هۆمه ر كۆچه ر، وەک ؛ بانگخوازو وەک؛ پەڕلەمانتار
Saturday, 29/08/2015, 20:52
خەڵکی کاتێک لە ڕێگەی دیموکراسى نوێنەرایەتییەوە نوێنەرو باڵوێزی خۆیان دەنێرنە پەڕلەمان و ئەنجومەنە لۆکاڵییەکان، هەمو ویست و ئامانجەکانیان دەسپێرنە ئەوان و ئەوان ،لە ڕۆژی سوێنددرانیانەوە لە ناو پەڕلەمان و ئه و ئه نجومه نانه دا دەبنە بریکاری دەنگدەرەکانیان و دەکەونە ژێر لێپرسراوێتی گەل بە گشتی و دەنگدەرو خوداوە بە تایبەتی، وە هەروەها دەبێت ئەو سپاردەیەی کە گەل پێی سپاردون کە متمانەی دەنگدەرانە بە دەنگپێدراو لە لایەن دەنگپێدراوەوە بپارێزرێت، بەچی دەپارێزرێت؟ چۆن دەپارێزرێت؟ لە کوێ دە پارێزرێ؟
ئێستا یەک یەک وەڵامی ئەو سێ پرسیارە دەدەینەوە بەمشێوەیە:
• سەبارەت بە پرسیاری یەکەم ، سپاردەی دەنگدەران تەنیا بە خەباتی پەڕلەمانتاری دەپارێزرێت لە ناو باڵە خانەی پەڕلەماندا ، ئەو خەباتەش پێویستی بە بوێری و وریایی و دانایی و زانایی هەیە، ئەو کەسەی دارای ئەم تایبەتمەندیانە نەبێ نابێ خۆی بەربژار بکات و سپاردەیەکی ئاوا گەورەو گران وە ئەستۆ بگرێت کە نەتوانێت سپاردە پارێزی ئەنجام بدات، دیارە هۆمەر کۆچەر لەم ڕوەوە سەر کەوتو نەبو ،چونکە قادی خەباتی چۆڵکرد لە گرنگترین ساتەوەختی دیرۆکیدا ،ئیتر بەهۆی ترسنۆکییەوە بو بێت یان خۆ فرۆشتن ، سپاردە پارێز نەبو وە سەرپێچی ڕەفتاری پەڕلەمانتاران و بانگخوازانی کردووە.
• سەبارەت بە پرسیاری دوەم، چۆن متمانەی دەنگدەران و سپاردە کەیان کە بەجێهێنانی ویست و ئامانجە -کانیانە دەپارێزرێ؟ ئەویش بەوە دەپارێزرێ کە پەڕلەمانتار خۆی لە هیچ دانیشتنێکی چارەنوسسازو خاوەن ڕەهەندی ئابوری و نەتەوەیی و نیشتیمانی نەبوێرێ و ئەو ئاواتانە بەدی بهێنێت کە گەل خەونیان پێوە دەبینێ، لێرەشدا هۆمەر کۆچەر پەیمانشکێنی و سوێند شکێنی کردو بە پێچەوانەی بەرژەوەندی باڵای گەل و وڵاتەوە ڕەفتاری نواندو نەیهێشت خەونی دامەزراندنی سیستمێکی دیمۆکراسی ببێتە واقیع ، کە تیایدا دادگەری و دادوەری سەروەرەو میللەتیش ئاسودەو ئەرخەیانە، هۆمەر کۆچەر لێرەشدا بە پێچەوانەی ویستی بریگرتەکانیەوە جوڵایەوە، چونکە ئەو دەنگدەرە دهۆکیانە بۆیە دەنگیان بە هۆمەری پەیمان شکێن دا هەتا داکۆکی بکات لە هەوڵەکانی گۆڕینی ئەم سیستمە پۆڵکە بە ئاراستەی سیستمێکی کراوەی زەلالی دادگەری دیمۆکراسی، بەڵام هۆمەرچیکرد ؟ئەندام بونی خۆی هەڵپەسارد لە پێناو پاراستنی سەرو ماڵیداو ڕێگەی خۆشکرد بۆ لە بار بردنی ویستی دەنگدەرانی، لێرەشدا ڕێک
به پێچەوانەی پەڕلەمانتاری ڕاستەقینەو بانگخوازی ڕاستگۆوە جوڵایەوە ، چونکە (پێغەمبەر) (د.خ)دەفەرموێ: (هەر کەس خراپەیەکی دی با بە دەست ڕێگری لێ بکات، گەر نەیتوانی بە دەم، گەر نەیتوانی بە دڵ، ئەوەش نزمترینی ئاستی باوەڕە)بە گوێرەی قسەکانی هۆمەر کۆچەر بێ کە دوای ١٩ ئاب دەیکات بە دڵیش پێی ناخۆش نییە ئەو هەمو خراپەکارییەی لە سای سیستمی گەندەڵی کوردیدا دەکرێ ، بۆیە هەوڵی گۆڕینی ئەو سیستمەی ئیفلیج کرد لە گەڵ هەڤاڵەکانیدا.
• سەبارەت بە پرسیاری سێیەم و کۆتایی ، پاراستنی سپاردەکەی گەل لە باڵەخانەی پەڕلەماندا ئەنجام دەدرێ ، بەڵام کاکی کۆچەر خوا کۆچی دوایی پێبکات ، ئێستا ئەوێی جێهێشتووە لە ترسی ژیانی ،وه ڕوی لە سەنگەرەکانی دەڤەری کەسکێ کردووە بە یاوەری تەلەفزیۆنی نەوتاوه كه و خەریکی بانگخوازی و برنج و تەماتە خواردنە لە ناو پێشمەرگەکاندا، ئەمەیە کادرو پەڕلەمانتارو حاجی و بانگخوازو نوێنەرەکەی برایانی یەکگرتو ، ئایا ئێستا دەبێ دەنگدەرەکانی هەڵوێستیان بەرامبەری چۆن بێت؟ ئەم پرسیارە جێدەهێڵین بۆ ڕۆژگار.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست