پڕۆژەی بە هەرێم (کانتۆن) کردنی پارێزگاکانی هەرێمی (باشوری) کوردستان
Saturday, 03/10/2015, 20:50
یاخیبوون کاتێک ڕوودهدات، که مرۆڤی یاخی ههست بکات له شوێنێک به جۆرێک له جۆرهکان لهسهر ههقه.(ئەلبێرت کامۆ)
ناوەڕۆک
• بە هەرێم (کانتۆن ) کردنی پارێزگاکانی باشوری کوردستان لە ناو یەکێتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا
• ئەم پڕۆژەیە بۆچی؟
• سودەکانی ئەم فرە هەرێمیە (کانتۆنیە) فیدرالیە
• پارێزگای سلێمانی وەک نمونە
• باری ئابوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوون بە هەرێم (کانتۆن)
• ئەزمونی سویسرا
• ڕێگری یاسایی نیە بۆ بە هەرێم بوونی پارێزگاکانی باشوری کوردستان
• دەستوری عێراق (ماددەی 119)
• فیدرالی بۆ عێراق ، مەرکەزیەت بۆ کوردستان
• سیستەمە سیاسیە لامەرکەزیەکان
سەرنج
ئەم وتارەی بەندە گوزارشت نیە لە تێروانینێکی حیزبیی بەڵکو لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی نوسراوە، بەلام لەوانەشە لەگەڵ بۆچونی حیزبێکی سیاسی هەرێمی کوردستان یەکبگرێتەوە بێئەوەی خواستی نوسەر بێت.
بە هەرێم (کانتۆن) کردنی پارێزگاکانی باشوری کوردستان لە ناو
یەکێتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا
ئەو ڕاستیەی کە فکری مەرکەزیەت ئەقڵی دەسەلاتی سیاسی کوردیشی تەنیوە لە باشوری کوردستان و ئەو ڕاستیەش هەتا ئێستەش هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی پەڕلەمان و حکومەت بەلام بە کردار دوو ئیدارەیە و هەروەها پارێزگای سلێمانی بە ڕوونی پەراوێزخراوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانە بە پێویستیەکی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری و ئیداری دەبینم وەک چارەسەرێکی مەنتقی پارێزگاکانی هەرێمی (باشوری) کوردستان ببنە هەرێمی (کانتۆنی) فیدرالی سەربەخۆ. دەکرێت پارێزگای سلێمانی هەرێمێک بێت ، هەولێر ، هەروەها پارێزگای دهۆک و هەڵەبجەش ببنە هەرێمی (کانتۆنی) سەربەخۆ. هەمان ئەم مۆدێلە بۆ پارێزگای کەرکوکیش ئەویش بە پێی واقعی پارێزگای کەرکوک خۆی. بەلام ئەم فرە هەرێمیە (کانتۆنیە) لەناو جوگرافیای (فیدراسیۆنێکی) سەربەخۆی کوردستان ، تەنانەت لە ئایندەدا لەناو دەوڵەتێکی کوردیدا کە خواستێکی ڕیالیستانەی گەلی کوردە. مۆدێلێک بێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر یەکێتی و هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی دروستبکات.
مۆدێلی بەلجیکا
بڕوانە بەلجیکا دەوڵەتێکی فیدرالی و فرەنەتەوەیەو لە دوو فیدراسیۆنی هۆلەندی زمان و فەرەنسی زمان پێکهاتوە کە بریتین لە ناوچەی فلاندەرن (هۆڵەندی زمان) و سنوریان بە هءڵەنداوە هەیە. ناوچەی ڤالۆن (فەرەنسی زمان)، سنوریان بە فەرەنساوەیە. هەر فیدراسیۆنێکیش لەم دووانە پێنج پارێزگای هەیەو کراون بە پێنج هەرێمی سەربەخۆ لە ناو فیدراسیۆنە یەک نەتەوەییەکەدا ، لەناو دەولەتێکی ئیتحادی بەلجیکادا.
بەم جۆرە دەکرێ باشوری کوردستانیش ، لانی کەم لەم دۆخەی ئێستەدا هەرێمی کوردستان بکرێتە فیدراسیۆنێکی کوردی و لەناو ئەم فیدراسیۆنەدا پارێزگاکانی بکرێنە هەرێم یان کانتۆنی سەربەخۆ. ئەڵمان زمانەکان لە بەلجیکا لە ناوچەیەکی ئاوتۆنۆم ئەژین و سنوریان بە ئەڵمانیاوە هەیە بەلام وەک هەرێمێکی تایبەت دیارینەکراوەو بە "کۆمەڵەی زمان ئەڵمانەکان" ناودەبرێن. ژمارەیان تەنیا 76 هەزار کەسەو لە ناوچەیەکی جوگرافی بچوکدا دەژین لە ڕوبەرێکی 854 کم دوجا. ژمارەی پەڕلەمانتارەکانی بریتیە لە 25 و حکومەتیش لە 4 وەزیر پێکهاتوە. ئەم ناوچەیە هەتا دوای جەنگی یەکەمی جیهانی سەر بە بەلجیکا نەبوو بەلکو سەر بە ئیمپراتۆریەتی ئەلمانیا بوو. دیارە فاکتەری ژمارەی دانیشتوان و بچوکی شوێنە جوگرافیەکەیان هۆیەکە کە بەناوچەی چوارەمی بەلجیکا ناونەبراوە. رێژەی دانیشتوانی بە بەراورد بەدانیشتوانی سەرجەم بەلجیکا 1% کەمترە بەلام خاوەنی پیادەکردنی مافەکانی خۆیەتی. ئەزمونی ئەم کەمایەتیەی بەلجیکا دەشێت وەک مۆدێلێک وەربگیرێت بۆ تورکومان و مەسیحی و ئێزیدی زمانزانەکانی عێراق بە باشوری کوردستانیشەوە بەلام بێگومان لێرەدا گرنگە ژمارەی ئەو کەمایەتیانە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافیدا ئەو مەرجە بەدی بهێنێت. ڕاستە ، بۆنمونە مەسیحیەکان ، یان تورکومانەکانی کوردستان پەرش و بلاون بەلام ئەگەر بڕوانینیە مۆدێلەکەی سویسرا ئەوا چارەسەر هەیە بۆ پاراستنی مافی ئەو کەمایەتیە پەرش و بلاوانەش. کەواتە لێرەدا هەمان مۆدیلی سویسراشمان هەیە.
ئەم پرۆژەیە بۆچی؟
هەرێمی کوردستان 24 ساڵە بە بارودۆخێکدا گوزەر دەکات کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هیوام بە چارەسەر کردنی کێشەکانی نیە چ لە زۆنی زەرد و سەوزو نیلیدا و هەروەها مەسەلەی لامەرکەزی کە دانیشتوانەکەی باجی گەورەی هەَلەو ئەقلی سیاسەکانی ئەدەن ، هەربۆیە گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی کە دروستبوونی ئیدارەی (کانتۆنی) سەربەخۆی فیدرالی پارێزگاکانی باشوری کوردستان بۆتە پێویستیەکی سیاسی و ئیداری و ئابوری و کۆمەلایەتیش.
خۆئەگەر وەک واقیع بۆی بڕوانین هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیە. هەروەک ئەوەی دوو هەرێمی جیاواز بێت لەیەکتر هەرچەندە بە ناوی یەک پەڕلەمان و یەک حکومەتی هاوبەشەوە قسەدەکرێ. بادینان (پارێزگای دهۆک) بە کردەوە لە لایەن پارتیەوە مامەڵەی هەرێمێکی سەربەخۆی لەگەڵدا دەکرێ و هەموو شتێکی لە سۆران جودایە تەنانەت ئاڵوگۆڕی نوسین لە نێوان دائیرەکانیداو خوێندنی قوتابخانە لە بادینان بە زاراوەی بادینیە ، کەواتە لێرەدا خاوەنی زمانێکی ستانداریش نین بۆ تەواوی هەرێمی (باشوری) کوردستان.
سودەکانی ئەم فرە هەرێمیە (کانتۆنیە) فیدرالیە
* دەبێتە هۆی دابەشبوونی دەسەلات و ڕێگر دەبێت لە چڕبوونەوەی دەسەلات و مەرکەزیەت لە دەستی لایەنێکدا.
* فیدرالیەت و فرە هەرێمیی وەک خۆی دەبێتە بەهێزکردنی دیموکراسیەت و سەقامگیریی سیستەمی سیاسی و کەمکردنەوەی گەندەڵی بەلام دیموکراسیەت و سەقامگیریی مەرجی پێشوەختیشن بۆ دروستبوونی سیستەمێکی فیدرالی لامەرکەزی تەندروست.
* سودێکی تری ئەم فرەهەرێمیە دروستبونی کێبرکێیە لە نێوان هەرێمەکان (کانتۆنەکان) و بە ڕوونی دەردەکەوێت کام لا توانیویەتی بوارە جیاوازەکانی ژیان ببوژێنێتەوەو ببێتە مۆدێلێکی باشتری حوکمرانی بۆ هەرێمەکەی (کانتۆنەکەی) خۆی.
* دەبێتە هۆی ئاسانکردنی بەشداری سیاسی هاولاتیان. هەروەها بەرێوەبردنی هەرێمەکە لەلایەن خەَلکی ناوچەکە خۆیەوە ئەنجام بدرێ کە لە ڕووی کەلتوری و کۆمەلایەتی و سیاسیەوە نزیکە لێوەی. * خەَلکی ناوچەکە باشتر ئاشنان بە کەلتورو سیاسیەکانی ناوچەکەی خۆیان وەک لەوەی کە ئاشنا نین بۆنمونە ناوچەی سلێمانی و هەلەبجە بەوانەی دهۆک و بادینان و هەروەها بە پێچەوانەشەوە. دیاردەیەکی خراپ بەلام لە ئەنجامی ئەقڵی دەسەلاتی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە خوڵقێندراوە.
* بۆنمونە پارێزگای سلێمانی دەبێتە هەرێمێکی سەربەخۆ و دەبێتە خاوەن پەڕلەمانێکی هەَلبژێردراوی خۆی و حکومەتی هەرێمی خۆی بە وەزارەتە پێویستیە هەرێمیەکانیەوە.
* لەم شێوازی سیستەمەدا دابینکردنی لامەرکەزی بۆ شارۆچکەو ناحیە و قەزاکان لەچوار چێوەی ئەو کانتۆنەدا (هەرێمەدا) بەپَیی سیستەمی لامەرکەزی فیدرالی.
* هەر هەرێمە توانای بەسەر ئیدارەکەی خۆیدا باشتر دەشکێت و کاری دانیشتوان خێراتر بەڕێوەدەچێت و کێشەو پێداویستیەکان (ئابوری ، کۆمەلایەتی ، ئیداری ، پەروەردە ، ژینگە..) باشتر دەبینرێن.
* هاولاتیان دەتوانن بەهۆی کورتی رێگاکان لەم سیستەمی فرە هەرێمیە فیدرالیەی کوردستان زووتر پەیوەندی بە سیاسەتمەدار و دامودەزگاکانەوە بکەن و لە پڕۆسەی سیاسی زۆرتردا بەشداربن ، هەروەها ڕێگای فشاری جەماوەرییش کورتتر و کاریگەرتر دەبێت. دیاردەیەک دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی زۆرێک لە گرفتەکان.
* ئەو تۆمەتبار کردنانەش کە هەن لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا زۆر کەمتر دەبنەوەو ئەو کات دەردەکەوێ حیزبەکانی ناو ئەو هەرێمە تاچەند توانای دروستکردنی سیستەمێکی سیاسی و هەرێمایەتی و ئیداریی کارای هەیە بۆ چارەسەری کَیشەکانی هاولاتیانی ناو هەرێمەکەی.
* لەم سیستەمی فرەهەرێمیە (فرە کانتۆنیە) فیدرالیە لامەرکەزیەدا مەترسی لایەنێک بۆ سەر ئەوەی تر کەمە.
* لەم سیستەمەدا هەمان ئەو دەزگایانەیان هەیە وەک ئەوانەی لە دەوڵەتی ئیتحاد هەن (پەڕلەمان ، حکومەت ، دادوەری...تاد). هەَلبژێردەر بە پێی بڕیاری پەڕلەمان هەر چوار ساڵ جارێک ، لەناو ئەو هەرێمەی تێیدا تۆمار کراوە پەڕلەمانی هەرێمەکەی خۆی هەڵدەبژێرێت و هەروەها توانای ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانیشدا (لەوانەیە) کەمتر بنەوەو ئاسانتر چاودێری دەکرێن و خوێندنەوەی باشتری بۆ دەکرێت.
*حیزبە سیاسیەکانی ناو هەرێمەکان (کانتۆنەکان) دەتوانن چۆنایەتی سەرکردەبوون لە هەرێمەکانیاندا تاقیبکەنەوەو بەم هۆیەوە دەتوانن مومارەسەی سیاسەت لەسەر ئاستی "ناوەند" بەرز بکەنەوە وەک ئەو پێکهاتە سیاسیە جیاوازانەی هەرێمی کوردستان ئێستە لە بەغدا پیادەی دەکەن. بۆ کورد لە باشوری کوردستان پیادەکردنی فەرمانڕەوایی سیاسی و مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەمی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێم ئەزمونێکی گرنگە بۆ مامەلەکردن لەگەل دەوڵەتی ئیتحادیدا ، یان لە دواڕۆژدا لەگەڵ ئەنجومەنی فیدرالی عێراق (ئەنجومەنی هەرێمەکان) هەروەها ڕۆژگارێک لە دەوڵەتێکی کوردیدا.
* لەوانەیە زۆرێک لە کێشمەکێشی ناو ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەم رێگایەوە کەم بێتەوە.
* بە پێی ئەزمونی دەوڵەتە فیدرالیەکان ، هەرێمەکان یان کانتۆنەکان بۆیان هەیە بە پێی سروشت و پێویستی هەرێمەکەیان هەندێک یاسا دەربکەن گونجاو لەگەڵ دانیشتوانی هەرێمەکەی خۆیدا ، بۆنمونە لەسەر ئاستی پەروەردەو خوێندنی بالا.
* ئەم مۆدیلە کێشمەکێشی بودجە و نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکرێ کەمبکاتەوە لەوەدا بۆنمونە هەرێمی تازە دروستبووی سلێمانی بودجەی خۆی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بەغداوە بۆ دێت و ڕێگایەک بۆ ڕزگار بوون لەو کێشمەکێشانەی پارتی لەگەڵ بەغدا دروستی کردوون بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە بە تایبەت پرسی نەوت. هەرێمە (کانتۆنە) نوێکە دەتوانێت مامەلە لەگەڵ سامانە سروشتیەکانی ناو هەرێمەکەی خۆی بکات بە پێی یاسا فیدرالیەکانی ناوەند. ڕزگار بونێکیش دەبێت لەو تۆمەتانەی ئێستە لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا هەیە بەرامبەر بە پەراوێز خستنی پارێزگای سلێمانی لە لایەن ئەو دەسەلاتانەی پارتی بەکاری دەهێنێت.
* لێرەدا دەبێت سەرجەم حیزبە سیاسیەکان توانای سیاسی و جەماوەریی خۆیان لە ناو ئەو هەرێمەدا تاقی بکەنەوە بە حیزبە گەورەو بچوکەکانیشەوە و لەوانەیە کۆتایی هێنانیکیش بێت بە حیزبەکانی سێبەر.
* هەر هەرێمە مامەڵەی خۆی لەگەل ئێتنیک و کەمایەتیە کەلتوری و ئاینیەکانی ناو هەرێمەکەی خۆی دەکات لە پێدان و ڕێکخستنی مافەکانیان. ئەگەر بڕوانینە پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستیە دەبینین کە پارتی 11 کورسیەکەی کۆتاکانی کڕیوەو هەروەها بە تەواوی دەستی گرتوە بەسەر هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێرداو حیزبەکانی تریش لە بارودۆخێکی وادا نین بتوانن یان بیانەوێَ ئەو هاوکێشەیەی ئێستە لە پێویستیەکی نەتەوەییدا بگۆڕن.
* هەرێمی (کانتۆنی) نوێی سلێمانی و هەڵەبجە سیستەمی سەرۆکایەتی لابەرێت و دەسەلاتەکان بەسەر پەڕلەمان و حکومەت و دادوەریدا دابەش بکات.
(بەواتا ئەم مۆدێلە بێئەوەی کاریگەریی نەگەتیڤ بکاتە سەر یەکێتی نیشتیمانی و هەست و هوشیاری نەتەوەیی و پاشە کشە نیە لە ئامانجە نەتەوەییەکان).
پارێزگای سلێمانی وەک نمونە
سەبارەت بە هەرێم (کانتۆن) بوونی پارێزگاکانی هەرێم پێویستە پەنا بۆ ڕێکارە مەدەنی و یاساییەکان ببرێت ئەویش وەک هەنگاوی یەکەم بە رێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە بە پێی یاسا نوسراوەکانی دەستوری عێراقی. ڕێگایەک بۆ بە دەست هێنانی ئارامی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەلایەتی و ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە بە تایبەت پارێزگای سلێمانی سوودمەند دەبێت لەم بیرۆکەیە. بەم ڕێگایەوە دەکرێ مەترسی شەڕی ناوخۆش دوور بخرێتەوەو بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و هەڕەشەی لایەنێکی تر بۆ سەری دەکرێ پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی سلێمانی ، یان هەربَمە نوێکان بڕیاری خۆی بەرامبەری دەربکات وەک ئۆرگانێکی یاسایی و دەستوریی وشەرعیەتی یاسایی و جەماوەریی بدات بە خۆی بۆ هەر بەرگریکردنێک لە بەرژەوەندی هەرێمەکەی.
هەر پارێزگایەک دەتوانێت ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ. ئەم مافە لەماددەی 115ی دەستوری عێراقدا هاتوەو دەَلێت: "هەر پارێزگایەک یان زیاتر مافیان هەیە هەرێمێک پێکبێنن لەسەر داوایەک کە ڕاپرسی لەسەر بکرێت ، بە یەکێک لەم دوو رێگایانە پێشکەش دەکرێت:
یەکەم: داوایەک لەسێ یەکی ئەندامانی هەر ئەنجومەنێک لە ئەنجومەنەکانی ئەو پارێزگایانەی دەیانەوێت هەرێم پێک بهێنن.
دووەم: داوایەک لە دەیەکی (1/10)ی دەنگدەران لەو پارێزگایانەی دەیانەوێ هەرێم پێک بهێنن. دواتر لە ڕاپرسیەکداو بەپێی دەستور دەکرێ ئەم داوایە ببێتە واقع. پارێزگای سلێمانی و ...تاد. دەتوانن سوودمەند بن لەم یاسا نوسراوەی پەڕلەمانی ئیتحاد کە کورد خۆشی دەنگی پێداوە.
ئەوە ڕەفتاری چەوتی حیزبە کوردیەکانە بەرامبەر بە کەرکوک بووە هۆی دروستبوونی بیرۆکەی هەرێمی سەربەخۆ لای کەرکوکیەکانیش.
باری ئابوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوون بە هەرێم
لە راپۆرتێکی تایبەتی ڕێکخراوی دۆر سەبارەت بە نەوت و گازی پارێزگای سلێمانی کە لە مسای 2015 بلاوکراوەتەوە ، هاتوە: پارێزگای سلێمانی خاوەنی 70% ی نەوتی هەرێمەو 15% یەدەگی نەوتی عێراقە.. دوەم پارێزگای عێراقە دوای بەسرە لە ڕووی یەدەگی نەوت و گازی سروشتی و بەشێکی زۆری ئەم ڕێژەیە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان. کەواتە پارێزگای سلێمانی لە ڕووی ئابوریشەوە ، نەوت و بواری کشتوکاَل و پیشەسازی محەلی و .. تاد. لە توانایدایە کێشە ئابوری و داراییەکانی خۆی چارەسەر بکات و دانیشتوانی هەرێمەکەی خۆی خۆش گوزەران بکات ئەگەر دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و خاوەنی سیستەمێکی سیاسی و ئابوری ئەقلانی بێت.
پاریزگای سلێمانی پەراوێز خراوە هەروەک پارێزگاکانی بەسرەو ئەنبار هەربۆیە کاردانەوەکانیش لای ئەمانە بەهێزە بۆ دروستبوونی هەرێمی سەربەخۆ.
ئەزمونی سویسرا
سویسرا کە لە چەندین نەتەوەو ئێتنیک پێکهاتوە خاوەنی 26 کانتۆنە (شەشیان نیو کانتۆنە). زۆرینەی دانیشتوانی سویسرا لە ناوچەی زمان ئەڵمانەکان دەژی کە شارو شارۆچکەکانی دابەشکراوە بەسەر 18 کانتۆندا (هەرێمدا ، خۆبەرێوەبەریدا). وەک ئەوە وایە بوترێ پارێزگاکانی باشوری کوردستان و شارۆچکەکانی وەک گەرمیان (مەلار و کفری) ، ڕانیەو کۆیەو قەلادزەو چەمچەمال و سۆران و زاخۆو ..تاد. لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا کە فیدرالیزمی کردۆتە دروشمی خۆی بەسەر کۆمەَلێک کانتۆندا دابەش بکرێت و ئیدارەو خۆبەرێوەبەری لامەرکەزی و بودجەی خۆیان هەبێت بێئەوەی کاریگەریی لەسەر هەست و هوشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی هەبێت ، باشترین مۆدێل بۆ ئیدارەو چارەسەری کێشەکانیان کە خۆیان باشتر لێی تێدەگەن و ڕێگا بیرۆکراتیەکانیش کورت دەکاتەوە.
دانیشتوانی هەرێمی (کانتۆن)ی Zürich بریتیە لە ملیۆن و نیوێک بەلام کانتۆنی Uri دانیشتوانەکەی بریتیە لە 35.000 کەس و هەردوکیشیان کانتۆنی سەربەخۆن و سیستەمەکەش دەڕوات بە ڕێگاوە. ڕێژەی کەمە نەتەوەو ئاینی ریتۆڕۆمانیش کە دەکاتە 0،5% ی دانیشتوانی سویسرا بچوکترین گروپی زمانی سویسریە (وەک تورکومان و مەسیحیەکان لە عێراق و لە کوردستان) بەلام خاوەنی ئاوتۆنۆمی کەلتوریی خۆیانن.
پەڕلەمانەکانی کانتۆنەکان ژمارەی ئەندامەکانی لە نێوان 49- 180 یە بە پێی ژمارەی دانیشتوانی دیاری دەکرێت. ئەمانە ئاسایی لەلایەن گەلەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەلام لە کانتۆنەکانی Freiburg und Waadt بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
لەم تێڕوانینەوە دەکرێ ژمارەی ئەندام پەڕلەمانەکانی کانتۆنی (ئیدارەی) سلێمانی ، هەولێر و دهۆک یان هەڵەبجە دیاری بکرێت. حکومەت بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاساکان. ئەو یاسایانەی کە پەڕلەمان و گەل بریاریان لەسەرداوە.
ئامادە کردنی لە لایەن نوسەرەوە
هەرێمەکانی (کانتۆنەکانی) سویسرا
( رێگری یاسایی نیە بۆ بە هەرێم بوونی پارێزگاکانی باشوری کوردستان )
لە بەشی پێنجەمی دەستوری عێراقدا لە ماددەی 116دا هاتوە: "هەرێم دەستورێک بۆخۆی دادەنێت کە دەسەلات و ئەرکەکان و شێوازەکانی کارپێکردنیان دیاری بکات بەجۆرێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستورەدا" ، بەواتا لەگەَل دەستوری عێراقدا.
* بەلام ئەگەر هەردوو دەستوری هەرێمی کوردستان و ئەوەی دەسەلاتی فیدرالی ئیتحاد لە بەغدا بەراورد بکەین بە یەکتر سەبارەت بە دەسەلاتەکانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆنمونە گرێبەستە نەوتیەکان دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەرێمی کوردستان لە دەستورەکەیدا مافێکی تری بەخۆیداوە لەسەر ئەم ئاستە وەک لەوەی دەسەلاتی فیدرالی ئیتحادی بەغدا نەیداوە پێی. (بڕوانە ماددەی نۆی دەستوری هەرێمی کوردستان). لەوانەیە ئەوەش یەکێک بێت لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان بەغداو هەولێر. ئەوە دەکرێت بۆ نمونە لە هەرێمی سلێمانیدا چارەسەر بکرێت و ببێتە هۆی چارەسەری بەیکی بەرچاو لەو کێشە لەسەرانە.
لێرەدا حکومەتی هەرێمی (کانتۆنی) سلێمانی بەلام گونجاو لەگەڵ دەستوری عێراق بۆی هەیە هەندێک لە پەیوەندیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی خۆی دروست بکات بۆنمونە لەسەر ئاستی بازرگانی و نەوتیش.
* خالێکی تری گرنگ بۆ پتەوکردنی پێگەی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق کردنەوەی نوسینگەیە ... لە مادەی 118ی دەستوری عێراقدا هاتوە: "نوسینگە بۆ هەرێم و پارێزگاکان دەکرێتەوە لە باڵیۆزخانەو قونسولگەریەکاندا بۆ بەدواداچوونی کاروباری کەلتوری و کۆمەلایەتی و گەشەپێدان". هەرێمی (هەرێمەکانی ، کانتۆنەکانی) کوردستان دەتوانن سوود لەم یاسایە وەربگرن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە دبلۆماسی و کەلتوری و ئابوریەکانی. کارێک کە دەسەلاتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەنجامی نەداوە. لەبری ئەوە نوێنەری حیزب و حکومەتی هەرێم هەن لە دەرەوە کە تەنیا نوینەرایەتی حیزب و بنەماڵە و سەرۆکەکانیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان خۆی لە دەستورەکەیدا ئاماژەی پێداوەو لەماددەی 10، فەقەرەی 2دا هاتوەو وەک مافێکی دەستوری و بنچینەیی هەرێمەکە ئاماژە پێدراوەو دەلێت: "هاوبەشی کردنی لە پۆست و فەرمانبەرایەتیەکانی فیدرالی بە شێوەیەکی هاوشان و رێژەیی". ئەو کاتە هەریمی سلێمانی دەتوانیت بەم کارە دەستوریە هەستیت ، بە تایبەت کە ئێستە تەواوی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێم لە دەستی (پ.د.ک) دایە. بەلام هەموو ئەوانە ئەگەر دەسەلاتی سیاسی هەرێمی ئەو کاتەی سلێمانی دەسەلاتێکی تەندروست بێت ، نەوەک دوبارە کردنەوەی هەمان مۆدیلە تەقلیدیەکەی ئێستا بێت کە هەیە.
* ڕێگری دەستوریی نیە بۆ کردنەوەی قونسولگەری و نوێنەرە دبلۆماسیە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمە نوێکاندا ، دیاردەیەک نەک هەر کاری وەرگرتنی فیزە ئاسان دەکات بۆ هاولاتیانی ئەو هەرێمە بەڵکو پەیوەندیە دبلۆماسیەکانی هەرێم (کانتۆنە) نوێکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش دروستدەکات ، ئەوە لە کاتێکدا شاری سلێمانی خاوەن فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتیە دیاردەیەک کە بە گشتی بە سوودی نەتەوەیی دەگەرێتەوەو پەیوەندیەکانی دەرەوە بە تەنیا لە دەستی یەک حیزبدا نامێنێت کە ئێستە بریتیە تەنیا لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
* ئاسایی لە دەوڵەتی فیدرالیدا ناوەند بەرپرسە لە بابەتی جەنگ و پاراستنی تەواوی دەوڵەت لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، بەلام لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئێستەی هەرێمی کوردستان بەو جۆرەیە خاوەن هێزی چەکداری خۆیەتی بە تایبەت کە هێزە چەکدارەکان لە کرداردا نیزامی نین بەڵکو بە پێوەری حیزبی بەرێوە براوە تەنانەت لە شەڕی دژ بە داعشیشدا ، هەربۆیە ئەو لایەنانە دەتوانن لە هەرێمە نوێکەی خۆیاندا هەروەک ئەوەی ئێستە هەیە ناوچەکەی ، هەرێمەکەی خۆیان بپارێزن.. بەلام دەکرێ لە نێوان هەرێمەکاندا ئەوەندەی غیابی ناوەند هەبێت ڕێکەوتنی هاوبەش هەبێت بۆ بواری ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و پاراستنی کوردستان ، لێرەدا خاَلێکی ئیجابی هەیە لە کوردستان بەوەی شەڕی تائیفی و مەزهەبی تێدا نیە بە پێچەوانەی خواروی عێراق.
*هەر پارێزگایەکیش نەیەوێ ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ ، ئەوا دەتوانێت بە پێی دەستوری عێراقی فیدرالی وەک پارێزگا بە سیستەمی لامەرکەزی بمێنێتەوە ، بەلام پارێزگاکانی ئێستەی هەرێمی کوردستان بێ دەسەلات ومەشلول کراوون.
دەستوری عێراق (ماددەی 119)
بەپێی دەستوری عێراق (ماددەی 119) هیچ رێگریەک نیە لە بریاری بە هەرێم بوونی پارێزگایەک بۆنمونە بەهەرێم بوونی پارێزگای سلێمانی. عێراق دەستورێکی هەیەو لەو دەستورەدا مافی فیدرالیزم بۆ پارێزگاکان چەسپێندراوە. لە دەستوری عیراقدا هاتوە : "هەر کاتێک پارێزگاکان هەست بکەن کە ماف و ئیرادەیان زەوت دەکرێت دەتوانن پەنا بۆ فیدرالی بەرن". بەلام بە پێی برگەی 3 ماددەی 2ی ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان هاتوە "نابێت هەرێمێکی نوێ لەناو سنوری هەرێمی کوردستاندا دابمەزرێت". بریارێک پێچەوانەی دەستوری عێراقە ، ئەو دەستورەی کورد خۆی دەنگی پێداوەو لە دەسەلاتەکەشی بەشداری کردوە لە دروستبونەوەی ئەم دەوڵەتە دوای ڕوخانی دەوڵەتی بەعس. ئەوە لە کاتێکدا کە دەستوری هەرێم کێشەی لەسەرەو ڕاپرسی گەلی لەسەر نەکراوە بەواتا شەرعیەتی نیە. لێرەدا پێویستە بڕگەی 3 ماددەی 2ی لە دەستووری هەرێمدا لابرێت. بۆنمونە ئەگەر پارێزگای سلێمانی بیەوێت ببێتە هەرێمێکی فیدرالی سەربەخۆ ئەوا بەپێی ماددەی 120ی دەستوری عێراقی بۆی هەیە دەستوری هەرێمیی خۆی هەبێت و هەروەها بە پێی ماددەی 121 ببێتە خاوەنی هەر سێ دەسەلاتەکان. بەم پێیەو بە پێی برگەی 3ی ئەو ماددەیە دەبێتە خاوەن بودجەی خۆی لەلایەن حکومەتی ئیتحادیەوە ئەوەش بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکە. سامانە سروشتیەکان هی ئەو هەرێمەیە کە تێیدایە. بەلام ئەوەندەی سامانە سروشتیەکان زۆر جیاواز بەسەر هەرێمەکاندا دابەش بووبن دەبێت ناوەند یەکسانیەک بەدەست بهێنێت بۆ ئەو هەرێمانەی تر کە ئابورییان کورت دەهێنن ، ئەوەش بەشێکە لە سروشتی دەوڵەتی فیدرالی. دروستبوونی هەرێمی زۆرتری فیدرالی لە عێراقدا فشارێک دەبێت بۆسەر دەسەلاتی ئیتحادیش بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێکی فیدرالی / هەرێمەکان (ئەو ئەنجومەنەی کە هەرێمەکان تێیدا نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن) و هەروەها دەبیتە هۆی دابەشبوونی دەسەلاتەکانیش و لاواز بوونی دەسەلاتی ناوەندو دوور کەوتنەوەیە لە دەسەلاتی مەرکەزی. ئەوە ئەوەندەی کورد بیەوێ لە ناو دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە.
ئەو بۆچوونەی ئەگەر پارێزگای سلێمانی ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ دەبێتە هۆی پەرتبوونی قورسایی کورد لە عێراقداو کاریگەریی لەسەر سەنگی نەتەوەیی دەبێت ، لێرەدا دەبێت بوترێت کورد بە هۆی جۆری جیاوازی پەیوەندیە دەرەکیەکانیەوەو ململانێی حیزبی ، لە بەغداش یەکگرتوو نەبووە. بوونی فرەهەرێمی لە کوردستان نابێتە رێگر بۆ قورسایی کورد لە بەغدا ئەگەر خاوەن ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی هاوبەش بێت.
(فیدرالی بۆ عێراق ، مەرکەزیەت بۆ کوردستان)
ناکۆکە بەخۆی ئەگەر دەسەلاتی سیاسی هەرێمی کوردستان خۆی بەفیدرالی ناوزەند بکات و داوای فیدرالیەت بکات بۆ عێراق بەلام لە هەرێمەکەی خۆیدا بروای بەلامەرکەزی پارێزگاکان نەبێت و ئەنجومەنی پارێزگاکان بێدەسەلات کرابن. یاسای پارێزگاکان وەک پێویستیەکی ئیداری گرنگ لەلایەن پەڕلەمانەوە دادەنرێت ، بەلام بە حیزبی کردنی پەڕلەمان و بە پەیڕەو نەکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە ولاتدا ڕۆلی ئەنجومەنەکانیش نامێنێت.
سیستەمی لامەرکەزی ئەمڕۆکە لە جیهانی هاوچەرخدا مۆدێلێکی گونجاوی فەرمانڕەواییەو جیهان لە سیستەمی مەرکەزیی بێزار بووەو داوای حوکم و بەڕێوەبەرایەتی لۆکالی دەکات.
مەرکەزیەت نەک تەنها کۆی ئەقلی سیاسی و سیستەمی سیاسی دەوڵەتی عێراقی تەنیوە بەَلکو لە هەرێمی کوردستانیشدا هێشتا لە ژیانی حوکمرانی و سیاسی و حیزبیشدا ئەقڵیەت و سیستەمی مەرکەزی و کەلتوری مەرکەزی زاڵە. کارەکانی هاولاتیان و پارێزگاکان ئەمڕۆکە لە سایەی ئەو دەسەلاتەی ئێستەدا لە هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەزمونەکان لەسەر سیستەمی لامەرکەزی ناڕۆن بەرێگاوەو سیستەمەکە سیمای سەنترالیزمی هەَلگرتوە. ئەوە ناکۆکە بەخۆی دەسەلاتی کوردی ئیدیعای ئەوە بکات گوایە حوکمرانی مەرکەزیی لە عێراقدا قبوڵ ناکات کەچی لە کوردستاندا خۆی مەرکەزیەت پەیڕەو دەکات.
مەرکەزیەت و دیموکراسیەت دوو شتی ناکۆکن بە یەک. هەتا ئەمڕۆکەش هەندێک لە لایەنە عێراقیەکان بە کوردیشەوە کار بۆ دەسەلاتی مەرکەزی دەکەن و دژ بە دروستبوونی هەرێمی فیدرالین. کورد لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا و لە ناو هەموو گەلانی تری ناو عێراق گرفتاری سیاسەتی مەرکەزیەت و بەو هۆیەوە ڕوبەرووی زیان بۆتەوە. هەربۆیە مەرکەزیەت لە بەرژەوەندی کوردا نیە. فکری مەرکەزیەت لە عێراق و لە کوردستاندا بە تەنها بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەکی دیاری دەسەلات بووە.
سیستەمە سیاسیە لامەرکەزیەکان
1) سیستەمی لامەرکەزی پارێزگاکان.
1) سیستەمی فیدرالی.
جیاوازی لامەرکەزی پارێزگاکان لەگەل ئەوەی فیدرالیەتدا لەم خالانەدا خۆی دەبینێتەوە:
- لە لامەرکەزی پارێزگاکاندا یەک دەولەت و پارێزگاکان هەیە کە یەک دەستوری مەرکەزیی تێدایەو یەک دەسەلات دابەشە لە نێوان مەرکەزو ناوچەو پارێزگاو یەکە ئیداریەکانی یەک دەولەتداو کاروباری ئیدارەی دەسەلات رێکدەخات و لامەرکەزی پارێزگاکان هەیە.
- لە کاتێکدا لە فیدرالیەتدا چەندین (هەرێم / ، کانتۆن ، ویلایەت) دەچنە ناو ئیتحادێکەوە کە هەر هەرێمێک / کانتۆنیکی ناو ئیتحادەکە دەست لە بەشێک لە سیادەی ناوخۆی خۆی و هەروەها لە سەرجەم سیادەی دەرەوە بۆ بەرژەوەندی کیانە ئیتحادیە فیدرالیەکە هەڵدەگرێت. دەوڵەتی ئیتحادی (حکومەتی فیدرالی ناوەند) بەرپرسە لە سیادەی دەرەوەو ئەرکی سیاسەتی دەرەوە ، دارایی ، دراو ، جەنگ ، سنور ، پاسپۆرت ، ئاسایشی نەتەوەیی...تاد. لە کاتێکدا هەرێمەکان بەرپرسن لە بواری پەروەردەو ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیس و پەسەندکردنی بودجەی دارایی هەرێم و خۆشگوزەرانی کۆمەلایەتی...تاد.
- هەرێمەکان ، کانتۆنەکان یان ویلایەتەکان لە دەوڵەتی فیدرالی یەکەی دەستورین نەک یەکەی کارگێری هەروەک ئەوانەی پارێزگاکان لە دەوڵەتی یەکگرتودا هەیانە. هەموو هەرێمێک دەستورێکی هەرَیمیی خۆی هەیە و هەروەها فیدرالیزم بە تەنیا بنچینەیەکی سیاسی نیە بەَلکو ئابوری و کۆمەلایەتی و کەلتوریشەو فیدرالیزمیش بە گشتی وەک بەشیک لە سیستەمی سیاسی پێویستی بە ڕێفۆرم کردن و هەموار کردنەوە هەیە.
- سەرجەم کاروبارەکانی دەسەلات لە ناوچەی لامەرکەزی پارێزگاکاندا لەلایەن دەستوری نیشتیمانیەوە رێکدەخرێت و ڕێگا بەهەر پارێزگایەگ ئەدرێ کاروبارەکانی (الحکم المحلی) رێکبخات کە لەسەر ڕێکەوتنامەو تێگەیشتنی نێوان مەرکەزو دانیشتوانی ئەقلیمەکەیە. لە کاتێکدا دەوڵەتە ئیتحادیە فیدرالیەکان هەر یەکێکیان دەستورە تایبەتیەکەی خۆی دەپارێزێت و بریتیە لە دەستهەَلگرتنی ئیتحاد لە هەندێ لە بەشەکانی دەسەلات بۆ هەرێمەکان و هەروەها هەرێمەکانیش بەهەمان شێوە بۆ بەرژەوەندی کیانی ئیتحادی.
- فیدرالی بۆ باشوری ، هەرێمی کوردستان گرنگترە چونکە لامەرکەزی پارێزگاکان بە پێچەوانەی فیدرالی هەرێمەکان ئاسانتر هەڵدەوەشیتەوەو مەشلول و بە حیزبی دەکرین.
مۆدێلی خۆبەرێوەبەرایەتی هەرَیمیی (کانتۆنی) ، لامەرکەزی لۆکالی و پارێزگاکان و فیدرالیەت بۆتە چارەسەرێکی پێویست بۆ تەواوی دەوڵەتەکانی ناوچەکەش ، تەنانەت بۆ هەر گەلێک تەنانەت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی ، سیستەمی لامەرکەزی گرنگە بۆی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست