یوسفی تڕسنۆک
Sunday, 27/09/2015, 18:18
شەڕکراو بڕایەوە کاک یوسف بۆ دار ئەسوڕایەوە!
یوسف دارێکی دۆزییەوە ؛هەردوو سەری پیسبوو؛ بۆیە فڕێی دا، و وتی: حەیف نییە پیاو بۆ خەڵک نان و ڕۆنی خۆی تێکبدات و لیس و شەق بخوات! بۆیە چوو بۆ تەوالێت و لەوێ بیری کەوتەوە دەنگ چەندە گرنگە!! دواتر شۆردی؛ و دەستنوێژێکی هەڵگرت، و دەستیکرد بەخوێندنەوەی سورەتی (یوسف) ،و کە گەیشتە ئایەتی (یوسف ایها الصدیق) قورئانەکەی داخست؛ و ئارەقی نێوچەوانی سڕیەوە؛ و لەبەر خۆیەوە وتی "حەیف بەخوا حەیفە من ناوم یوسفە"!
21ی ئەیلوولی 2015 - سلێمانی
2 شاری بێ حاكم و بێ یاسا
لە شار و وڵاتی بێ حاكم و بێ یاسادا كە بە كوردی و بە كورتی واتا (بەرەڵایی) قسەو بڕیار و یاسا دەردەكرێت بەڵام مرەكەبی سەر كاغەزن و تەنها بۆ (مووچە حەڵاڵ كردن)ە و جێبەجێ ناكرێت،
- یاسا بە پێوەرو میزاجی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیی و حەزو ئارەزووەكانیان جێبەجێ دەكرێت و هەمیشەش یاسا بەسەر هەژاردا جێبەجێ دەكرێت و دەوڵەمەند و خاوەن پشت و پەنا لەسەروو یاساوەن
- لەوڵات و شاری بێ حاكم و یاسادا خێروبێری زەوی و ئاو شاخ و ئاسمان و ژێرزەوی هەمووی هی دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندەكان و كاسەلێسەكانیانە،
- لە وڵاتی بێ حاكم و بێ یاسادا خوێن و كەرامەت و نرخی مرۆڤی هەژار لە نرخی مریشك هەرزانترە،
- لە وڵاتی بێ حاكم و بێ یاسادا: مەلا و خوێنەدەوار و رۆشنبیر شەڕێكن هەر ئەبێت هەبن و تەنها بۆ ئارایشت كردنی و پیاهەڵدانی ڕووی ناشرینی دەسەڵاتی گەندەڵ هەر ئەبێت هەبن، و پشكێكی بچووك و قووتی ژیانیان پێ دەدرێت، و ئەوانەی لەسنووری خۆیان دەربچن بەگێرەشێوێن و مەترسیدار و تیرۆریست لەقەڵەمدەدرێن!
- گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتی بەرەڵایی بریتیە لە هۆشیاری و چەك و قەڵەم! بۆیە هەمیشە هەوڵدەدەن تەنها كاسەلێس و پیاوەكانی خۆیان ئەو شتانەیان پێ بێت و هەر كەس لە دەرەوەی پێڕی خۆیان ئەو شتانەی هەڵگرت بە یاخی و خۆفرۆش و خیانەتكار و گێرشێوێن و دەرچوو لەیاسا و كۆنەپەرست و دڕەندە لەقەڵەمدەدرێت!
26ی ئەیلوولی 2015 - سلێمانی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست