کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر بە یاسا هاتویت بە یاساش دەرۆیت

Friday, 04/09/2015, 20:44


مەسعود بەرزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەكۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەكان دەڵێت: بە كودەتا نەهاتوم تا بە كودەتا برۆم.لەم سەردەمەدا هەموو كەس لەگەڵ ئەوەدایە كە هیچ بەرپرسێك بە كودەتا نەروات و، هەر لە بنەرەتدا باوی كودەتا و شۆرشی عەسكەری و دەركردن و راماڵین و سرینەوەی بەرامبەر نەماوە.
بەڵی ئەگەر دوو خولی یەكەمی سەرۆكایەتی بە یاسایی لەقەڵەم بدرێت و هیچ خەوشێكی لەسەر نەبێت بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ی ژمارە 1 ساڵی 2005، بەڵام درێژكردنەوەی دووساڵی پاش دووخولەكە و بە پێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 ی رێكەوتنامەی نێوان یەكێتی و پارتی، قسەی زۆر هەڵدەگرێت و دەتوانرێت بە یاساش رەتبكرێتەوە.بەهەر حاڵ ئەگەر قسەش لەسەر ئەوە نەكەین و لەبەر خاتری خاترداران و بارودۆخی تایبەتی كوردستان بە یاسایی لە قەڵەم بدرێت، لەبەر ئەوەی ماوەكەی بەسەرچووە، ئەی بەچ پێوەرێكی یاسایی ئێستا  سەرۆكی هەرێم بمێنێتەوە، ئەگەر ئەم یاسایەش بوارێكی بۆ دووبارە بونەوەی كاك مەسعود بارزانی بهێشتایەتەوە و نەنوسرایە یارای دووبارە بونەوەی نیە، دەكرا چەند قسەیەك هەڵبگرێت.
 دەبێت بە شێوەیەكی لۆجیكی گفتوگۆی ئەم یاسایە بكرێت، ئەگەر یاسای ژمارە 19 ی ساڵی 2013یاسایەكی یاساییە و لەچوارچێوەی یاسای باوەرپێكراو و لەسەر بنەمای دیموكراسی و هۆكاری زەرورەتی دەرچواندنی راست و دروستی یاسایی حسابی بۆ كرابێت، دەبێت دان بە یاسایی بونیدا بنێیت و، دەبێت بە پێی برگەكانی  كاروباری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رایی بكەیت و باوەرت بەسەرجەم برگەكانی بێت، ئەگەر بە نا یاسایی لەقەڵەم بدرێت، ئەوە دەبێت لە پیش چاوی خەڵك بڵێیت ئەم دوو ساڵەی سەرۆكایەتی هەرێم بە پێی هەر یاسا و عورف و عادەتێك یاسایی نیە، یان ئەو برگە تایبەتەی كاری پێ ناكەین یان بە یاسا ئەم یاسایە رەت دەكەینەوە.ئەگینا كەس هەوڵی كودەتای نەداوە و كەس دژایەتی شەخسی لەگەڵ كاك مەسعود دا نیە، بەڵكو لە كاتی هەنگاونانی سەرەتایی بۆ  دامەزراندنی هەر قەوارەیەكی سیاسی، ئەگەر لەسەر بنەمای یاسایی بنیات نەنرێت، وەك هەر بینایەكی فشەڵ بەرگەی نەرمە بایەكیش ناگرێت.بۆیە دەبێت خودی كاك مەسعود پشتگیری راستەوخۆی بە یاسایی كردنی بەرێوەچونی كاروباری هەرێم بكات و هیچ بەرژەوەندیەك لەبەر چاو نەگرێت و كاردانەوەی تاكەكسی بخاتە.
ئەگەر لە هەنگاوەكانی لایەنەكانی تر جۆرە رەنگوبۆیەكی سیاسی لەمەر جێبەجێكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە تایبەتی كرابێت و، خرابێتە خانەی ململانێی حزب و كەسایەتیە سیاسیەكانەوە و گەنجانە و  بە نەزانی و، لەبەرچاونەگرتنی چۆنێتی مامەڵەكردن  لەگەل كەسایەتی سەركردایەتی سیاسی پەروەردەی رۆژهەڵاتی لەبەرچاو نەگیرابێت، دەبێت خودی كاك مەسعود گەورەیی و یاسا ناسی و باوەربون بە كارە یاساییەكان بۆ سەرجەم گەلی كوردستاندەربخات و، چەمكی پشتبەستن بە هێزی یاسا بۆ هەمو لایەن و كەسایەتێكی كوردستان و تەنانەت هاوڵاتی ئاسیی بسەلمێنێت.بۆیە وەك ئەو هەواڵانەی كە لە كۆبونەوە ی حزبەكان دزەیان كردوە، زۆر شت لە هەڵوێستی كاك مەسعود دەخوێندرێتەوە كە پەیوەندی بە یاسایی و نا یاسایی رەفتارەكان نیە بەقەد ئەوەی پەیوەندی بە خودی خۆی و رەفتاری لایەنەكانی ترەوە هەیە، ئەگینا بۆ ئاماژەی بەوە داوە كە ئەگەر پەرلەمان و لایەنەكان سەبریان هەبوایە تا 20ی ئاب بەخۆی ئەم پرسەی چارەسەر دەكرد و ئەم مارجانەی نەدەبوو.بۆیە دەڵێین ئەگەرپرسێك كە پەیوەندی بە دوارۆژی میلەتێكەوە هەبێت و تەنانەت ئەگەر لایەنی بەرامبەر هەڵەی كردبێت، نابێت لە پێناو عورفێكی شەخسی وبە كاردانەوە یان تۆڵە كردنەوە پرسی گشتی كوردستان بخەیتە مەترسیەوە و، هەنگاو و بیركردنەوەت لەسەر بەرژەوەدیە باڵاكانی كوردستان بكەوێتەوە.
بۆیە دەڵێم، دانیشتنی سەركردایەتی سیاسی باڵای كوردستان و رەوینەوەی هەڵوێستە گرژەكان و هێوركردنەوەی باری سایكۆلۆجی سەركردەكە و تاكەكەسە كاریگەرەكان وەزعەكە ئاسایی دەبێتەوە و نیوەی پرسەكە چارەسەر دەكات و خەڵك لە دڵە راوكێ رزگاری دەبێت.ئەگینا هەنگاوەكانی پەرلەمان ئەگەر هەڵەشەیی و نەرم ونیان نەبون و باری دەرونی و سایكۆلۆجی كەسیان لەبەر چاو نەگرت بە تایبەتی كاك مەسعود، بەڵام لە كرۆكدا یاسیی بوون و هیچ تانەیەكی یاساییان لەسەر نادرێت و هیچ پەڵەیەكیشیان لەسەر نیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە