کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پرسی دەستاودەستی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان

Friday, 18/09/2015, 18:25


ده‌ستاو ده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات بریتیه‌ له‌پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی یان به‌شێكی له‌ده‌ستی نوخبه‌یه‌كی سیاسی حوكمڕان و راده‌ستكردنی بۆ نوخبه‌یه‌كی تری سیاسی هه‌ڵبژێردراو، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له‌رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت. به‌پێی ئه‌مه‌ش هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی تا هه‌تایه‌ له‌ده‌سه‌ڵات نابێ بمینێته‌وه‌. چونكه‌ ده‌بێ به‌ قه‌واره‌یه‌كی تری سیاسی جێگۆڕكێی پێبكرێت. به‌ڵام جۆره‌كانی ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌سیستمه‌ سیاسییه‌كاندا زۆرو جۆراو جۆرن و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێت له‌دو جۆردا پۆلێنی بكه‌ین ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: شێوازی ئاشتیانه‌ی ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات: بریتیه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌بێ به‌كارهێنانی هێز.
دوه‌م: شێوازی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌رێگای به‌كارهێنانی هێز، واته‌ نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌رێگای توندی و تیژییه‌وه‌ ناچار ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات جێبهڵێت.
له‌سیستمی سیاسی دیموكراسیدا پرۆسه‌ی ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌مای هه‌یه‌ كه‌ گرنگترینیان فره‌ حیزبی و یه‌كتر قبوڵكردن و هه‌بونی داتای دروست له‌سه‌ر رێژه‌ و ژماره‌ی ده‌نگده‌ران و دیاریكردنی خوله‌كانی هه‌ڵبژاردن و كێبڕكێی سیاسی ته‌ندروست، هه‌روه‌ها پێویستی به‌ رای گشتی به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامی ئاستێكی به‌رزی هۆشیاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا دروست ده‌بێت. جگه‌ له‌مه‌ش له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌روماڵكردن و چاودێریكردنی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن.
ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌وه‌ سه‌یری ره‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین ده‌بینین به‌ رواڵه‌ت به‌شێكی ئه‌م بنه‌مایانه‌ی تێدایه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ ناگه‌یەنێت كه‌ پره‌نسیپی ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌دروستی پراكتیزه‌ ده‌كرێت،به‌هۆیئه‌وه‌ی:
یه‌كه‌م : هه‌مان ئه‌و حیزبانه‌ی له‌رابردودا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتبێت، ئه‌وا‌ به‌ سیاسه‌ته‌ نه‌گۆڕه‌كانیانه‌‌وه‌‌ به‌رده‌وام له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ماونه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ نین‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ راده‌ستی هیچ لایه‌نێكی تری بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باڵاده‌ستبونیان له‌ قۆناغێكی دیاریكراوی مێژویی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان و ئه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی حیزبی و كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتو له‌ نێو خودی ئه‌و جۆره‌ حیزبانه‌.
دووه‌م : ئه‌گه‌رچی هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان دانیان به‌ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ناوه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا نایانه‌وێ ‌كار به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.
سێیه‌م : له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داموده‌زگا كارگێڕییه‌كان یاسا و په‌یكه‌ری رێكخستن و كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی گشتیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌بودجه‌ی گشتیه‌وه‌ ساڵانه‌ پشكی دیاریكراویان بۆ ته‌رخانده‌كرێت، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ژێر هه‌ژمونی حیزبیدا كارده‌كه‌ن و وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تداری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت، بۆیه‌ راده‌ستكردنیشیان بۆ هێزی نوێی گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ حیزبیه‌دا ناگونجێت.
چواره‌م : له‌ماوه‌ی 23 ساڵی حوكمڕانی حیزبی له‌هه‌رێمی كوردستاندا نه‌توانراوه‌ ده‌ستورێكی وا دابڕێژرێت تێیدا پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات دیاری بكرێت، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ ره‌وشێكی وه‌كو ئێستادا په‌نای بۆ ببردرێت، واته‌ نه‌بونی ده‌ستور كۆمه‌ڵێك گرفتی یاسایی و دادوه‌ری بۆ خودی هه‌رێمی كوردستان دروستكردوه،‌ به‌ تایبه‌تی نه‌بونی دادگای ده‌ستوری له‌كاتی به‌ بنبه‌ست گه‌یشتنی كه‌یسه‌ جۆراو جۆره‌كان له‌و داداگایه‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.
پێنجه‌م : له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ره‌وشی نه‌بونی ده‌ستور له‌هه‌رێمداو له‌كاتی پێكهێنانی هه‌ر حكومه‌تێكی تازه‌دا پێویسته‌ په‌نا ببردرێته‌ به‌ر ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق كه‌ له‌ مادده‌ی (6) ی ئه‌م ده‌ستوردا هاتوه ‌”ده‌سه‌ڵات ئاشتیانه‌ ده‌ستا و ده‌ست ده‌كرێت له‌رێگای ئه‌و ئامرازه‌ دیموكراسیانه‌ی‌ كه‌ له‌م ده‌ستوره‌دا ده‌قی پێهاتوه‌”.
به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌ بوارێكی ره‌خساندوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوری تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت و نه‌ زه‌مینه‌سازی ئه‌وه‌ی كردوه‌ كه‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق له‌هه‌رێمی كوردستان كاری پێبكرێت، له‌كاتێكدا خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌داڕشتنی ده‌ستوری عێراقدا رۆڵی كاریگه‌رییان هه‌بو و هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی پێدا و له‌سه‌رانسه‌ری عێراق پێویسته‌ كاری پێبكرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری تایبه‌ت به‌ خۆشی هه‌بوایه‌ ناكرێت ده‌قه‌كانی پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌كانی ده‌ستوری عێراق بن.
پاشخانی ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان
هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له‌رێگای شۆڕشی چه‌كدارییه‌وه‌ وایكرد كه‌ حیزب له‌ گۆره‌پانه‌كه‌ باڵاده‌ست بێت و بوار به‌ لایه‌ن و فاكته‌ره‌كانی هیزی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیراده‌ی گه‌ل  نه‌دات ، به‌ڵكو حیزبی كوردی له‌ نیوخودی خۆیشیاندا یه‌كتریان قبوڵ نه‌بیت و كار له‌سه‌ر سرینه‌وه‌ی یه‌كتر بكه‌ن ، هه‌ندیكیش له‌و حیزبانه‌ ملكه‌چ بوون بۆ پاشكۆیه‌تی حیزبی پیشره‌و یان سه‌ركرده‌ ،  ئه‌و ره‌وشه‌ش رێك له‌دوای ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ دروستبوه‌ و بۆ ساڵانێكی زۆر درێژه‌ی كێشا تا ساڵی 1975، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ قۆناغی یه‌كه‌می باڵاده‌ستبونی تاكه‌ حیزبێك له‌ كوردستانی عێراق داده‌نرێت.
له‌ قۆناغی دوه‌مدا كه‌ له‌ ساڵی 1976 وه‌ ده‌ست پێده‌كات ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان دوركه‌وتبۆوه‌ و په‌یدابونی حیزبێكی تر به‌ ناوی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان  له‌ گۆره‌پانه‌كه‌ كه‌ توانی له‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رفراواندا ده‌سه‌ڵاتی خۆی بچه‌سپێنێ و له‌گه‌ڵ پارتی دا بناغه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆیاندا دابنێن.
 به‌ڵام دیسان هه‌ر یه‌ك له‌م دو حیزبه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بواریان نه‌ده‌دا له‌ ناوچه‌كانی خۆیاندا فره‌ حیزبی و بواری ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات پیاده‌ بكرێت ته‌نانه‌ت له‌نێوان خۆشیاندا. ئه‌گه‌رچی له‌و قۆناغه‌دا باڵاده‌ستبون له‌ پێناو ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌رچی زیاتری سامان و داهات نه‌بو، به‌ڵكو له‌ پێناوی به‌ده‌سته‌وه‌بونی زۆرترین شوێن و ناوچه‌ و هێزی چه‌كدار بو، ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی یه‌كتر قبوڵنه‌كردن و‌ شه‌ڕێكی درێژخایه‌نی براكوژی نێوان ئه‌و دو حیزبه‌. واته‌ ئه‌گه‌رچی له‌شاخدا فره‌ حیزبی هه‌بو به‌ڵام گیانی یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ خه‌باتكردن نه‌بو، هه‌ر حیزبه‌ و له‌ ناوچه‌و له‌ پنتێكی جوگرافی دیاریكراودا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بو. ئیتر به‌م دۆخه‌وه‌ راپه‌رین سه‌ریهه‌ڵداو شاره‌كان كه‌وتنه‌ بنده‌ستی جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو و حیزبه‌كانی شاخ.
قۆناغی سێهه‌می بڕوانه‌بون به‌ ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵات خۆی له‌ حوكمڕانی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ‌ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی راپه‌رین له‌ كوردستان به‌رپابو و ئیداراتی ناوه‌ندی حكومه‌تی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ رێكه‌وتی (23/10/1991) كشایه‌وه‌ و له‌ (19/5/1992) یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا ، حكومه‌تێكی په‌نجا به‌ په‌نجایان هێنا ئاراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا به‌ڵگه‌ی بڕوانه‌بون بو به‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات. كه‌ خۆی له‌راستیدا ده‌بو یه‌كێكیان له‌ده‌سه‌ڵات بێت و ئه‌ویتر ببێت به‌ ئۆپۆزیسیۆن. چونكه‌ له‌ ره‌وشی فره‌ حیزبیدا لایه‌نی كه‌م نابێت له‌ دو حیزبی سیاسی كه‌متر هه‌بێت كه‌ به‌پێی كێبڕكێ له‌ نێوانیاندا به‌ پشتبه‌ستن بەیاسای هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌یه‌ك یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌ویتریان ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن.
له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا هه‌رچه‌نده‌ پێنج كابینه‌ی سه‌رتاسه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پێكهێنراوه‌ لەساڵه‌كانی ‌(1992، 1993،2006، 2009 و 2012)، هه‌روه‌ها له‌هه‌ولێر دو كابینه‌ له‌ ساڵه‌كانی (1996، 1999،) و له‌سلێمانیش سێ كابینه‌ له‌ساڵه‌كانی (1996، 2000 و 2004) پێكهێنراون. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینێ  به‌درێژایی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (پارتی‌ و یه‌كێتی‌)، یان پێكه‌وه‌ به‌پێی‌ بنه‌مای‌ (په‌نجا به‌ په‌نجا)، یان به‌ته‌نیا به‌پێی‌ باڵاده‌ستی هه‌ریه‌كه‌یان له‌ هه‌ریه‌كێك له‌ئیداره‌ی‌ (هه‌ولێر و سلێمانی‌)، كابینه‌ ‌یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك پێكبهێنن و حكومه‌ت دروست بكه‌ن  و باوه‌ڕیان به‌ ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نه‌بو.
به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنی (25/7/2009) و (21/9/2013) قۆناغێكی تر هاته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ویش كه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی  وه‌كو گۆڕان له‌رێگای سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ توانی هاوكێشه‌ی سیاسی بگۆڕێت و زه‌مینه‌سازی بكات و هه‌نگاو بنێت بۆ ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر رێژه‌ییش بێت.
چونكه‌ له‌وكاته‌ی كه‌ گۆڕان به‌شداری له‌پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كات ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ جۆرێك له‌ ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه .
كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنیه‌كان
یه‌كه‌م :  ده‌ستا و ده‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵات بۆته‌ هۆی لاوازبونی ئه‌دای حكومه‌ت له‌ كابینه‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانیدا كه‌ له‌ئه‌نجامدا وایكردوه‌ كه‌مترین تازه‌گه‌ری و نوێبونه‌وه‌ له‌ كایه‌ی حوكمڕانیدا ئه‌نجامبدرێت‌‌. بۆ نمونه‌ پیاده‌كردنی سیاسه‌ت گه‌لێكی نه‌گۆڕ له‌ زۆربه‌ی جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی پاشه‌گه‌ردانی تیایاندا ده‌بینرێ وه‌كو ‌بواره‌كانی ته‌ندورستی و گواستنه‌وه‌ و خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ و … هتد.
دووه‌م :  قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات وا ده‌كات جه‌ماوه‌ر بیر له‌ رێگه‌ چاره‌ی تر بكاته‌وه‌ بۆ لابردنی ده‌سه‌ڵاتداران و ئه‌مه‌ش سه‌ر ده‌كێشێت بۆ په‌نابردنه‌ به‌ر توندو تیژی و به‌كارهێنانی زه‌برو زه‌نگ، كاتێك كۆمه‌ڵگا بگاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هیچ ده‌روازه‌یه‌كی تری له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ گۆڕانكاری.
سێیه‌م: هه‌روه‌ها قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات بۆته‌ مایه‌ی دروستبونی چه‌ندین كاره‌ساتی جه‌رگبڕ بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌كو شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سامان و داهاته‌كانی هه‌رێم.
چواره‌م:   ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵات پرسی چاكسازی بەچەقبەستویی ده‌هێڵێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ مایه‌ی بەردەوامبونی دیاردەکانی گەندەڵی ‌و دزینی سەروەت ‌و سامانی هه‌رێمی كوردستان.
پێنجه‌م: ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵات پرسی ناوچە دابڕاوەکان له‌ چاوه‌ڕوانی و یه‌كلایی نه‌كردنه‌وه‌دا هێشتۆته‌‌وه‌، چونکە هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌لاتدار بۆ راگرتنی پارسه‌نگی هێز و هاوكێشه‌ی سیاسی له‌ نێوان خۆیان، و هه‌روه‌ها ده‌ستگرتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا، تا ئێستا نه‌یانویستوه‌ و نایه‌نه‌وێ ئەم پرسە چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
شه‌شه‌م: ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵات ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م هاتنه‌ئارای سیستمی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروستده‌كات. كه‌ هه‌ر خۆی ئه‌م مانه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا زه‌مینه‌ی دروستبونی دیكتاتۆر و سته‌مه‌كار خۆشده‌كات.
حه‌وته‌م: مانه‌وه‌ی درێژخایه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا رێگره‌ له سود وه‌رگرتن له‌ هێز و وزه‌ی نوێ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگادا دور له‌ حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە