ئایا حیزبی راستەقینە لەکوردستانی باشووردا هەیە ؟
Saturday, 26/09/2015, 17:31
هەر کەسێک مەعریفەی زیاد بوو ئازاری زیاتر دەبێت . بە لایەکی ترەوە، هۆشیاری هاوتەریبی بیرکردنەوە وهەڵسەنگاندنی راستەقینەی ژیانی مرۆڤە . واتە بە زانیاری زیاتر ئاڵۆزیی لە بیرکردنەوە فراوانتر و قوڵتر دەبێت و، پێشرەوی و هەڵکشانی توانای عەقڵیی نوخبە بۆ راکێشانی خەڵک لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج گەلێک لە رێگەی روونتر و راسترەوە باڵاتر دەبێت . بۆیە ئەگەر لە زەمانێکدا کۆمەڵێک خەڵک لە روبەرێکی جوگرافی و لە نێو پێکهاتەیەکدا کە بەرژەوەندی ژیانیی هاوبەشی دوور لە ئامانجی دورمەودا کۆی کردبنەوە، ئەوا لە قۆناغەکانی دواتری پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤدا، گەیشتینە ئەو رادەیەی کە حیزب دوور لە هەر ئینتمایەکی جوگرافی و خێڵەکی و عەشیرەتی و خزمایەتی و ناسیاوی، کۆکەرەوەی خەڵکانێک بێت کە عەقڵیەتیان بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوتر پەریبێتەوە و، پەنایان بۆ بیر و فەلسفە و ئایدیۆلۆجیا بردبێت، ئەوا ئێمەی گەلی کوردستانی ئەگەر لە رۆژگارێکی کورت مەودادا رێکخستنێکی پێشکەوتنخوازمان هەبوبێت، لەم کاتەدا ئێمەی خەڵکی کوردستانی باشور بێبەشین لەو جۆرە حیزبە پێشکەوتنخوازانە .
لەو روانگەوە دەتوانم بڵێم، ئەگەر حیزب رێکخراوێکی مەدەنی هەڵگری بیرو فکرو فەلسەفەیەکی ئاراستەکراوی یەک نەسەق و هەڵگری پەیامی پیشکەوتنخوازی بێت، نەک کۆکردنەوەی کۆمەڵێک خەڵکی نێو گردبونەوەی هەمەجۆری کۆمەڵایەتی لە چەشنی خێڵ و عەشیرەت و، کۆمەڵیک ئەڵقەی هەمەرەنگی رۆشنبیری و سیاسی، بە سەرکردایەتی خەڵکانێک کە دەتوانن ئەو جەماوەرە یان لە قەوارەیەکی سیاسی دیاریکراو دا وەک ژمارەیەک مونتەمی کۆ بکەنەوە و رابەرایەتیان بکەن، یان وەزعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری کوردستان ئیستغلال بکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەوانەی بە ئەندام و لایەنگر و کادرانی خۆیان لە قەڵەم بدەن، ئەگینا حیزب وەک رێکخراوێکی مەدەنی سیاسی خاوەن بنەمایەکی فکری فەلسەفی و خاوەن رێبازێک بن و بە ریرەوێکی دیاریکراوی ئایدیۆلۆجیدا تێپەرن کە خەڵک بە باوەربون بەو بنەمایانە بچنە ریزیانەوە، لەم کاتەدا هیچ جۆرە حیزبێکی لەم جۆرە لە کوردستاندا بونی نیە .
نەک هەر کلتوری کوردستان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە دوور لە گردبونەوە کۆمەڵایەتیەکان، حیزبێک دروست بێت وەک رێکخراوێکی مەدەنی پێشکەوتنخواز بن و پێشەنگی قافڵەی ژیانی خەڵکی کوردستان بن و، هاوکار لەگەڵ رێکخراوە مەدەنیە جۆراوجۆرەکانی تری کوردستان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن،بەڵکو نەبونی پرەنسیپی زانستیانە و پێشکوتنخوازانە، هەمیشە خۆی بەسەر حیزبەکاندا سەپاندوە. بەڵام ئەوەی دەبینرێت لە بەناو حیزبەکاندا لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری خودی و بابەتی، لەسەر ئەرزی واقیع خۆیان لەگەڵ واقعی کۆمەڵایەتیدا گونجاندوە، ئەمانیش جگە لە کۆکردنەوەی عەشیرەت و خێڵ و بنەماڵە و کۆمەڵێک هاورێ و هاوتەمەن و برادەر هیچ سیفەتێکی حیزبیان تێدا نابینرێت .
بۆیە، ئەگەر بە پێناسە راستەقینەکەی حیزب هەڵسەنگاندی بارودۆخی حیزبەکانی کوردستان بکەین، دەبێت بڵێین: کوردستان خاڵیە لە حیزبی راستەقینە و پێویستمان بە جۆرە حیزبێک هەیە لە سەر بنەمای راستەقینەی حیزب وەک رێکخراوێکی مەدەنی پێشکەوتنخواز بنیات نرابێت . ئەمەش کاتێکی زۆر و هەوڵ و تەقەلا و ئیرادە و هیمەتی نەوەی نوێ و دوور لە حەرەسە کۆنەکانی، دەوێت، کە دوور بن لە نەخۆشیەکانی نەوەی کۆن و نەهێڵن تێکەڵیان بن . بە وردەکاری و هیلاکبون و هاوکاری و عەقڵی مۆدێرن لە دوارۆژێکی کورتدا دەتوانن جێگەیان پێ لەق بکەن و زاڵبن و کوردستان بگەیەننە قۆناغێکی نوێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست