کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


له‌ماوه‌ی 2 مانگدا کوردستان ده‌بێته‌ به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مین

Thursday, 01/10/2015, 21:24


کاتێك زوڵم گه‌یشته‌ ترۆپك، ساڵانێكی دوورو درێژ نادادپه‌روه‌ریی و سته‌م ته‌مه‌نی نه‌وه‌کانی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك توانه‌وه‌، کاتێك ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌ ده‌رچوو بڵێین گریمانه‌یه‌که‌ و ره‌نگه‌ که‌سانی ناسوودمه‌ند بره‌وی پێبده‌ن، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت ببێته‌ به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گرو مناڵان پێش گه‌وره‌کان درکی پێ بکه‌ن و به‌ جورئه‌ته‌وه‌ ده‌ریببڕن، نه‌خوێنده‌واره‌کان پێش خوێنده‌واره‌کان باسی بکه‌ن و هه‌ستی پێ بکه‌ن، که‌سانی ناو بازاڕ له‌ هۆشمه‌نده‌کان خێراتر کاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ری هه‌بێت، ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن کار له‌ کار ترازاوه‌و فشاره‌کان گه‌یشتووه‌ته‌ بینه‌قاقای میلله‌ت و به‌ بێ دڵخۆشکردن و موباله‌غه‌کردن ده‌توانم گره‌نتی ئه‌وه‌ بده‌م که‌ کاتی ئه‌وه هاتووه‌  میلله‌ت دوای 24 ساڵ ناهه‌قی و زۆرداریی و مافیایی، ته‌خت و تاراجی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات بهێنێته‌ هه‌ژان، چونکه‌ ده‌رکه‌وت هۆکارێکی کاریگه‌ریی کاولبوونی کوردستان بریتی بوو له‌ سیاسه‌تی حیزبایه‌تی، له‌ سته‌م و وێرانی هیچ سوودێکیان بۆ هاوڵاتیانی ساده‌ نه‌بووه‌، ته‌نیا ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م راستیه‌دا نین که‌ به‌ پله‌ی 1 یان به‌ پله‌ی 2 له‌ ده‌سه‌لاته‌وه‌ نزیکن و ناسراویشن، ئه‌مانیش له‌ ناخی خۆیانه‌وه‌ ده‌زانن که‌ چ تاوانێکیان کردووه‌و گه‌ر تۆسقاڵێك ویژدانیان مابێت ده‌زانن چ تاوانبارێکن و چ چاره‌نووسێك چاوه‌ڕوانیانه، به‌ خوێندنه‌وه‌ی واقیع و رووداوه‌کان و رابردوو و داهاتوو ، ده‌توانم مژده‌ی ئه‌وه‌تان پێ بده‌م له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌دا و له‌سه‌ر ده‌ستی میلله‌ت؛ پارتی و یه‌کیه‌تی ده‌بنه‌ دوو ناوی مێژووی ئازاراوی کوردستانی باشوورو خه‌ڵکی سڤیلی ته‌کنۆقرات و تایبه‌تمه‌ند جڵه‌وی کاروباری به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به‌ شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ ده‌گرنه‌ ده‌ست و راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن میلله‌ته‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌کرێن بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ن و حیزبێك ڕۆڵی بمێنیت، جا تکا له‌ خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی په‌نگخواردووی کوردستان ده‌که‌م هوشیارانه‌ مامه‌له‌ بکه‌ن و  ئاگاداری ده‌زگا و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ مه‌ده‌نیی و کارگوزاریه‌کان بن، نه‌هێڵن که‌س ده‌ستیان بۆ به‌رێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زگای حیزبییه‌و یان له‌ لایه‌ن که‌سانی ناو حیزبه‌کانه‌وه‌ داگیرکراوه‌ ئه‌وا مافی خۆتانه‌ چیان لێ ده‌که‌ن، تکایه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌یان هێشتووه‌ته‌وه‌و بره‌و پیداوه‌و  چه‌ندان رۆڵه‌ی بێتاوانیان به‌ هۆیه‌وه‌ بێ سه‌رو شوێن کردووه‌ نه‌هێڵن کوردستان جێ بهێڵن و ده‌بێت بدرێن به‌ دادگایه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌و که‌س تۆڵه‌ی شه‌خسی نه‌خاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکه‌وه‌، ئه‌و رۆژه‌ زۆر نزیکه‌ خه‌ڵک رزگار بێت له‌م مافیاو گه‌نده‌ڵ و تاوانبارانه‌و هه‌ناسه‌یه‌کی شادومانی هه‌ڵبمژن، جا ئه‌و کاته‌ پێشکه‌وتنی راسته‌قینه‌ی وڵات و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان بێ جیاوازیی ده‌بینرێت و کوردستان ده‌بێته‌ نموونه‌ییترین ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چی تر نۆکه‌رایه‌تی و پاشکۆیه‌تی یه‌کیتی و پارتی بۆ ئێران و تورکیا له‌سه‌ر وجود بوونی نامێنێت و هیچ وڵاتێکی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیش ناتوانێت دژی ئیراده‌و ویستی خه‌ڵک بوه‌ستێت، هه‌مووان له‌ به‌خێرهاتنی ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتی مه‌ده‌نی داهاتووی کوردستاندان که‌ به‌ مه‌چه‌کی رۆڵه‌کانی مافی خۆیان بسه‌نن نه‌ك به‌ مساوه‌مه‌و پاڕانه‌وه‌و موزایه‌ده‌ی سیاسی و بازرگانی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردی ئێستا نه‌خۆش و پیر بووه‌و ئه‌مه‌ش یاسای ژیانه‌؛ به‌ده‌ستی خۆی گۆڕی بۆ خۆی هه‌ڵکه‌ندووه‌و میلله‌ت مه‌سه‌له‌ی وه‌لانانی ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ی کردووه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی  ژیان و مردن، بۆیه‌ کۆڵ ناده‌ن تا هێنانه‌ دی ئاواته‌کانیان. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ وه‌ك 2012 نابێت، کاریگه‌ریی به‌هاری عه‌ربی نییه‌،  ئه‌مجاره‌ خه‌ڵک گه‌شتووه‌ته‌ قه‌ناعه‌ت و رابه‌رایه‌تی خۆی ده‌کات و هیچ حیزبێك ناتوانێت راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ئاراسته‌ی ویستی میلله‌ت بگۆڕێت.‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە