کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ته‌مه‌ن ڕۆیی له‌ چاوه‌ڕوانی…!

Tuesday, 25/08/2015, 20:41


له‌ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م منداڵ بووم ئاره‌زووم بوو سه‌رکه‌وتنه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ببینم به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ باوکم گوێمان له‌ ڕادیۆ سۆنیه‌ شڕه‌که‌مان ده‌گرد، چ گوێ گرتنێک له‌ترسی ڕژێم ده‌نگمان که‌م ده‌کرد، ڕادیۆکه‌ش ته‌شویشی له‌سه‌ربوو ئه‌بوایه‌ به‌ پێوه‌ بووه‌ستی به‌رزی بکه‌یته‌وه‌، ئێستا باوکی ڕه‌حمه‌تی و خۆشی له‌ خۆنه‌دیوم له‌به‌رچاوه‌ که‌ چۆن ڕادیۆکه‌ی به‌رزده‌کرده‌وه‌ یان ده‌یخسته‌ سه‌ر پلاکی کاره‌باکه‌ تاکو ده‌نگی سافبکات، بۆ ئه‌وه‌ی گوێبیستی هه‌واڵێکی خۆشبێت،ئه‌گه‌ر گوێ بیستی هه‌واڵێکی خۆشی چالاکیه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ده‌بووین زۆر دڵخۆش ده‌بووین، ئه‌وشه‌وه‌ تابه‌یانی به‌ ئیسراحه‌ت ده‌نوستین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دووژمن هێرشی ده‌برده‌ سه‌ر برا پێشمه‌رگه‌کان تا به‌یانی خه‌ومان نه‌بوو هه‌ر له‌چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێک بووین، خه‌می برا پێشمه‌رگه‌کان خه‌می گوند نشینه‌کان خه‌می ڕه‌ز و باخ و پوش و پاوان و ژینگه‌ی کوردستانمان ده‌خوارد، ئه‌وکات چاوه‌ڕوانی سه‌رکه‌وتنه‌کان بووین،
له‌ دوای ئه‌نفال و کیمیا باران و دروستکردنی ناوچه‌ی موحه‌ڕه‌مه‌، سێ ساڵ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بووین، بۆیه‌ به‌گوڕ و تینه‌وه‌ پێشوازیمان لێکردن و شان به‌شانیان به‌شداری ڕاپه‌ڕینمان کرد تا سه‌رکه‌وتین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ دوای سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕین هه‌تا ئێستا هه‌ر له‌چاوه‌ڕوانی داین، 
له‌دوای ڕاپه‌ڕین زۆر دڵمان خۆش بوو چونکه‌ زۆر به‌خێرای بڕیاری هه‌ڵبژاردن دراو زوو جێبه‌جێ کرا، هه‌ر زۆر خێرا حکومه‌ت پێکهات، به‌ڵام هه‌نده‌ی نه‌برد دوای که‌متر له‌ دووساڵ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستی پێکرد،
چوار تا پێنج ساڵ چاوه‌ڕوانی شه‌ڕی ناوخۆ بووین، بڕۆ هێزی ئێران بێنه‌ و بڕۆ ڕژێمی عێڕاق بێنه‌و بڕۆ تورکیابێنه‌، ئێمه‌ی هاوڵاتیش هه‌رچاوه‌ڕێ بووین بزانین کێ ده‌شکێ؟ کێ ده‌کوژرێ؟ هێزی چ وڵاتێک دێ؟ چاره‌نوسمان چۆن ده‌بێ؟
پێنج ساڵی تر چاوه‌ڕوانی پێک هاتن و تێکه‌ڵ بوونه‌وه‌ و تێکه‌ڵ کێشی دوو ئیداره‌کان بووین، که‌تائێستاش ئاسه‌واری ماوه‌، کۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر کۆبونه‌وه‌، له‌دوکان له‌سه‌ری ڕه‌ش، له‌ده‌باشان له‌هه‌ولێر، تاگه‌یشتن به‌ڕێکه‌وتننامه‌ی ستراتیجی.
نزیکه‌ی شه‌ش ساڵی تر چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ڕێکه‌وتن نامه‌ی ستراتیجی بووین که‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌کان بگێڕێته‌وه‌ و پێگه‌یه‌کی به‌هێز له‌ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی دروست بکات، یان چاره‌سه‌ری ئاسه‌واری شه‌ڕی ناوخۆ و کێشه‌ی دوو ئیداره‌یی بکات، که‌چی ده‌رکه‌وت ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ ته‌نها بۆ دابه‌شکردنی پۆست و پاره‌یه‌…!
ماوه‌ی چوار ساڵیش چاوه‌ڕوانی ئۆپۆزسیۆن بووین، گووتمان ئه‌وجاره‌ ئه‌وانه‌ فریاد ڕه‌سی ئێمه‌ن، که‌چی ده‌رکه‌وت ئه‌وانیش تینوی پۆست و پاره‌ن،
له‌ ئێستاشدا جگه‌له‌ چاوه‌ڕوانی جه‌نگی داعش و سه‌لامه‌تی برا پێشمه‌رگه‌کان، چاوه‌ڕوانی مووچه‌ و کاره‌باو ئاو و سوته‌مه‌نی و خزمه‌تگوزاری و هیتد…! هه‌موومان تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بووین، چاوه‌ڕوانی لا چوون و لانه‌چونی سه‌رۆکی هه‌رێم لێکی کردین، چاوه‌ڕوانی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور پیری کردین! چاوه‌ڕوانی کۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی و سازان وکۆبوونه‌وه‌ چه‌ند باره‌کان شێتی کردین! چاوه‌ڕوانی ده‌وڵه‌تی کوردستان به‌ته‌واوی پیری کردین هه‌موومان مردین هه‌ر نه‌ماندیت.
له‌هه‌مووی گرنگتر هه‌تا ئێستا هیچ شتێک له‌و هه‌رێمه‌ له‌واده‌ی خۆیدا جێبه‌جێ ناکرێ…! نه‌هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت! له‌دوای هه‌ڵبژاردنیش‌ نه‌ په‌رله‌مان له‌کاتی خۆیدا کۆده‌بێته‌وه‌ بۆ پێکهێنانی پێکهاته‌ی په‌رله‌مان، وه‌نه‌حکومه‌تیش له‌واده‌ی خۆید پێک دێت هه‌موو چاوه‌ڕوانی ڕێککه‌وتنی حزبه‌کانن بۆ دابه‌شکردنی پۆسته‌کان، 
ته‌نانه‌ت بودجه‌ش له‌واده‌ی خۆیدا په‌سه‌ند ناکرێ! که‌ کۆڵه‌که‌ی ڕێکخستنی حکومه‌ت و سه‌رچاوه‌ی بژێوی ژیانی هاوڵاتیانه‌، بۆنمونه‌ بودجه‌ی ساڵی (٢٠١٣) له‌(٢٠١٤) په‌سه‌ند ده‌کرێت! ئه‌وه‌ جگه‌ له‌چاوه‌ڕوانیه‌ بچوکه‌کان وه‌کو دائیره‌کان و ڕۆتین وئیش وکاری ڕۆژانه‌ی بازاڕ و ژیان…!
که‌واتا ته‌مه‌نمان ڕۆیشت ئێمه‌ هه‌رچاوه‌ڕوانین…!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە