کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستان بەرەو باوەشی عروبە

Tuesday, 15/09/2015, 18:22


مانەوە لەگەڵ ئێراق خۆکوژیەکی لەسەرخۆیە 
عەرەب بە لافیتەیەکەوە کە نوسراوە (عێراق وڵاتێکی عەرەبیە. بەڵێ بۆ یەکێتی نیشتمانی)
ئەوەی سەدام و بەعس بە شەڕ لەگەڵمانا بۆیان نەکرا (کە سەرکی ترینیان تەعریبکردنی کوردستانە) ئەمرۆ بە بێ شەر و بەدەستی خۆمان بە زیادەوە بۆمان کردن! ئەمڕۆ سەرەتانی عەرەب و ئیسلامی لە جەستەی کوردستانی داوە، وا خەریکە خەونی ناسنامەی کوردی لە باشوری وڵات بەرەو هەڵدێر رادەماڵێ. لە سەردەمی بەعسدا عەرەب نەیدەوێرا بەئاسانی بێت لە کوردستان نیشتەجێ بێت، چونکە عەرەبی عێراقی رژێم و دەسەڵاتە فاشستەکەی خۆی باش دەناسی، کە چۆن دوژمنایەتی کورد و عەرەبی گەندبووە لوتکە. عەرەب بە سەرۆکایەتی سەدام و بەعس دەستی بۆ جینۆسادی کورد برد بوو، عەرەب ئەوەندەی تاوان بەرامبەر بە کورد ئەنجام دابوو، بەچاوی نەیارو بە ترسەوە نەبێ بە هیچ شێوەیەك نەیدەتوانی لە ناوچە کورد نشینەکان نزیك بێتەوە، بۆیە عەرەب بەشێوەیەکی گشتی بەبێ پشت و پەنای دەبابەو هێزی رەژێمەکەی هەستی بە ئاسایش نەدەکرد لە ناو خاکی کوردستانا. بۆیە بەعس بەو هەموو تەقەلایەی خۆیەوە بە کوشتن و بڕین و تەرحیل، ئێستاش نەیانتوانی بەتەواوەتی کەرکوکی ئاگرو برین تەعریب بکەن.
بەڵام ئەمڕۆ هاوکێشەکە بۆ عەرەبی ئێراق تەواو جیاوازە، لەکاتێکا کورد لەلایان دەسەڵاتە خەسیوەو بێسەروبەرەکەی خۆیەوە داماو و ماڵوێرانە، کوردستانیش بەشیکە لە عێراق و عەرەبیش پێوستی بە هێز و دەبابەی سەدام نەماوە بۆ ئەوەی بە ئارامی لە کوردستان پاڵباتەوەو خەون بە تەعریبکردنی سەرتاسەری کوردستانەوە ببینێ، ئەمڕۆ هێزو دەسەڵاتی کوردی ئەو ئەرکەی خستۆتە سەرشانی خۆی، باشترین ئارامی و ئاسیشی بۆ داگیرکەرانی سبەینێ دابینکردوەو. وا خەریکە ئەو خەونە لەمێژینەی بەعس بۆ برا چاورەشەکانمان دێنێتە دی. شیعەو سونەی عەرەبی ئەگەر لە هەموو شتێکدا ناکۆك بن، ئەوە هەموو کات و سەردەمێك لە کێشەی کوردو داگیرکردنی کوردستان کۆکن. ئەم کێشەی نێوان سونەو شیعەی عێراق کاتیەو هەر ئەوەندەی رێککەوتن، یەکەم دانیشتنیان لەسەر ئەوە دەبێ کە چۆن ئایەتێ، سورەتێ لە قورئانەکەیان دا بدۆزنەوە کە هەردوولایان لەسەری کۆكبن بۆ دەستبردنەوە بۆ لەڕیشەکێشانی ناسنامەی کورد.
ئەمڕۆ ئیترهەموو شوێنێکی ئێراق بۆ عەرەب یەکە. کورد دەبێ ئەوە زۆر باش لەبەرچاوو بگرێت کە لە چوارچێوەی ئێراق دا کەمینەیە و هەتا ئێستا خاوەنی کیانێکی سەربەخۆی خۆی نییەو، بە فەرمی سەر بە عێراقە کە عەرەب تێیدا زۆرینەی راهایە. هێواش هێواش هاتنی عەرەب بە لێشاو بە بیانوی نائارامی خواروی عێراق بۆ ناو خاکی کوردستان رەنگی کوردی هەتا دێت کاڵترو کاڵتر دەکاتەوە، تا لە مەودایەکی نزیکدا کوردستان بەتەواوی دادەپۆشێ. رێگەدان بە هاتنی عەرەب بەو شێوە زۆرە و بەو بێبەرنامەییە، لە چەن دەیەی دوایدا شارێك، شوێنێك، شوێنەوارێك نامێنێتەوە کە بۆن و رەنگ و مۆرکی کوردی تێدا بێت. وڵاتانی عەرەبی خەلیج کە وێرای ئەوەی خاوەنی چەندەها وڵاتی سەربەخۆی خۆیانن، کەچی کەسێکی تەنانەت عەرەبێکی بێگانە بۆ سەد ساڵ لەوێ بژێت، قەت ناتوانێ ببێتە خاوەنی بستێك زەوی خۆی. کە من دیارە ئەمەم پێباش نییە، چونکە ئەو وڵاتە عەربیە خلیجیانە خاوەنی وڵات و سیادەو زمانی رەسمی وڵاتی خۆیانن. هەموو بینیمان چۆن دەرگایان بەڕووی هەزاران هاوزمان و هاودینەکانی خۆیان داخست. بەڵام بۆ کورد کە هەتا ئێستا بەشێکە لە عێراقی عەرەبی و ئەوەی هەیەتی تەنها ناوچیەکی جیۆگرافی دیارە کە لەچەن شارێك پێكهاتەوە کە سەرنشیکەی کوردن و هیچی تر، کە لەبەر ئەو هۆیانەی لەسەرەوە باسم کردن تا ئەمڕۆ بە کوردی ماوەتەوە. بەڵام ئەوا ئەمڕۆ بەبەرچاوی هەموومانەوە هەنگاو هەنگاو سەرجەم کوردسان بەرەو باوەشی عێراق و عروبە دەخزێ کەسیش هەتا ئێستا هەنگاوێکی کرداری بۆ ڕێگرتن لەم دیاردە ترسناکە نەناوە. ئەم دیاردە ترسناکە پێمان دەڵێ: تازە ئیتر مانەوە لەگەڵ عێراق یەعنی خۆکوژیەکی لەسەخۆ.
لە میژوی رەشی عێراق دا هەرگیز کوردێك نابینی لەودیوی چیای حەمرینەوە کە سنووری کوردستانی باشورە هیچ شوێنێك بەخاکی خۆی بزانێت، هەرگیز کورد بیری لای ئەوە نەبووە کە خاکی عەرب داگیر بکات و حوکمی هەموو عێراق بکات. بەڵام هەموو کات وسەردەمێ لە عەرەبێکی زۆر سادەی عێراقی بپرسە یەکسەر ئەڵێ (من بصرة الی الزاخو) واتە لە شاری بەسراوە بۆ شاری زاخۆ هەمووی خاکی عێراقە.
راستییەك بۆ ئەو دۆستانەی کە لەوانەیە من وەکو کەسێکی راسیست وێنا بکەن بەڵام ئێوە قەت سەرنجتان داوە کە باسی مێژوی داگیرکاریەکانی ئەمەریکا دەکرێت، هەموو میدایاو رۆشنبیری و شێخ و عولەماو ئیمامەکانی عەرب یەك بە یەك مێژوی ئەمەریکات وەکو داگیرکەرێك بۆ رێز دەکەن: تاوانەکانی ئەمەریکا بەرامبەر نکاڕاگوا، ڤێتنام، کوبا، عێراق.. هتد. بەڵام کە باسی جینۆسایدی کورد ئەکەی بەدەستی حکومەتی عەرەبی عێراق، یەکسەر بە بیرێکی ئاسودەوە ئەڵێن بابە ئەوە رژێمی سەدام بوو، ئەوە پەیوەندی بە عەرەب و عێراقەوە نییە. بەڵام بۆ ئەمەریکا قەت ناڵێن ئەوە نکسن، کلنتن  یان بۆش بوو، هەر دەڵێن ئەوە ئەمەریکایەو تەواو! سەیرەکە لەوەدایە کە زۆرێك لە خەڵکی کوردستانیش پێیان وایە کە لەسەر بڕیارو دەسبردن بۆ جینۆسادی کورد نابێ پەنجەی تاوان بۆ عێراق و عروبە رابکێشین!!! هەر ئەم خۆبەکەم زانین و کورتبینەیەی ئێمەیە وایکردوە، کە رێژێمە یەك لەدوای یەکەکانی پاش بەعس قەت داوای لێبوردنێکیش شایەن بەکورد نەزانن لەسەر دەستبردن بۆ جینۆسادی ئەنفال بە دەستی کیانی عەرەبی عێراقی، کە ئەوان لە ئێمەی کورد زۆر باشتر لە مەسئولیەتە مێژوییەکەی تێگەیشتوون. باشترین نمونەی بەرجەستە ئەوەیە کە ئامادە نەبوون (سەدام حسێن) لە سەر جیۆسایدی کورد لەسێدارە بدەن.
تاکە چارەیەك، کە هەرچەن زۆر درەنگیشە، ئەوەیە کە کورد لە زووترین کاتدا بڕیاری جیابوونەوە بدات، کە ئەمایەن زۆر لە گەدوگیپاڵی دەسەڵاتی باشور ناوەشێتەوە. یاخود ئیتر نابێ خەڵکی کوردستانی دڵشکاو چاویان لە دەستی دەسەڵاتی بێ پلان و پاسیڤی کوردی بێت کە باری ئەو دۆخە کارەساتبارەیان بۆ راستکاتەوە. دەسەڵاتێك کە ئەوەندەی سەرقاڵی کەڵکە کردنی سامان و پلەوپایەو خۆبۆیاغ کردنەوەیە، نایانپەژێتە سەر پێشبینی کردن بۆ نزیكترین باشەرۆژی نیشتیمان. دەبێ خەڵکی کوردستان خۆیان کۆبکەنەوەو هێز دروست بکەن و دەستبکەن بە جێلەقردنی و ناردنەوەی عەرب بۆ ناوچەکانی خۆیان. هەرچەن لە رووی ئینسانیەوە کارێکی تا ئاستێك ناڕەواش بێتەپێش چاوو، بەڵام ئەمە مەسئولیەتەو یەخەی گرتوین،  ئەگەرنا لەماوەیەکی زۆر کوردا عەرەب لە کوردستان وەکو دیفاکتۆیەك کۆمەنیتی و ناوەندی کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆیان دروستدەکەن بەپشگیریەکی باشی حکومەتی بەغداوە، ئەو وەختە منەتیان بە کوردی شارەکانی ئێمە نابێت کە خۆیان دورەپەرێزبگرن لێیان، یاخود بەرهەڵستیان بکەن. 
ئێستا ئەگەر سەدام بۆ سەعاتێك زیندو بێتەوە، لەوانەیە لەخۆشیا شاگەشکە بێت! کاتێ هەموو هەوڵی ئەو شارێکی بۆ تەعریب نەکرا، بەڵام ئەمڕۆ بە ئاستێکی سەرنچراكێش عەگالی عروبە لە کشاندایەو واخەریکە هەموو گردو لوتکەو چیایەکی باشور دەگرێتەوە. لەوانیە تەنها لەوە پەشیمان بێت کە باشە ئیتر بۆ شەڕی ئەم حیزبە کوردیانەی کردوە؟ بەراستی بەرنامەکەی ئەمان لە تەعریب کردنا، هەتا ئێستا زۆر سەرکەوتووترە لەوەی زەمانی ئەو!! لەکۆتایدا ئەوەی سەدام و بەعس بە شەڕ لەگەڵمانا بۆیان نەکرا ئەمرۆ بە بێ شەر و بەدەستی خۆمان بە زیادەوە بۆیان جێبەجێ دەکەین. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە