کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزیرى دارایى موچەى سەرۆکى هەرێم ئەبڕێت

Wednesday, 16/09/2015, 20:14


    بەساقەت بم نەک جارێک هەزار جار ئەزانم ئەتەوێت بەخشکەیى موچەکەى سەرۆکى جارانى هەرێم  ببڕیت ، چونکە بە پێى یاسای (بۆ درێژکردنەوە ) کۆتایى بە پۆستەکەی هاتووە،  ئێستا  پیشەیەک بەناوى سەرۆکى هەرێمەوە نەماوە ، ئەو موچە باوە ئەبێت بە داهاتێکى  باش ، کە زۆر کون و کەلەبەرى  پێدەگیرێت ،   هەرچەند ژمارەکەى نازانم  ئەڵێن موچەکەی سەرۆکی جارانی هەرێم زۆرە ، خۆ کاکە عەلى حەمە سالەح  ژمارەى موچەکەى کاکە مەسعودى هەر نەژمارد  تا بزانین مانگانە چەندی وەردەگرت؟، دورنییە حاسیبەکەى تووشى قەیرانى بێ شەحن  بووبێت . خۆ خوا نەخواستە موچەى  کۆنە سەرۆک  وەکو جانتاکەى وەزیرى پێشوو ون نەبووە باسى ناکات، بەڵام مادام چوار سالى ئارامە ، واتە من و چەندەها کەسی تر ناچارین ملە لەقێى ئارامی بکەین و گوێ قوڵاخ بین ، هەتا هەواڵە خۆشەکە  ڕائەگەیەنن .
      ئیستا کە سەرقاڵى ئەوەن خشتەى موچەى وەرزىی بۆ میدیاکان ئاشکرابکەن ، ئامان و سەد ئامان داخى دڵى ئابورى میللەت بەو ئاشتی هەورامییە نەعلەتیە بڕێژن کە چۆن ئێوەى هەڵفریوان و ناردنى بۆبانکەکەى تورکیا و بە هەناسەى سارد و جانتاى بەتاڵەوە گەڕانەوە بۆ نیشتیمانە باخەڵ خاڵیەکە  .
  هەزار نەفرەت لە سەرۆک و لە موچەکەى، بەڵام جەناب خۆ ئەم سەرقاڵییەى بەڕێزتان ناکرێت رەعیەت لە قەڵەمڕەوى سلێمانى فەرامۆش بکرێت  بابە کیرفانى خاڵیەوە و بێ باکانە دەمەقاڵەییەک بکەین  :
   وەزیرى بەڕێز خۆشحاڵ بوین کە گۆڕان  ئەم وەزارەتى داراییەی وەرگرت ، بەو هەموو  پەیمانە قەبە و قەڵەو و هەمە چەشنەوە ، ئەوەندە خۆشباوەڕ بووین وامان ئەزانى ئیتر بۆ هەتا هەتایى سێبەرى وەزارەتى پێشوو ئەچێتە جبەخانەى مێژووەوە ، حەیف نەک هەر وانەبوو بەڵکو ئەوان وەستایانە تر بوون لەوەى ئیوە، ئەم دۆخە لیخنەى لەپاى ئیدارەى ئێوەدا باڵى ڕەشى بەتایبەتى بەسەر سلێمانێدا کێشاوە ، کارمەندانى بانکەکانى سلێمانى ناچارکردووە کە گروپى ئۆپۆزیسێۆن پێکبهینن ڕێک  وەکو جارانى خۆتان .
     تکا دەکەم وەکو ڕاسپاردەیەکى دراوسێیەتى ئەمە بە بەڕێوەبەرە گشتی بانکەکان نەڵێیت چونکە هۆردوى ڕاپۆرتنوسەکانمان لێدەوروژێنێت ، زەحمەتە بەرگەى چزوەکانیان بگرین بەم سکى برسى و باخەڵە خاڵییەوە.
ئەرێ براى هاوشارى ئێوە چ خۆشیەکتان لەم بەڕێوەبەرە  دیوە ، بێجگە لە زیقەزیقەکەى  .
  جەنابى وەزیر، بەقسەى ئەمو ئەو نەکەیت و بچوکترین کاردانەوەى وەزارى بەرامبەر بانکى ئاشتى لە سلێمانى نەکەیت ، قیروسیا چەکى بازاڕى دۆلارەکە و قەیوان و نۆکان و کۆمپانیاکان و ..... هەتا دواترو دواتر ،  لەوێ خەرج ئەکرێت  چونکە بەڕێوەبەرە گشتیەکەتان تاقەتى چاوى هەڵبڕینىان نەماوە  لەبەر ئەوەى خۆى دوور لە ئێستا کوڕە هەژاربوو ئێستا دلى کوڵ دێنێت کە ئەبینێت لەو بانکە بەزەییان تەنانەت بەکارگوزارێکێشدا دێتەوە حسابی بۆئەکەن چەکى کۆمپانیا و خاترداران ئەخەنە حسابەکەى بۆ ڕاییکردنى کارى هاوڵاتیان ، هیچ لەگەڵ کەف وکوڵى دڵا ناکرێت .
     جەنابى وەزیر ئەوا خۆم هەڵداوەتە ماڵەکەتەوە  ،  داواکارم کەهیچ کاردانەوەیەک نەکەیت ، بەرامبەر بەڕێوەبەرى ئەو بانکە ، چونکە لە هەزار ئاوى داوە لە کاتى لافاودا و سمێڵى هەربەپێوە ماوە ، دۆستایەتى ئەو و کۆمپانیاکان سنورى خزمایەتیشى بڕیوە و تەیمان وسیمى دڕکاوى لەنێوانیاندا نەماوە ، کاتێ  دیوەخان کراوەو پارە فرەبوو بانک پارەى قەرزى ئاسانکارى بەکۆمپانیاکان ئەدا ، بۆ کەس و کۆمپانیا هەبوو ئەم چرنوقى چەورى لێنەگرتبێت ، ئاى لەو کاسبی و دەورو زەمانە  بێئارەق ڕشتن بوو ، تەنانەت و ژێر بەژێرو بە ئاستەم ئەچووە بن کڵێشەى عەمیلەکان دۆسیەکانى لە بانکەکانىترەوە بۆ بن هەنگڵى خۆى ئەگوێزایەوە .
     جەنابى وەزیر کەمەنگیرت بم ، ئەم بەڕێوەبەرە ئێستا لاى ئێوە چەند دەم ولەبز شیرینە ، هەروا پیشەیبووە ، جاران بەزۆر بەڕێوەبەرى بانکەکانى بۆ مەڵبەندى یەکێتى ئەبرد لێپرسراوى ئەو کەیسەبوو ، ئەگەر چەرخى زەمانە گۆڕا و بەخێر ئەم دوساڵە وەزارییەى ئێوە تەواو بوو ، وابزانم ئەو کاتە وەکو جەندرمە هەمویان ڕاپێچى حیزبێک هەر ئەکات ،  ئێمەى فەرمانبەریش ئەکەوینە وەجبەوە . زۆر ئەترسین ناهەقمان نیە ئەو ئەوەندە وەستایانە کار ئەکات و ژنەکەى خۆى ئەگەر پەنجەکانى دەستى نەبێت نازانێت پێنج وپێنج ئەکاتە چەند ، کردى بە بەڕێوەبەر و ئەترسم دوایى ئەم کابینەیە  ئێوە دێکەى خۆشیان بکات بەبانک ئینجا وەرە بگەرە مامە خەلان و تونێلەکەى ئەزمڕ داخرا بێت .
         جەنابى وەزیر .. بیکە بەخاترى ئەو گەنجیەت ، ئەو بەڕێوەبەرە زۆر نیە لە گەشتى دورە ووڵات گەڕاوەتەوە ، هێشتا بۆنى سەفاو سیاحەتى وئەو وڵاتانەى لێدێت ماندووە ، جارێ لیبگەڕێ  بابەدەفتەرى حساباتەکەیدا بچێتەوە تەنها پەنجا وەرەقە دۆلارى وەرگرتووە  نەوەکو کورتى هێنا بێت خاوەن داوەتەکە ى لەدەست بچێت . خۆ خودى خۆى لە هەوارگەکەى سیتەک شەوانە هەمو شتێیک لەگەڵ جەنابى بەڕێوەبەرى گشتیەکەى ئێوە تاوتوێ ئەکات جەخت لەهەمو خاڵەکان ئەکاتەوە وابزانم تیشیکیان ئەخاتە سەر ، قەیناکە زمانى بەدى قەت لەگۆ ناکەوێت دانى خێر بەهیچ هاوپیشەیەکى خۆى دانانێت بۆى بکرێت بەجوملە ملیان ئەشکێنێت ، چى ئەکەیت  ئێوەش هەر ئەو بەڕێوەبەرە گشتیەتان هەیە و  سوور ئەزانن هەرزەکار ئاسا یارى و مەزاقى پێدەکات  ئیتر ئەوەیە ڕووى نەبونى ڕەش بێت . هەژارى خەوش نیە .
      جەنابى وەزیر .. بیکە بەقوربانى ئەم قەیرانى  نەبونى دراوە  نەک درۆ ، چى تیایە باخەزنەى بانکى ئاشتى خاڵى بێت ، خۆ کاکۆلەى بەڕێوەبەرى گشتى بەچاوى پر لە میهرى خۆى بینیویەتى ، زۆر وتو ووریایە بۆ ئەوەى بەڕێزتان هیچ خەمێکتان نەبێت لیژنەیەکى بۆناردون ، لیژنە ئەما لیژنە پسپۆڕ لە نەزانیندا شارەزا لە دوڕوی ، خراپ نیە تۆش تۆزێک دڵخۆش ببیت ، ڕێک لەو لیژنانە ئەچێت کە لەچیرۆکەکانى عەزیز نەسیندا هەیە ، سەرۆکى لیژنەکە کەچووە بۆ بانکى ئاشتى هەروا وەکو خۆى بەدەمى شیرینى پڕ لەنوقڵ و نەباتى وتویەتى  : بەخوا بۆناو هەروا چاوێکمان خشاندووە ، سینیەکى گەورەى کەبابیان خستۆتە بەردەمى ئەڵێن بۆن و بەرامەى کەباب گەیشتۆتە جادەى قەراخى کۆن ، هەرفەرمانبەرە و ڕوانیویەتیو وتویەتى ئاخ وسەد داخ لە بێموچەیى  بەبۆن وبەرامەى کەبابەوە ،  سینیە کەبابە وەها گەورەو ڕازاوە بووە ، پیاو بەغیرەت نەبوایە هەر سەیری بکردایە یەکسەر و دە سبەجێ کۆلسترۆلەکەى ئەفڕى . ئەگەر شایەدحاڵتان ویست ئامادەم ڕوبەرى سینیەکەتان پێبڵێم بەمەرجێ حەسانیەکم هەبێت تاقەتم نیە لوتم بتەقێ بەلوتى کابرایەکى دۆڵانیەوە .
   لیژنەکە بچێتە هەر بانکێکەوە هەر لە دەروازەکەوە فەرمانبەرا هەستى پێدەکەن چونکە ئەوەندە کەبابیان خواردووە بۆنى کەبابیان ڕۆژە ڕێیەک ئەڕوات ، ئیتر پێویست بەوە ناکات بڵێن :  وا لیژنەکە هات وەکو هەولێریان دەرێن  . مەسرەفى کەبابى لیژنەى کەبابەکە ، یان لەسەر گیرفان یان لەسەر نەسریەى بانک کە ئەمەیی دواییان  دژ بەمەبەستى ستراتیژى بڕیارى ١٠١٨ کاک نێچیرڤان ئدریس مستەفایە ، ئاوا ئەگەر وابێت ، لەغەزەبى بەڕێوەبەرى گشتى قوتارنابێت لەبەر ئەوەى بەڕێزیان بەرگریکارێک و پارێزەرى سەرسەختى ئەو بڕیارەیە ، ئەوەندە سەرسامە بەو ژماریە هەمیشە ویردى سەر زمان و ناو زاریەتى دورنیە ژمارەى مۆبایلەکەى بەو ژمارەیە بگۆڕێت . بەڵام دنیا دنیایە دۆستایەتى هەرهەبوە  خۆقیامەت هەڵناسێت .
   قوربانت بم وەکو نمە ئەڵێت ، ئێستا پەیڕەوى ڕێنماییە بانکیەکان ئەکرێت ، تەقەشوف و سکهەڵوشین لەبەرنامەدایە ، کەباب وەکو سینیەکەى بانکى ئاشتى نەماوە ، بووە بە پاروو واتە لەفە ، لەم ماوەیەى پێشوا  لیژنەکە لەبانکێکى لاى شەست مەتریەکە کەباب بەپاروى بەیان خورا ، تەنها گلەیى لیژنەکە ئەوە بو کە پارووە کەبابەکان بەبێ ترش بون ، ترسى ئەوەیە ئەو خاڵە بخرێتە ڕاپۆرتەکەوە ،  خوا بکات پاروو خانەکەش سەلامەت بێت .
    جەنابى وەزیر توگۆڕى ئەو باوکە پێشمەرگەیەم مردو منى بە فەرمانبەرى نەبینى  کاتێ تۆى لەشارباژێڕ بینیبوە  لە بێشکەدا بویت ، ئەم کەیسى کەبابە گەورە نەکەیت ، چونکە زۆر نیە هەر بەحوکمى ڕێنماییەکانى کەباب ، هاوسەرى بەڕێوەبەرى  بانکى ئاشتى سوپاس و پێزانینى وەرگ  رت لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتیەوە ، وەکو لەکامێرەکەى کەبابخانەکەى  شکار دەرکەوتوە هەرلەوێ ئەو بڕیارە چەورە  دراوە . داوەتەکە چەند قۆڵی بووە هەر لە سەرەتاوە بە سازانەوە چوبون . نوخشەى ئەم سازان و تەباییەش لەحیزبەکان ،  وەڵا باوکم بەڕیوەبەرى گشتى زۆر بەخشندەیە و فەقەراتى حاتەمى - تەى تێکشکاندووە ، ئەڕواتە هەر بانکێک پێنج پێنج سوپاسنامە ئەبەخشێتەو ، بەبێ ئەوەى کارێکى شایتەى وەها کرابێت ، تۆبلێیت ئەم پێنجبازیە هێمایەک بێت بۆ پێنج حیزبە کوردستانیەکە ،  بەڵام  :
    جەنابى وەزیرموچەکەى سەرۆکە ئێکسپایەرەکە هەرببڕى ، نەهێلى بەئامان وزامان بەڕێوەبەرى گشتى سوسەى ئەوکارو بڕیارەت بکات هەتا تەقەى لێهەڵئە سێنێت ، چونکە بروسکە ئاسا ئەگاتە لاى هەڤاڵانى پارتى ، ئەو کات ئەبێت سازان جوانە مەرگ  و زیندە بەچاڵ بکەین و باسى خشتەى موچەى وەرزیش نەکەین .
         ماڵئاوا ....  لەئێوە و لە وەزارەت ، بەم زوانە بانکى ئاشتى جێناهێڵین ، بەڵام هەتا بانکێکى ترو هەواڵى کەباب و لیژنەیەکى تر ، ماڵى ئێوە و ئێمەش ئاوا بێت و سەد ماڵ و سەد وەزارەتى ترى لێبکەوێتەوە دور لەچاوى عەبادى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە