ناوپوچ هەمیشە مایەپوچ دەردەچێت
Friday, 04/09/2015, 20:46
لە دونیادا وایە، رەسەن و خاوەن ناوەرۆكی راست و گونجاو لەگەڵ راستیەكان بە خاوەن هێز دەمێنێتەوە و بەرگری لەخۆی دەكات و بەرەنگاری نەیارو دوژمنانی دەبێتەوە و لە كۆتاییدا سەردەكەوێت زوو بێت یان درەنگ بە راستیەكان قەناعەت بە خەڵك دەكات.
لەو روانگەیەوە تەماشای پێكهاتە و ئامانج و ناوەرۆك و رەسەنایەتی و راستگۆیی و واقعبینی هەر لایەن و كەسێكی ئەم كوردستانە بكەین، بۆمان درەدەكوێت كە لە كۆتا هاوكێشەكاندا هەرچەند ماوەی درێژخایەن بێت هەمیشە لە دوا مەودادا رەش و سپی بە شێوەیەكی سروشتی لەیەك جیادەكاتەوە و بۆ خەڵك یەكلایی دەكاتەوە كە كێ لە هەموو بوارەكاندا وەك خۆی لە كاروانەكەدا رۆیشتوە و كێش سواری سەری روداو و كارە نابەجێكانی خۆی و هەواداران و پاشكۆكانی بووە.
وا دەگێرنەوە كە لە میژووی ئەم ناوچەیە و لە قۆناغی لوتكەی شارستانیەتیدا، زۆر رووداو بونەتە سەربوردەی حكایەت و، تا بیخوێنیتەوە پەندی زیاتر لێورەدەگریت، لە یەكێك لە قۆناغەكانی حوكمی زەمانی شارستانیەتی سۆمەریەكان، لە كاتی حاكمێكی خاكی و گەل دۆست و خۆشەویست، كابرایەك پەیدا بووە كە تەنها بەدوای كون و كەلێنی ئەم حاكمەوە بووە و هەمیشە شتی ناراستی هەڵبەستوە، تا دواجار خەڵك شاربەدەریان كردووە و تەنانەت خودی پاشاكە لەو كاتەدا لێبوردنی گەرانەوەی بۆ دەركردووە، ئەگەر ئەمە لە سەر بناغەی بنەما سەرەكیەكانی دیموكراسی لێكبدرێتەوە دەتوانین بڵێین لەو زەمانەشدا بە شێوەیەكی خۆ رسك خەڵك زانیوەتی راستی لە كوێیە.لەلایەكی ترەوە و لە قۆناغێكی تری ئەو كاتانەدا لە كاتی حوكمی حاكمێكی زاڵمی چەواشەكار و خوێنمژ ، كابرایەك دەر دەكەوێت و ئەوەی راستی بێت بە ئاشكرا و نهێنی بۆ خەڵكی روون دەكاتەوە، پاشاش بۆ مانەوەی خۆی، ئەوەی ناراست بێت بە فێڵ و ساختە بۆ زاڵبونی خۆی بەكاری دێنێت، بەڵام لە بەدبەختی خەڵك كە لە ئاستێكی رۆشنبیری باشدا بەراورد بەو كاتە دەژیان، لەناخی خۆیاندا باوەریان بە پاشای زاڵم نەكردووە و ئەگەر لە ترسەوە بێت یان نەزانی، گوێشیات بە كابرای راستزان نەداوە هەرچەند كۆمەڵێك خەڵكی دەوروبەر، خۆیان لە راستیەكانی زانای خێرخوای راستگۆ بێبەری كردووە و گرنگیان پێ نەداوە و، ئەویش لەو شوێنە بۆ جێگایەكی نادیار كۆچی كردووە.تا دواجار بەهۆكارێكی تایبەتی ژیانی نالەباری و قاتو قریەوە حەقیقەتی پاشایان بۆ دەركەوتووە و راپەریون لە راستی سەرجەم قسەكانی ئەوزانایایە یەكلابونەتەوە، بۆیە شار بەشار بەدوایدا گەراون بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە، بۆ ئەوەی لە جێگەی پاشای دانێن.كە دۆزراوەتەوە، حەقیقەتی بارودۆخەكەیان بۆ باس كردووە.ئەویش پێی وتون، من تەنها ئامانجم ئەوە بووە لە حەقیقەتی پاشای ساختەچی تێبگەن، نەك تەخت تەراجم پێ بدەن، ئەوەتا ئاواتنەكەم هاتە دی و تێگیشتن، ئیتر ئەوە ئەركی من نیە ببم بە حاكمتان، برۆن ئەوەی بە شایانی دەزانن لەسەر كورسی دانێن.
ئەوەتا لە زەمانێكی ئاوهادا هەمیشە دەركەوتنی حەقیقەت دوا وێستگەی هەموو حوكمدارێتیەكی زاڵم دەبێت و زوو بێت یان درەنگ هەمیشە راستی سەردەكەوێت.
ئەمرۆش دەتوانین حوكمداری لای ئێمەش بە جوانی بیخوێنینەوە، ئەگەر بە پێ ی پێوەر و چەمكەكانی سەردەم، هەڵسەنگاندنی راستگۆیی و دڵسۆزی و گەلپەرستی دەسەڵاتەكانمان بكەین،راست و چەپ بە جوانی دیارن و زۆرێك نایبینن، بەڵام ئەمرۆ بێت یان سبەی، بۆ هەمووان نەك بە تەنها بۆ بژاردەی كەمی كوردستان، راستیەكان دەردەكەوێت.قەد هێزێكی بێ ناوەرۆكی خۆسەپێن ناتوانێت هەتاهەتایە خۆی بسەپێنێت، ئەگەر بارودۆخی گشتی و زەمینە تەزكیەی نەكات، سەرەرای هەموو چەواشەكاری و ساختە و فرتو فێڵ و كاری شكلی و گزیەك.بۆیە پێویستە بڵێین هەمیشە ناوپوچ لە دەرئەنجامدا مایە پوچ دەردەچێت و راستی و راستگۆیی سەرجەم لایەنی پەیوەندیدار بۆ خەڵك دەردەكەوێت ، بۆیە ئەگەر دەسەڵات ناوەرۆك پوچ بوو بە هەر ناوێكەوە درێژە بە حوكمی قەرەقوشی بدات دواجار خەڵك دادگایی راستەقینەی دەكات و، مێژووش رەحم بە كەس ناكات، هیوادارم بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بە چاوی خۆمان ببینین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست