هەلێکی مێژوویی لەبەردەم سێ لایەنەکەی تردا!
Saturday, 17/10/2015, 16:43
پێموایە ئەگەر خوێندنەوە و شیکردنەوەی مێژوو بەها و سودێکی هەبێ تەنیا ئەوەیە کە بۆ ئایندە پەندی لێوەربگرین. ئەوەی پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و چوار وەزیرەکەی و سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی سەر بە گۆڕان کردی، بە ڕاگەیاندنی لابردنیان لە پۆستەکانیان کارێکی نایاسایی و بەدەر و ڕوتوقوتە لە هەر نەریتێکی دیموکراتی و مەدەنی، سەپاندنی یاسای هێز و توندوتیژییە بە سەر هێزی یاسا دا، هەروەها زەنگێکی مەترسیدارە بۆ حیزب و لایەنەکانی دیکە. نێچیروان و کابینە کەی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمان ڕەوایەتیی حکومەتکردنیان پێدراوە و هەر پەرلەمانیش دەتوانێ متمانە لە وەزیرەکان و لە سەرۆکی حکومەت وەربگرێتەوە. پارتی ئیمڕۆ نەک هەر لە هەرێمەکەمان بەڵکو لە سێ پارچەکەی تری کوردستانیش دابڕاوە و تەنیا کەوتوە و دەیەوێ بە ملهوڕی درێژە بە سیاسەتی خۆسەپاندن و قۆرخکردنی زۆرینەی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم بدات. ئاکامی کۆتایی ئەم قەیرانە سیاسییە ی هەرێمی کوردستان کە پارتی هۆی سەرەکییەتی هەر بە تەنیا بۆ ئیمڕۆی هەرێم گرنگ نییە بەڵکو بۆ بیست ساڵی ئایندەی هەرێمیش گرنگە، چونکە ئەوەی ئێستا هەمومان جگە لە پارتی پێوەی دەناڵێنین ئەنجامی ئەو بەخشندەییە یەک لەدوای یەکانە ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بو کە لە ڕابوردودا بەرامبەر بە پارتی کردی لە وازهێنان لە مافە ڕەواکانی خۆی بۆ پارتی، بۆ نمونە لە ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ دەبوایە لە دوای نێچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەت بدرێ بە یەکێتی بەڵام ئەو دای بە پارتی، بە دەنگپێدانی یەکێتی لە پەرلەمانا لە ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ ماوەی سەرۆکی هەرێم درێژکرایەوە، هەروەها یەکێتی بەشی شێری مەلەفی نەوت و نوێنەرایەتیی دەروەی حکومەتی هەرێم و مەلەفی پێشمەرگە و ئاساییشی ناوخۆی بە سانایی رادەستی پارتی کرد. ئێستا پارتی دەیەوێت بە بەرتیلی نەوت و پارە و پۆست پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان ویەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتو بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێم شکست پێبێنێ، وازهێنان لەم پرۆژە هاوبەشە هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە خۆبەدەستەوەدان بە پارتی . هیستیریا بریتیە لەو حاڵەتە دەرونییەی تێیدا مرۆڤ لایەنی هەڵچون و هەست و سۆز زاڵدەبێت بەسەر لایەنی عەقڵ و مەنتیق و ڕامان و بیرکردنەوەی قوڵ و گشتگیر و هەمولایەنە. ئێستا بڕیاردەرانی ناو پارتی توشی هیستیریا بوون و دەبێت بهێنرێنەوە هۆش خۆیان و بەئاگا بهێنرێنەوە لەو کارە نایاسایی و مەترسیدارانەی بەرامبەر بە گۆڕان کردیان. ئەم بە ئاگا هێنانەوەیە بە تەنازولی زیاتر بۆ پارتی و نەرمی و شلی نواندنی زیاتر بۆی نابێت، بەڵکو بە پێداگری دەبێت لەسەر داواکانی هەر چوار لایەنەکە بۆ سیستمی پەرلەمانی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ، هەروەها بە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و وەزیرەکانی سەر بە گۆڕان بۆ سەر کارەکانیان. ئەگەر پارتی سوربوو لە سەر حکومەتکردن بێ گۆڕان ، ئەو حکومەتە هیچ ڕەوایەتیەکی نامێنێ و دەبێت یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتو لەو حکومەتە بێنە دەرەوە، دەنا بە درێژەدانی کارکردنیان لە حکومەت و پەرلەمان بە بێ گۆڕان لە ژێر هەر بەهانە وپاساوێکدا بێت ئەوانیش بەشداردەکات لەو کارە ناڕەوا و نانیشتمانی و نایاسییەی پارتی. ئەگەر یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامی! ئەم دەرفەتە مێژوییە لەدەست بدەن، ئەوا لە چارەنووسی ئەمانیش هەروەکو گۆڕانی لێدێت و پارتی بە کەڵەگایی خۆی دەسەپێنێت و لە هەولێر ئەوانیش دەکاتە دەرەوە.
سەرنجی کوردستانپۆست: بەداوای لێبوردنەوە دەبێت بۆ نووسەرە خۆشەویستەکەمانی روون بکەینەوە، کە ئێمە لەگەڵ ئەو نووسین و راو بۆچوونەدا نیین کە پێشنیار بۆ هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکان بکرێت، ئێمە پێمان وانییە، ئەو حیزبانە لەبەرەی گەل بن، ئەوانە کۆمەڵێک بەرژەوەندپەرست و بازرگانن بەناوی یاسا و سیستەمی دیموکراتییەوە دەسەڵاتێکیان بۆ خۆیان دروست کردووە، ناویان لێناوە حکومەت و سیستەمی بەڕێوەبردن، هەر نووسینێک بەو ئاڕاستەیە بنوسرێت پروپاگەندەیە بۆ هەر چوار حیزبەکە و لە بەرژەوەندیی میللەتدا نییە. لەگەڵ رێزمان و بڕوابوونمان بە ئازادی بیرورادەربڕین نووسینەکەمان بڵاوکردەوە، لێ هەندێک دەربڕینمان بۆ چاککرد. داوای لێبوردنی لێدەکەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست