دووڕووییەکانی مەسعود بارزانی لە بێباوەڕییەکەی دزێو ترن!
Friday, 25/09/2015, 13:26
هەندێك دەربڕینی باوی ئایینی بە چاوپۆشین لە باوەڕداری یان بێباوەڕی زۆر لە جێی خۆیدایە ودەکرێت لە زۆر بواردا بەکار بهێنرێت. یەکێك لەوانە کە هەمیشە بەکارهێنانی بە گونجاو دەزانم ئەوەیە کە دەڵێت: (النفاق اشد من الکفر) بە وەرگێڕانێکی ئازاد مانای (دوڕویی لە بێباوەڕی دزێو ترە). ووشەی النفاق (دوو ڕویی ) لە ٣٧ ئایەتی قورئانیدا هاتووە. ئەم گرنگی پێدانە و نەفرەتە لە دووڕویی تەنها لە ئایینی ئیسلامدا بەرجەستە نیە. لە زۆربەی ئایینەکان دا و لە بنەماکانی مۆراڵ و لە سەرجەم کۆمەڵگاکانی دونیادا خراپە و دزێوی پەسەند ترە لە دوڕویی . خراپە و لە هەمان کاتدا خۆ باش وپیرۆز نیشان دان واتە دوفاقی و دوڕویی لە سەجەم کۆمەڵگا و لە هەمو زەمان و شوێنێکدا جیگای نەفرەت لێکردن بووە. لە تێڕوانینی ئایینی و نا ئایینیەوە دوڕووەکان زۆر لە بێباوەڕە کان و ناڕاستەکان مەترسیدار ترن. مەسعود بارزانیش نمونەیەکی زۆر زیندو لەبەرچاوی دوفاقی و دووڕویی دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیە .
مەسعود بارزانی سەرۆکی جارێك لەکارکەوتو، ئەم جارەش خۆسەپینەری هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان کۆمەڵێك دەربڕینی ناڕاست و پڕڕویی بە ڕۆژی ڕوناك و بە دەنگی بەرز و ئاشکرا رایگەیاند. سەرتاپای دوانەکانی مەسعود بارزانی پڕە لە ناڕاستی و هەوڵێکی هەرزانە بۆ هەڵخەڵەتاندن و فریودان و چەواشەی خەڵکی کوردستان.
بارزانی لە دوانەکەیدا دەڵێت: “لە كاتێكدا كە گەلەكەمان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لەبەردەم دەرفەت و هەڕەشەی گەورەدایە، هیچ پێویست نەبوو كە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرسی سەرۆكایەتی بكرێت و كار بۆ قووڵتركردنی قەیران و تێكدانی ئاسوودەیی خەڵك بكرێت“ . ئەگەربێئاگایەك یان بیانیەك گوێداری ئەو لێدوانە بێت وا تێدەگات کە بارزانی لەدەرەوەی هاوکێشەکان و کێشەکاندایە. ئایا کەسانێك ماون هێندە گەمژە بن نەزانن کە بارزانی و کوڕەکەی و برازاکەی و بنەماڵەکەی و مەکتەب سیاسیە پاشکۆکەیان لە سەرجەم خوڵقاندن یان بەلاڕیدا بردنی کێشە چارەنوسیەکان و لە دروستکردنی قەیرانەکان دا پشکی شێریان هەیە . تاکو ئێستا هەشت کۆبونەوەی پێنج قۆڵی حیزبەکان ئەنجام دراوە و بە پێی دوانی بەشداربوان تاکو ئێستا پارتی و نوێنەرەکانیان لە هەر ئاستێکدا بوبن لەسەر داواکاری نایاسایی و نا شەرعی و کەڵەگاییانە و لوتبەرزانەی مانەوەی بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم بۆ دوساڵی تر سوور بون، ئەوەش بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە. خودی بارزانی لە بڵاوکراوەیەکی تری نزیك بە کۆتایی خولی دووساڵ بە قەرار دانانەوەکەی پێشوی کەوتبووە بارێکی نائاسایی واوە کە وڕێنەی هەڕەشەکردن سەبارەت بە جەنگ و شەڕی براکوژی دەکرد. ئەگەرچی لە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئاشکرایە کە پارتی و یەکێتی و دوبنەماڵەکە و وابەستەکانیان هێندە بەرژەوەندیەکانیان بەیەکەوە گرێدراوە جارێکی تر مەترسی لە شەری نێوانیان ناکرێت و ئەو وڕێنانە تەنها بۆ سڵەماندنەوەی خەڵکی کوردستانە کە ڕێگری لەوە بکرێت ببنە لایەنێکی تری کاریگەر و سەنگینی کێشەکان.
بارزانی باش لەو ڕاستیە گەیشتووە کە کێشەی داعش و تیرۆرستان و مەترسیان بۆ سەر ناوچەکە و جیهان بۆتە خێر وبەرەکەت بۆ دەسەڵاتە گەندەڵ و تاوانبارەکەی و بەرپرس و پیاوەکانیان. لە هەمان کاتدا داعش بۆتە بەدبەختی و نەگبەتی کە یەخەی خەڵکی کوردستانیان گرتووە نەك یەخەی ئەوان. بەڵام خەریکە دەرك بەو ڕاستیەش دەکات کە ئیتر خەڵکی کوردستان وا دەگەنە ترۆپکی بێزاری و مافی ئەوەیان دەداتێ کە “گلەیی بكەن!! “ ئەگەرچی ساڵانێکی دورودرێژە توانیویانە ناڕەزایی و ڕەخنە و گلەییەکانی خەڵکی کوردستان بخەنە ژیر پێڵاوە بریقەدارەکانیان. ئەم پیاوەتیەی مەسعود بارزانی بەسەرخەڵکەوە شتێکی نوێ نیە. لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەی زاتەلیت و ئینتەرنێت و میدیای کۆمەڵایەتی کە شۆڕشێکی گەورەی لە دونیادا دروست کردو دونیای کردە گوندێکی بچکۆلانە دەسەڵاتە تۆتاڵیتێرەکان زوو هەستیان بەوە کردووە کە سەرباری ناڕەوایی و گەندەڵی وبرسی کردنی خەڵك و ڕەشبگیری و ڕەشەکوژی وسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و ئامادەکردنی بەچکەکانیان بۆ دەسەڵات (لە نمونەی مەسرور و قوباد و جمال مبارك وسیفولئیسلامی قەزافی و... هتد) ئیتر ناشتوانن وەکو دکتاتۆرە کلاسیکیەکان تەواوی میدیاکان سەد لە سەد بکەنە دەنگی ڕاستەوخۆی خۆیان و دەسەڵاتی تاقەحیزب بسەپێننەوە ، ئیتر بۆیان ناکرێت خەڵکی لە گلەیی و نارەزایی سەرکزانەی ئێرە و ئەوێش بێبەش بکەن . بۆ شانۆگەری ناوخۆ و دەرەوەش بۆیان ناگونجێت دیموکراتیەت و پرنسیپە بنەڕەتیەکانی مافی مرۆڤ نەکەنە دروشمی چەواشەکاریانە . ئیتر بۆیان نالوێت گوێلێگرتنی ڕوکەشی ڕەخنەکان و پاشان فرێدانی بۆ ناو تەنەکەی خۆڵ پەیڕەوی نەکەن. بەڵام ناڕەوایی و گەندەڵی و تاوان و تیرۆری بیست و پێنج ساڵەیان نیشانی داوە کە ئازدیەکان و گلەیی و ڕەخنەکان سنوری ووردی خۆیان بۆ دیاری کراوە و نابێت هێڵە سورە دیاریکراوەکان بگوزەرێنن کە بە کرداری مانەوەیان لە دەسەڵاتدا و بەرژەوەندیەکانیان بخاتە مەترسیەوە.
بارزانی بێشەرمانە قسە لە بەجێهێنانی ئەرکەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: “لەم پرسەدا ئەوەی لەسەر شانی من بووە ئەنجامم داوە. بەر لەوەی ماوەی یاسایی سەرۆكی هەرێم تەواو بێت داوای هەڵبژاردنم كرد و ئەركی یاسایی خۆم بە جێ گەیاند بەڵام هەڵبژاردن نەكرا“ لێرەدا دوبارە زۆر منافیقانە خۆی لەو ڕاستیە دەشارێتەوە کە ئەو ئەرکانەی تر کە دەبوایە ئەنجامی بدایە بەئەنجامی نەگەیاندووە. (بە دڵنیاییەوە ئەوە چاوەروان لە بارزانی ناکرێت، چونکە دەیان ساڵی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنەوەی شانۆگەریانەی ناو پارتەکەی خۆی ئەو ڕاستیەی نیشان داوە کە نەك کورد ووتەنی لە مارەیی دایکی بەڵکو لە تەواوی شەرەف و خاك و نیشتیمان خۆشبێت لە دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەی خۆشنابێت. بەڵام با وا دابنێین لە کەسێك دەدوێین کە ئاوا باش پێی ئاشنا نین و نایناسین) بۆیە دەڵێم خۆ بارزانی دەبوایە بە لایەنی کەمەوە یەکەمیان لە ڕێگای نفوزی بێسنوری خۆیەوە هەلومەرجێکی وای بڕەخساندایە کە دانوستاندەرانی حیزبەکەی ئامادەیی کەمترین سازشیان هەبوایە لەبەرامبەر چەندین دڵفراوانی تا ئاستی دابەزینی بەردەوامی پڕ لە شەرمەزاری لایەنەکانی تر.
بارزانی دەیتوانی لەبری خۆکردنە کەڕەی شەربەت و تەنها لە جەژن و مناسەبەتەکان دا ئەو باسە بەسەرکردنەوە ، زۆر چالاکانە کاری بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نیشانبدایە و وویستی خۆی بەو ئاراستەیەدا بسەلماندایە و خۆی سەرپەرشتی دانیشتنەکانی بکردایە وەك ئەوەی چەندین جار لایەنەکانی تر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داواکاری بون.
بارزانی تەنها کارێکی کردبێت ئاڵۆز کردنی زیاتری کێشەکە بوو، ئایا هیچ گەمژەیەك لە کوردستاندا بونی هەیە کە لەو باوەرەدا بێت بەبێ ڕاوێژ و داوای بارزانی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی شورای هەرێم درا کە جەعفەر ئیمنکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانە کارتۆنیەکەی هەرێم ڕۆڵی دەڵاڵی تەعینکردنەوەی چەند بارەی بارزانی خستە سەر شانی خۆی .
ئەمە یەکەمین جار نیە کە مەسعود بارزانی بێمنەتی دوڕوییانەی خۆی بەرامبەر مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات پێشان بدات . دوانەکانی لە ئیتالیا لە بیری هەموانا ماوەتەوە کە گوایە لەسەر داوا و ئیمزای ٥٠ هەزار کەس ئامادەیە کورسیەکەی چۆڵ بکات ، پاش ئەم وڕێنەیە سەدان هەزار ئیمزا بۆ ئەو مەبەستە کۆکرایەوە بەڵام ئەو مێش میوانی نەبوو.
مەسعود بارزانی و زۆری تر لە سەرانی کوردستان دەستیان لەهەر پۆست و دەسەڵاتێك گیردەبێت ئەوا سەرباری ئەوەی تا ئەکاتەی لە جوڵان و زمان دەکەون و پیری و نەخۆشی توشی خۆ تەکردن و خۆ پیسکردنیان دەکات، کەچی هێشتا بە سەرۆك و سکرتێری گشتی دەمێننەوە . لە هەمان کاتدا ئەو ئارەزوە شێتگیریەیان بۆ ئەو سەرۆکایەتیە وەکو منەت بەسەر ئەندامان و خەڵکی کوردستاندا دەفرۆشنەوە . ئەم پیاوە بە ناوەرۆك بچکۆلانەیە نزیکەی چل ساڵە سەرۆکی بێ بەرامبەر و بێ مشتومڕی پارتیە. لە تەواوی کۆنگرەکانی پارتی دا وەکو ئەکتەرێکی شانۆیی فاشیل ڕۆڵی دڵفراوان و کورسی نەخوازی بینیوە و بەزۆر و گریان و پارانەوەی مەسینە هەڵگرانی حیزبەکەی سەرۆکایەتی پەسەند کردۆتەوە و پیاوێکیان وەکو بەدیلی ئەو بۆ نەدۆزراوەتیەوە. ئێستاش دیسانەوە هەمان ڕۆڵی نالەبار و سواو چەندین بارە دەکاتەوە و دەڵێت: “بە هیچ شێوەیەكیش داوام نەكردووە من لە پۆستەكەدا بمێنم. هەموو جۆرە بۆچوونێكیش ڕەت دەكەمەوە كە پێیان وایە من بەدیلم نییە“. دەربڕینی یەکەمت سەرتاپای درۆ و شانۆگەریە . دەربڕینی دوهەمت زۆر ڕاستە و تەنها و تەنها دەستوپیوەند و پاشکۆکانی پارت و بنەماڵەکەت ئەو دەربڕینە دەجون و دەجونەوە کە جەنابتان بێ بەدیلە جا ئەگەر میللەتێك بەدیلی بۆ کەسێکی وەکو تۆ نەبێت کە سەرتاپای کار و ماوەی دەسەڵاتت شەرمەزاری و بەدبەختی و قەیرانەکان بووە بۆ خەڵکی کوردستان، دەبا ئەو میللەتە بەشەو و ڕۆژێك بە ئەتۆمی لەناوبچێت و بێدودڵی میلەتێکین شایانی ژیان نین.
بارزانی دەڵێت: “لە درێژەكێشانی ئەو بارودۆخە زۆر نیگەرانم... بە تایبەت كە قەیرانی قووڵ بەرۆكی كوردستانی گرتووە،كێشەكان لەگەڵ بەغدا و قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و لێشاوی ئاوارەكان و لەسەرووی هەمووشیانەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش“ ئەگەر ڕاستێشی بکردایە و نیگەران بویە دەبوایە بیوتایە:( لە کردارە نالەبارەکانی خۆم و برازا بازرگانەکەم و کوڕە مراهیقەکەم و پارتەکەم و بنەماڵەکەم و شەریکە ستراتیجیەکەم و حکومەتە بنکە قەڵەباڵغ و بێ ڕەخنەگر و بێ ئۆپۆزسیۆنێکی باش کە چاودێر و ڕاستکەرەوە ی دەسەڵاتێکی دزێو بێت زۆر نیگەرانم). کام یەکێك لە قەیرانەکان ئەوانەی ناویان هێنراوە و دەیانی تر سیاسەتە چەوتەکان یان دزی و گەندەڵی و ناڕەواییەکانی بارزانی و بنەماڵە و پارتەکەی شەریکە ستراتیچیەکەی هۆکارەکانی و دروستکەری نیین ؟ کام قەیرانە هەیە بۆ دەسەڵاتداران خێروبەرەکەت نەبوبێت و بۆ خەڵکی کوردستان برسێتی و دواکەوتویی و ئاوارەیی و برینداری و شەهید بون نەبوبێت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست