پارتی دەیشارێتەوە، ئەی یەکێتی؟
Thursday, 08/10/2015, 23:31
(د. عزهت سابیر سهرۆكى لیژنهى دارایى له پهرلهمانى كوردستان لە ڕۆژی ٤ ی ١٠ ی ٢٠١٥ لە کەناڵی KNN وە وتی گوایه ملیارێك و پێنجسهد ملیۆن دۆلار پارهى حكومهتى ههرێمى كوردستان له بانكى كوردستانى نێودهوڵهتیه. سەفین دزەیی وتی: سهرلهبهرى ئهو لێدوانه درۆیهكى گهورهیە.. دهبوایه د.عیزەت پرسیارێكى لە قوباد تاڵەبانی جێگری سهرۆك وهزیران بكردایه كه لە حیزبەکەی د.عیزەتە ، بۆ ئهوهى زیاتر ڕاستیهكانى بۆ ڕوون بێتهوه، چونكه قوباد ئاگادارى ههموو شتێكى حكومهته، بهتایبهتیش پرسى دارایى و داهاتهكان) . زۆربەی خەڵکی کوردوستان متمانەی بە ڕاستگۆیی نێچیروان بارزانی و ئاشتی هەورامی نەماوە بە تایبەتی لە پەیوەند بە (ڕێکەوتنی نەوتی)ی نێوان هەرێم و تورکیای ئۆردوگان، وردەکاریەکانی چین؟ بۆ چەند ساڵی تر دەخایەنێ؟ پارەی فرۆشروای نەوت بۆ دەبێ بخرێتە بانکێکی تورکی و نەخرێتە بانکێکی باوەڕپێکراوی ئەوروپی یا ئەمریکی ؟ پرسیارەکان زۆرن با جارێ بەس بێ! لە کابینەی حەوتدا کە (عیماد ئەحمەد) ی ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەکێتی جێگری نێچیروان بو بۆ میدیاکان ڕایگەیاند ئاگای لە هەمو شتێکی ئەو ڕێکەوتنەیە. سەفین دزەیی دەڵێ قوباد تاڵەبانی ئاگای لە پرسی دارایی و داهاتەکانە. کەواتە دەبێت ئێستا عیماد ئەحمەد بە پێی دانپیانانی خۆی ،وە قوباد تاڵەبانی بە پێی قسەی سەفین دزەیی ، نهێنیە گەورەکەی ئەو ڕێکەوتنە بۆ خەڵکی کوردوستان ئاشکرابکەن، ئێ باشە درکاندنی ئەو نهێنیەتان بۆ کەی هەڵگرتوە؟ کەی لە ئیمڕۆ زۆرتر ئینسانی کوردی سەر جادە پێویستی بە زانینی ئەو ڕاستیانە هەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەیەوە هەیە، ئەو ژیانەی خەریکە لێی دەکرێ بە دۆزەخ؟ یان ئەوەتە عیماد و قوباد نهێنیەکە ئاشکرا دەکەن یا عیماد خۆی بە درۆ دەخاتەوە و لە قسەکەی پەشیمان دەبێتەوە، هەروەها قوبادیش سەفین بە درۆ دەخاتەوە و بەم جۆرە عیماد و قوباد بە خەڵکی کوردوستان دەڵێن ئێمەش لە نهێنیی ئەو ڕێکەوتنە ئاگادار نین و بەمجۆرە سەفین دزەیی بە درۆدەخەنەوە، یان ئەگەر ئاگادارن و بە مەبەست نایدرکێنن دەبێت پێمان بڵێن بۆ نایدرکێنن؟ یا بۆچی بەلای کەمەوە بۆ لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردوستانی نادرکێنن؟ لە ٥ ی ١٠ ی ٢٠١٥ حاکم قادر حهمهجان، ئهندامی مهکتهبی سیاسیی یهکێتی نیشتمانی کوردستان وتی " من وەك حاكم قادر (رەنگە ژمارەیەك هەڤاڵی دیكەش وەك من بن) رایدەگەیەنم نە لە ئێستا و نە لە رابردوودا ئاگام لە پارەی نەوت و شیریینی نەوت نەبووە و نییە كە كێ وەریگرتووە و چی لێكراوە، بۆیە پێشنیار ئەكەم كە ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان، راستییەكان بۆ خەڵك بخەنەڕوو، بە بەڵگە و دۆكیۆمێنتەوە". دانپیانانێکی بوێرانە و ڕاستگۆیانەیە، کەواتە لە ناو خودی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا تەنیا چەند کەسێک ئاگاداری نهێنیەکانی فایلی نەوت وگازی کوردستانن. بەڵام حاکم قادر دەبوایە پێشنیازەکەی بۆ ئەو سەرکردانەی یەکێتی بکردایە کە ئاگاداری ئەو فایلەن. درەنگە بەڵام نەچوە بچێ ، داوادەکەم لە کۆبونەوەکانی داهاتوی سەرکردایەتیی یەکێتیدا حاکم قادر و هەڤاڵەکانی کە وەک ئەو ئاگایان لە فایلی نەوت نیە بە شەخسی داوابکەن لە عیماد ئەحمەد و لە قوباد تاڵەبانی و لە دو جێگرەکەی سکرتێری گشتیی یەکێتی: د.بەرهەم ساڵح کە دو ساڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و، هەروەها لە کۆسرەت ڕەسوڵ کە جێگری سەرۆکی هەرێم بو، نهێنیەکانی فایلی نەوت وگازی کوردوستان ئاشکرا بکەن.هەروەها داوادەکەم لە کۆبونەوەکانی تری یەکێتیدا حاکم قادر و هەڤاڵەکانی هەمان داوا بکەن لە سەرکردە بڕێک بچوکەکانی تری یەکێتی کە بە پلەی جیاواز لە ناو بیرە نەوتیەکانی کوردوستانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دا شڵپە شڵپ دەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست