کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌یانی‌ "کۆنتراکت" ده‌رباره‌ی راپه‌ڕینی خه‌ڵکی باشور

Wednesday, 14/10/2015, 19:51


(هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێک ئه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و گفته‌دا لابچێت که‌ نایباته‌ سه‌ر)
ناڕه‌زایی خه‌ڵک له‌ داهاتوودا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت
گرنگه‌ میلله‌ت هێڵی سیاسیی خۆی به‌رنه‌دات
پێویسته‌ به‌رده‌وام ئه‌ڵته‌رناتیڤ و رێگای نوێ تاقی بکرێته‌وه‌
گه‌نجان له‌ بێ هیواییدا به‌رد ده‌گرنه‌ باره‌گای پارته‌کان. پارته‌کان به‌ گولـله‌ وه‌ڵام ئه‌ده‌نه‌وه‌و لێیان ده‌کوژن. راپه‌ڕینی گه‌نجان کاردانه‌وه‌ی ئه‌و غه‌دره‌یه‌ که‌ ده‌سته‌ڵاتی پارته‌کان له‌ گه‌لی کوردستانی ده‌که‌ن. ئه‌م غه‌دره‌ له‌ ئێستاو داهاتووی گه‌له‌که‌مان ده‌کرێت. گه‌نجان به‌ کۆچکردن و به‌ردهاویشتن گوزارشتی لێ ده‌که‌ن. ئێمه‌ ناکرێت سه‌ر شۆڕ بکه‌ین و دوره‌ په‌رێز بووه‌ستین. ئه‌رکی سه‌ر شانمانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی کامڵتر گوزارشتی لێ بکه‌ن.
ناڕه‌زایی خه‌ڵک و په‌لاماری گه‌نجان بۆ مه‌به‌ستێکی دیاریکراو نییه‌، ئاکامن. راپه‌ڕین ئه‌نجامی داخبوونی ده‌سته‌ڵاتی پارته‌کانه‌ به‌ قه‌یران که‌ گه‌نجان ده‌هێنێته‌ کوڵان. ئێمه‌ ئه‌بێت ئه‌وه‌مان له‌ به‌رچاو بێت که‌ قه‌یرانی کوردستان به‌ دانی موچه‌، به‌ هه‌بوونی کاره‌با یان به‌ ره‌خنه‌ی درۆ چاره‌سه‌ر ناکرێت. ده‌سته‌ڵات ناشتوانێت هه‌تا سه‌ر سه‌ری جه‌ماوه‌ر بخاته‌ توره‌که‌وه‌ کێشه‌که‌ ببه‌ستێت به‌ پرسی سه‌رۆک و ناکۆکیی ناو پارته‌کانه‌وه‌. ئه‌ی که‌واته‌ گرفته‌که‌ چییه‌؟
کێشه‌که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌بوونی ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسییه‌. ده‌سته‌ڵاتێکی وڵاتپارێزو به‌ڕێوه‌به‌ر. ده‌سته‌ڵاتێک که‌ بتوانێت خاکی نیشتمان بپارێزێت و کۆمه‌ڵگا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ت ببات به‌ڕێووه‌. ده‌سته‌ڵاتێکی له‌م جۆره‌ش هه‌رگیز دروست نابێت ئه‌گه‌ر میلله‌ت له‌ کۆنتراکتێکدا خۆی رێک نه‌خاته‌وه‌. جه‌ماوه‌رێک که‌ هه‌موو جارێک بێ مه‌رج له‌ رێگای ده‌نگدانه‌وه‌ کۆیله‌یه‌تیی خۆی تازه‌ کردبێته‌‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ڵاتێکی ره‌ها هه‌ر ده‌بێت‌ وه‌کو کۆیله‌ حوکم بکرێت. پارته‌کان و ده‌سته‌ڵاتدارییه‌که‌یان ئامرازی چاره‌سه‌ر نین، خۆیان گرفته‌که‌ن. چاره‌سه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارته‌کانه‌. ئێمه‌ لامان روونه‌ ده‌سته‌ڵات تا دێت قه‌یرانه‌کانی کوردستان قوڵتر ده‌کاته‌وه‌. ده‌سته‌ڵات له‌ قیران به‌و لاوه‌ ناتوانێت هێلکه‌یه‌کی تر بکات. بۆیه‌ ناڕه‌زایی خه‌ڵک له‌ داهاتوودا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. چه‌نده‌ها رێگا تاقی ده‌کاته‌وه‌ تا کلیلی چاره‌سه‌ر ئه‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵیشه‌ که‌ به‌شدار بێت له‌ پڕۆسه‌ی خۆرێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا. گرنگه‌ که‌ میلله‌ت هێڵی سیاسیی خۆی ون نه‌کات. جارێکی تر متمانه‌ نه‌داته‌وه‌ به‌ هیچ هێزێک که‌ گفتی خۆی نه‌بردبێته‌ سه‌ر. پره‌نسیپی "کۆنتراکت" ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک متمانه‌ی له‌ ده‌ست دا یان گفته‌کانی نه‌برده‌ سه‌ر ئیتر نابێت جه‌ماوه‌ر جارێکی تر چاره‌نوسی خۆی بداته‌وه‌ ده‌ست ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌. میلله‌تێک بۆ ئه‌وه‌ی زیندوو بێت پێویسته‌ به‌رده‌وام ئه‌ڵته‌رناتیڤی نوێ دروست بکات و رێگای نوێ تاقی بکاته‌وه‌. به‌ تازه‌کردنه‌وه‌ی ملکه‌چیی، به‌ ترسنۆکیی هیچ که‌س و میلله‌تێک رزگاری نابێت. ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی رێزی نه‌بێت بۆ گه‌ل، بێڕێزیی خۆته‌ وه‌ڵامت نه‌بێت بۆی.

12/10/2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە