کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌یامێك بۆ چوار لایه‌نه‌كه‌

Sunday, 11/10/2015, 14:29


به‌دیدی من كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێش هه‌رشتێك  نه‌بونی سیاسه‌تێكی ڕاست و دروسته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خاوه‌ن سیاسه‌تێكی دروست نه‌بین هه‌میشه‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ن دووباره‌ و سه‌دباره‌ ده‌بنه‌وه‌، له‌ ئێستاشدا خه‌ڵك زۆر باوه‌ڕی به‌ كۆی گشتی ئه‌م حزبه‌ سیاسیانه‌ نه‌ماوه‌ كه‌له‌سه‌ر ساحه‌ی هه‌رێمی كوردستان نمایشی خۆیان ده‌كه‌ن، پێویسته‌ له‌ زوترین كاتدا كێشه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم هه‌ر له‌پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ تا نه‌بونی موچه‌ و سه‌رجه‌می كیشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانیتر كۆتاییان پێ بهێنرێت، بیر له‌ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌یی حكومه‌ت و جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی بكرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ده‌بینین كه‌ ئێستا له‌شه‌قام رووده‌دات به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌بێ جیاوازی خه‌تای هه‌موولایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تێدایه‌ بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ئیستادا شه‌قام بێ كه‌سی پێوه‌دیاره‌ هه‌رحزبێك كه‌ كه‌مێك توانای گۆرینی هه‌بێت له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتدا خۆی مه‌لاسداوه‌ و له‌ترسی له‌ده‌ست چونی پله‌ و پۆسته‌كانیان هیچ یان ناوێرن به‌ بوێریه‌وه‌ بێنه‌ مه‌یدان، پشتگیری یه‌كانی چوار لایه‌نه‌كه‌ بۆمافی ڕه‌وای خۆپیشانده‌ران جگه‌ له‌ خۆڵكردنه‌ چاوی شه‌قام هیچیتر نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌ (جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی حكومه‌ت، وه‌زیری دارایی، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، وه‌زیری كاره‌با و كشتوكاڵ و هتد.. و سه‌دان ڕاوێژكار و مدیر عام و حاكم و پاریزگار و بریكاری وه‌زیر، ئه‌گه‌ر باسی پله‌نزمه‌كانی وه‌ك به‌ریوه‌به‌ری ناحیه‌ و شاره‌وانیه‌كان بكه‌ین هه‌رباس ناكرێت ئه‌وه‌نده‌ زۆرن، ده‌ی ئه‌گه‌ر به‌م پۆست و پله‌ له‌ ژماره‌ نه‌هاتوه‌وه‌ نه‌توانن گۆڕانكاری بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپڕاتۆریه‌تی رۆماشتان هه‌بێت ئه‌وجا ناتوانن هیچ بكه‌ن!.
به‌بڕوای من ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی شه‌قام هیچ ئومێدێكیان به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌ماوه‌ بۆ گۆڕانكاری و خۆشگوزه‌رانی، به‌ڵام ئیوه‌ بۆ؟ ئێوه‌یه‌ك تا ئێستاش مانگانه‌ له‌و حكومه‌ته‌وه‌ موچه‌ چه‌ند ملیۆنیه‌كانتان وه‌رده‌گرن و له‌پشتی مێزه‌كانتانه‌وه‌ له‌به‌ر سپلیت و قه‌نه‌فه‌ ئه‌ستوره‌كانه‌وه‌ هه‌ر له‌قسه‌ی زل تان داوه‌، پێم ناڵێن چیتان كردوه‌؟، وه‌ك په‌نده‌ كوردیه‌كه‌ ده‌ڵێ " له‌ته‌ڕی ده‌له‌وه‌ڕێن و له‌ وشكی ده‌خه‌ون "، میلله‌تیش چی به‌سه‌ردێت باببێت، پشتیگیری و پشتیوانی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی شه‌قام به‌به‌یاننامه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ فلسێكی قه‌ڵب ناهێنێت، پشتگیری به‌ به‌یاننامه‌ ناكرێت له‌كاتێكدا له‌شه‌قام خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بریندار ده‌بێت، پشتگیری به‌وه‌ ناكرێت تا ئێستاش ئێوه‌ له‌و حكومه‌ته‌ شه‌ریكن خه‌ڵكیش له‌ شه‌قامه‌كاندا به‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌  شه‌هید ده‌كرێت. 
پێویسته‌ ئێوه‌ش وه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌نگی شه‌قامدا له‌ شه‌قامه‌كان هاواركه‌ن بڕوخێ حكومه‌ت، با بۆیه‌ك جار هه‌ندێكیتان له‌ كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێ یه‌می هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ خۆتان و كوڕه‌كانتان له‌شه‌قام سه‌رتان بشكێ، زیندانی بكرێن، بكوژرێن، سیاسه‌تتان لێ قه‌ده‌غه‌ بكریت!، دووربخرینه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا جگه‌له‌ فێڵكردن و خۆڵكردنه‌ چاوی میلله‌ت هیچ شتێكیتر نین، ده‌ی ناكرێ و نابێت له‌ یه‌ك كاتدا خۆتان له‌ كۆشكه‌كانتانه‌وه‌ هاوكاری ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌كه‌ن و ناهێڵن بكه‌وێت به‌ هه‌موو پێوه‌رێك هه‌ر خودی خۆتان ده‌سه‌ڵاتن، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ سیاسه‌تی دوو ڕوویی به‌كاربهێنن و پشتیوانی له‌ ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان بكه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا بیده‌نه‌وه‌ به‌ چاوماندا. 
ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات شكستی سیاسه‌تی ئێوه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و كۆبونه‌وه‌ پێنج قۆڵیه‌كان، له‌وه‌ش گه‌ڕێن كه‌ شكستان هیناوه‌، هه‌رهیچ نه‌بێت ده‌بوو ئه‌و شه‌ڕه‌ی شه‌قام ئێوه‌ له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كاندا بتان كردایه‌، نازانم ده‌تانه‌وێت چیمان پێ بلێن؟، دواجار ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێوه‌ زیاتر و زیاتر پارتی ده‌كاته‌ كه‌ڵه‌گای گه‌ڕه‌ك چونكه‌ لێم سوره‌ دواجار له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌دوای شه‌هید و برینداره‌كانی شه‌قام له‌سه‌ر حه‌قی شه‌قام هه‌ر ئیوه‌ به‌ره‌كه‌ی ده‌چننه‌وه‌ و زیاتریش پارتی پێ گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن، تا له‌ داهاتودا كه‌س قودره‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت به‌ڕێڕه‌ویش به‌ به‌رده‌م مقه‌ڕیكی پارتیدا بڕوات و مۆڕه‌یه‌ك بكات، له‌وه‌ش كاره‌ساتتر ئه‌وه‌یه‌ به‌هۆی شكستی سیاسه‌ته‌كانتانه‌وه‌ خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یشتان كردوه‌ و پرسی نه‌ته‌وه‌ییتان خستۆته‌ بن پێیه‌كانتانه‌وه‌!، ده‌ی لاف و گه‌زافی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی چی؟ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی بۆكوێ هه‌ڵفری؟ یه‌كگرتنه‌وه‌ی باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان چی به‌سه‌رهات؟ ڕێی تێده‌چێت به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئێوه‌وه‌ ده‌بێت له‌خه‌می ترازانی دوو ئیداره‌ییدابین و وه‌ك شه‌ڕی براكوژیه‌كه‌ی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان له‌دوای چه‌ندین ساڵ و ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ بێنه‌وه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆ و بڵێن (ملمان له‌ مویه‌ك باریكتره‌ و ئاماده‌ین بۆ دادگایی چونكه‌ ده‌زانین كه‌ بێ خه‌تاین!).
ئێوه‌ وه‌ك چوار لایه‌نه‌كه‌ ئه‌گه‌ر له‌حكومه‌ت نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وا پێویسته‌ له‌ زوترین كاتدا حزبیكی سیاسی نوێ بێته‌ مه‌یدان و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی شه‌قام بقۆزێته‌وه‌ و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و به‌دیهێنانی دیموكراسی و به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی حكومه‌ت. 
ناكرێ هه‌رجاره‌ و چه‌ندین دایك به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئێوه‌وه‌ جه‌رگیان بسوتێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە