کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هه‌رێمێکی تۆقێنەر(بازرگانەکانی مه‌رگ)

Friday, 25/09/2015, 12:47


جه‌نابی کۆلۆنێلی ته‌زویر حه‌ز ناکات به‌ ڕۆبه‌وه‌ بخه‌وێت، هه‌موو دوکانه‌کانی فرۆشتنی ڕۆب دابخه‌ن، گه‌ر خاوه‌نه‌کانیشیان سه‌رپێچییان کرد هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی ڤیدیۆکانی ماڵ و مناڵیان لێبکه‌ن با  که‌سایه‌تیی بڕوشێنن و سووکی بکەن، ئه‌وانه‌ هاوڵاتی پلە دووش نین تا مافی ژیانیان هه‌بێت، سه‌گه‌ پاسه‌وانه‌کانی مۆساد پلە‌ دوون.. ئه‌وانه‌ صۆره‌ی قۆندەر‌ن!
ئه‌وه‌ی له‌م هەرێمە تۆقێنەره‌دا شتێك له‌ جه‌نابی کۆلۆنێل زیاتر بزانێت ده‌بێت تا له‌ چاو ون ده‌بێت هه‌ر ئاوڕ به‌ دواوه ‌و ئه‌ملاولای خۆی بداته‌وه‌ نه‌وەک ئه‌مبولانسه‌کانی ژووره‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌ به‌ ناوی نه‌خۆشه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامی شێخه‌ڵاو به‌ ڕۆژی رووناك به‌ ناوی نه‌خۆشه‌وه‌ نەیگەیەننە  ژێر زه‌مینه‌ تاریکه‌کان و له‌وێ دەستدرێژی سێکسییان لێبکرێت.
ئه‌گه‌ر جه‌وهه‌ر نامیق و ئه‌رده‌لان به‌کر به‌ هۆی خواردنی کوشندی ژه‌هراوی ناو فڕۆکه‌وه‌ له‌ناوبرابن و که‌س له‌سه‌ریان هه‌ڵی نه‌دایه‌، خۆ فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی له‌ مه‌یدانی شه‌ڕی دژه‌ داعش گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ ئاشکرا تڕۆیان کردو بێ شه‌رمانه‌ مفه‌وه‌زێکی هاتوچۆی بێ ئه‌رزشیان هێنایه‌ سه‌ر شاشه‌، زۆر سادانه‌ هۆکاری مردنه‌که‌ی به‌وه‌ روون کردەوە که‌ تایه‌ی ماشێنه‌که‌ی به‌ر قه‌راغی شۆسته‌که‌ که‌وتووه ‌و بووه‌ته‌ هۆی وه‌رگه‌ڕان و مردنی.
له‌و سێگۆشەی تۆقێنەره‌دا بازرگانانی مه‌رگی مرۆڤه‌کان مامه‌ڵه‌ له‌ پێناوی هه‌موو شتێکدا ده‌که‌ن چونکه‌ ماوه‌یه‌کی باشه‌ ئه‌زموونیان هەیە و هونه‌رییان وه‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ کوشتن و تۆقاندن و سیناریۆ دروستکردن، وه‌ك چۆن له‌ کوشتنی سامی عه‌بدوره‌حماندا سیناریۆیه‌کی بێ ئه‌رزشیان دانا و سات به‌ ساتی هه‌نگاوی گروپه‌که‌یان وێنه‌گرتبوو تا به‌ جۆرێك چێرۆکه‌که‌ بهۆننه‌وه‌ نه‌ك خه‌ڵك توشی شۆك بکه‌ن، به‌ڵکو به ‌به‌ردێك چه‌ندین ئامانج بپێکن، ته‌نانه‌ت یه‌کێك له‌ به‌ناو تاوانباره‌کان کارمه‌ندی ئاسایش بوو، بێ ئه‌وه‌ی دادگایه‌کی ئاشکرا بکرێن، هه‌موویان له‌ناوبردن.
زوو زووش له‌ میدیاکاندا ده‌بیستین فڵان که‌نه‌دی، یان ئه‌مه‌ریکی ... له‌ قاتی چواری میوانخانه‌یه‌که‌وه‌ خۆیان هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه ‌و ده‌ست به‌جێ گیانیان له‌ده‌ست دا، بێ ئه‌وه‌ی که‌س نیشانه‌یه‌كی پرسیار دوای ئه‌م هه‌واڵی مردنه‌ سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ دابنێت.. بۆیه‌ کوردستان داده‌نرێت به‌ له ‌بارترین زه‌مینه‌ی له‌ناوبردنی نه‌یاران و تیرۆرو تۆقاندن و که‌سیش دادگایی و لێپێچینه‌وه‌ ناکات، چونکه‌ کوردستان له‌ زه‌مینی گه‌ڕه‌لاوژه‌ ده‌چێت، گه‌ڕه‌لاوژه‌ له‌ هه‌موو شتێکدا جگه‌ له‌ کورسی سه‌رۆك، هه‌ر دوێنێ بوو فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئاگری له‌و ئوتێله‌ به‌ردا له‌ سلێمانی که‌ ئه‌مریکیه‌کانی تیابوون و دوایی تێێ قوچان و که‌س گونی نه‌گرت، یان ئه‌و سێ ئه‌مریکییه‌ی له‌ هاوینه‌هه‌واری ئه‌حمه‌دئاوا ئاودیوی ئێران کران.
نه‌ك له‌ کوردستانی باشور شه‌رم و حه‌یای سیاسی و مۆراڵی ئینسانییه‌ت له‌ مێژه‌ نه‌ماوه‌ و تکاوه‌، به‌ڵکو وه‌ك (نمه‌ نه‌ریمان) ده‌ڵێت: له‌ مێژه‌ شکۆی هاوڵاتی شکێنراوه‌.. ئیتر زۆر ئاساییه‌ رۆژانه هه‌واڵی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ببیستین و که‌سیش بایه‌خی پێ نادات، چونکه‌ هه‌مووان راهاتوون له‌سه‌ر رێگاو چۆنییه‌تی بازرگانه‌کانی مه‌رگی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی، له‌ کۆن و نوێدا و خه‌ڵکیش بێزاربووه‌و حه‌ز ده‌که‌ن له‌ بری بیستنی ئه‌و هه‌واڵانه‌ ته‌ماشای ئه‌ڵقه‌یه‌کی دراما کۆریه‌کان بکه‌ن تا چیدی سەرقاڵی دنیای جانه‌وه‌ره‌کان نەبن و توشی کۆلیسترۆڵ و جه‌ڵته ‌و نەخۆشی شەکرەی پێش وه‌خت نەبن، تازه‌ترین هه‌واڵیش که‌ 24/9/2015 له‌ پایته‌ختی تۆقێنەره‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌؛ دوای ئه‌وه‌ی ئێران که‌وته‌ نێوانه‌وه ‌و نێچیرێکی ئاسانی به‌ ناوی فازیڵ به‌شاره‌تی قانیع کرد و ته‌سلیمی جه‌نابی کۆلۆنێل کرده‌وه تا له‌ داهاتوودا هه‌نجن هه‌نجنی بکات و بیکاته‌ عیبره‌ت بۆ داشه‌کانی تری دامه‌که‌ی، بێگومان له ‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێت کارێکی شیاوی به‌ قه‌د هه‌وڵه‌ شیاوه‌که‌ی بۆ بکریت، ئه‌ویش ئه‌م هه‌واڵه‌ بوو که‌ له‌ میدیاکاندا بێخه‌مانه‌ گوێبیستی بووین: ‌‌
(پێگه‌ی 60ی ئەڵمانی لە زاری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی وڵاتەكەیەوە بڵاوی كردەوە، عەقید ستیڤان سبوتیل، فەرماندەی یەكەی راهێنەرانی ئەڵمانیا كە سەرپەرشتی راهێنان و مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی دەكرد، بە مردویی لە ژوورێكی ئوتێل (كریستاڵ) لە عەنكاوەی شاری هەولێر لە هەرێمی كورستان، دۆزرایەوە.)
سەرنجی کوردستانپۆست: دەستخۆشی لە شیوازی داڕشتنی ئەم نووسەرە دەکەین، بەڵام کۆمەڵێک لە ناوەکانی بە عەرەبی نووسیبووی، ئێمە هەموویمان کرد بە کوردی، پێمان باش نەبوو ئەو وشانە ببێتە باو لە ناو زمانی کوردییدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە