کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌مه‌ی سازان له‌په‌نا گه‌لێکی نوستودا…!

Tuesday, 15/09/2015, 7:57


له‌ ئێستادا هه‌رێمی کوردستان له‌ناو زۆنگاوی قه‌یرانه‌کاندا مه‌له‌ ده‌کات، قه‌یرانی دارایی، قه‌یرانی جه‌نگ، قه‌یرانی گه‌نده‌ڵی، قه‌یرانی کێشه‌ سیاسیه‌ ده‌ره‌کیه‌کان، قه‌یرانی نه‌بوونی ده‌ستورێکی نیشتمانی گشتگیر، قه‌یرانی بۆشاییه‌ یاساییه‌کان، قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش له‌هه‌موو قه‌یرانه‌کان گه‌وره‌تر.!
سه‌رباری بوونی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه،‌ حزبه‌سیایه‌ خاوه‌ن بڕیاره‌کانی هه‌ریمی کوردستان به‌بیانوی سازان خه‌ریکی گه‌مه‌ی سیاسین بۆ به‌فیڕۆدانی کات و غافڵاندنی گه‌ل، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیان وا گه‌وره‌ کردووه‌ له‌ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌جۆرێک که‌ ببێته‌‌ هۆی له‌بیرچوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م قه‌یرانه‌کانی تر.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م گه‌مه‌ی سازان و به‌فیڕۆدانی کاته‌ بۆته‌ هۆی وورده‌ وورده‌ گه‌وره‌بوون و فراوانبوونی زۆنگه‌ گه‌وره‌که‌ی قه‌یرانه‌کان، وه‌ بۆته‌ مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، وا خه‌ریکه‌ هه‌موو گه‌ل له‌ناویدا غه‌رق ده‌بێ، ته‌نانه‌ت حکومه‌ته‌ ساوا ته‌مه‌ن (٢٤) ساڵه‌که‌ خۆشی له‌په‌له‌قاژه‌ی نقوم بووندایه‌! که‌چی ئه‌وان هه‌ر خه‌ریکی گه‌مه‌ی سازانن، گه‌لیش له‌خه‌وی غه‌فڵه‌تدا پرخه‌ پرخیه‌تی، که‌واتا تاوانی قوڵبوونی قه‌یرانه‌کان و زیاتر به‌فیڕۆدانی کات و گه‌وره‌بوونی مه‌ترسیه‌کان له‌ ئه‌ستۆی هه‌مووانه‌و ده‌توانم بڵێم چوار ته‌ڕه‌فه‌یه‌…
١- به‌ شێکی له‌ئه‌ستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی سه‌رۆکی پارته‌که‌یه‌، چونکه‌ حزبی زۆرینه‌یه‌و پۆسته‌ باڵاکانی حکومه‌ت له‌ده‌ستی ئه‌وه‌، له‌جیاتی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کان و هاوکاری کردنی په‌رله‌مان و حکومه‌ت، خۆی بۆته‌ یه‌کێک له‌ کێشه‌و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌کان، ئاماده‌نیه‌ ده‌ست به‌رداری پۆسته‌که‌ی بێت که‌ دوو جار به‌پێی یاسا ماوه‌که‌ی به‌سه‌ر چووه‌.
٢- به‌شێکی تر له‌ ئه‌ستۆی حزبه‌ بچوکه‌ تاقانه‌کان و که‌مینه‌کاندایه‌ که‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌ستی پارتی ده‌سته‌ڵاتدار گرێداوه‌ و پشتیان له‌ یاساو په‌رله‌مان کردووه‌ ناهێڵن په‌رله‌مان به‌یاسا پرسه‌که‌ یه‌کلای بکاته‌وه‌.
٣- به‌شێکی که‌ له‌ ئه‌ستۆی چوار حزبه‌که‌دایه‌، ئه‌وانیش هه‌تاکو ئێستا یاری به‌ کات ده‌که‌ن له‌کاتێکدا بارزانی نزیکه‌ی مانگێکه‌ ماوه‌که‌ی ته‌واو بووه‌ ئه‌وان هه‌رخه‌ریکی گه‌مه‌ی سازان و درێژکردنه‌وه‌ی کاتی کۆبوونه‌وه‌کانن، تا ئێستا به‌ڕاشکاوانه‌ ناڵێن ئێمه‌ واز له‌ کۆبوونه‌وه‌ بێبنه‌ماکان دێنین و چیتر سازان له‌سه‌ر پرۆسه‌یه‌ک ناکه‌ین که‌ بنه‌مای یاسایی هه‌یه‌ وه‌تا ئێستا به‌یان نامه‌یه‌کی هاوبه‌شیان نیه‌ که‌ به‌ڕاشکاوانه‌ بڵێن بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم نیه‌ و ناتوانێ وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم ڕه‌فتار بکات وه‌ تاکو ئێستاش هیچ لایه‌نێکیان جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نیه‌ کاندیدی خۆی دیاری بکات بۆ ئه‌و پۆسته‌ نه‌ بۆ ناو په‌رله‌مان نه‌بۆ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، بۆیه‌ش لایه‌نی به‌رامبه‌ر بێمنه‌تانه‌ موزایه‌ده‌ی ڕای گه‌لیان به‌سه‌ردا ده‌کات.
٤- به‌شی سه‌ره‌کی تاوانی ئه‌و بارو دۆخه‌ی‌ ئێستا له‌ئه‌ستۆی هاوڵاتیاندایه‌، ئه‌وانیش له‌خه‌وی قوڵی غه‌فڵه‌تدا نوستوون و پرخه‌ پرخیانه‌، نه‌ده‌بوو ئه‌و دۆخه‌ قبوڵ بکه‌ن، چونکه‌ زیان لێکه‌وتووی سه‌ره‌کی له‌و قه‌یرانانه‌دا هاوڵاتیانن.
بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ به‌خه‌مه‌وه‌ بوونی خۆیان و داهاتووی گه‌ل و نیشتمان، له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت به‌خه‌به‌ربێن و واز له‌ ده‌سته‌مۆبوونی حزبه‌کان بهێنن و بێده‌نگی بشکێنن، چیتر ئه‌و دۆخه‌ قبوڵ نه‌که‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە