کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەرگی (ئایلان کوردی) پەیامێکی جەرگبڕە بۆ ویژدانی جیهانی

Friday, 04/09/2015, 20:21


دیمەنی خنکانی (ئایلان کوردی) لە دەریادا .. ئەو ساوا تەمەن سێ ساڵە جوان و ناسکەی شاری کۆبانی قارەمان .. ویژدانی جیهانی هەژاند .. ئەم کارەساتە جەرگبڕە، پەیامی کارەساتی منداڵانی گەلی کوردی ستەملێکراوە .. کە تا ئەمڕۆش، داگیرکەرانی کوردستان بە ئەوپەڕی دڵڕەقییەوە کورد دەکوژن و، کوردستان وێران دەکەن .. بەبێ شەرم، بە بەرچاوی ویژدانی جیهانییەوە و .. بە بەرچاوی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و، مافی منداڵان و، نەتەوە یەکگرتووەکانەوە .. دۆژمنانی ئازادی و دیموکراتی و ئاشتی .. دوژمنانی مرۆڤایەتی و ژیان و ئاوەدانی .. داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان و .. جاشە ئیسلامییە بەکرێگیراوەکانیان، لە داعش و لە بەرەی نوسرە .. بە شێوەەیەکی زۆر دڕندانە و دڵڕەقانە .. پەلاماری کوردستان دەدەن .. تەنانەت دەست لە کوشتنی ساوای ناو لانکیش ناپارێزن . 
مەرگی تراژیدیای (ئایلان کوردی) کارەساتێکی جەرگبڕە  .. زامێکی زۆر بە سوێیە .. تراژیدیای کۆرپە بە کیمیاوی خنکاوەکەی مامە ( عومەر خاوەر ) ی هەڵەبجەمان دێنێتەوە بەرچاو .. دەبێت باوکە جەرگبڕاوەکەی ئایلان، کە لە باوەشیدا هەردوو کوڕە ساواکەی و ( رەیحـانە) ی خێزانی بۆ ناو دەریای مەرگ خزان و، بەبەرچاووییەوە نوقم بوون و خنکان .. چ باوکێک دەتوانێن بەرگەی ئەم کارەسات و برینە قووڵە بگرێت .. بۆ ساتێکیش کاک (عەبدوڵڵا شنۆ کوردی) ی باوکی ئایلان، ئەم دیمەنە سامناکەی لەبەرچاو لاناچێت .. 
هەزاران تف و نەفرەت لە ئیمپریالیزم و .. لە داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان .. کە کوردیان بەم رۆژە رەشە گەیاند .. کوردیان لە سادەترین ماف .. لە ئازادی و لە ژیان و لە خۆشی بێ بەش کرد .. ئەگینا هیچ کوردێک ناچار نابوو، کە سەری خۆی هەڵبگرێ و، کوردستانی نیشتمانی بەجێ بهێڵێت و .. رێگای مەرگ بگرێتە بەر . 
کۆبانی، ئەی شارە قارەمانەکەی کوردستان .. ئامادەبە .. وا کاکە ئایلان و کاکەی و رەیحانەی دایکیان دێنەوە بۆ بۆ کۆبانی زێدی خۆیان و باوباپیرانیان .. باوەشیان بۆ بکەرەوە .. نایەنەوێت گۆڕغەریب بن .. دەیانەوێت بێنەوە بۆ باوەشی گەرمی تۆ .. خاکی پیرۆزی کوردستان ببێت بە ئارامگای یەکجارییان
شەهیدی ژیانن و .. با گۆڕەکانیان، لە گۆڕستانی شەهیدانی نەمردا بن . 
رەزا شوان / سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد 
نەرویج : ٣ ی / سێپتەمبەری/ ٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە