کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەرهاویشتەکانی بریارە جەنگەڵیەکان و ئەزمونی کوردستان

Tuesday, 13/10/2015, 23:24


ئەگەر لە دوورەوە بە دوربینێکی چاودێریی پێشکەوتوو و بێ هیچ پشتخانێکی فکری و ئایدیۆلۆجی و حزبی، یەکێک هەڵسەنگاندنێکی زانستیانەی پشت بەستو بە هاوکێشەو لێکدان و لێکەوتەکانی بریارە سەرپێیەکان بۆ وەزعی ئێستای کوردستان و پیشهاتەکان و هەنگاوە سەیرو سەمەرەکانی پارتی بکات و، زۆرێک لە هەنگاوە نا مەدروسەکانی سەرجەم لایەنەکانی تریش بە گشتی و  بزوتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی بخوێنیتەوە، بە دەرئەنجامێک دەردەچێت کە جگە لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەندخوازی تەسک، هیچ پاڵنەرێکی نیشتمانی لە رەفتار و بۆچونیاندا نابینرێت، بەتایبەتی رەفتارەکانی چوار لایەنەکە لە حاڵەتێکدا بووە کە وەزعی سایکۆلۆجی بەرامبەر و باری  رۆشنبیری و فەلسەفی و ئاستی هۆشیاری حزبی دەسەڵات و سەرکردایەتیەکەی لەبەر چاو نەگرتووە و، تەنها لە پێناو ململانێی حزبیدا بووە . بەم پشتخانە مەعرفیەوە بە دوور لە لایەنگیری، تەماشای کردەوەکانی لایەنەکانی ئەم چەند رۆژە بکەین زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە . بۆ زیاتر نەچەقین لە قەیران و زەلکاوی ناکۆکیەکان  و دەربازبون پێویستە ئەگەرەکان بخوێنینەوە .
لێرەدا پێش هەر خوێندنەوەیەکی دروست، دەبێت دوو ئەگەر لەبەرچاو بگیرێت:
 یەکەم: لە حاڵەتێکدا کە بریارەکانی پارتی و هەنگاوەکانی لەم دوو رۆژەدا تەنها لە روانگەی توڕەبون و کاردانەوە و پەرچەکرداری نێوخۆیی و لە پیناو بەرژەوەندی تەسکدا سەریهەڵدابێت و، هیچ هاوکێشە و راوبۆچون و هەڵوێستی کاراکتەرە سەرەکیەکانی ناوچەکەی لەبەرچاو نەگرتبێت و، بە پرسێکی نێوخۆیی سەیری کردبێت و، چاوەروانی هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکی ناوەکی و دەرەکی نەکردبێت و، فاکتەرە ناوچەیی و جیهانیەکەی نەخوێندبێتەوە و، تەنانەت ئاگاداری لایەنی نزیک بە خۆی و پەیوەندیداریشی نەکردبێتەوە لە دەرئەنجامی پەلەپەلی بریارداندا . کە ئەمە لە دونیای سیاسەتدا دەکرێت بە کردەوەیەکی کتوپری ساکار و ئاسان بناسرێت و، دەتوانرێت بە لەیەک نزیکبونەوە و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت .
دووەم ، کە ئەم خاڵە بە رای من و ناسینی رەفتار و کردارەکانی حزبەکانی کوردستان و بەتایبەتی پارتی، وای دەبینم کە زۆر دوورە لە حەقیقەتەوە ، ئەویش خوێندنەوەی کاردانەوەی لایەنی پەیوەندیداری ناوچەیی و جیهانی و راوەرگرتنیانە پێش هەر بریاریک، بەتایبەتی لەم بریارە پەلانەدا کە  لە ماوەیەکی کورتدا دران، جۆر و شێوە و چۆنێتی جێبەجێ کردن و خستنە بەرکاریان  وا پیشانمان دەدەن، کە ئەگەر پرسە گورگانەیەکیشیان کردبێت، باوەر ناکرێت فریای وەڵام دانەوەی لایەنە دەرەکیەکان کەوتبن بەم دەمو دەستە، بە بەڵگەی ئەوەی لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا، چاورەێی دەرچونی بەیاننامەکەی یەکێتی بوبن، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کاردانەوەکان لە چوارچێوەی نێوخۆیی حزبی دەرکرابن بێ ئەوەی دەردانە ناوەکی و دەرەکیەکانیان  لەبەرچاو گرتبێت  . 
بۆیە دەبێت ئەوە بڵێین، کە ئەگەری یەکەم زیاتر خۆی فەرز دەکات و پێویستە شیکردنەوەکانمان لەو روانگەوە  دەربخەین و پشت بە ئەگەرە ببەستین و ئامانجەکانی بدۆزینەوە .
بێگومان پارتی تا ئێستا لە عوقدەی هەرەس شۆرشی ئەیلول و شکستی سەرکردایەتیەکەی رزگاری نەبووە، ئێستاش دەیەوێت خۆی بە براوە و سەرکەوتنی شۆرشی گەلی کوردستان بزانێت و بۆ تەنیا جارێکیش، رۆژێک لە رۆژان دانی بە شکستی شۆرشی ئەیلول نەناوە و تا ئێستاش دەڵێت گلانێک بووە و دواتر هەڵساونەتەوە .لە لایەکی ترەوە پارتی تا ئەم رۆژەی سەدەی بیست و یەکەمەدا بە عەقڵیەتی چل و پەنجاکانی سەدەی رابردو رەفتار دەکات و، وادەزانێت خەڵک هەموو مسکێن و ملکەچی بەرماڵ و ئەویش ئەزبەنیە . ئەمەش زۆرترین زەرەر لەخۆی دەدات نەک لەخەڵکی تر و، رۆژ نیە لە جەماوەرێتی و توانا و پتەوی نێوخۆیی و یەکگرتوویی لەق نەکات و، ئەمەش ئەوەمان پی َدەڵێت ئەگەر بە خۆیدا نەچێتەوە و چاکسازی و ریفۆرمێکی حزبی نەکات، هەڵەکانی زیاتر دەبن و لە شکستێکی بچوکدا دادەرمێت و بەرگەی نەرمە شنەبایەکی سیاسی ناگرێت ، ئەمە جگە لەوەی کە لە سەروی ناتەواویەکانیەوە، تا ئەمرۆ خۆی ئامادەباشی نەکردوە بۆ ئەو کاتەی، کە خۆی لە رۆژگارێکدا بدۆزێتەوە، جەماوەرێتی لەدەست بدات و   بکەوێتە مەوقعی ئۆپۆزسیۆنەوە ، بۆیە قەت باوەر ناکات بەرگەی دەستاودەست کردنی دەسەڵات  بگرێت و بە هەموو شێوەیەک ئەم چەمکە لە قاموسیدا نادۆزرێتەوە  و، بە کورتیەکەی خۆی بە حزبی قاید دادەنێت، کە لە هیچ کون و قوشبنێکی ئەم دونیایەدا باوی نەماوە .
پاش بریارە جەنگەڵیەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی،  دوور لە هیچ یاسایەکی بەرکاری سەردەمانە، با بزانین دەبێت چاوەرێی چی بکەین و ئەگەرەکان بەرەو کوێمان دەبەن :
یەکەم : ئەگەر بۆی بکرێت و لایەنی تلر یارمەتیدەری بن، هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمانیش بە شێوەیەکی نایاسایی فەرز دەکات، لەبەر ئەوەی هیچ رێگایەکی یاسایی لەبەردەمدا نیە وەک تاک حزب پەرلەمان و حکومەت هەڵوەشێنێتەوە، جگە لەوەی بە هێزی دوور لە مەنتیق فەرزی بکات و،  سەرۆکی حکومەت بە فەرمانی تاک حزبی ناچار بکات داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت بکات، لەبەرامبەردا دەتوانێت ئەمری واقیع  بە مەنتقی هێز فەرز بکات،  کە چون تا ئێستا لە زۆر لاوە بۆی چووەتە سەر . بەڵام ئەمەش لەم حاڵەتی فراغە یاساییەی نەبونی سەرۆکی هەرێمی یاساییدا، هیچ رێکارێکی یاسایی لەخۆ ناگرێت و لە هیچ سیاقێکی یاساییدا شوێنی ناکرێتەوە . تەنانەت بریاری هەڵبژاردنی پیشوەخت دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە دەربچێت لەماوەی دوومانگی دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکی هەرێمدا نەک زیاتر، لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمی یاساییمان نیە لەم کاتەدا . ئەمەش لە حاڵەتی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان، کە دەزگای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئامادە نیە و توانای زوو ئامادەباشی نیە بۆ رێکارە پێویستەکانی هەڵبژاردن  لە ماوەیەکی کورتدا، بۆیە  دەبێت لە ماوەیەکی درێژدا  لە  بۆشاییەکی یاساییدا بژین .
دووەم  :پرکردنەوەی جێگەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و دانانی سەرۆکی پەرلەمان بێ بەشداری گۆران لەگەڵ لایەنەکانی تردا، کە ئەمەش ئەگەرێکی زۆر زۆر لاوازە لەبەر ئەوەی هیچ لایەنێک ئامادە نیە خۆکوشتنی سیاسی بۆ خۆی ئەنجام بدات  .
سێیەم : یاساییترین و راستو رەواترین و ئاسانترین رێگە، رێککەوتنی لایەنەکانە، کە پەرلەمان دانیشتنێکی یاسایی خۆی بکات و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بریاری هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، ئەویش دەبێت لە رۆژی بیستی ئۆکتۆبەر تێپەرنەکات .
چوارەم : کە ئەگەرێکی ماڵویرانکەرانەیە، ئەویش دابەشبونی هەرێمی کوردستانە بەسەر دوو زۆنەکەدا و هەر یەکە و لای خۆیەوە کاروباری خۆی وەک پارێزگا لە چوارچێوەی عیراقدا مەیسەر بکات و لەم کاتەدا ئەزمونەکەمان بەتەواوی لەناو دەچێت و وەک پارێزگایەکی عیراق مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت و ئەو هەمو خوێنەش بە فیرۆ دەچێت .
بۆیە ئەگەر بە وردی لە پێشهاتەکان بروانین هیچ گەشبینیەک نابینین ،کە لە سایەی ئەم بریارە حزبیە جەنگەڵیانەی دوور لە زمانی سەردەم و پێداویستیەکانی سەدەی بیست و یەکەدا، لەم هەرێمە بێ سەرو بەرەدا دەدرێت . چاوەرێ ی چی بکەین، بەڵام  دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە رۆڵ و هەڵوێستی دۆستان و هاوپەیمانان و دوژمنانیش چۆن دەبێت و چی لێ دەکەوێتەوە، کاریگەری راستەخۆی لەسەر سەرجەم ئەگەرەکان دەبێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە