کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەند ڕێنماییەك بۆ کۆنگرەی نیشتمانی کورد

Monday, 05/10/2015, 18:41


تا ئێستا چەند جارێك وویستراوە کۆنگرەی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد ساز بدرێ،جا مەبەست لێی هەر چیەك بوبێ ئەوە باسێکی ترە. لێرەدا وەك پێوست ئەوەی دەرکەوت کەوا ئەو وویستە لەلایەن چەند لایەنێکەوە بەشێوەیەکی دەمارگیریانە بیریان لێ نەکردەوەو دەرئەنجامەکەشی شتێکی وای بەدەستەوە نەدا. جا بۆ ئەوەی لەمەو بەدوا بتوانرێ کارێکی باشتر و بەپلانتر لەوانەی پێشوو ساز بدرێ ئەوا پێوستە وەك ئەرکێکی نەتەوەیی ئەوەی لەدەستمان دێ ،بیکەین. هەروەها هەوڵ ئەدەین بەچەند ڕێنماییەکی سادەو ساکار نەخشە ڕێگایەك بکێشین تا بتوانین کارێکی گرنگ بۆ خۆمان و گەلەکەمان بکەین.
ڕێنمایی یەکەم: زمانی ستاندەر،لێرەدا پێوستە بایەخ بە دیالێکتێکی زمان بدەین کەزۆرترین خەڵکی کورد ئاخافتنی پێ ئەکەن،ئەوەش بریتیە لە زمانی کوردی باکوور ،وەیان کرمانجی باکوور. گەلێ گرنگە پێش ڕێکەوتن و دەست پێکردنی کۆنگرەی نیشتمانی ،لایەنەکان بگەنە ئەو ڕێکەوتنە کە شێوازی گفتۆگوو نووسین و ئاخافتنەکان ،تەنها بە کرمانجی باکوورە. هەروەها بۆ بەکارهێنانی نووسینیش ،ئەوا گرنگە بگەڕێینەوە سەر بەکارهێنانی پیتی لاتینی و واز لە ئەلف و بێی عەرەبی بێنین. گەر بێتو لایەنی بەشداربوان لەسەر ئەم خاڵە ڕێك نەکەوتن،ئەوا پێوستە ٦ بۆ ١٠ خۆئامادەیی بکەن بۆ ئەوەی خۆیان فێری زمانی کرمانجی باکوور و نووسینی پیتی لاتین بکەن.
ڕێنمایی دووەم:سروود و مارشی کوردی،لێرەدا بێ یەك و دوو سروودەکەی دڵداری شاعیر(ئەی ڕەقیب)ئەبێ هەموان بێڵین و بۆی هەستن(جگە لە کەمئەندامان). ئەشێ ئەم سروودە تاکە شتێك بێ کە بەزمانی کرمانجی خواروو وەیان باشوور بووترێتەوە. 
ڕێنمایی سێیەم: ئاڵا و جل وبەرگ،لێرەدا پێوستە ئاڵای کوردستان شەکاوە بێت و هەر بەشدار بوەیەکیش بچووکراوەی ئاڵایەکی کوردستانی لەسەر سنگ هەڵواسیبێ. بۆ جل و بەرگ ئەوا پێوستە هەردوو ڕەگەزەکە بەجل و بەرگی کوردی ناوچەکانی خۆیان بەشدار بن و شانازی پێوە بکەن.هیچ جۆرە پاساوێك نیە بۆ لەبەرنەکردنی جل و بەرگی کوردەواری.
ڕێنمایی چوارەم:وێنە،دیارە مەبەست لێی وێنەی هەرسێ سەرکردەی کور(شێخ مەحمود،قازی موحەمەد و عەبدوڵا ئۆچ ئالان)ە . ئەم ٣ کەسایەتیە پێوستە وێنەکانیان لە ناوەڕاستی کۆنگرەدا،باشتر وایە لەڕیزی یەکەمی دانیشتوان سێ کورسیان بۆ تەرخان بکرێن و وێنەکانیان تیایدا جێگیر بکرێ،هەروەك ئەوەی خۆیان لەوێ دانیشتبێتن. بوونی ئەم ٣ کاریزمایە گڕو هاندانێکی گەورە بەو کۆڕ و کۆبونەوەو کۆنگرەیە ئەدا. 
ڕێنمایی پێنجەم: بەشدار بووان، پێوستە ئەو لایەن و کەسەی بەشداری ئەم جۆرە کۆنگرە نەتەوەییە ئەکا:-
1- دەستی لەگەڵ دوژمنی کوردا نەبوبێ و ڕێکۆردی پاك بێ.
2- خاوەنی مێژوویەکی پاك و بێگەرد بێ.
3- دەستی بەخوێنی کورد سوور نەبوبێ.
4- بەشدار بوو پێوستە بەرژەوەندی میلەتی کوردی خستبێتە پێش بەرژەوەندی ئاینی و ئایدۆلۆژیی.
ڕێنمایی شەشەم:کاتی دیاری کراو، گرنگە کەوا کاتێکی دیاری کراو بۆ ئەو کۆنگرەیە دابنرێ و پاپەبەند بن پێوەی. وە لەکۆتاییدا پێوستە پوختەی کۆنگرە بۆ خەڵك و میدیاکان بڵاو بکرێتەوە.
ڕێنمایی حەوتەم:میوان،لێرەدا پیوستە چەندین کەسایەتی گرنگ و دڵسۆز بۆ کورد و کوردستان بانگ بکرێن ،بۆ نمونە کەسێکی وەك ئیسماعیل بێشکچی و نمونەنەکانیان گرنگی خۆی هەیە و نابێ کۆنگرە خۆی لەمە بدزێتەوە. 
لەکۆتاییدا پێم باشە ڕۆڵی گەورەو کاراو نیشتمانی کوردستانپۆست لەو کۆنگرەیەدا وەك چاودێرێك بوونی هەبێ و بەشداریش بێ لە بڕیاری کۆتاییدا. لەبەرئەوەی مێژووی ئەم ڕێکخراوە هەڵگری چەندین ڕاستیە کەوا ناکرێ بەلاو بنرێ و پەراویز بخرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە