ئەمساڵ سێ کەس دیارییان برد و یادی رۆژی لە دایکبوونی نێچیریان کردەوە
Friday, 25/09/2015, 19:25
کاتێک لە نێو ئەو هەموو حەشاماتەدا وەکو هەنگ، خەڵکیێکی زۆر پورەیان لە گردەکە دابوو، بۆ دروستکردنى حکومەتێکى پێچکە فراوانیش، بازەکەى گۆڕان بەسەر وەزارەتى دارایىدا نیشتەوە و ریقنەیەکی کرد بەسەر شانی کاکە رێبازی حەمەی حەملاندا. کاک رێباز لە بواری ئابوورییدا نەپسپۆر بوو، نەشارەزاییەکی ئەوتۆی هەبوو کە شایستەی ئەو پۆستە بێت و لە بەڕێوەبردنی داراییدا لێهاتوو بێت، ئەوە کاک نەوشیروان بوو، کە وەک هەموو بەرپرسی حیزبەکانی تر، بە زەوقی خۆیان پۆست و پلە و پایە دەدەن بە پیاوەکانی خۆیان و کەسەکان دەخوێننەوە، ئەمیش لە رێگای تێکشکاوی کەسەکانی نێو کۆمەڵگاوە دەزانن چ کۆیلەیەکی دەمپانکەرەوە هەڵدەبژێرێن، خۆ ئەم بەرپرسانە ناچن کەسێک بهێننە پێشێ تا ترسی ئەوەی لێبکەن سبەی رۆژ بە زیرەکیی خۆیان یاخی ببن و عەقڵی ئەم بەرپرسانەی شاخت بۆ بکەنە عەلاگەوە، یان بە بلیمەتیی و لێهاتوویی خۆیان یاخی بن و حساب بۆ ئەم سەرکردە و بەرپرسانە نەکەن!، هەر بۆیە کاکە نەوشیروان خەمى دارایى ئەو هەرێمەی دا بە شانی کاکە رێبازدا، شانی کاکە رێبازیش لەوە پانتر و قڵتر بوو، کە هەموو دزییەکانی خۆیان و بنەماڵە و بەرپرسەکانی تێدا بشارنەوە. کاکە نەوە، ئەم کاکە رێباز حەملانەی خستە سەر تەختى دارایى و پاڵى لێدایەوە. لەوەتەی قاسە بەتاڵەکەی حکومەتی هەرێم کەوتۆتە لای کاک رێباز تاوە نا تاوێک ژمارەیەک ئەهاوێت ئەڵێت: ئەوەندە دراوم بۆ خەزێنە گێڕایەوە، هەڵبەت کلیلی خەزنەکەش هەر لای پارتىیە و پارە بۆ خەزێنەی بنەماڵەی بارزانی دەگێڕێتەوە. دوور نییە موچەی وەرزیش بگۆڕێت بۆ نیوساڵانە.
کاکى وەزیر هەموو ڕۆژێک بەرمیلێک ئارەقى شەرمەزارى لە نێوچەوانی دەڕێژێت، داواى پارە لە نێچیرى سەردەستەى چەتەکان ئەکات، نێچیریش هەر تاقەتى نییە وەڵامى بداتەوە، ئێستا دەردەکەوێت، کە وەزیریش بەشى خۆى داماویى هەیە، بۆ خۆشیی و گاڵتە پێکردن، نێچیر و ئاشتی هەورامی کاکە حەملان بۆ پارە دەنێرنە تورکیا ئەو ڕێگە دوورەی پێ دەبڕن، لەوێ وەزیر تێدەگات کە چۆن پێیان رادەبواردووە و گاڵتەی لەگەڵدا دەکەن، کە دێتەوە ختوکەى گیرفانی ئەدەن، قریوە قریوە پێی پێدەکەنن!
وەزیری دارایی لەم هەموو شکست و شەرمەزارییەى حیزبەکەى و ئەو هەموو ڕوشکێنەى توشى بووە وەها سەرى لێتێکچووە دەڵێیت باڵندەیەکى تەریوە (تەرەبوو)، هێلانەکەى لێونبووە، جارى واهەیە لە پارکەکانى هەولێر دەیدۆزنەوە بە دەم پیاسەکردنەوە وڕێنە دەکات، وای لێهاتووە ووتەو لێدوانەکانى زۆر سواو و بێتام بوون، هەڵبەت بۆ دەربازبوون لەم زەلکاوى ئابورییە دەبێت پلانێکى تۆکمەى هەبێت، پاش ئەوەى کە چەکى بێ رەسیدى داهێنا، داى بە بەڵێندەرەکان، بەمە بازاڕى ڕەشى چەک فرۆشتنى دروست کرد، دواتر بۆ ئەوەی کەمێک حەیا بۆ گردەکەش بهێنێتەوە و سەماى گۆڕانکاریان بۆ کرد، ئەمجارە وەزیر خۆى گورج کردەوە بۆ پیلانێکى بە بەرنامە و بەتامى ماستاوکردنێکی کوڵکن، ئەوەتا دیارى بۆ لە دایکبونى نێچیرەوان دەبات، هەرچەندە نێچیر خۆى بۆ ئەم بۆنەیە ئامادە نەکردبوو، تەنانەت بۆیمباخیشى نەبەستبوو، هەموو ساڵێک ژنەکەی کێکێکی بۆ دادەنا، ئەمساڵ سێ کەس یادی رۆژی لە دایکبوونی نێچیریان کردەوە، مەلا مەزهەریش لە هەولێر کە ئەمەی بیستەوە وتی: بەم شێوەیە دیاریی بردن ئاساییە، چونکە بە پێی شەریعەتی ئیسلام تا چوار کەس بۆیان هەیە دیاری بۆ کاک نێچیرەڤان بەرن و یادی بکەنەوە! ئاى لەو پیلانە ئابووریە ڕوپۆش بەبەرتیل وناوەرۆک گەندەڵە. جا تۆ وەرە گوڕانێک خاوەنى پیلانى ئابورى و گۆڕینى سیستەم و بە شدارى کارا لەحکومەتدا بگاتە تا ئەو ئاستە دابەزیوە دیارى بۆ سەرۆکى حکومەتى هەرێم بەرێت دەبێت چ گۆڕانێکی ساختە بکات، رەنگە پارتیش گۆرانى هەبێت یان دزەى بۆ ناو گۆڕان کردبێت. فەریقە کوێرى ڕەحمەتى کە کابرایەکی ناسراوی سلێمانی بوو، ئەیووت: مشتە کۆڵە لە دیوار بدەیت وائەزانێت لە هەویرى ئەدەیت، خۆ گۆڕانیش بەدەست پارتیەوە نەک هەر بەر سیخورمە و پێلەقە کەوتوە بەڵکو خۆى وەکو هەویرى لێهاتووە، پارتى بە ئارەزوى خۆى گاڵگاڵیەکى لێدروستکردووە ڕەنگە دەستەى گۆڕانخوازانیش هێڵنجى پێبدەن.
خوابکات ئەم دیاری ولێو بەخەندەیەى کاکە حەملان، کارێکى وەها بکات بەڵکو نێچیر لایەکى لێبکاتەوە یان شانێکى ڕەزامەندى بۆ هەڵتەکێنێت، ئەوەندە شەرمندە و ڕووگیرى فەرمانبەران نەبێت و قیروسیا لەگردەکە.
ئیستا گردەکە فلتەرى خستۆتە سەر ووشە گەلێک لەوانە: (دیارى، دارایى، حەملان، نێچیرەوان، لەدایکبوون) هەر بۆیە ئاوا نقەیان لەخۆیان بڕیوە، هەندێک لە چاودێران کە لەنزیکەوە چاودێرى ڕەوشەکە دەکەن، پێیان وایە، لە ئایندەیەکى دووردا ڕەنگە گۆڕان لە هەڵسەنگاندنى چالاکییەکانى وەزارەتى درۆ و دراودا، وەڵامى ناحەزان بداتەوە، لەوەڵامەکەدا خاڵێکى گرنگ بخاتە روو، تێیدا وریایى و دبلۆماسییەتی وەزیر دەربخات، کە چۆن کاتێک سەردانی خەزێنە بەتاڵەکەی لێ تێکچووە، بەڵام لە دایکبوى نێچیرى کەڵە دزى لەیاد نەچوو.
ئەم میللەتە کڵۆڵ وبەدبەختە تەنها ئالەمەدا شانسى فڕیوە بۆ:
وەزیر لەبرى خەمى موچە و بژێوى خەڵک، خەمى لەدایکبونى سەرۆک وەزیرانیەتى، لەبرى ڕێکخستنى موچە و بە سیستەمکردنى دیارى بۆ ئەبات! لەبرى خەمى دامەزراندن و کۆچى گەنجان سەپرایز ئەکات... ئەوە بڕیار نامیق بە خۆی و مایکەکەیەوە لەبەر مزگەوتى گەورە چ هەرایەکى دەنایەوە، تۆ واز لەو هەمو چاودێرو بۆلە بۆڵى گۆڕانخوازان و تەلەفیزۆن و ڕاپۆرتە جۆراو جۆرانەش بهێنە، با قسەیەکى حەق بکەین، کە وەزیرى پێشو ئەم ڕەفتارو سوپرایزەى نەبوو، کە تاهیر ڕەشیدى پارتى لەوەزارەت زۆرى بۆ دەهێنا، وەزارەتى بەکۆڵێک داخ و کەسەرەوە بە جێدەهێشت و لە ئەنجومەن دەوامیى ئەکرد. واتە چەند قوڵانجێک لە پێش ئەم کاکە حەملانەی ئێستاوە بوو.
ئەم وەزیرە پڕاوپڕ گۆڕانە وەکو خزمەتکارێکى بەردەم قاپیەکەى بنەماڵەى بەرزانى خۆى نمایش کردووە، لە سلێمانى زۆر دەمێکە دەزانن کە ئەم وەزیرە کارو خزمەتى بۆ پارتییە، بەلێشاو پارەى سلێمانى بۆ هەولێر دەنێردرێت بەبێ ئەوەى یەک دینارى هەولێر ڕوو لە سلێمانى بکات، پارەى داهاتى ناوخۆى سلێمانى، کە جاران لە بانکێکى حکومەتدا کۆدەکرایەوە سودەکەشى بۆ بانکە حکومیەکە بوو، بەڵام ئیستا بەفەرمانێکى وەزیرى دارایى ڕەوانەى بانکى کوردستانەکەى نێچیرەوان دەکرێت، سودەکەى کاکە رێباز حەملان بۆ ئەوە، کەواتە ئەم وەزیرە دەست و دڵى، دەست و دیارىیەکەی پرلە گۆرانە بۆ نێچیر، بەڵام نێچیر سپڵە وبێوەفایە بەرامبەر ئەم وەزیرەى گۆڕان، کە بە پلەیەک لەگەڵ بنەمالەدا ئاوێتە بووە و ئەو ڕۆژانەمان بیر دێتەوە کە چۆن خاڵە نەوە لە پڕدا لەسەرى رەشەوە سەرى خاکى دەرئەهێنا.
وەزیر دارایى هەروەکو ئەندامانى بنەماڵەى بارزانى خانەخوێى، لە سلێمانى داخ لە دڵە بەئەندازەیەکى وەها، کە ویستى سەوزایى لە سلێمانى نەهێڵێت هیچ خەرجیەکى بۆباخ و سەوزایى سلێمانى تەرخان نەکرد، چەند فەرمانبەرێکى شارەوانى ئەچنە لاى هەر رازى نابێت زۆر زۆرى لێ دەکەن تا بوجەیەک تەرخان بکات، بەناچارى دەیانێرێت بۆلاى کاک رێباز بەڕێوەبەرى گشتى ژمێرکارى کە پارتیەکى عەیارە بیست و چوارە، فەرمانبەرانیش ئەڵێن : با بەخێراى بۆ سلێمانى بگەڕێینەوە بەخوا کاک رێباز بزانێت سێ مانگ جارێک موچە وەرئەگرین ئەویش ئەبڕێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست