رێباز حەملان بۆ پارتى من نێچیرێكى باشم ئەگەر دەتانەوێ ڕاوم بكەن
Monday, 21/09/2015, 20:35
لەم بار و دۆخەى ئەمڕۆى كوردستاندا، كە بەگشتى خەڵك بە دڵە راوكێوە ئەڕوانێتە داهاتووى خۆى هەم لەبەر شەڕى داعش و هەم لەبەر ئەو دۆخە ئالۆزەى كوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتیی تێی کەوتووە، گەنجانمان لەخەمى ئەوەدان چۆن بتوانن بڕە باريەك پەيدا بكەن، تا خۆى پێ بگەیەنێتە وڵاتێکی ئەوروپی، فەرمانبەریش مووچەی پێ نادرێت، هاوڵاتى لەخەمى دابينكردنى بژێوى رۆژانەى خۆى دايە، ئا لەم كاتەشدا رێباز حەملانی وەزیری گۆڕان، دياريەك بەبۆنەى رۆژى لە دايكبوونى نێچیرەڤانەوە پێشکەشی دەکات، وەك ئەوەى لەم وڵاتەدا هیچ کەس پێداویستییەکی نییە، بۆيە كاك رێباز بيری لەم دياريیە كردۆتەوە لە كاتيكا دەيتوانى بەو بڕە پارەیە نانى جەژنانەی چەند ماڵە هەژارێکی پێ بدات.
ئەم دياريەى رێباز حەملان مانایەکی دیکەشی هەیە
ئەم دياريەى رێباز حەملان بەواتاى ئەوەى من هيج نيگەرانيیەكم نيیە لەسياسەتى پارتى بەرامبەر بەو قەيرانانەى ئيستا خوڵقاندوویەتی، هەروەها بێ منەتیشە لە حیزبەکەی خۆی کە گۆڕانە و لە راگەیاندنەکانیاندا هەڵوێستی جیای لەسەر پارتیی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت هەیە و بە قسەکانیان میللەتیان پێ گەوجاندووە، هەروەها بێ منەتیشە لە حیزبەكەى خۆى كە ئەوان چى دەكەن كەيفى خۆيانە و ئەو هيچ کێشەی لەگەڵ پارتیی و بارزانییدا نییە، ئەمەش بە ئاشكرا لە چوپێکەوتنەکەی nrt هەستىپێکرا، کە دانی بەوەدا نا، كە ئاگای لە دوو داهاتى گرنكى كوردستان نیيە و هيچ كێشەشى نەبوو لەكاتێكدا خۆشى ئەندامە لە لیژنەى مەلەفى فرۆشتنى نەوت .
ئەوەى کە ئیستا گرنگە بوترێت:
رێباز حەملان بەو دیارییە پەیامی خۆى ئاڕاستەى پارتى دەکات و پێیان دەڵێت کاک نێچیر منیش نێچیرێکم بە مانای ناوەکەی تۆ نا، بەڵکو بە مانای دەستەمەۆکردنی من و دەتوانن منیش راو بكەن، هەروەك لە پەيامەكەشدا هاتووە، کە لەهەمان شوێنى عارف روشدى و هەڤالەكانيدا وەستاوم و چاوەڕێى قولابي ئێوە دەکەم تا بۆمی هەڵبدەن.
------------------هەواڵەکە---------------
قوباد تاڵەبانی و ڕێباز حەملان سوپرایز بۆ بارزانی دەكەن
جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی لەدایكبوونییەوە دیاری پێشكەشی نێچیرڤان بارزانی ؛سەرۆكی حكومەتی هەریمی كوردستان؛ دەكەن.
سامی ئەرگۆشی ؛سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆكی حكومەت؛ لە تویتێكدا، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوبۆتەوە، ڕایگەیاندووە، كە قوباد تاڵەبانی ؛جێگری سەرۆكی حكومەت؛ كێكێك و رێباز حەملان ؛وەزیری دارایی و ئابوری؛ تابڵۆیەك پێشكەشی نێچیرڤان بارزانی ؛سەرۆكی حكومەتی هەرێم؛ دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە، ئـەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی حكومی و لە یادی لەدایكبوونیدا، جێگری سەرۆك وەزیران كێكێك و وەزیری دارایی تابلۆیەك پێشكەش بە سەرۆك وەزیران دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست