لە (پەیمانی پیرۆزەوە) بۆ (ک.ن.ک )
Tuesday, 29/09/2015, 18:18
کورد بە درێژایی مێژوو بۆتە کارتی دەستی وڵاتانی ناوچەکە، ئەگەر هۆکارێکی سەرەکی هەڵکەوتەی جوگرافی و جیوپۆلەتیکی بێت ، ئەوا هۆکاری دووەمی نەبونی ئەقڵێکی سیاسی و نەبونی یەکهەڵوێستی حیزب و سەرکردە سیاسیەکانی بووە ، کە نەیانتوانیوە ئەو یاریە سیاسیە بکەن، ئەمەش وای کردوە لە ناوچەکەدا کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت دەربکەوێ ، خۆ ئەگەر هەوڵێک هەبوبێ بۆ ئەوەی هەموو بۆچونەکان لە چوارچێوەی سیاسەتێکی گونجاودا کۆبکاتەوە ، ئەوا لە میر عبدالعزیزی میری میرنشینی بۆتانەوە سەرچاوە دەگرێت ، کە بانگەوازی یەکخستنی هەموو هێزەکانی کرد لە چوارچێوەی پەیمانێکدا کە ناوی نا (پەیمانی پیرۆز ) کۆببنەوە ، ئەگەر چی ئەو کات بە هۆی پلان و تاکتیکی تورک و ناکۆکی ناوخۆییەوە نەتوانرا کاری لەسەر بکرێت ، بەڵام هەوڵیکی باش بو کە ببێتە سەرەتایەک بۆ یەکخستنی ماڵی کورد و کۆتایی بهێنرێت بەو دابەشکارییەی کە هەبو ، هەر لە میر عبدالعزیزەوە تا ئێستا چەند هەوڵێک هەبوە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت ببێتە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆی و چی تر درێژکراوەی ستراتیژی وڵاتانی ناوچە نەبێت ، بە تایبەت تۆرکیا و ئێران کە سەکۆی شەڕەکانیان گواستوەتەوە ناو خاکی کورد و وەکالەتی شەڕەکانیان لە ژێر پلانێکی دژە کوردا بە کورد کردوە .
لە میری بۆتانەوە تا ک.ن.ک هەوڵێکی زۆر هەبوە ، بەڵام لە ئاست پێویستی قۆناغەکەدا و گۆڕانکاری هاوکێشەی بەریەککەوتن و مللانێ ی ناوچەکەدا نەبوە ، لە ئێستادا کورد لەبەردەم چانسی گەوەرەی سیاسی و جوگرافی و جیوپۆلەتیکی و ئابوری گەورەدایە ، کورد بوەتە فایلی سەرەکی سەر مێزی گفتوگۆ جیهانیەکان ، بوەتە بەشێک لەو سیاسەتە باوەی لە ناوچەکەدا پیادە دەکرێت ، کورد بۆ ئەوەی بتوانێت یەک وێنە بخاتە سەر مێزی جیهانی ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەلی گەوەرەی گشتی بۆ مەبەستی نەتەوەیی بەکار بهێنێ ، بۆ ئەوەی چی تر دابەش نەبێت بەسەر ململانێکان و نەبێتە کارتی بەهێزکردنی وڵاتان پێویستی قۆناغەکەیە بتوانێت لە چوارچێوەیەکدا خۆی ڕێک بخات ، بۆ ئەوەی بتوانێت گۆرانکاریەکان لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار بهێنێ ، بۆ ئەوەی ولاتانی ناوچەو جیهان لە بەرژەوەندی خۆی ئاراستە بکات ، پێویستی بە بەهێزکردنی (کۆنگرەی نەتەوەیی کورد) (ک.ن.ک ) هەیە و دەبێت بەهێزی بکات و کار بۆ سەرخستنی بکات.
ک.ن.ک هەوڵێکی ئاکتیڤە بۆ ئەوەی بتوانین وەڵام دەرەوی گۆڕانکەریەکان بێت و کورد وەک یاریچیەکی گەورە بباتە ناو گۆڕەپانی ململانێکانەوە ، بە شێوەیەک لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان بوتە پێویستەیەکی گەوەرەی وڵاتانی ناتۆ و بگرە هەردو ڕوسیا و ئەمریکا هاوڕان لەسەر پشتگیری کوردانی ڕۆژئاوا ، لە باکوریش چی خەباتی شاخ و چی خەباتی شاریش لە ئاستێکی زۆر باشدایە و توانیویەتی بگاتە ئاستێکی زۆر باش ، لە باشوریش لە سەرەتای ڕیفورمی گشتی و بوتە ناوەندێکی گەورەی جیهان ، لە رۆژهەڵاتیش ئەگەر چی تا ئێستا ئێران هەنگاوی نەناوە و بەردەوامە لە سەر فاشیزم ، بەڵام کە بوە پرسێکی جیهانی ئەو کات ئێرانیش ناچار دەبیت بە دانپێدانانی مافی کورد ، پێشمەرگە و گەریلا بونەتە بەشێکی گرنگی تەواوکاری هێزکانی ناتۆ ، دەرکەوتنی داعش و گۆڕانی نەخشەی ململانێکان دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد دروستکردوە ، کە کورد بتوانێت وەک کارتێک بەکاری بهێنیێ بۆ بەرژەوەندی خۆی ، بۆیە لە ئێستادا (ک.ن.ک ) وەک پێویستیەکی گرنگی نەتەوەیی و قۆناغی گواستنەوە ، گرنگیەکی بناغەیی هەیە و پێویستە هەمومان پشتگیری لێ بکەین و چاودێریشی بکەین ، تا لە ئاست بەرپرسیاریەتی قۆناغەکەدا بێت (ک.ن.ک ) دەبیتە ئەو سەرەتایەی کە زیندوکردنەوەی ( پەیمانی پیرۆز ) بێت و ببێتە ئەو چوارچێوەیەی کە گۆڕانی ناوچەکە دەیخوازێت ، بە مانایەکی تر (ک.ن.ک ) دەبێتە دریژکراوەی ( پەیمانی پیرۆز ) لە سەردەم و قۆناغێکی جیاوازتردا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست