سیاسەتی چۆڵکردنی باشووری کوردستان
Monday, 07/09/2015, 19:11
ڵە ماوەی ئەم ٢٤ ساڵەی دواییدا هەموو حکومەتەکانی باشووری کوردستان ئەوەندەی لە خەمی گرفانپڕکردن و تاڵانکردنی سەروەت وسامانی کوردستان و قایمکردنی پێگەی بنەماڵەکانیان بوون یەک لەسەدی ئەوەندە خەمی گەلی باشووری کوردستانیان نەخواردوە.
ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەویان کردوە هۆی راستەوخۆ بووە بۆ تێکشکانی کەسایەتی کورد و زەلیلکردنی، کردنی بە کۆیلەی دۆلار و لاوازکردنی هەستی وڵاتپارێزی ئەمە لە جیاتی ئەوەی کە ئەمڕۆ مرۆڤی کورد لە سایەی حکومەتێکی کوردیدا ببوایەتە خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و کوردستانی، کەسایەتییەک کە هەموو کوردستان بە ولاتی خۆی بزانێت و لە سەر هەموو بستێکی خۆی بەکوشت بدایە.
چۆن مرۆڤی کورد بتوانێت ولاتەکەی خۆش بوێت، لەکاتێکدا بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە بنەماڵەکانی دەسەڵات خۆیان لە سەر حیسابی گەلی بەشخوراوی باشووری کوردستان دەوڵەمەند دەکەن و ئەو ولاتەی کە ئەوان چاوەڕوانی زۆریان لیدەکرد بێئومێدی کردون، هەروەها باشتری ساڵەکانی ژیانیان لێ زەوت دەکات و هەرچی هیوابێت بۆیان ناهێڵێت؟
ئەمڕۆکە داعش بەردەرگای پێگرتوین و پەلاماری ولاتەکەمان دەدات. تورکیا بەهەمان شێوە هەرگیز نەیشاردۆتەوە کە دژی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی کوردییە لە هەر بەشێکی کوردستان دابمەزرێت، هەرچەندە حوکمی بنەماڵەی مەسعوود بارزانی بەهەموو شێوەیەک دەیانەوێت تورکیامان لێبکەن بەدۆست و خۆشەویستی کورد، بەڵام ئەوان هەرگیز نیازە گڵاوەکانی خۆیان لێمان نەشاردۆتەوە.
ئەمڕۆ تورکیا بەهەموو شیوەیەک لە پلانگێڕیدایە بۆ لاوازکردنی رووحی بەرەنگاربوونەوە و بەرخوردان لە هەموو بەشەکانی کوردستان. هەتا بۆی کرا دژایەتی رۆژئاوای کوردستانی کرد و بەهەموو شێویەک هاوکاری داعش بوو بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام رووحی بەرخوردانی رۆژئاوا و بەتایبەتی لە کۆبانی خۆڕاگردا تا ئاستیکی باش ئەو پلانانەی تێکشکاند. لە هەمبەر رۆژئاوای کوردستان سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ سیاسەتی ئەردوغاندا رەتیکردوە. کاتێک بەڕێوبەرایەتی خۆجێی رۆژئاوا دەیویست بەرهەمی کشت و کاڵی خۆیان بگەیەنە بازاڕەکانی تورکیا، ئەردوغان رێگربوو لەو کارە و لەملاشەوە پارتی باشوور سنووری لەسەر داخستن و نەیهێشت بەرهەمەکانیان بگەیەننە باشووری کوردستان تا سەرئەنجام زیانێکی زۆری ماددی لە جوتیارانی رۆژئاوای کوردستان کەوت. هەرچی بەرهەمیان هەبوو لەبەرخۆری بەتینی کوردستاندا بۆگەنی کرد و فەوتان.
تا ئێستاش ئەردوغان بەئاشکرا بە ئەمەریکا و ئەوروپا دەڵێت ئەگەر ئێوە نەهێڵن تورکیا ناوچەیەکی ئارام لە دەڤەری جەرابلس کە دەکوێتە نێوان عەفرین و کۆبانیەوە درووست بکەین ئەوە دەرگا لەبەردەم لێشاوی پەناهەندەتان بۆدەکەینەوە و لەوێوە دەیان قەیرانتان بۆ درووست دەکەین. تورکیا لەرێگەی دەزگای میتەوە بەهاوکاری قاچاخچی بێویژدانی پارتی دەستیان کردوە بە هاندانی گەنجانی کوردستان بۆ ئەوەی وڵات بەجێ بهێڵن و لەم لاشەوە بە لێشاو عارەب روودەکاتە شارەکانی باشووری کوردستان و خانوو دوکان و شوێنی کاردەکڕن. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ خۆی دەسەپێنێت: بۆچی ئەو عارەبە زۆرەی کە وڵاتی خۆیان بەجێهێشتوە رووناکەنە تورکیا و ئەوروپا بۆ دەمێننەوە لە باشووری کوردستان؟ ئەگەر حکومەتی هەرێم لەخەمی وڵات و گەلەکەیدا بوایە دەبوایە هەر لەسەرەتاوە بەرنامەی توکمەی هەبوایە بۆ ئەو ئاوارە عارەبانە کە بە لێشاو روویان کردۆتە باشووری کوردستان.
ئەگەر بەوردی لە رەوشی بژێوی خەڵکی باشووری کوردستان بڕوانین دەبینین رۆژلە دوای رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات. مەسعوود بارزانی لەماوەی ئەو دە ساڵەی کە سەرۆکی هەرێم بووە هیچ قەیرانێکی چارەسەر نەکردوە بەپێچەوانەوە هەر قەیرانی بۆمان درووستکردوە. قەیران لە گەڵ حکومەتی بەغدادا. قەیران لە گەل رۆژئاوای کوردستاندا و برسیکردنیان و هەڕەشەلێکردنیان لەرێگەی هەندێ جاش و چڵکاوخۆری خۆیەوە بە ناوی چەندەها حیزبی کارتۆنی کە دەیەوێت بۆ مەبەستی گڵاوی خۆی بەکاریان بێنێت و رۆژئاواش بکاتە گۆمی خوێن لەریگەی بەرپاکردنی شەڕی براکوژیەوە بەناردنی هێزێکی جاشی خۆی بۆ ئەو بەشەی کوردستان.
درووستکردنی قەیران لە گەڵ تەڤگەری باکووری کوردستاندا و داواکردن لە پەکەکە کە قەندیل چۆڵ بکەن لەسەر داخوازی تورکیای داگیرکەر، ئەمە لەکاتێکدا کە دەبوایە هەتا هەتایە سوپاسگوزاری هیزەکانی هەپەگە بوونایە بۆ خۆڕاگریان و بەرگریان لە هەولێر و بەرگریان لە شارەکانی کەرکوک و خانەقین و جەلەولا و هتد. تا ئێستا زیاتر لە دوو سەد گەریلای پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە لەبەرگریکردن لە خاکی باشووری کوردستان شەهیدبوون.
ئەو گەنجانەی کە ئەمڕۆ بەلێشاو روویانکردۆتە ئەورووپا و ژیانی خۆیان رادەستی قاچاخچی بێویژدان دەکەن هەموویان دڵیان پڕە لە قینن و نارازییی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم. ئەوگەنجانە دەبنە هیزی بەرەنگاربوونەوە لە دژی حکومەتی هەرێمی گەندەڵ و مافیا، بۆیە دەرگایان لە بەردەمدا بۆ خراوەتە سەرپشت، تەنانەت هانیش دەدرێن کە بڕۆن و وڵات بەجێبهێڵن. تورکیا دەیەوێت بارزانی لە سەر کورسیەکەی بمێنێتەوە، چونکە هیچ سەرکردەییەکی تری کوردیان وەک بارزانی بۆ هەڵناکەوێت، کە خزمەتی بەئابووری و سیاسەتی تورکیا بکات، خستنی باشووری کوردستان وەک بازاڕێک بۆ کەل و پەلی تورکیا و رێگەدان بەتاڵانکردنی تورکیا بۆ سەرو سامانی نەوتی باشووری کوردستان ئابووری تورکیای وابەهێزکردوە کە تورکیا پارەی هەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەژی پەکەکە. هەموو وڵاتێک بەپارە دەتوانێت شەڕبکات لە دژ جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕی ناوخۆیی ئەگەر ئابووری لاوازبێت ناتوانێت ئەوجەنگە هەربەردەوام بکات. ئەمڕۆکە تورکیا لەسایەی بازاڕ و نەوتی تاڵانکراوی باشووری کوردستان جارێکی تر گوژمی داوەتەخۆی و شەڕی دەستپێکردۆتەوە لەگەڵ کورددا، مەسعودیش بەهەموو شێوەیەک هاوکار و یارمەتیدەرێتی.
رەوشی باشووری کوردستان لەهەموو روویەکەوە بەرەو هەڵدێر دەڕوات. ئەوەش یاسای سروشتە کە هیچ گەلێک هەتا هەتایە ناتوانێت سەربۆ هیچ دەسەڵاتێکی گەندەڵ و مافیا ئاسا دانەوێنێت، بۆیە باشووری کوردستان روو لە سەرهەڵدانە و خەڵک ئەمڕۆ نەبێت سبەی داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات و دەبێت گەنجەکانمان رۆڵی خۆیان لەو سەرهەڵدانەدا ببینن. لەهەموو گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتیدا گەنجەکان پێشڕەو و سەرەڕمی گۆڕانکاریەکانن.
ئێوە خاوەنی راستەقینەی ئەو وڵاتەن و هیوای راستەقینەی دوارٶژی گەلەکەتانن. مەڕۆن بەجێیمەهێڵن بۆ دز و جەردە و مافیا. کوردستان چاوی لە دەستی هەموومانە.
کوردستان لەبەردەم شۆڕشێکدایە خۆتانی لێمەدزنەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست