کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرکەوتوو بێت، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان

Thursday, 15/10/2015, 14:49


"کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان - دانمارك"
بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، ناڕەزایەتی جەماوەر لە کوردستان هەر بەردەوام بووە، بەڵام لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، جەماوەری کوردستان، بێبەش لە خزمەت گوزاریە سەرەتاییەکانی ژیان و وەرنەگرتنی موچە، بۆ ماوەی چوار مانگ، بە شەپۆلێکی توند لە خۆپێشاندان ناڕەزایەتیەکانی خۆیان هەم بەرفراوان کردەوە و هەم بردیانە ئاستێکی بەرز ترەوە.
بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبری ئاوڕدانەوە لە داخوازیە ڕەواکانیان، وەک پیشەی هەمیشەییان کەوتنە تەقە کردن و کوشتنی خەڵکی ناڕازی. هەر بۆیە جەماوەری توڕە و ناڕازی، هەڵمەتیان بردە سەر بنکە و بارەگاکانی "پارتی" لە هەندێ شارەکانی کوردستان و ئاڵای سەر بارەگای هەر پێنج حیزبەکەیان هێنایە خوارەوە، وەك سومبلی ناڕەزایەتی و توڕەییان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە.
ئێمە، وێڕای لایەنگری وپشتیوانی خۆمان؛ بۆ خواست و داواکاریە ڕەواکان، بۆ خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان، هاوکات تەقەکردن و کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران سەرکۆنە دەکەین، وە خوازیارین بکوژان و بەرپرسانی پشتی تەقەکردنەکان بدرێنە دادگا. نابێ ڕێگە بدرێت خوێنی بەناهەق ڕژاوی ئەو جەماوەرە، بەفیڕۆ بڕوات.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی کوردستان بە تایبەتی "پارتی" و "یەکێتی"، بە ئاشکرا و بە بەرچاوی جەماوەرەوە، بەناوی بازاڕی ئازاد و کۆمپانیاکانیانەوە خەریکی تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستانن. نەك هەر هەزاران ملیۆنەر، بەڵکو سەدان ملیاردێری دۆلاریش، لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، بەتایبەت لە داوێنی ئەو دوو حزبەدا پەیدا بوون، خەڵکی کوردستانیش وێڕای بێبەشی لە خزمەت گوزاریە سەرەتاییەکان، موچە و قوتی ڕۆژانەشیان لێبڕاوە.
دوای چەند ساڵێك لە فریودان و ڕاگرتنی ئەو جەماوەرە بێبەشەی کوردستان لە چاوەڕوانیدا، سەرەتا لەلایەن حکومەتی هاوبەشی "پارتی" و "یەکێتی" پاشان لە لایەن حکومەتی بنکە فراوانەوە، ئێستا قەیرانێکی سیاسی و ئابووری سەراپای هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و گەشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار وهیچ ئاسۆیەک بۆ چاکسازی و باشبوونی ژیانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بەدی ناکرێت.
ئالەم هەلومەرجەدا "پارتی" بۆ پاراستنی باڵادەستی خۆی ئەو پرۆسە سیاسیەی خستۆتە ژێر پێی خۆیەوە کە بە پڕۆسەی دیموکراسی بەخەڵکیان دەفرۆشت و کەوتۆتە وەدەرنانی بڕێک لە وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان!. بەڵێ لە ئێستادا هەرسێ دامەزراوەکەی دەسەڵاتی بنکە فراوانی هەر پێنج حزبەکە (حکومەت، پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم)، لەڕوانگەی جەماوەری بێ بەش و ستمەم لێکراو و فریو دراوی درۆ و دەلەسەکانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا، هەروەها لە ڕوانگەی خودی حزبەکانی دەسەڵاتیشەوە، ئەو دامەزراوانە بە عەمەلی لەکار کەوتون، بە تایبەت پاش ئەم کودەتایەی پارتی.
لە وەها بارودۆخێکی سیاسی و ئابوری قەیراناوی هەرێمەکەدا، جەماوەری ئازادیخواز و بەشمەینەت، پەرەپێدان بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان، ڕۆشنکردنەوەی هەرچی زیاتری خواست و داواکاریەکانتان، وە هەڵبژاردنی نوێنەرانتان بۆ هێنانەدی تۆڕێك لە پەیوەندی نێوان جەماوەری ناڕازی و خۆپێشاندەری شارەکان، باشترین ڕێگەن بۆ هێنانەدی سەرکەوتن و گەشتن بە ئامانجەکانتان.
هەر بژی جەماوەری ڕاپەڕیو و خۆپێشاندەری کوردستان
نەنگ و شەرمەزاری بۆ کوشتار و تۆقاندنی سیاسی
کۆپنهاگ. 13-10-2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە