پارتی چی ده‌وێت ؟!

Wednesday, 23/09/2015, 20:52


قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وا خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ بن به‌ست، دوای چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ دوا ده‌ره‌نجامدا گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی پێشنیاری خۆیان بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر كه‌ پارتی یه‌و خۆی پێ خاوه‌نی سه‌رۆكایه‌تی كردنی هه‌رێمه‌ ئاراسته‌كردو دوو پێشنیاریان خستۆته‌ به‌رده‌می، كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان و گرتنه‌ ده‌ستی چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكی هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی تا ئێستای. دووه‌میشیان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌ناو گه‌ل، به‌كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتی و پرۆتۆكۆلیه‌وه‌.
له‌پێشنیاری یه‌كه‌مدا پارتی نیوه‌ی ده‌وێ، كه‌ ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكه‌ هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشووی، به‌ڵام به‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه !! هه‌روه‌ها نیوه‌ی پێشنیاری دووه‌میشی ده‌وێت، كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكه‌ له‌لایه‌ن گه‌ل و به‌ڵام نه‌ك به‌ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتیه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی نیوه‌ی پێشنیاری یه‌كه‌م !
كه‌وابوو پارتی نیوه‌ی پێشنیاری یه‌كه‌م و نیوه‌ی پێشنیاری دووه‌می به‌دڵه‌ ؟! واته‌ سه‌رۆك له‌لایه‌ن گه‌ل هه‌ڵبژێردرێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشوو و ئێستای بێت، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. واته‌ پارتی سه‌رۆكایه‌تی كردنی هه‌رێمی ده‌وێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پێشوو و ئێستادا هه‌بووه‌و هه‌یه‌.
هیچ سه‌یرنیه‌ له‌لامان كه‌ بۆچی پارتی نایه‌وێت سه‌رۆك له‌ په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت؟ چونكه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر سانایه‌و ئه‌و ده‌یه‌وێت سه‌رۆك له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌ماندا به‌رپرسیارنه‌بێت. هه‌ربۆیه‌ش پێداگیری له‌سه‌ر نیوه‌ی پێشنیاری دووه‌می چوار لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكه‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌. له‌مه‌شدا ته‌نها ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ پارتی ته‌نها به‌نیوه‌ی پێشنیاری یه‌كه‌م و نیوه‌كه‌ی تری پێشنیاری دووه‌م ره‌زامه‌ند ده‌بێت و به‌س. واته‌ پارتی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌ نێوان خورما یان مێوژدا یه‌كیان هه‌ڵبژێرێت، هیچیان نیه‌، به‌ڵكو خورمژه‌و به‌س.
خورمژ ویستنی پارتی قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌ختترو قورستر ده‌كات، له‌كاتێكدا چوار لایه‌نه‌كه‌ (گۆڕان، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ) سووربوونی خۆیان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی دوو پێشنیاره‌كه‌یان بۆ پارتی دووپاته‌ بكه‌نه‌وه، چونكه‌ ئه‌وان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌نێوان دوو پێشنیاره‌كه‌یاندا پارتی یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت و كه‌چی پارتیش له‌به‌رامبه‌ردا ته‌نها خورمژی ده‌وێت !!!. پێداگیری پارتی له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی، ده‌مان گه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی كه‌:-
یه‌كه‌م: له‌ڕوانگه‌ی پارتی یه‌وه‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نها مافی ئه‌وه‌.
دووه‌م: پشتگوێخستنی په‌رله‌مان و خستنه‌ په‌راوێزیه‌وه‌.
سێیه‌م: یاری كردن به‌كات و درێژكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی (4+1)و تا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی كردنی هه‌رێم به‌خواستی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ به‌هاری ساڵی داهاتوو!!! له‌وێشه‌وه‌ ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ ئه‌یلولی 2017دا ؟!
د. هۆشمه‌ند شێخانی
مامۆستا له‌به‌شی مێژووی زانكۆی كۆیه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە