کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داهاتی میلله‌ت له‌ ده‌ستێکی ئه‌میندا نیه‌

Friday, 09/10/2015, 20:58


 ماڵی دزێتی ، تۆ بیشاره‌وه‌ 
ئه‌زانرێ به‌لای خه‌ڵکی شاره‌وه‌
دوایی که‌ ده‌رکه‌وت په‌نهان ناکرێ 
ده‌هۆڵ و زوڕنای بۆ لێ ئه‌درێ (پیره‌مێرد)
ئێمه‌ کاتێک له‌سه‌ر ئه‌م حکومه‌ته‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌ماننووسی، موچه‌ دوانه‌ده‌که‌وت، به‌ڵکو پێشده‌که‌وت، ژیانی خه‌ڵک ئاسایی بوو، ئه‌مانویست چاکتر بکرێ، ده‌مانویست ره‌گی گه‌نده‌ڵی و نایه‌کسانی ببڕینه‌وه‌، ده‌مانویست چاکسازی بنه‌ڕه‌تی هه‌موو جومگه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بگرێته‌وه‌، ده‌مانویست یاسا سه‌روه‌ر بێ و که‌س له‌سه‌روو یاساوه‌ نه‌بێ، ئه‌گه‌ر له‌دوای 2003ی که‌وتنی به‌عسه‌وه‌ کوردستان به‌ دامه‌زراوه‌یی بکرایه‌، ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات و شه‌فافیه‌ت هه‌بووایه‌، داهاتی کوردستان له‌ ده‌ستی که‌سانی پسپۆڕو ئه‌میندا بوایه‌، ئه‌وا هه‌رگیز کوردستان رۆژی ره‌شی وه‌کو ئه‌مڕۆی نه‌ده‌دی که نه‌توانێت به‌ چوار مانگ جارێک موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران بدات.
 زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌ ئێستا خه‌می هه‌موو گه‌لی کورد له باشوور بۆته‌ موچه‌ و ژیانی ئاسایی، وه‌کو به‌نهێنی ئه‌و نامه‌یه‌ بۆ ‌خه‌ڵک بنێردرێ و پێیان بگوترێ : ( ئاوات بۆ پێش قه‌یرانه‌کان بخوازن، ئاوات بۆ ئه‌و رۆژانه‌ بخوازن که‌ ته‌نها دوو حیزب کوردستانیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، ئاوات بۆ ئه‌و رۆژانه‌ بخوازن که‌ پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌و هاوسه‌رێتی و قه‌رزی بچوک هه‌بوو، ئاوات بۆ ئه‌و رۆژانه‌ بخوازن که‌ خه‌ڵک داده‌مه‌زرا له‌ فه‌رمانگه‌ حکومیه‌کان و به‌لێشاو خه‌ڵکی ناموسته‌حه‌قیان خانه‌نشین ده‌کرد) ئه‌م ئاوات خواستنه‌ لای به‌شیکی خه‌ڵکی کوردستان ئێستا به‌م جۆره‌ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌: 
1ـ کێ حوکمی کوردستان ده‌کات و کێ سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ گرنگ نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ژیانمان باش بێت و له‌کاتی خۆیدا مووچه‌ وه‌ربگرین. 
2ـ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان پێویسته‌ لای پارتی بمێنێته‌وه‌، چونکه‌ قوتی ئه‌وخه‌ڵکه‌ لای ئه‌و حیزبه‌یه‌و ئه‌و حیزبه‌ش خۆی چی بوێت ئه‌وه‌ ده‌کات. 
3ـ پارتی پاره‌ی کوردستانی لای خۆی گلداوه‌ته‌وه‌و چاوه‌ڕێ ده‌کات بزانێت کێشه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌چی ده‌گات؟ ئینجا دوا بڕیاری خۆی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم و موچه‌و قوتی خه‌ڵک بدات. 
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و خاڵانه‌ بده‌ین ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێ  خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان له‌ مرۆڤبوون به‌تاڵ بکه‌نه‌وه‌و وه‌ها له‌خه‌ڵک بکه‌ن که‌ وه‌ک ئه‌سپی به‌رده‌م عه‌ره‌بانه‌ ته‌نها به‌رپێی خۆی ببینێ و هه‌ر رۆژه‌ی مه‌شغوڵی ده‌که‌ن به‌ کێشه‌یه‌که‌وه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاسۆیه‌کی روون بۆچاره‌سه‌رکردنی  کێشه‌کان هه‌بێت، چونکه‌ هه‌رێم به‌هه‌ڕه‌مه‌کی کراوه‌و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی کراوه‌ به‌قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت که‌ خۆی ده‌بوایه‌ پێچه‌وانه‌که‌ی بووایه‌ و خۆیان بکردایه‌ به‌ قوربانی میلله‌ت، به‌ڵام رێک پێچه‌وانه‌که‌ی راسته‌، هه‌روه‌کو پیره‌مێردی نه‌مر ده‌ڵێت:
 وه‌زیفه‌و مه‌قام به‌پیاو ئه‌گۆڕێ 
 ره‌نگی شووشه‌یه‌ که‌ ئاو ئه‌گۆڕێ 
هه‌رچی بنێژی ئه‌وه‌ به‌ر ئه‌دا 
 گۆزه‌یش چی تیا بێ ئه‌وه‌ ده‌رئه‌دا
 دنیا وه‌ک پیاڵه‌ی چایخانه‌ وایه‌
تۆ ئه‌یخۆیته‌وه‌ هی که‌ت له‌دوایه
رۆژانێک بوو ده‌سه‌ڵاتی کوردی ره‌خنه‌ی له‌ نوری مالیکی ده‌گرت و ده‌یوت قوتی خه‌ڵک ده‌بڕێ، که‌چی ئێستا هه‌مان ده‌سه‌ڵات سیاسه‌تی مالیکی به‌زیاده‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌کات، زیاده‌که‌ش جگه‌ له‌ برسی کردنی خه‌ڵک،هه‌ڕه‌شه‌و چاوسوورکردنه‌وه‌وبێڕێزی به‌خه‌ڵک ده‌کرێ، سامانی نه‌وت له‌باتی خێر بۆ خه‌ڵکی کوردستان، بۆته‌ نه‌فره‌ت و برسی کردنی خه‌ڵک وبه‌بیانووی شه‌ڕی داعش و دوژمنی ده‌ره‌کی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی و سه‌ربه‌خۆیی، میلله‌تێکیان خسته‌ سه‌ر هێڵی هه‌ژاری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە