لە مەرگی تۆشەوە فێرنابین
Wednesday, 09/09/2015, 20:16
مێژوو دەڵێ : دوو هەزار و حەوت سەد و پازدە ساڵە لە دایکبووین ، بە درێژایی ئەو تەمەنە زۆر درێژە تووشی هەزاران هەزار نسکۆ و کارەساتی خوێناوی بووین . پرسەمان بۆ یەک بە یەکی کۆستەکانمان داناو و بەبێ ئەوەی وانەیەکییان لێوە فێربین لە بیرمان چوونەوە . هەر دوێنێ بوو شەپۆلە تووڕەکانی دەریاچەی ئیجە تەرمی ئالانی ساوامانی گرتە باوەش و هێواش هێواش لەسەر کەنارێکی تەڕ و قوڕاوی سەربەرەوخوار بۆی فرێیداین . ڕۆحی ئەو فریشتەیە دنیای هەژان ، مرۆڤە گەورەکانی گریان ، سنورەکانی واڵاکرد و ڕووی هەموو گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی ئەم گەردوونە پانوبەرینەی داپۆشی ، مۆزەخانەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان عەوداڵی تاکە پیڵاوێکیین تا بیکەن بە وانەیەک بۆ نەوەکانیان : ( لە هەر وڵاتێکدا یاسا و ئازادی سەروەرنەبێت و دیکتاتۆر تا مردن بە کورسییەکەیەوە نووسابێت ، ئەوا منداڵەکانیشیان وەک گەورەکانیان مەرگی وا بەرۆکیان دەگرێت ) . ئەوەی سەیرە ئێمەی کورد لە هەموو کەسێک زیاتر باسی ئەو کۆستەمانکرد ، سەرلەنوێ وەکو جاران پرسەمان دانایەوە ، بەڵام دڵنیام نە وانەیەکمان فێردەکات و نە لە بیرەوەریشماندا دەمێنێتەوە. ئاخر هەر دوێنێ بوو دەرگای سنورمان بۆ هەزاران عەرەبی باشور خستە سەر گازی پشت و بە کۆمەڵ بەسەر ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوەکاندا و بە ئارامی گەیشتنە لامان ، کەچی لەبەردەمی پەرینەوەی ئالان و غالب و دایکو باوک و کەسوکارەکانیاندا خەندەقمان لێدا . هەر دوێنی بوو سەدوهەشتا هەزار ژن و منداڵی وەک ئالان بە زیندووی کران بە ژێر ژیلەمۆکەی عەرەبستانەوە ، هەر دوێنێ بوو هەڵەبجەیان بە ژەهر خنکان و ئێسکوپروسکی هەشت هەزار بارزانییان ورد ورد هاڕیی ، کەچی نە وانەیەکییان لێوە فێربووین و نە بە خۆشماندا چووینەوە . ئەی ئەگەر وا نییە ئەوە بیستوپێنج ساڵە خۆمان گەورەی وڵاتی خۆمانیین ، دەبوو کارەساتەکان پایەی ئەستور و هەوێنی دروستکردنی بناغەی دەوڵەتێکی ئاوەدان بووایە ، کە یاسا و ئازادی تیایدا سەروەر بوونایە ، ژێرخانی ئابوورییەکەی پتەو بووایە و پێویستمان بە دەنکە ترێیەکی توورک نەبووایە ، خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی قارەمان بووایە و چارەی قاسم سلێمانی و تانک و جەندرمەکانی ئەردوگانمان نەبینییایە ، سەرۆکەکەی وەک میللەتە ئەنفالکراوەکەی بژیایە و ئەوەندە عاشقی کورسییەکەی ژێری نەبووایە ، سامانە سروشتییەکانی بۆ خۆشگوزەرانی و بەختیاری نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی بووایە.
مێژوو دەڵی : دووهەزار و حەوت سەدو پازدە ساڵە لە دایکبووین ، مێژووە نووسە گەورە ڕیشسپییەکەمان ، کە بە گیرفانی پڕەوە بە ڕەگوڕیشەی کارەساتەکانی ئەو دوو هەزارو حەوت سەدو پازدە ساڵەدا چۆتە خوارەوە و دەیان کتێبی گەورە گەورەی بۆ نووسیوین داوا دەکات : یاسا سەروەر نەبێت ، سەرۆک تا مردن سەرۆک بێت ، نیشتمانمان دۆزەخێکی تاریکونووتەک بێت ، هێزمان پەرتوبڵاوبێت ، سامانی وڵات بە تاڵانی فووی لیێ بکرێت و چاوەڕوانی پرسەی ئاشبەتاڵ و مەرگی کەسانی وەک ئالان و سەردەشت و کاوە و کارەساتی گەورە تربیین ... ئەری خەڵکینە ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە ، کە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە تەنها وانەیەک لە مێژووە خوێناوییەکەی خۆمانەوە فێرنەبووین؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست