی پەرلەمانیش بوون. پارتی دەیەوێت بە هەموو لایەک بڵێت ئەوەی لە دژی بەرژەوەندی بنەماڵەی سەرۆکەکەمان هەڵسوکەوت بکات سزای دەدەین، بۆیە بە لای ئێمەوە گرنگە کە تێکڕای خەڵکی کوردستان لە هەمبەر ئەو سیاسەتەی پارتی هەڵوێست وەربگرن و یەک بەرە لە دژی سیاسەتی بنەماڵە و بیڕێزیکردنی پارتی بە ئێرادەی خەڵکی کوردستان خۆیان رێکبخەن، بوەستنەوە و لە ئاست ئەم کارەدا بێدەنگ نەبن.
بۆ وەبیرهێنانەوە ئەوەش دەڵێین، کە ئەو هەموو قوربانیی و فیداکارییەی، رۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان، کە لە بەرەکانی جەنگدا دژ بە دوژمنی گەلەکەمان و مرۆڤایەتی وەکو داعش وەستاونەتەوە لە پاراستنی خاکی وڵات و سنوورەکانی کوردستان، سیاسەتی کوردی لە جیهاندا بردۆتە پیشێ، بەڵام مەخابن ئەمەی کە پارتیی کردی زەبرێکی گەورەی بەرکەوت، ئیدی جیهانی دیموکراسی چۆن متمانە بە پارتییەکی دەسەڵاتدار بکەن کە ئایندەیەکی دیموکراسی لە باشووری کوردستاندا بەرەو نادیار دەبات؟
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپیکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت ئێمە لەمانگی یانزەی ساڵی رابوردووە پارەمان ناردوە بۆ هەرێم، بۆچی فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەیان وەرنەگرتووە؟ ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە مەسعوود بارزانی مووچەی خەلکی راگرتووە و لە پێناوی دانانەوەی وەک سەرۆکی هەرێم خەڵکی برسی دەکات، جگە لەوە ئەو داهاتەی کە لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان و گومرکی خاڵە سنووریەکانی نێوان باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەرژێتە خەزینەی حکومەتەوە، هەموو ئەوانەش لە نادیاردا ماوەتەوە و مافی خەڵکییە بپرێت، ئەی ئەو داهاتە چی لێدێت!؟ بۆ بەکاری ناهێنن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینانی پێبدەن؟ جگە لەوە ئەو دوو هەزار و دوو سەد و پەنجا بەناو رووناکبیر و کەسایەتییەی باشووری کوردستان کە ناوی خۆیان خستە بازاری هەراجکردنی کەڕامەت و ویژدانەوە ئایا ئەوانە ئیستاش پشتگیری لەو سیاسەتەی کاک مەسعوود دەکەن بەدەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمەنتاران و وەزیرەکانی گۆڕان؟ ئەو کەسانەی واژوویان بۆ کرد بە مانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمانیش دەبنە بەشێک لەو سیاسەتەی پارتیی کە شەق لە دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەدەن. چونکە پارتی بەهێزی ئەوانە و دەوروبەرەکەی خۆی توانیوێتی، مافەکانی مرۆڤی کورد پێشێل بدات و سووکایەتی بەئیرادەی گەلێک بکات.
چارە و ئەرکی هەر یەکە لە ئێمە لەم ڕۆژاگارە سەخت و دژوارانەدا چییە؟ ئایا ئەو دەسەڵاتەی کە ئەم هەموو قەیرانانەی بۆ باشووری کوردستان دروستکردوە، دەتوانێت چارەسەر لە گەڵ خۆیدا بهێنێت کە خۆی دروستکەرێتی؟ بەباوەڕی ئێمە چارەسەر لە دەرەوەی دەسەڵاتی باشووری کوردستانە. ئەوان هیچ کاتێک ناتوانن ئەو رەوشە بەرەو ئاقارێکی باش بەرن، چونکە ئەوان بۆ خۆیان نایانەوێت دام و دەزگای دیموکراسی راستەقینە و گەلیکی بەختەوەر دروست ببێت. هیچ کاتێک مرۆڤی وریا و هۆشیار بەو ئەقڵەی بنەماڵە رازی و ملکەچ نابێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتە بواری حەسانەوە و ژیانێکی ئاسوودە بۆ گەل بەڕەوا نابینێت و هەتا بۆی بکرێت لەو نیشتیمانەدا تاکی کورد دەکاتە کۆیلەی ئارەزووە نەخۆشەکانی خۆی. برسی کردنی هاوڵاتیی و دانانی دۆزەخێک بۆیان بەجۆرێک کە مرۆڤی کورد ناچار بێت بە هۆی بیدەرامەتیەوە خۆی بکوژێ، چی دەگەیەنێت ئەگەر بە قوربانیکردنی رەنج و فیداکاری و خەونەکانی گەل نەبێت لە پێناوی کورسیدا؟
تاکە چارەسەر ئەوەیە کە هەموو مرۆڤێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت و ملی خۆی کەچ نەکات بۆ ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتی باشوری کوردستان. دامەزراندنی پلاتفۆڕمێکی چەتر کە هەموو دەنگە ناڕازییەکان لەئامێزی خۆی بگرێت، هەروەها گردبوونەوە لە سەر بەرنامەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی کە باشووری کوردستان لەو قەیرانانە رزگاربکات، ئەمە ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییە لە سەر هەموومان. وڵات چاوەڕێی هەڵوێست و کارە لە هەموومان، با ئێمەش لە ئاستی بەرپرسیارێتیەکاندا بین.
سەرکەوتن هەر بۆ گەلەکەمان.
دیکتاتۆریەت و ملهوڕی هەتا سەر بۆکەس نەبووە، با مەسعود بارزانی سوود لە تاقیکردنەوەکانی قەزافی، موبارەک و ئەلی ئەبدوڵا ساڵح و دەیانی تر وەربگرێت.
ئیڕادەی گەل لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی و مافە مرۆییەکاندا، لافاوێکە هیچ هێزێک خۆی لەبەر دەمییدا ناگرێت.
دەستەیەک لە نووسەر و وڵاتپارێزانی کوردستان
١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست