کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پۆلیسى دارستان و ژینگە لەنێوان ئەرک و خۆدزینەوەدا

Saturday, 03/10/2015, 19:01


پاراستن و گەشەپێدانى ژینگەى کوردستان، ئەرک و بەرپرسیارێتە، ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتیەش دەکەوێتە ئەستۆى هەموو تاکێک بەبێ جیاوازى ڕەنگ و زمان و ئاین، چونکە ئێمەى مرۆڤ خاوەن یەک زەوى و خاوەن یەک ئاسمان و خاوەن یەک ڕەگەزى ئاوین.  
لەم نێوەندەشدا گروپ و هێزى جودا جودا هەن  خۆیان لەم بەرپرسیارێتیە قوتار دەکەن، وەک ئەوەى زەویەکى تر و ئاسمانێکى تر بوونى هەبێت، دژ بەژینگە و ژیانى مرۆڤایەتى کاردەکەن و لەگەڵ هەرچرکەیەک، کانییەک و لەگەڵ هەر خولەکێک هێلانەى باڵندەیەک و لەگەڵ هەر کاتژمێرێک ڕووبەرێکى سەوزایى لەناو دەبەن؟!!  
لەبەرامبەر ئەم گروپ و هێزە دژ بە مرۆڤایەتیەدا، هێزێکى تر و گروپ گەلێکى تر بونیان هەیە، کەلە ژێر ناو و چەترى جیا جیادا کاردەکەن، دیارترینیان "پۆلیسى دارستان و ژینگەیە" سەرەڕاى شەونخونى و ماندووبوون و تێکۆشانى ئەم هێزە خاکیە، پاپەند نەبوون و خۆدزینەوەیان لەیاسا و بەرپرسیارێتى ژینگەیى.. شایەنى هەڵوێستە لەسەرکردنە، بەپێى یاسایى پاراستن و چاککردنى ژینگە، هەرکەس و لایەنێک ببێت بەهۆکار بۆ تێکدان و شێواندنى ژینگەى کوردستان، بەتایبەت ببێت بەهۆکار بۆ لەناو بردنى ڕووبەرەسەوزاییەکان، ئەرکە لەسەر پۆلیسى دارستان و ژینگە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات و ڕاپێچى دادگا یان بکات، بەڵام بەپێى کام یاسا؟ کام ڕێنمایى وەزارەت؟ پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى خۆى لەم ئەرکە دەدزێتەوە؟؟ بۆچى بۆشایى یاسایى دروست دەکات؟ بۆچى دەرفەت بۆ ناحەزانى ژینگە دەڕەخسێنێت ڕۆژانە دەست درێژى بکەنە سەر ژینگە؟؟ 
هەمیشە لێدوان و گلەییان لەدادگاکانە.. بەڵام کاتێک دادگا داواى نوێنەریان لێ دەکات ئەم شێوەیە وەڵام دەدەنەوە:
• بڕینەوەى درەخت لەناو شارەکان پەیوەندى پێمانەوە نیە، چونکە شوێنەکە دارستان نیە. هەردرەخت بڕینێک لەسنورى شارەوانى ئەنجامدرا، نوسراو ئاراستەى شارەوانى بکەن. "بێ ئاگا لەوەى شارەوانى خۆى درەختى بڕیوەتەوە!!"
• درەخت بڕین و خەڵوز کردن لەدارستانەکان ڕوویدا، ئەوا ڕووبەڕووى بەرێوەبەرایەتى دارستان و پاوانى بکەنەوە. "بێ ئاگا لەوەى بەڕێوەبەرایەتى دارستان و پاوان خۆى مۆڵەتى کارکردنى پێداون"
• هــەر تاوانێک دژى پیس بوونى ژینگە و زیادە ڕەوى بۆ سەرزەوى دارستانەکان و دروست کردنى کانەبەرد و کارگەى چەولم ئەنجامدرا، ڕووبەڕووى بەڕێوەبەرایەتى ژینگەى بکەنەوە. "بێ ئاگا لەوەى ژینگە فەرمانگەیە نەک بەڕێوەبەرایەتى."
زۆرینەى کێشەژینگەییەکانى کوردستان و بەتایبەت پارێزگاى سلێمانى خۆیان لەو سێ خاڵەى سەرەوەدا دەبیننەوە، باشە ئەگەر پۆلیسى دارستان و ژینگە خۆی لەو ئەرکە یاسایى و ژینگەییە بدزێتەوە!! لایەنە حکومیەکانى تریش بەئەرکى خۆیان هەڵنەسن! ئیدى پێم ناڵێن کێ بەرپرس و کێ حاکم و کێ پارێزەرى ژینگەیە؟
سەروەر قەرەداغى- پارێزەرى ژینگە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە