پارتییەکان سوکایەتی بە حەسەن زیرەک دەکەن
Tuesday, 01/09/2015, 21:38
پەیجێکی فەیسوبوک بە زمانی عەرەبیی و بە ناوی گروپی پی دی کەی(Group PDK) وێنەیەکی هونەرمەند حەسەن زیرەک و میدیا زەندییان، لەگەڵ منداڵە ساواکەیان داناوە، هەروەکو هەنگونیان لەناو داردا دۆزیبێتەوە، بە خۆشییەوە بە عەرەبی نووسیویانە: وێنەیەکی دەگمەنی سەرکردەی نەمر مەلا مستەفای بارزایی و هاوسەرەکەی لەگەڵ سەرۆکی پێشەوا مەسعود بارزانی.
چەند شوێنێکیش ئەو وێنەیەیاان بۆ خۆشی و گاڵتە داناوە، لای من تەنیا ئەوە دەردەخات کە عەقڵی کۆیلەکانی پارتیی پێ هەڵدەسەنگێنیت و دەچیتە سەر ئەو رایەی بڵێیت، کە ئەم پارتییانە چەندە عەقڵیان هەژار و لاوازە، لایەنێکی تریش ئەوە دەردەخات، کە ئەو دەسەڵاتە لە ماوەی ئەم بیست و سێ ساڵەدا چۆن خەڵکیان پەروەردە کردووە، وایان کردووە نەوەیەکی نوێ، کەڵە هونەرمەندەکانی خۆی نەناسێتەوە، ئەمە دیوێکی دیکەش پیشان دەدات، کە خەڵکی باشوور لە هەموو زانیاریی و زانستێک دوور کەوتووتەوە ئاگاداری رابردووی خۆیان نیین، نازانن چ هونەرمەندانێک لەپشت هونەر و کەلتور و مۆسیقاکانمانەوە وەستاون، ئاگاداری رەسەنایەتی کوردیمان نین و هونەرمەندەکانمان ناناسن، میدیای ئەهلی کە ئیستا خەریکی سنگ و مەمکی هەیفا وەهبی و کارداشیانە، ئەمانیش وەکو دەسەڵات، بەهەمان شێوە کاردەکەن، ئاوڕێک لەو کەلتورە هونەرەی رابردوومان نادەنەوە و نەوەکانمان ئاشنا ناکەن، کە نمونەی دەیان کەسی جوانی وەکو حەسەن زیرەک، حەمەی ماملێ، شەمال سائیب، و کاوێس ئاغا و ... هتد، ئەوانەی کە مامۆستای ئەو بوارەبوون، ئەوەی منی جوڵاند بۆ ئەوەی ئەم وێنەیە بەم چەند دێڕەوە بۆ کوردستانپۆست بنێرم، لەبەر ئەم لایەنە هونەریی و کەلتورییەش بوو، کە دەسەڵاتی کوردی کاری لەسەر کردووە، تا فەرامۆش بکرێت و ناسنامەی کوردبوونیشمان لێرەشەوە بسڕێتەوە،لەو رێگەیەشەوە کە ئاشنایەتیمان لەگەڵ هونەری رەسەنی گەلەکەمان نەمێنێت، لە بری ئەوە خەریکی ناساندنی هونەرمەندە عەرەب و تورک و فارس و ئەوروپییەکانن، کوردەکانی خۆمانیان فەرامۆش کردووە، وایان کردووە خەریکی زنجیرە تورکیی و عەرەبییەکان بین، نایانەوێت خۆمان لە رێگایەکی دیکەوە دروست بکەین و پەرە بە کەلتور و زمان و هونەری خۆمان بدەین
ئەو کەسانەی کە وێنەی مەلا مستەفایان تێکەڵ بە وێنەی حەسەن زیرەک کردووە پەروەردەی ئەو قوتابخانەیەی دەسەڵاتن کە ئەم نەوەیەیان پێگەیاندووە، میدیاکانی دەسەڵات و سێبەر و ئەهلییەکنیش کەمتەرخەمییان نەکردووە کە هەموومان لە کوردبوونی خۆمان دووربکەوینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست