کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆیلەکان بۆ لە ئازادبوونی خۆیان دەترسن!؟

Sunday, 27/09/2015, 20:25


کاتێ بەدوای هۆکاری ژیاندا گەڕام، مردنم دۆزییەوە، کە مردنیشم دۆزییەوە، زانیم پێویستە چۆن بژیم؟" سوکرات "
 گەلێک کردار و رەفتار هەن، پێمان دەڵێن خاوەنەکانیان چۆن لە ژیان گەیشتوون! من کاتێک لەم وێنەیەم ڕوانی ووتم خودایە سوپاس باوکێکی وەک ئەم دەست ماچکەرەت پێنەداوم، کە شەرم لەخۆم بکەم، وەک بارام بەگ ووتویەتی : "من لەجێگەی خەڵکانێک هەموو ڕۆژێک تەریق دەبمەوە".
تەمەنی ئەم پیاوە پێمان دەڵێت، کە ئەم خاڵۆیە چۆن ژیاوە؟ نیل دەگراس تایسۆن فەیلەسوفی فیزیکی ئەمەریکی دەڵی: "شەرمە مرۆڤ بمرێ و کارێکی بۆ مرۆڤایەتی نەکردبێت".بەڕاستی خاوەنی ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت، کە ئەویش بۆ مرۆڤایەتی وێنەیەکی دەستماچکردنی پیاوێکی کردوە کە لە سەردەمێکدا سەرکردەیەکی ترسنۆک و ناپاک بووە.
 ئەم وێنەیە دەروازەی باسێکی کراوەمان بەسەردا دەکاتەوە و پێمان دەڵێت: بەس نەبوو "مەلامستەفا" وەک مامەڕیشە و حەمە بی.کەی.سی و موسا کوبانی و حەمەڕەش و ئاسۆی دەلاک جێدەستی دیار نەبوو، ئەودەم دەبوو وەک مارشاڵ ڕۆمڵ مامەڵەمان لەگەڵدا بکردایە.
 ئەوانەی دەیانەوێت بە سەربەستی و ئازادیی بژین زۆر بیر لە سەلامەتی و بێوەی بوون و چەمانەوە ناکەنەوە.ئەوانە دەزانن کە کەس لە کەس گەورەتر و بچوکتریش نییە، بەڵکو هەموو وەک یەکین، پلە و پایە، سەرۆک و وەزیر دەبێت خزمەتکاربن نەک کەسانێک خزمەتیان بکەن و دەستیان ڕاموسن، ئەم وێنەیە شتگەلی جیاوازمان پێ دەڵێ، ئەگەر مەلامستەفا نیشتمانی ئێمەی لەمەینەت ڕزگار کردووە! ئەگەر گەلەکەی لە لێقەوماندا جێنەهێشتووە، ئەگەر دزیی لە سامانی گەلەکەی نەکردووە، ئەگەر وەچەکانی و خۆی خیانەتیان نەکردووە، ئەو ەشایستەی ڕێزگرتنە.
خاوەنی ئەم وێنەیە ڕییاکارێکی ترسنۆکە بەدرێژایی ئەو هەموو تەمەنەی لەسەر ئەژنۆ ژیانی کردووە، بۆیە ئێستاش لەم وێنەیەدا نەی شاردۆتەوە چەندە بەکۆیلەبوونی ئاسودەیە.وەک دەڵێن "ژیان لە ئاوێنە دەچێت، ڕوخسارت ڕەنگی تیا دەداتەوە".ئەم پیاوە هێندە عاشقی کۆیلەبوونە لە گەشتی لوبنانیشدا نەیتوانیوە خۆی لە ئەڵقەی کۆیلەیی ڕزگار بکات! ئەو بە ڕاموسینی ئەم دەستە بەیعەتی کۆیلەبوونی نوێکردۆتەوە.من دڵنیام هەمان کەسایەتی سبەینێ پەیکەری سەدام، هی خومەینی، هی هەموو کەسانە ماچ دەکات، کە نیشتمانی ئێمەیان کردۆتە سوتماک.
بۆچی کۆیلەکان ترسیان لە ئازادبوون هەیە؟ چونکە ئازادبوون ڕیسکێکی گەورەیە و قوربانی دەوێت، کەسی ئازاد کارو کردەوەی بەرپرسیارێتی لەسەرە، وەک ئەوەی لە ژورێکدا بیت بەزومی کامێرا تەنرابێت، مرۆڤی ئازاد حسابی زۆر ورد و ئەخلاقی دەکەوێتە سەر، بۆیە کەسی کۆیلە لەو بەرپرسیارێتییە دەترسێت، کورد ووتەنی کوڕی ئەو مەیدانە نییە، بۆیە کۆیلەکان هەمیشە وا ڕاهاتوون کە ژیان پێنج و دووڕۆژێکە، چ پێویست دەکات هەوڵی بۆ بدات، چارەنووسی وای پێدەڵێ کە ئەو وەک کۆیلە لەدایک بووە، یاخی بون ڕیسکێکە زۆر لە سەر ژیانی دەکەوێت، بۆیە ڕاموسینی دەسەڵاتداران ئەرکی ئەوە، با پەیکەرێکی بێ گیانیش بێت! خۆ کوڕەکانی ئەم پەیکەرە نەوەکانی گیانیان تێدایە و دەسەڵاتیشیان هەیە.کۆیلەکان بۆ چارەنووسیان پلانی سوکبوونی خۆیان پێیە، پێتان وایە ئەم وێنەیە هیچە و کەسێکی بێ ئەقڵ گرتوێتی! من وای نابینم، من پشتی وێنەکە دەبینم کە کۆیلەیەک لە ڕێگەی پلانێکی تۆکمەوە ئەم وێنەی گرتووە، گەر وا نییە چۆن بڵاوبۆتەوە؟ پاشان منداڵی ئەم باوکە دەبێت چۆن لەم باوکە تێکشکاوە بڕوانێت!؟ دەبێت کەسێک ئەمە باوکی بێت هەتا ماوە نەکەوێتە سەر پێی خۆی، دەبێ هەموو ژیانی بە گاگۆڵکی و لە سەر ئەژنۆ ڕێ بکات.
ڕۆژێک مردن دێت و هەمووشتێک لەگەڵ خۆیدا دەبات، ئەوی بۆمان دەمێنێتەوە کردار و هەڵوێستمانە، مردن ناتوانێت ئەوەمان لێ زەوت بکات، ئێستا شتێک کە زۆر لامان دەمێنێتەوە ئەم وێنەیەیە، ئای لەو باوکەی وێنەی وا بۆ نەوەکانی بە میرات جێ دەهێڵێت، دەبێ چ قێزەون بێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە