حكومەتى هەرێم و يارى ماڵە باجێنە
Tuesday, 22/09/2015, 13:41
هەموو ئەو دەنگانەي تر كەتەنها بۆ هۆكارى زاتى و بابەتى بەشان و باڵماندا هەڵدەدەن، ڕێك و ڕاست وەك ئەو يارى ماڵە باجێنە وايە كاتێك منداڵەكەت لە قۆروپياڵە مناڵانەكەيدا چايەكت بۆ تێدەكات و دەيخۆيتەوە ، تۆش بۆ دڵخۆشى منداڵەكە دەڵێیت چايەكى خۆش بوو!
من زۆر تەعەجوب ناكەم لە لێدوانى ئەو بەرپرسە بيانيانەى كە دێنە هەرێمى كوردستان و بە شان و باڵى ئيدارە ى هەرێم و بوژانەوەى ئابورى و ڕەوشى مافى مرۆڤ و پێكەوە ژيانى ئاشتيانە لە هەرێمى كوردستاندا هەڵدەدەن، چونكە دڵنيام ئەو نوێنەر و بەرپرسە ئەوروپى و ئەمريكيانە تەنها بۆ دڵخۆشكردنى بەرپرسانى هەرێم و شاردنەوەى سياسەتە هەڵە و چەواشەكانى خۆيانە بۆ ڕاگەياندنەكانى دونياى دەرەوە.
من لەو بەرپرسانە دەپرسم بە نيوەش كەمتر لە هەر مەلەفێكى گەندەڵى و پێشێلى مافى مرۆڤ و بەهەدەردان و پێشێلى ياسا و قەيرانى دارايى و سوتەمەنى دواكەوتنى موچە و وەبەرهێنان و ......هتد، كە لە هەرێمى كوردستاندا دەيبينن، لەوڵاتانى ئەواندا بونى هەبوايە، دەيانتوانى ئاوا بەشان و باڵى حكومەتەكانى خۆياندا هەڵيانبدايە ، نزيكترين نمونەش وڵاتى يۆنانە كە بەهۆى تەنها قەيرانى داراييەوە لەماوەى تەنها كەمتر لە چوارساڵ ئەو وڵاتە چوار هەڵبژاردنى بەخۆيەوە بينيوە، قەيرانى ئەو وڵاتەش دواى قەيرانى كۆچبەران بۆ ئەوروپا ئەمڕۆ بەگەورەترين قەيرانى يەكێتى ئەوروپا دادەنرێت، كەهەموو وڵاتانى ئەو يەكێتيەى بەخۆيەوە سەرقاڵكردوە.
هەندێك جار دەنگى شازيش دەبيستين كە خوێندنەوەيەكى ڕاست و دروست بۆ ڕووداوەكان دەكەن، بەڵام هەموو ئەو دەنگانەي تر كە تەنها بۆ هۆكارى زاتى و بابەتى بەشان و باڵماندا هەڵدەدەن، ڕێك و ڕاست وەك ئەو يارى ماڵە باجێنە وايە كاتێك منداڵەكەت لە قۆروپياڵە مناڵانەكەيدا چايەكت بۆ تێدەكات و دەيخۆيتەوە ، تۆش بۆ دڵخۆشى منداڵەكە دەڵێت چايەكى خۆش بوو! تۆ ئەو قسەيە لە ڕووى سايكۆلۆژیيەوە تەنها بۆ دڵخۆشى منداڵەكە دەكەيت، ئێمە منداڵەكەين و ئەوانيش باوكەكەن، لەم يارى ماڵە باجێنەدا ئەوان دەزانن بۆ دەڵێن (چايەكە) خۆشە، بەڵام نازانم ئاخۆ ئێمە دەزانين كە ئەوان وەك باوكەكە لەڕوى سايكۆلۆژيەوە دەزانن ئێمە دڵمان بەو قسەيە خۆشە بۆيە وامان پێدەڵێن!
كێن ئەوانەى كە دڵيان بە (چايەكى خۆش ) بوو دڵخۆشن و كێن ئەوانەشى ئەو هەڵوێستە بە سينارۆيەكى قيزەون دەزانن؟ ئەوە لەسەر ئاوەزى منداڵەكە وەستاوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست