تێپەڕبوونی حەفتا ساڵ بەسەر سەرۆكایەتى كوڕ و باوكێك
Wednesday, 16/09/2015, 21:19
بۆ مستەفا بارزانى لەنێو (نۆ) كوڕیدا ئیدریس و مەسعودى هەڵبژارد؟
جیاواز لە هەموو خانەوادە سیاسییەكانى ئەمڕۆى دونیا، خانەوادەى بارزانى یەكێكە لەو خێزانانەى كە تاوەكو ئێستا نەتوانراوە بەشی زۆری ئەو گرێ كوێرەیە بكەنەوە كە بە ڕوویاندا گرێ دراوە و بچنە دیوى ناوەوەى گوزەرانیان، بۆ دەستكەوتنى هەر زانیارییەك پێویستى بەهەوڵ و ڕەنجێكى زۆرە بۆ گەیشتن بە كۆڵانە داخراوەكان، كە ئەمەیش بێگومان هەموو کەسێک چانسى ئەو زانیارییانەى نییە كە پێی بگات، ژیان و نهێنییەكانى ئەو بنەماڵەیە كەنزیكەى (حەفتا) ساڵە یاری بە چارەنووسی کورد لە باشوور دەكەن و کاریشیان کردۆتە سەر بەشەکانی دیکەش.
یەكێك لەبەهێزترین كارەكتەرەكانى بنەماڵەى بارزانى (مستەفا بارزانی) باوكە، باسكردن لەمێژووى بارزانییەكان، تەنانەت ئەگەر گێرانەوەى حیكایەتەكانى بەر ئاگردانیش بێت، دەبێ سەر پێییەك باسێكى بارزانى باوك بكرێت، كە بەلاى بارزانییەكان و هەوادارانى پارتى دیموكراتى كوردستانەوە بە باوكى ڕووحى نەتەوەى كورد ناوی دەهێنن.
مستەفا بارزانى
مەلا مستەفا كوڕى شێخ موحەمەدى بارزانییە، ساڵ و مانگ و رۆژی لە دایکبوونی ئاشکرا نییە، چونکە لەو سەردەمانەشدا و تاکو ئیستاش کۆمەڵگای کوردیی و ئیسلامی نەخوێنەورا بووە و نەگەێشتبووە ئەو ئاسەتەی وەکو ئەمڕۆ ئەو مێژووە بە راست و رەوانی بزانێت، هەربۆیە بنەماڵەکەی، ئەو مێژووەیان بۆ داناوە، کە گوایە لە 14/3/1903 لەگوندى بارزان لەدایك بووە، بەماوەیەكى كەم پێش لەدایك بوونى، باوكى كۆچى دواى دەكات.
باسكردن و لێكۆڵینەوە لەمێژووى سیاسەت و بیروباوەڕى بارزانییەكان بەبێ مەلا مستەفاى بارزانى، باس و لێكۆڵینەوەیەكى ناتەوا دەبێت، چونكە گومان لەوەدا نییە كە بەشێكى گرنگى ئەو ڕووداوانەى لە سەردەمى ئەودا لەكوردستان ڕوویانداوە دوور و نزیك پەیوەندى بە خودى مەلا مستەفاوە هەبووە، ئیدى ئەو ڕووداوانە سەركەوتن بووبێ، یاخود كارەسات و ماڵوێرانى.
لەهاوینى ساڵى 1931دا برادۆستییەكان هێرشێك دەكەنە سەر بەشێك لەگوندەكانى ناوچەى شێروانییەكان، خانووەكانیان دەسووتێنن و مەڕ و ماڵاتیان بەتاڵان دەبەن، ئەو دەمە مستەفا بارزانى لەهەڕەتى گەنجیدا دەبێت و برابچوكى براكانى ترى دەبێ، هێزێك لە بارزانییەكان كۆدەكاتەوە و دەچێ بەدوایاندا، لەدەشتى (هێرتى) دەگات پێیان و پەلاماریان دەدات، تاڵانییەكەیان لێدەسێنێتەوە.
ئەم سەركەوتنەى مستەفا بارزانى وایكرد ئەستێرەى بەختى بەرەو درەوشانەوە بچێت و ببێتە جێگاى متمانەى خەڵكى ناوچەكە، نەخوێندەوارییەكەى كاریگەرى نەبێت بەسەر كەسایەتییەوە، كە باس لەوە دەكرێ خوێندن و نووسینى نەزانیوە، جگە لە ئیمزایەكى عەوام، وخوێندنى مەلایەتى نەخوێندوە، لاى هیچ كەس و لەهیچ مزگەوتێكدا ئیجازەى مەلایەتى وەرنەگردووە، پێشگرى (مەلا)یش بەناوەكەیەوە تەنها نازناوێك بووە.
مەلا مستەفا ڕۆژ لەدواى ڕۆژ زیاتر دەردەكەوت، ئەستێرەى سەرووتر دەكەوێت، چەكدار و لایەنگرانى زیادى دەكرد، بۆیە حكومەتى عێراقى بڕیارى هێرشكردنە سەر بارزان دەدات، بارزانیش هەست بە نابەرامبەرى هێزەكانیان دەكات، بۆیە لەگەڵ لایەنگرانیدا بڕیارى بەجێهێشتنى عێراق دەدات و ڕوودەكەنە ئێران.
بارزانى باوك لە 16 ـ ئابى 1946 لەسەرو بەندى هەڵكردنى ئاڵاى كۆمارى مەهاباددا كوڕێكى دەبێت بەنێوى (مەسعود)، بارزانى لەئێران دەمێنێتەوە تاوەكو ڕووخانى كۆمارى مەهاباد، لەوكاتەدا نزیكەى (500)چەكدارى لەگەڵدا دەبێت، بەڵام بارزانى و چەكدارەكانى لەساڵى 1947دا كوردستان بەجێدەهێڵن و بەرەو سۆڤییەت دەكەونە ڕێ، (52)ڕۆژیان پێدەچێ تاوەكو دەگەنە سۆڤییەت، بەگەیشتنیان كاربەدەستانى سۆڤییەت چەكییان دەكەن و بڵاوییان دەكەنەوە بەسەر كۆمارەكانى سۆڤییەتدا.
دەربارەى ژیانى مەلا مستەفا لە سۆڤییەت كەم زانراوە، خۆیشى زۆر كەمى باسكردووە، پارتییەكان دەڵێن ئەو دەمە ژەنراڵ بووە لەسوپاى سوردا، بۆچوونێكى تریش هەیە باس لەوە دەكات كە بارزانى تاوەكو مردنى ستالین قەسابى كردووە، بەمردنى ستالین دەرگاى خۆشگوزەرانى لە بارزانییەكان دەكرێتەوەو تاڕادەیەكیش ئازادییان بۆ فەراهەم دەبێ، تالەساڵى 1958دا دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان.
مستەفا بارزانى سێ ژنى هەبووە، دووانیان بارزانى و ئەو تریان زێبارى بووە، لەژنى یەكەمى: عوبێد و لوقمان، كە ئەمیان ئەنفالكراوە، لەگەڵ سابیر، لەژنى دووەم: ئیدریس كە كۆچى دواى كردووە و باوكى نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى ئێستاى حكومەتى هەرێمى كوردستانە، لە ژنى سێیەم كە كچى مەحمود ئاغاى زێبارى بووە، مەسعود و دڵشاد و نیهاد و سیداد و وەجیهى هەبووە، ئەم ژنەیان لاى مەلا مستەفا لەهەموویان لەپێشتربوو، نازى دەدا بەسەر ئەوانى تردا، ناكۆكى نێوان ژنەكانى كاریگەرى لەسەر پاشەڕۆژى كوڕەكانى كرد، تەنانەت باس لەوە دەكرێ هۆكارى پەراوێزخستنى لوقمان و عوبێد و سابیر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێیە.
بارزانى باوك دواى توشبوونى بە نەخۆشى شێرپەنجە، لەساڵى 1976 بەمەبەستى چارەسەركردنى نەخۆشییەكەى، بەرەو واشنتۆنى پایتەختى وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا لەگەڵ (مسعود و ئیدریس بارزانى) بەڕێدەكەون، بەڵام پزیشكەكانى بێ ئەمێد دەبن لەچارەسەركردنى و گەڕاندنەوەى بۆ ژیان، تاوەكو لە 1/3/1979 لە ئەمریكا لەتەمەنى 76ساڵیدا كۆچى دواى دەكات.
پێش كۆچى دوایى بارزانى، لەنێو هەر نۆ كوڕەكەیدا (مەسعود و ئیدریس) لەهەموویان زیاتر بەختى وەرگرتنى میراتەكەى باوكیان هەبووە، ئەمەیش بەدڵنیاییەوە پەیوەندى بەخوێندنەوەى سایكۆلۆژى باوكیانەوە هەبووە بۆ هەریەك لەو دوو كوڕە بەجیاواز لەنەوەكانى ترى.
مسعود بارزانى
ژمارەیەكى گرنگى نێو هاوكێشە سیاسییەكانى عێراق، كەسایەتییەكى ناسراوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، حەفتا و نۆ ساڵ بەر لەئێستاو بەدیاریكراوى لە 16 ـ 8 ـ 1946 لەكۆماری مەهاباد و لەسەروبەندى هەڵكردنى ئاڵاى كۆمارى مەهاباد بەدەستى پێشەوا (قازى محمد) لە دایك دەبێت، هاوكاتیشە لەگەڵ دامەزراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان، كە لە ئێستادا خۆى ڕێبەرایەتى دەكات.
مەسعود بارزانى ئەو دەمەى كۆمارى مەهاباد دەڕوخێت، تەمەنى یەك ساڵان دەبێت، كە باوكى بەسوپایەك چەكدارەوە ملى ڕێ دەگرێ بۆ یەكێتى سۆڤیەت، بەڵام ئەوان دێنەوە عێراق و حكومەتى ئەو كاتەى عێراق دوریان دەخاتەوە بۆ بەغدا و ناوچەكانى ترى خواروى عێراق كە نزیكەى (10) ساڵ لەباوكى جودا دەبێتەوە و چاویان بەیەكدى ناكەوێتەوە.
ئەو لەئێستادا سەرۆكى هەرێمى كوردستانە و ماوەی سەرۆكایەتییەكەى بەسەر چووە، بەڵام جیاوازى ئەو لەگەڵ هەموو سەرۆكەكانى ئەمرۆى دونیا ئەوەیە تەنها بڕوانامەى پۆلى شەشەمى سەرەتایی هەیە، بەڵام هەر یەكە لە زمانەكانى عەرەبى و فارسی و کەمێک ئینگلیزی دەزانێت و تەنها شتێكیش كە شانازی پێوە بكات، جلە خاکیی و سەردەمی شاخ دەبێت، كە لە ساڵى 1962دا ئەوكاتەى تەمەنى شازدە ساڵ دەبێت رادەکاتە دەرێ.
ساڵى 1965 لەتەمەنى نۆزدە ساڵیدە لەگەڵ (جویرە)ى كچى شێخ موحەمەد خالیدى بارزانى خێزان پێكەوە دەنێ لەئێستادا خاوەنى هەشت منداڵە، پێنچیان كوڕن بەناوەكانى (مەسرور، مەنسور، موكسى، وەیسى، مستەفا، كە كوڕە بچوكەكەیەتى و بەمەلا مستەفاى بچووك ناسراوە)، مەسرور كە كوڕە گەورەكەیەتى ئەندامى مەكتەبی سیاسییە و بەرپرسی دەزگاى ئاسایشى هەرێمى كوردستانە و مەنسوریش بەرپرسى لیواى تایبەتە لەشوێنى (وەجیە بارزانى) مامى دانراوە كە لە 2003دا لەسەرو بەندى هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق بە هەڵە بەدەستى ئەمریكییەكان بریندار دەبێت و قاچەكانى لەدەست دەدات، سێ كچى هەیە، بە ناوى (ئونیرا، كە یەكەم منداڵى سەرۆكى هەرێمە، نەبیلە، كە خێزانى نێچیرڤانى ئامۆزایەتى كە لە ئێستادا سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستانە، ئورفا كچە بچوكییەتى).
مەسعود بارزانى تەنها لە سەفەرەكانیدا نەبێت چاكەت و پانتۆڵ لەبەر دەكات ئەگەرنا بەردەوام بەقاتێكى كوردیی خاکی و جەمەدانەیەكى سورەوە دەردەكەوێت، بەڵام قاتە كوردییەكەى تایبەتە بەناوچەى بارزان، تاوەكو ئێستا نەبینراوە جلێکی کوردی دیکە لەبەر بكات كە گوزارشت لە جلوبەرگى کوردی ناوچەکانی دیکە بکات، باڵایەكى كورتى هەیە و لە رۆیشتندا بەگورج و گۆڵى دەڕوات و خاوەنى کۆمەڵێک چەکداری زۆرە، کە هەمووی بۆ پاسەوانی خۆی و بنەماڵەکەی داناوە و چەندین دەزگاى ئەمنی بەهێزی دروست کردوو، بەڵام ئەم چەکدارانەی لەشەڕو ڕووبەڕووبوونەوەدا جێى متمانەى خەڵكى كوردستان نیین، بەجیاواز لەچەكدارەكانى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان.
ساڵى 1970 لەگەڵ ئیدریس بارزانى برایدا دەزگاى پاراستنیان دادەمەزرێنن و دەستدەگرن بەسەر مەلەفى ئەمنى ئەو حزبەدا و دەیخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە كە لە ئێستادا بەترسناكترین دەزگاى ئەمنى دادەنرێت، ئەو كەسانەى لەلایەن دەزگاى پاراستنەوە دەستگیركراون و پاشا ئازادكردنیان باس لەوە دەكەن كە لەو دەزگایەدا هیچ پرنسیپێكى مافى مرۆڤ ڕەچاو ناكرێ، دەستدرێژی سێکسی و کوشتن و سوتاندن و کاری زۆر ناشرینیان لەگەڵدا دەکرێت، سەرەڕاى ئەوەى خەڵكانێكى تر تاوەكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە كە لەلایەن ئەم دەزگایەوە ڕفێنراون، بارزانى بەهۆى مستەفا بارزانى باوكییەوە، ساڵى 1970 مەسعود بارزانى و ئیدریسی برای ئەندامى شاندی دانوسانكارى كورد و حكومەتى عێراق بووە، كە بەیانى 11ى ئازارى لێكەوتەوە، ساڵى 1971 پارتى دیموكراتى كوردستان كۆنگرەى (هەشتەم)ى خۆى دەبەستێ، لەو گۆنگرەیەدا بارزانى تەمەنى 25 ساڵە و دەكرێت بە ئەندامى كۆمیتەى ناوەندى پارتى، ساڵى 1976 تا 1979 لەگەڵ بارزانى باوكیدا ڕوودەكاتە وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا، لەو كاتەدا بارودۆخى ئێران ئاڵۆزدەبێت، رژێمی محمد ڕەزا شاى ئێران دەڕوخێت، بارزانى بۆ تەشكیلاتى پێشمەرگەكانى پارتى دەگەڕێتەوە بۆ ئێران بەڵام بەگەرانەوەى لەڕۆژى 1 ـ 3 ـ 1979 هەواڵى كۆچى دواى باوكى دەبیستێ لە نەخۆشخانەى (كلینك)ى واشنتۆن، بە مردنى بارزانى باوك تەواوى ڕێگاكانى گەیشتن بەسەرۆكى ئەو حزبە بۆ بارزانى كوڕ چۆڵ دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەیش لەتشرینى دووەمى 1979 پارتى گۆنگرەى (نۆیەم)ى خۆی دەبەستێت و دەكرێت بەسەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، كە تاوەكو ئێستایش لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە، بارزانى یەكێكە لەو كەسانەى كە زۆر ئارەزووى پلە و پایەیە، تەنانەت من لەگەڵ یەكێك لەسەرۆكى ئەم حیزبانەى كوردستان دانیشتووم باسى ئەوەى بۆ كردووم كە بارزانى چەندە شەیداى پۆستى سەرۆكى هەرێمە، ئەو دەیگوت بەهیچ شێوەیەك ئەو پۆستە بەجێناهێڵێت و هەموو جۆرە شەڕێكیش لەو پێناوەدا بەهەق دەزانێت، هەر كاتێكیش دەسەڵاتەكەى كەوتبێتە مەترسییەوە پەناى بۆ هەموو رێگایەک بردووە، لەسەردەمى دەسەڵاتى مەسعود بارزانیدا، هەمیشە پارتى بەرزونزمى بەخۆیەوە بینیوە، لەهەمان كاتدا بەشێكیش بوونە لە ڕووداوەكانى عێراق و هەرێمى كوردستان، كەلە گرنگترینیان ڕووداو (31ى ئابى 1996)ە، كە خودى مەسعود بارزانى تانکەکانی حكومەتى عێراقى هێنایە كوردستان بۆ شەڕى یەكێتى، كە ئەمە ڕووداوێكە نە لەبیر ئەچێت، نەشایەنى بیر چوونەوەیشە.
لایەنگرانى حزبەكەى بارزانى جیاواز لە لایەنگرانى پارت و لایەنە سیاسییەكانى ترى كوردستان، خوێندنەوە بۆ سەرۆكەكەیان دەكەن، پێیان وایە سیاسییەكى كاریزما و شۆڕشگێڕێكى بێ وێنەیە، (پۆل برێمەر) لەیاداشتەكانیدا لەبارەى مەسعود بارزانییەوە دەڵێ: "مەسعود بارزانى خاوەنى گەورەترین كۆمپانیاى بەرهەم هێنانە لەباكورى عێراق، هاوبەشى جوولەكەیەكى ئەمریكى بەڕەگەز عێراقییە بەناوى (داود حلیان)".
بارزانى لە25ى تەموزى 2009 بە دەنگى لە 70% ى هاوڵاتیانى كوردستان بووە بەسەرۆكى هەرێمى كوردستان، ئەگەر چى لەئێستادا ماوەى سەرۆكایەتییەكەى بەسەرچووە، بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەى دەستبەردارى پۆستەكەى نەبێت، بۆیە زۆرێك لەچاودێران زۆربوونى قەیرانەكانى ئەمڕۆى هەرێم دەگەڕێننەوە بۆ ئەو پۆستە كە بارزانى لەدواى خۆى بەكەسى ترى ڕەوا نابینێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست