کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویستمان بە شۆرشێكی سەرتاپاگیری سەرانسەری هەیە؟

Wednesday, 02/09/2015, 19:23


سەركردەیەكی كوردی كاربەدەستی دەسترۆیشتوی ئەم زەمانەی كوردستان لە پیاوێكی پیری پرسیبوو، شۆرشی كوردستان  و قازانجەكەی چۆن بوو مامە ؟ لە وەڵامدا وتبووی زۆر سودمەند  و خۆش بوو كورم، دەك خوایە لەم كاتەدا شۆرشێكی تر لە كوردستان هەڵگیرسێـت . سەركردەكەش وتبوی پەیامەكەت گەیشت مامە گیان .
كوردستان گەیشتە ئەم وەزعە نالەبارە، كەس لەوباوەرەدا نەبوو كە دوای چەندین ساڵەی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان و ماڵوێرانی خەڵك، پرسی كورد گیرۆدەی دەستی سەركردایەتیەكەی خۆی بێت .
وەك دەزانین زۆر جار شورش توشی قەیرانی خۆی دەبێت، بۆیە عەقڵمەندان وتویانە پێویستە شۆرش پاش سەركەوتن، خۆی لەو دەردراوە سەلبیانەی كە لە سەرەوە بۆ خوارەوە لێی دەرژێت پاك بكاتەوە و، خۆی لە رێگریە خۆییەكان رزگار بكات و، لەو نێوەندەشدا سەركردایەتیەكی نوێی ئەڵتەرناتیڤی سەركردایەتیە كۆنەكەی  شۆرش  دامەزرێت، لەبەر كۆمەڵێك فاكتەر و هۆكاری بابەتی و خودی و بۆ سەركەوتن و گەیشتن بەئامانجی خودی شۆرشەكە و نەهێشتنی بەربەستەكان كە لە ناخی خودی شورشدا دروست دەبێت .
ئێستای هەرێمی كوردستانی جگە لە قەیرانی سەركردایەتی و شەری سەپێنراوی داعش، پاش ئەو هەموو هەڵە زەقانەی لەمەر شەری نێوخۆ و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و قەیرانی زۆر و هەلپەرستی كۆمەڵێك دەسترۆیشتوی نێو كوردستان و هەندێك بنەماڵەی خۆ سەپێن، قەیرانی فەوزای بەرێوەبردنی كوردستانی پاش شۆرشمان هەیە، بۆیە، بۆ سەرخستنی شۆرش و پاش قۆناغە سەربازیەكەی و گەیشتن بە قۆناغی مەدەنیەت و ، لە پێناو  رەنجەرۆنەبونی خەڵك و گەیشتن بە ئەنجام و پێكانی ئامانجەكان، پێویستمان بە زۆرێك لە هەنگاوی زانستیانەی ریشەیی گونجاو هەیە، كە لە گەڵ بارودۆخی هەنوكەیی و پێویستیەكانی ئەم سەردەمە و گۆرانكاریەكان و دوارۆژیدا  بگونجێت .  بەتایبەتی، دەبێت لە خاڵە هەستیارە زۆر گرنگ و چارەنوسسازەكانەوە  دەست پێبكرێت . 
پاش دوو دەیە و نیوی دوای راپەرین، ئێستا زیاتر لە دوو نەوەی نوێ هاتۆتە ئاراوە، كە هیچ گوناحێكیان نیە گیرۆدە و وابەستەی دەرهاویشتەكانی شۆرش بن و لەگەڵ پێداویستی و بارودۆخی ئەم رۆژەدا نەژین و ئامرازەكانی خۆشبژێویان لا مەیسەر نەبێت . هیچ فەرز نیە، كە خەڵكێك بە هەر شێوەیەك بێت لە كاتێكی قورسی ئەوسادا لە گەڵ شۆرشدا بو بێت و، ئەگەر لەسەر بنەمای بیروباوەر و گینفدایی و خۆبەخت كردن لە پناو میلەتدا بێت، كە هەڵگری ئەو سیفەتانەش زۆر كەمبون، یان لەبەر هۆكاری خودی و تایبەت  بەو كەسە چ كۆمەڵایەتی یان ئابووری یان سیاسی و شەخسی بوبێت، خۆیان خزاندبێتە نێو شۆرشەوە،ئێستا چارەنوسی نەوەی نوێ بە ئامرازەكانی ئەوساوە بەرێوەبەرن و دەسەڵاتی كوردستان رایی بكەن . ئەوە نەكردەییە گەنجی سەدەی بیست و یەكی كوردستان باجی ئەم هەموو كەموكورتی و دواكەوتوییە بدات .
هەڵە مێژوویەكان و دەرهاویشتەكانی :
پاش ساڵی 1964 و شۆرشی تاك حزبی، كۆمەڵێك گەنجی ئاست رۆشنبیری باشی ئەو كاتە، لەگەڵ واقعی حزبی و رەفتاری سەركردایەتی و بۆچونی جیاواز و نەگونجاو  لەگەڵ سەركردایەتی عادەتی و بەرهەمی ناكۆكیە كۆمەڵایەتی و عەشایەریەكان، هەوڵی جیابونەوە و گۆرانكاریان دا، ئەمە ئەگەر بەرژەوەندی تاكە كەسی و تایبەت و نەرجسیەت و ئامانجی شەخسیشی تێ كەوتبێت، لە رووی باری تایبەتی و رۆڵی ئاغا و سەرۆك عەشیرەت و تێروانینی خەڵك بۆ جیاوازیە چینایەتیەكان بۆ ئەو كاتە و خودی ئەو كەسانەی زادەی هەمان بارودۆخ و واقعەكە بوون، مایەی تێرامانە، كە بە كارێكی قورسی لەو جۆرە هەستابن، بێ لەبەرچاو گرتنی زەرەیەك لە بارودۆخە بابەتیەكە و بێ خوێندنەوەی هیچ پێداویستیەك و زەمینە و پاڵنەرە پێویستەكانی شۆرشێكی نوێ و مامەڵەكردنی سەركردایەتیە كۆنە خودپارێزە  خۆ سەپێنەكە . پاش شكستی ئەو هەڵوێست و جۆڵانەوەیە، لەو رۆژەوە تۆوی دووبەرەكی بەرۆكی شۆرشی كوردستانی گرت و دواتر شەری ماڵوێرانی براكوژی و نەهامەتی و زەرەر لەخۆدان و یەكتر سرینەوە باڵی بەسەر شۆرشی گەلی كوردستاندا كێشا و، لە دوا ساتەكانی شۆرش  و بەڵكو لە قۆناغی رزگار بون و پاش راپەرین رەمزێكی ئەو جیابونەوەیە كە لە بنەرەتدا ئەو هەڵوێستە بەناوی ئەوەوە ناونرا ( جەلالی) بە زمانی خۆی و لە كاتێكی بەسەرچودا داوای لێبوردنی لەو رەفتار و هەڵوێستەی كرد و لە پێناو بەرژەوەندیەكی شەخسی و پلەوپایەیەكی بەغدا گەروەترین هەڵەی كرد،  كە جیابونەوەی لەو زەمەنە هەستیارەدا بە هەڵە لە قەڵەمدا. پاش چی ؟
لە پاش ئاشبەتاڵ و نسكۆی شورشی ئەیلول، دواجار و پاش هەوڵ و تەقەلای زۆرێك لە سیاسەتمەدارانی رۆشنبیر و بیرچەپ و خوێنەواری پێگەیشتوو، شۆرشی نوێ هاتە ئاراوە و لە پێناو ناو و خۆناساندن كە گەورەترین هەڵەی شۆرشی نوێیە، كە دەبو رێگە بە عەقڵی كۆن نەدەن سەركردایەتی ئەم جوڵانەوەیە  بكات، كەچی كۆمەڵێك خەڵكی كۆنە شۆرشگیری شۆرشی كۆن بە هەموو ئاڵۆزیەكانیانەوە خزێندرانە  نێو شۆرشەوە و حزبێكی بەرەییان پێكهێنا و، دواجار شۆرشی نوێ یان تەسلیمی بۆچون و عەقڵە كۆنەكە كرد . یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەو جۆرە دامەزرا، لەولاشەوە پاشماوەی پارتی لە دوورەوە مرخی لە بزوتنەوەیەكی شەرمنانە خۆش كردبوو،لەسەر بنەمای دووبەرەكی و دژایەتی كۆن و نوێ،  بڵێسەی شۆرشی یەكتر سرینەوە هەڵگیرسا و بەهەمان بارودۆخی جیابونەوەكەی پێشتر و بە بەشداری خەڵكی تر و بە نیمچە عەقڵیەتێكی تازەوە، شۆرش گەشەی كرد و، تا دەهات بارودۆخی بابەتی زاڵبونی خۆی سەپاند و بیرو عەقڵە كۆنەكەی نەوەی شۆرشی كۆن خۆی كردە رێبەر و سەركردە و فریادرەسی شۆرشی نوێ بە هەر شێوەیەك بوبێت . لە لایەكی ترەوە خەڵكە رۆشنبیر و ئازا و خاوەن بیروباوەرە جوان و خۆبەختكردوەكە لە زیندانەكانی  بەعس، یان لە رێرەوی شۆرش و ململانێ زەقبوەكان و، بە هۆی رۆڵی سەلبی و كاریگەری عەقڵە كۆنەكەوە، لەناوبران . بە كورتیەكەی، لەدواجاردا و پاش نەمانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، بە جیاوازیەكی زۆر كەمەوە شۆرشی نوێ كەوتەوە دەستی جەلالی و مەلایی  . هەندێك حزبی تر لەسەر ساحەكەدا هەبوون رۆڵی یەكجار لاوەكیان لە شۆرشدا دەگێرا و زۆرجار لە لایەن ئەملاو ئەولاشەوە بەكاردەهێنران لەدژی  شۆرش و بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستاندا بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی .
دەكرێت  ساڵەكانی 1946 و1961 و 1964 و 1974 لە رووی هەڵسەنگاندنێكی زانستیانەی بێلایەنانەوە  بە ساڵانی هەڵە مێژووییەكانی گەلی كورد ناوزەد بكرێت و، بە زەرەر بۆ پرسی رەوای گەلی كوردستان و مافەكانی بنوسرێت، نەك بە گونجانی كات و زەمان و بونی هۆكاری راست و رەوای داواكردنی مافی گەلی كوردستان بنوسرێت، ئەمە ئەگەر راستیەكان وەك خۆی ببینرێن و پشت پەردە و بنی بەرەكە بخوێندرێتەوە و واقعەكە بابەتیانە و بێلایەنانە هەڵسەنگێندرێت .
لەدواجاردا دەتوانین بڵێین، هەردوو شۆرشی كۆنی دوورە پەرێز و نوێی كۆنئامێز،لەسەرجەم رووەكانیانەوە توشی گەورەترین شكست هاتن ( لێرەدا دەتوانین بڵێین، ناشێت قۆناغی پاش ئەنفال بە شۆرش ناوببرێت، سەرەرای هەوڵ و ویست و ئیرادەی پۆڵایینی كۆمەڵێك خەڵكی گیانفیدا و تاكی شۆرشی نوێ كە مایەی شانازی و رێزی یەكجار گەورەن، لەبەر ئەوەی ئەو هەوڵانە هەڵوێست و بینین و بۆچونی تاكە كەسی بوون، نەك لە بنەرەتدا بە پلان و رێرەو و رەفتار و ئامانجی شۆرش درێژەیان بە شۆرش دابێت ) . 
پاش زەمینەخۆشبون و رەخساندنی بارودۆخی بابەتی و هەڵەكانی دیكتاتۆرەكەی بەغدا، راپەرینی جەماوەری رووی داو هێزەكانی بەعس راماڵێنرا و، كۆمەڵێك خەڵكی چەپ  وەك شوراكان ویستیان جڵەوی گۆرانكاریەكان بگرنە دەست، بەڵام بە هۆی  دونیایەك هەڵە و بیروبۆچونی خەیاڵی نەگونجاو لەگەڵ واقعدا و،بە هەمان شێوەی رەفتارەكانی پێشتری خەڵكی رۆشنبیری نێو شۆرشی كۆن، لە نەخوێندنەوەی بارودۆخی بابەتی كوردستان، بەهەمان شێوەی جیابونەوەكەی ساڵی  1964 ی جەلالیەكان، ئەمانیش توشی شكست بوون و هەڵۆكانی شۆرشی نوێی شاخ بە ناوی بەرەوە دەسەڵاتی كوردستانیان گرتە دەست و لە دواجاردا هەرێمی كوردستانیان بەم دەردە برد، كە دەتوانرا  لەو ماوەیە و هەلە مێژوویانەدا كوردستان بگەیننە دوامەنزڵگەی خەبات، بەڵام بەداخەوە هەمان هەڵە و كەموكورتی و تەسكبینی و خود پەرستی و نەرجسیەت و ململانێ و شەروشۆر و پلەپەرستی لەسەر حسابی بەرژەوەندیە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستان كەوتەوە .
رۆڵ و رێگریەكانی حزبەكان لە پێشكەوتنی باری سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری كوردستان دا :
پارتی دیموكراتی كوردستان :
پاش راپەرین، پارتی بەهەمان سەركردایەتی و عەقڵ و بە بۆچون و ئامانجی سەرەكی خودموختاریەوە  و بە بێ خوێندنەوەی بارودۆخی نوێی كوردستان و  بە عەقڵیەتی خوالێخوشبو مەلا موستەفاوە هاتەوە مەیدان و، بە قازانجكردن  لە خەڵكی زەدە و جاش و پیاوانی بەعس بێ هیچ لێپێچینەوەیەك لەگەڵ تاوانبارانی كوردستان بە بەهانەی لێخۆشبونی گشتی بەرەی كوردستانیەوە، زۆرێكی لەوانە خستە ژێر رەحمەت و ركێڤی خۆیەوە و تا رۆژگاری ئەمرۆش بەرگریان لێ دەكات و، بەوانەش رێژەی جەماوەری و دەنگی خۆی گەیاندە ئاستی لایەنەكانی تر و بگرە زیاتر و خۆی كردە حزبی یەكەم لە كوردستاندا . هەر ئەم حزبە جگە لە حزبایەتی و خۆی بە براگەورە زان و حاكمی رەها و ئیستغلال كردنی پێگە و جوگرافیای زۆنەكەی لە سەرجەم بوارەكاندا، زیادەرۆیی نیە ئەگەر  بڵێین هیچ شتێكی پێشكەش بە كوردستان نەكرد . ئەوەتا تا رۆژگاری ئەمرۆش دەیەوێت دەسەڵاتی هەتاهەتایی بەدەستەوە بێت و، بە هەر بیانویەكەوە بێت بنەماڵە حوكمی كوردستان بكات و رۆڵی خەڵك هیچ نەبێت و ئەوانی تر پاشكۆ بن ، ئەگەر بۆی بچێتەسەر.  ئەم حزبە هیچ سڵێكی لە پاراستنی ناو  و ناوبانگ و لەكەداربونی مێژووی خۆی نەكردۆتەوە تاوەكو لە شەری نێوخۆدا  گەیاندیە پەلكێشانی دەبابەی بەعس  بۆ پایتەختی كوردستانیش .
یەكێتی نیشتمانی كوردستان :
پاش راپەرین، تا ماوەیەك ئەم حزبە بە خوێن گەرمی و روحی تازەگەری و تۆڵە سەندنەوە لە تاوانباران رەفتاری كرد و تا رادەیەك مێژووی بۆ خۆی تۆمار كرد، بەڵام زەرەرێكی گەورەی لە جەماوەرێتی و ژمارەی لایەنگرانی خۆی دا و  وای لێهات  لەدەرئەنجامی  كێبركێی لەگەڵ پارتیدا، ئەمیش دەستی لە پیاوە ناپاكەكان پاراست و زۆریكی لە خۆ گرتن . دواتر ئەم حزبە بەهامەن شێوازی بەرەیی و بە پاڵنانی تام و لەزەتی دەسەڵاتەوە ئەگەر وەك حزبێكی بەرەیی نەما، بەڵام چەند باڵێكی لێ دروست بوو، تا ئەمرۆش بە دەردانە سەلبیەكانیەوە دەناڵێنیت . بەڵام لە كۆنگرەی یەكەم و پاش هەلقۆستنەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (خەتە گشتیەكەی) پاش (ململانێی نارەوای چەندین ساڵەی نێوخۆی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و توانەوەی و، كاریگەری ركابەری چ فكری بێت یان شەخسی نێوان سەركردایەتیەكەی) بۆ خۆسەپاندن بەسەر حزبدا و، نەهێشتنی پاشماوەكانی كۆمەڵەی رەنجدەران و زاڵبونی خەتی جەلالی بە فراوانی، ئەم حزبەی گەیاندە ئەو حاڵەتەی كە تەنها لە كێبركێ لەگەڵ پارتیدا بێت و هەموو ئامانجەكانی لەبیر بكات، بەهەمان ساڵەكانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، بە رێگە و پێگە و رەفتار و   شێوازێكی تۆزێك جیاوازترەوە،  لە ركابەری و ململانێكانی مەلایی و جەلالی دا دەستیپێكرد و شەری نێوخۆی لێ كەوتەوە و، لە زۆر بواردا كاروباری ئەم حزبە پارتی ئاسای لێهات و، جگە لە قازانجی تەسك هیچ ئامانجێكی تری نەبوو لەسەر ئەرزی واقعدا . تا دواجار پارتی و یەكێتی، یان راستتر بڵێین مەلایی و جەلالی، برابەشیان كرد و بەرژەوەندی شەخسی بوو كە پاڵ بە سەركردایەتی هەردو حزبەوە  نا  لە بەغدا و كوردستان جومگەكانی دەسەڵات بگرنە دەست و، كار و باردۆخی سیاسی كوردستانیان گەیاندە وەزعی ئەمرۆ . ئەگەر زۆر وردبین بین، دەتوانین بڵێین،یەكێتی بە كەمێك جیاوازیەوە لە سەرجەم رووەكانەوە، دەتوانرێت لە گەڵ پارتیدا بەراورد بكرێت و، كۆمەڵێك گەنجی رۆشنبیر و كادری بەتوانای سەرجەم بوارەكانی ژیان لە خەباتدا، لە ناو ئەم حزبەدا  بەردەوامن، بەلآم مێژووی كوتلەبازی خەریكە بە تەواوەتی بنكوڵی پەیكەری سیاسی و رێكخستنی ئەم حزبە دەگەنێتە كاتی گیانەڵا، ئەگەر گۆرانكاریەكی ریشەیی لەخۆیدا نەكات . 
بزوتنەوەی گۆران :
ئەگەر خۆمان لە قسەكردن و هەڵسەنگاندنەكەماندا، لە رووی فكرو بیروبۆچون و ئایدیولۆجیای حزبی ببورین . دەتوانین بڵێین، ئەم بزوتنەوەیە، ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی لە منداڵدانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە لەدایكبووە، بەڵام بزوتنەوەكە و رێكخەرە گشتیەكەی بە رەفتار و بۆچونە سەردەمیەكانی و رادەی رۆشنبیری خۆی، بواری ئەوەی داوە كە خەڵكی گەنجی بەتوانا و عاقڵی سەردەم بەشداری لە كار و خەباتی ئەم بزوتنەوەیە بكەن و، لە سەرەتای دروستبونیەوە چەندین ناو و كارەكتەری نوێ وەك دەموچاوی دوای راپەرین لە كۆری خەباتی ئەم بزوتنەوەیە دەربكەون و، توانراوە تا رادەیەكی زۆر باش، ململانێی مەلایی و جەلالی لەم بزوتنەوەیە دوور بخرێتەوە ، ئەمەش پەرینەوەیەكە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دواتر لە كوردستاندا و بە شانازیەك بۆیان تۆمار دەكرێت، بەڵام زۆر جار رەفتاری تاك كەسی كەسی یەكەم و دەرهاویشتەكانی تەمەن و هەندێك لە پیروپەكەوتەی دەوروبەری، هەنگاوەكانی بە چەوتو چەوێلێ دەهێلێتەوە و، وایان لێ دەكات بە هەمان بۆچونی ئەو دوو حزبەكەی تر هەنگاو بنێن و، خۆیان لەبیر دەچێتەوە كە لەبەر چی و لەپێناو چیدا دامەزراون . ئەوەی دەبینرێت، بۆچونەكانی بزوتنەوەی گۆران، ئەگەر  بە پێی كاری كردارەكیان لێك بدرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، دەكرێت، بە بزوتنەوەیەكی رەفتار و ناوەرۆك و بۆچون و شێوازی نوێ ناوزەد بكرێت، بەڵام هێشتا لە ژێر ركێڤی بیری نەوەی كۆن بە یەكجاری دەرنەچووە و عەقڵی كەسی یەكەم بە پلەی یەكەم بریاردەری یەكلاییكەرەوەیە لە سەر جەم بوارەكاندا، بە تایبەتی لایەنی سیاسی و مامەڵە لەگەڵ روداوەكانی كوردستان و ناوچەكە  و پەیوەندیەكاندا . بۆیە، ئەم بزوتنەوەیە بۆتە جێی ئاواتەكانی زۆرێك لە رۆشنبیران و چاودێران، ئەگەر لە دووریشەوە لێی بروانن، چونكە لە دوارۆژی دەروانن و وا پێشبینی دەكرێت ئەگەر رێكخەرە گشتیەكەی، كە لەنەوەی كۆنە لە تەڵسمەكانی ژیانی كۆن و بیرۆبۆچنی سەدەی رابردوو  دەربچێت و، بەم رەفتار و بۆچونە سەردەمیانەی گرتۆتە بەر و زۆرێك لە خەڵكی تازە و نەوەی نوێی پێگەیاندووە، بەردەوام بێت لەسەر ئەم بۆچونانەی، لە دوارۆژی نزیكدا ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر سەركەوتو بێت، ئەگەر هەڵەی زەقی وەك ئەم جارەی بەشداریكردن لە حكومەتی بنكە فراوان دووبارە نەكاتەوە، دەتوانێت زیاتر ببێتە جێمتمانەی نەوەی نوێ و، لەوانەیە بتوانێت گۆرانكاریەكی لەبەرچاو لەسەرجەم بوارەكاندا بكات، ئەگەر، ئەم بزوتنەوەش نەكەوێتە دەستی نەزان و پاشەكشە نەكات .
حزبە ئیسلامیەكان :
سەرجەمیان بە جیاوازیەكی زۆر كاڵەوە لە كاری رۆژانەو هەندێك ئامانجدا، كە خۆیان لە میانرەوی و توندرەویدا دەبینێتەوە، هەوڵی چەسپاندنی بیرە كۆنەكانی سەدەكانی صەدری ئیسلام دەدەن و بە ناوی ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ئایدیۆلۆجیاو ئامانجی لۆكاڵی كوردی لە جیاتی بیرو فكرە جیهانیەكانی خۆیان بەكاردێنن، ئەگینا لە هەر زەمین لەرزەیەكی سیاسی ناوچەیی كتوپردا، هیچ پەیوەندیەكیان بە ناوخۆی كوردستانەوە نامێنێت، وەك ئەو بوغراییەی كە لە كاتی بەهاری عەرەبیدا بە روخسیاریاندا دەركەوت و، كاریان بە كۆمەڵێك ئامانجی گشتی خۆیان كرد بەدەر لەوەی لە كاتی ئاساییدا ئیدعای دەكەن  . بۆیە تەنها بەكارهێنانی ئامانجی ناوخۆیی لە پێناو بیرو بۆچونە گەورەكەی خۆیان نەبێت، بە هەمویانەوە، هیچی تریان پێ نیە . بەڵام ئەبێت ئەوەش نەشارینەوە كە كۆمەڵێك گەنجی بەتوانای عاقڵیان تێدایە كە یان بە نهێنی ئامانجە گشتیەكانی ئەم جۆرە بزوتنەوە و حزبە ئیسلامیانە نازانن، یان پشتخانی فكری و بۆچونی خۆیان پاڵی پێوە ناون بچنە ریزی ئەم حزبانەوە و گوێ بە پشت پەردەی دروستبونی ئەم حزبانەیان نەداوە، ئەگینا لە سەرجەم بوارەكانی ژیاندا خاوەن بۆچونی تایبەتی خۆیانن و دەكرێت پشتیان پێ ببەسترێت ئەگەر لەدەرەوەی ئەو رێكخراوانە كار بكەن .
حزبە پاشكۆكان :
جگە لەو حزبە سەرەكیانە كۆمەڵێكی بەرچاو لە حزبی بچوكی تازە و كۆنی پاشكۆ لە سەر ساحەی سیاسی كوردستان لە ئارادان و،  پاش ساڵانێكی خەبات، لەنێو هەندێكیان، سەركردایەتیەكانیان بونەتە قورساییەكی سەخت بەسەر گەنجانی خوێنگەرمی ناو ئەم رێكخراوانەوە و، بۆ بەرژەوەندی تەسكی تاكەكەسی رەفتاری پاشكۆیەتی و دوور لە بێلایەنی هەنگاو دەنێن و حزبەكانیشیان وەك كۆمپانیایەك بەكار دێنن و خەڵكی خەمخۆری ئەم حزبانە و بەتایبەتی نەوەی نوێی پاك و بێگەرد باجی بەرژوەندی سەركردایەتی حزبەكانیان دەدەن و،  تا ئێستا لە ململانێ و ركابەری و خۆسەپاندنی تەڵسمەكانی رابردوو دەرنەچوون، ئەمانیش، سەرەرای  بچوكی قەبارەیان لە هەمان سەلبیاتی حزبە گەورەكان بەدەر نین . بۆیە بێ جەماوەر  و بێ ئەكتیف ماونەتەوە و بون و نەبونیان هیچ لە مەسەلە گشتیەكەی كوردستان ناگۆرێت و، وا چاوەروان دەكرێت رۆژگار یەكلاییان بكاتەوە، بەمەرجێك، ئەگەر رێرەوی سیاسی كوردستان بكەوێتە سەر سكەی خۆی و پێویستبونیان لە لایەن زلهێزەكانی ترەوە  و لە چوارچێوەی ململانێ حزبیەكان خۆی فەرز نەكات و، وەك مەقاش  بەكار نەهێنرێن، ئەمرۆ وا بەزەقی دەردەكەوێت كە پارتی تا چەند قازانجێكی لە رادەبەدەریان لێ دەبینێت، دوارۆژ گەواهیمان بۆ دەدات بۆ مانەوە و نەمانەوەیان .
ئەگەر لە رووی رێبازی سیاسیەوە لەسەرجەم لایەنەكان بروانین بە سەرەكی و لاوەكیانەوە، ئەوە لەسەر ئەرزی واقع و كردارەوە، جیاوازیەكی ئەوتۆ نابینرێت، جگە تارادەیەك بزوتنەوەی گۆران نەبێت، ئەویش بە شێوەیەكی زۆر كاڵ و كرچ . حزبایەتی و بەئەنجامگەیاندنی كارەكانیان بە هەمان ریتم و فۆرم و بە شێوازێكە كە بۆ دەیان ساڵە چەقی بەستووە و گۆرانكاریە هەمەچەشنەكانی سەردەم لە سەرجەم بوارەكاندا هیچ كاریگەریەكی ئەوتۆی لەسەر جێنەهێشتون، لەبەر چەقبەستنی عەقڵی سەرەكی و كاریگەری هەندێك سەركردەی دەسترۆیشتوی ناو سەرجەم حزبەكان و پەراوێزكەوتنی سەركردەی بەتوانای تر لە بەرێوەبردن و سەركردایەتی كردندا،لەبەر زۆرێك هۆكاری بابەتی وخودیی حزبەكە و خۆشیان، لە پێشەوەیاندا بەدەستەوە گرتنی ئامرازەكانی راگەیاندن و سەرچاوە داراییەكان لە لایەن خەڵكانێكی دیارەوە .
كار گەیشتۆتە حاڵتەێك، كە لە پێكهاتە و تێروانین و ناوەخن و كاردا، كتومت لە كۆمپانیایەكی بازرگانی دەچن و قازانجەكان بەسەر پشكدارەكاندا دابەشدەكەن . بۆیە جۆری حزبایەتی دوای راپەرین، گیانی فیداكاری و پەیوەست بە پرەنسیپ و بنەما فكری و سیاسیەكانەوە نەهێڵراوە و واقعی كوردستان لە رارەوی راستەقینەی خۆی لادراوە و بەڵكو راماڵێنراوە  .  بە سەدان خۆبەختكاری شۆرشگیری راستەقینە، گیانیان بەو رێبازە بەخشی و خاوەنی باوەربون بە بنەما فكری و فەلسەفی و رۆشنبیری و ئایدیۆلۆجیا راستەقینەكان، نەك لەو باوەرەدا بن واقعی سیاسی و حزبی كوردستان بگاتە ئەم بارودۆخ و شێوازەی ئەمرۆ و، قەت لە پێناو رۆژێكی وەك ئەمرۆ خەباتیان نەكردوە .
ئا لەم كاتەدا هیچ زیدەرۆییەك ناكەین گەر بڵێین، كوردستان خاڵیە لە حزبی راستەقینەی خاوەن بیر و فكر و فەلسەفە، نەك بزوتنەوە و رێكخراوی جەماوەری و خاوەن پێگەی هەڵبژاردن .
بۆیە، لەم بۆشاییە قوڵەی دونیای سیاسەت و فكر و رۆشنبیریەی كوردستاندا، زۆر راستە گەر بوترێت پێویستمان بە شۆرشێكی هەمەگیری سەرتاسەری سەرتاپای بوارە رۆشنبیری و حزبی و ئابوری و فكری و فەلسەفیەكان هەیە لەكوردستاندا، بۆ راماڵینی عەقڵی كۆن و ژەنگهەڵهاتوو و نەهێشتنی كاریگەریی سەلبی عەقڵی رزیوی ئێمەومانانی نەوەی كۆن و، لە پێناو بەرزبونەوەی  ئاستی كاریگەریی كارو رەفتار و بۆچونی نەوەی نوێی نمونەیی و خاوەن عەقڵی سەردەم لە هەموو بوارەكاندا . 
بۆیە لەو بروایەدام كە بارودۆخی شەروشۆر و قەیران و نەهامەتی ئابوری و ئاڵۆزی و فەزای سیاسی ئیمرۆ لەناو دەچێت و نەوەی نوێی بە ئیرادە، ئەم ستاف و نەوە كۆنە بێ قازانجە بە شێوەیەكی جوان و رێكوپێك رادەماڵن و بە عەقڵی كۆمپیوتەر و ئامرازە بە دیقەتەكان لە كاتی تایبەتی خۆیدا كوردستان دەخەنە سەر سكەی خۆی، جا زوو بێت یان درەنگ . لەو نێوەدەشدا چالاكی رۆشنبیرانی بێلایەن و كاریگەری ئابووری و باری كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان  رۆڵی یەكلاكەروەی خۆی دەبێت لە گۆرانكاریی گەورە  یان شۆرشێكی سەرتاسەریی  چاوەروانكراودا . 
ئەگەر پێداویستی و زەمینەی شۆرش خۆی بسەپێنێت، لە تروسكەیكی بچوكدا تەشەنە دەكات و لەو باوەرەدام كەس نەتوانێت لە چوارچێوەیەكدا قەتیسی بكات و، لەوێشدا ئەگەر عەقڵ و مەنتیق و گرتنەبەری رێگەی راست خۆی فەرز نەكات لە لایەن سەركردایەتی و گەنجانی خوێن گەرمی نەوەی نوێوە  ( گرتنەبەری رێگەی هەندەران لە لایەن گەنجانەوە تەنفیسێكە و  قازانجێكی گەورەی بۆ سەركردایەتیە باڵادەستەكەی ئەمرۆی كوردستان هەیە بۆ دوور خستنەوەی تەقینەوە گەورەكە) یەكێك لە ئەگەرە بە هێزەكان  ئەوەیە،  كە بگەرێینەوە سەرەتا و چوارگۆشەی یەكەم و، دیسان خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان بە هەمە جۆری خۆی لەلایەن نەوەی نوێوە و بە ئامراز و گۆرانكاریەكی سەردەمانە دەست پێ بكات و نەوەكانی دوای ئێمە بەسەرهاتەكانی بنوسنەوە . هیوادارم عەقڵ میوانی سەركردەكانمان بێت و لەم بارودۆخەی ئێستا بروانن و نەهێڵن بگاتە مریشكە رەشە، ئەو كاتە پەشیمانی دادی هیچ كەسێك نادات .
بۆیە دوا چارەسەر، خۆی لە نارەزایەتی و راپەرین و شۆرشێكی هەمەگیر دەبینێتەوە كە گەنجان سەرمەشقی گۆرانكاریە پیویستەكان دەبن و عەقڵ و رەفتاری كۆن توردەدەن . لە دەرئەنجامدا كاروانی سیاسی و رۆشنبیری و ئابوری كوردستان دەكەونە سەر سكەی تایبەتی خۆیان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە