کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


من و کارگەکەم

Monday, 14/09/2015, 18:31


چەندین ساڵ بو خەوم بەوەوە دەبینی کەی بێ بتوانم بگەڕێمەوە بۆنیشتمان و ئیتر کۆتایی بەژیانی دەیان ساڵەی غەریبایەتی بێنم، بەسەرهاتی ئەوهەمو هەوڵ و خەیاڵانەی ئەو ڕۆژگار وسەردەمە ڕەنگە کتێبێکی بوێ بۆ گێڕانەوەی.  سەرەنجام لەسەر  پێشنیازی چەند خزمێکم کەوتمە داوی دانانی کارگەیەکەوە، بۆ ئەوەی دوای گەڕانەوەم کارو بژێوییەکی باشیشم هەبێت.  
   کەمن تا ئەو کاتە نە کەم نە زۆر پەیوەندیم بەو پیشەیەوە نەبو، سەرەتا  گرفتێک نەبو بۆم، لە خۆشی گەڕانەوە  هە ر ئیشسێک بووایە  دەمکرد. سەەرتان نەئێشێنم ، لەپرۆسەیەکی چەندین مانگی گەڕان بەدوای کارگەیەکی ئاو، کۆلا، شەربەتدا، کە خزمەکانم بەحساب ئەزمونیان هەبو، کارگەیەکمان دۆزییەوە کە هێشتا لەکاردا بو، خاوەنەکەی بۆفرۆشتن خستبوویە بازاڕەوەو لەڕۆژنامەیەکدا نمایشی کردبو. کابرام  دۆزییەوەو بەڤیدیۆ وێنەی کارگەکەم  گرت و وێنەکانم ناردەوە بۆ ووڵات. کە لەوێ ڤیدۆکەیان بینی ، ئەتوت حەوت هەنگیان لەدارێکدا دۆزیوەتەوە، وتیان بڕۆ بیکڕە. دوای مامەڵەکردنی  کارگەکە ، بەشەریکی لەسەر نرخی کارگەو تێچوی کردنەوەو ناردنەوەی پێکهاتین. خزمەکانم ناحەقیان نەبو، کارگەکە بێ کێشە کاری دەکرد و بۆ ئەو کاتە شتێکی زۆر گونجاو بو. ڕۆژانە بەرهەمم و فرۆشییەکی باشی هەبو. منێک کە شارەزایی مەکینەوە وکارگە نەبوم ،  خەڵکم کۆکردەوەو کەوتمە  کردنەوەی کارگە، چەندین ئەندازیاری ئەم وڵاتەو خەڵکانی تەکنیککارم بانگهێشت کرد و پێکەوە کەوتینە کردنەوەو پارچەپارچە کردنی بەشە جیاوازەکانی کارگەکە.  دەیان ڕۆژی خایاند و بەش بە بەش وێنەی شتەکانم دەگرت بۆ ئەوەی  دوایی لە وڵات بتوانین بیبەستینەوە.  شتەکان زۆر بون .بە دەیان ماتۆڕی قەبارە گەورە وچەندین مەکینەی جیا جیای تیابو، هەزاران وایەری کارەبا دەچونە جیهازی سەیتەرەکانەوە، دەبو هەمو پارچەکان وەک سەعات بەیەکەوە کاربکەن، هەر غەسالەکەی کەبە لۆری تایبەتی ناردمانەوە ٢١ تەن کێشی هەبو. ئەوەی لەکاتی ناردنەوەی ڤیدیۆکاندا سەرنجی کەسوکارمی ڕاکێشا، ئەو میکانیزمە بو، کە ئەگەر تاڵەمویەکمان بکردایەتە ناو یەکێک لە بوتڵەکانەوە، جیهازێک دەیناسییەوەو لە ڕێزی ناردندا بتڵەکەی دەردەکردە دەرەوە،  بۆ ئەوەی بوتڵی پیس تێکەڵ بە پرۆسەکە نەبێتبت .
 ئەزانم باسی تەکنیکم زۆرکرد، مەبەستم ئەوەیە کە ئێستا زۆرتان ڕەنگبێ لەگرفتەکەم تێگەیشتبێتن ، بەدەیان جار لەپەیوەندییەکانما پرسی خەڵکی شارەزام  دەکرد، کە با کەس وکار خێرا مشوری دۆزینەوەی کەسانێک بخۆن، کە ئەم هەمو پاڕچەیە بەشێوەیەک بەیەکەوە بنوسێنێتەوە کە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی لێ دروست بکەنەوە. ئای ئەوماوەیە چەند سەرقاڵ بوم، چەندین خەیاڵم لەگەڵ ئەوەدا  دەبردە سەر کە ڕۆژێک لەڕۆژان چەندین کەس لەوکارگەیەدا کاردەکەن یان بەکام شێواز لەوێ  کارەکان  بەڕێوە بچن و چۆن کارگەکەمان ڕۆژێک لەڕۆژان دەبێتە سەرچاوەی بژێوی چەندین خێزان.... 
 ئەمڕۆ زیاتر لە دە ساڵ بەسەر ئەو خەیاڵانەمدا تێدەپەڕن،  لەدوای ناردنەوەی کارگەکە بەچەندین لۆری، ئنجا گەڕان بەدوای جێگای گونجاودا و هەوڵی دۆزینەوەی ستافێک کە کارگەکەمان بۆ دامەزرێنێتەوە. بەدەیان کەسی بەناو پسپۆر هاتنە سەرکارگەکە، کە تەنیا ناردنەوەکەی دەیان هەزار یۆیرۆی  تێچوو بوو، هەریەک  فکرەیەکی سەقەتی هەبو بۆ بەگەڕخستنەوەی کارگەکەمان، هەریەک بەئارەزوی خۆی، ئەو دەیوت ئەم پارچەیە بۆ ئێرە نابێ و ئەو دەیوت فڵان شت دەبێ  وا بگۆڕین، کەسیان قسەکانیان نەبردە سەر، هەریەک بە جۆرێک بۆی دەرچون.. کارگەکەمان نەک هەر نەکەوتە ئیش، بەڵکو پارچەکانیشی ئێستا لە مەخزەنێکی سلێمانیدا کەوتون و  خەریکە زۆری بڕزێن. چەند هەوڵێکی ئەم دوواییەش بۆ فرۆشتنی ئەم هەمو پارچەیە بەکیلۆ وەک هەر میتاڵێکی تری سکراب و ئاسنە شکاو،  بێ ئەنجام بوون .
 ماویەکە ڕوداوی ناخۆشی کارگەکەم ، کە  بوبونە بیرەوەری و ڕۆژبەرۆژ کاڵتر دەبونەوە ، سەرهەڵدەدەنەوەو وەک مۆتەکەکەی جاران لام زیندو دەبنەوە.  بەتایبەتی لەوەتەی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم سەری هەڵداوە. نازانم بۆچی، هەمدیس کارگەو بیرەوەرییەکانی ئەو ڕۆژگارەم  دێنەوە خەیاڵو و چەندین لێکچونو هێڵی تەریبی ئەو دوو بوارەم دێنە بەرچاو. من وا هەست دەکەم کە ئێمە باس لەپرۆسەیەکی دیموکراتی دەوڵەتێک دەکەین، کەدەمانەوێت، لای خۆمان پیادەی بکەین، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئەرزی واقیعێکە ، کە ئێمە بۆخۆمان ناومان لێناوە هەرێم . دەنا هەر مەگەر خوا بزانێ پێکهاتەی ئەم کیانەی ئێمە چییە.
بنەماو فەلسەفەی دەوڵەت وبەڕێوەچونی نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پلاتۆنەوە (ئەفلاتۆن) داڕێژراوە. بەڵام بەبەراورد لەگەڵ ئەم هەرێمەی ئێمەو میکانیزم و چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئێستای ، هێشتا هەر زۆر دورین، لەبیرۆکەی ئەو سەردەمەش.
 زۆرجار بەخۆم دەوت، باشە تۆ ئەم کارگەیەت بۆچییە؟ ئاخر من و کارگەو تەکنیک کوجا مەرحەبا. لەڕاستیدا لەم دۆخەی ئێستاشدا دەپرسم کە ئێمە سەرۆکی هەرێممان بۆچییە؟  لەکام وڵاتی فیدراڵی ئەم جیهانەدا هەرێم سەرۆکی خۆی هەیە .
کاتی خۆی ئێمە هەرێمێکمان پێکنەهێنا کەسنورێکی دیاریکراوی هەبێ هەم لەڕوی جوگرافیاو هەم  لە ڕوی فۆرمیشەوە، بەڵکو  
 ئەوەی ئێمە پڕکردنەوەی بۆشاییەکی دەسەڵات بو،  کە حیزبە جوانەکانی کورد پڕیان کردەوە، نەک بنیاتی کیانێک کە لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەی سەردەمیانە بەڕێوە بچێت.
 
 زوربەی سیاسییەکانمان لەبەر ئەو هەمو درەختە، دارستانەکە نابینن وشتێک نییە ناوی بەرپرسیاری بێ وبەیاسا ڕێک خرا بێت،  لای ئێمە حیزب هەیە حیزب، ئەمانیش خەڵکی ماقوڵی قسەزانیان بەکرێ گرتووەو دەیان نێرن بۆ کۆبونەوە، بۆ دەستکەوتی حیزب.  کیانی نەتەوەیی یان دامەزراندنی قەوارەیەک بۆ میللەتێک یان هەرشتێکی تر بۆ میللەت هەوڵی بۆ نادرێت . ئێمە کیانی حیزبیمان هەیە، لەناو ئەوەشدا حیزبگەلێکی سەردەمی فۆیدالی کەتەنیا ئاغاکانیان دەناسن ، بەداخەوە زۆرجار بێ ئەوەی  شەرم  بناسن بەرامبەر بەخەڵک . بەرامبەر بە پیشە وەک سیاسییەک، بەرامبەر بە ویژدان وەک مرۆڤێک،  ئەمانە  زۆریان نەپسپۆرن و نە هیچ ئەمانە کارگەکەی منیشیان پێ دانامەزرێت، نەک دامەزراوەی کیان وحکومەتێکی مۆدێرن کە ئیش بکاو بەرهەمێکی هەبێت.  
ڕۆژانە لەمیدیاکانیانەوە باس لەیاسای سەرۆکایەتییەک دەکەن، کەدەیانەوێ بەهەر نرخێک بێت ، نەک هەر یاساکە، بەڵکو پەرلەمانیش بێ نرخ بکەن و وەک کارگەکەی من پارچە بە پارچە بیگۆڕن. ئەوەی کە کەس سەری لێ دەرناکات لەقسەکانیاندا ئەوەیە کەئەمیان مەبەستی سەرۆکی ماوە بەسەرچوی ئێستایە، ئەوی تریان مەبەستی سەرۆکی داهاتووە، زوربەیان  شەرمنانەو هەندێکیان ساختەچییانە  تەنیا کار لەسەر ئەوە دەکەن کە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکییەوە.  لەم وڵاتە  دەبوایە لەژێر بنەمای یاساو لۆژیکدا باس لە بنیاتنانی دامەزراوەیەکی دیموکراتی باو بکەن،  لەهەوڵی ئەوەدا بن ، هەرێمی کوردستان وەک کیانێک بۆ میللەتێکی زوڵم لێکراوی مێژو پێناسە بکەن و کار بۆ ئەوە بکەن کە دامەزراوەکانی وەک  سەعات بەڕێوە بچن ،  حکومەتێک دامەزرێنن،  بەرپرس بەرامبەر بەیاسا ، بەخەڵک ، بەمێژو، نەک هەریەکەو  لە لەتەلەڤیزۆنە ساختەکانیانەوە، کە لەڕاستیدا مقەڕی حیزبین ولەماڵەکانماندا دایان ناون،  دور لەویژدان ، قێزەون، یاری بەژیان ، بەکەرامەتی میللەتەکەی خۆیان بکەن.
 میللەتێک کە نەتوانێت، دامەزراوەیەکی وای هەبێت، کەسەرۆکەکەی دوای تەواوبونی وادەی سەرۆکایەتیبەکەی بێ شەرتو قەید بڕوات ، شەرمە هێشتا باس لەدیموکراتی بکات. گەر دۆخەکەش وا بڕوات ، نرخی سەرۆک ودیموکراتی و کیانەکەشمان لەدوا جاردا وەک کارگەکەی من تەنیا پارەی ئاسنە شکاو دەکات. 
    هەڵەی کارگەکەی من بڕیارێک بو بۆ ماوەیەک هیلاکی کردم  و زەرەرێکی ماددی بەدواوە بو، بەڵام هەڵەی  سیاسییەکانمان، دەبێت میللەتێک باجەکەی بدات....توخوا ئەمجارە  کە ئەگەر شتێک  دامەزرێنرا، بەر لەهەر شتێک بەیاسا قەدەغەکردنی تە لەفیزۆنی حیزبیتان بیر نەچێت، کە ڕۆژانە وەک خەیاڵی کارگەکەم، سەقەتی وڵاتەکەم بیر دەخە نەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە