یەکگرتوی بانگخوازە ئیسفەنجییەکانی کوردستان، بناسن
Saturday, 22/08/2015, 21:00
لە نیوەی یەکەمی دەیەی نەوەدی سەدەی بیستەمدا ، بارودۆخی کوردستان لە کولەمەرگی و نەداری و هەژاریدا ڕۆ چو بو ، لەو دەمەدا لە لایەن هەندێ موعەلیم و مەلاو مەلازادەوە کە خاوەنی ئیدۆلۆژیای برایانی میسر بون و پێگەی ڕامیاری و دیپلۆماسییان بۆ دروستکرا بو لە لایەن برایانەوە لە وڵاتانی نەوتی کەنداوی فارسدا و گوژمەی نەختینەییان بۆ دەنێردرا بۆ دروستکردنی مزگەوت و یارمەتیدانی بێوەژنان و ڕێکخستنی خوان لە بۆنە ئاینییەکاندا بۆ خەڵکانی برسی ،بەهۆی ئەم چالاکی و جموجوڵانەیانەوە کە ڕوخسارێکی مرۆڤدۆستی و چاکەخوازی پێوە دیار بو خەڵکانێکی زۆر لە دەوری ئەو موعەلیمە ئیخوانیانە کۆ بونەوەو بون بە هەوا داریان چونکە وەک پێشتر وتمان کولەمەرگی و هەژاری و شەڕی یەکێتی و پارتی و بزوتنەوە تەواو خەڵکیان سەخڵەت و جاڕس و بێزار کردبو، ئەم بارە ناهەموارەش بۆ برەوسەندنی یەکگرتو باشترین هۆکار بو، موعەلیم و مەلا ئیخوانییەکان لە ڕێگەی ئاسانکردنی ئاین و سادەکردنەوەیی و تێکەڵکردنی بە هەندێ ڕوکەشی بریقەدارو سەرنجبەری مۆدێرنێتە وه ،لە بابەتی ڕێکخراوی لاوان و خوێندکاران و ژنان و سپۆرت و هونەرەوە بەو توانا نەختینەیەی کە هەیان بو توانییان گەنجانێکی زۆر لە دەوری پارادیگما دەرەکییە میسرییەکەیان کۆ بکەنەوەو خۆیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی ڕامیاری بەناو ئیسلامیدا لە ساڵی ١٩٩٤ دا ساز بدەن، بەڵام نە ئەوکات نە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کۆمەڵە ئیخوانییە ئەو تایبەتمەندی و بوێری و وردەکارییەیان تێدا نەبووەو نییە کە پارت و ڕێکخراوی سیاسی دەیخوازێت، هەر لەبنچینەوە ئەم ڕێکخراوەی ناوی دەبرێ بە یەکگرتوی ئیسلامی ڕێکخراوێکی ترسنۆکی پوچ لە سەرکردەو بوێری و هەڵوێست و پارادیگمای کوردایەتی بووە، هێندەی کاریان لەسەر ڕاکێشانی سۆزو هەستی مسوڵمانانی نەخوێندەوارو سادەو بێوەژنان و منداڵانی بێناز کردووە یەک لە سەر هەزاری ئەوە کاریان لە سەر بابەتی ڕێکخستن و دامەزراندنی سیستم و بەرقەرار کردنی دەسڵاتێکی دادگەرو دیمۆکراتیک نەکردووە ناکەن، هەر کات پێویستی کۆمەڵگەی کوردایەتی و دادگەری کەوتبێتە ئەمانە ، ئەمانە بۆ پارسەنگی هێزو بە لاکەوتنی دادگەری شیا بن ، نەهاتونەتە پێشێ و بێ هەڵوێست و ترسنۆکانە لە ڕێگەی داتاشینی هەندێ پاساوو حونجەتی موعەلیمانەی مەلا کردەوە خۆیان دزیوەتەوەو تەهلوکەو ناڕەحەتییان لە خۆیان لاداوە ، چونکە ئەوان بۆوە دروست نەبونە ببنە سوتەمەنی و بەردەباز بۆ کۆمەڵگە ، بەڵکو بۆوە دروست بون لە ڕێگەی موتوربەی ئیسلام و مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییەوە ڕامی بیرو بۆچون و هەستی خەڵکی بکەن.
نمونەشمان بۆ ئەم قسانەشمان بێ هەڵوێستییان بو لە سەرو بەندی شەڕی نیگریسی کوردکوژیداو نا بوێرییان بو کە نەیان وێرا بێ لایەنی هەڵبژێرن یاخود بەشداری هیچ ئیدارەیەک نەکەن لە دو ئیدارەکەی ئەو دەم ، بەڵکو لەترسی پارتی بەشدار بون لە ئیدارەی زەردداو پارسەنگی پلورالیزمی دەسڵاتیان لە قازانجی پارتیدا شکانەوە کە ئەو دەم سەرجەمی هێزە ڕەسەن و گرنگەکان لە ئیدارەی سەوزدا بەشدار بون، هەرچەندە زۆر جار ئەم تاقمۆکە ی یەکگرتووە کەوتونەتە بەر لەقەو شەقی پارتی و هیچ کات سازشە ناشیرینەکانیان بەرامبەر پارتی شەفاعەتی بۆ نەکردون و نە بووە بەهۆی لادانی دەردەسەری لە سەریان، بەڵکو زیاترو زۆرتر بچوکی کردونەتەو ه لە پێشچاوی پارتی، کەچی سەرباری هەمو ئەمانەش کە پارتی دەیانسوتێنێ و دەیانکوژێ و دەیانڕفێنێ و هەرزان فرۆشیان دەکات گوێرەکەی سۆزیان بۆ شیری زەرد زیاتر دەقۆڕێنێت هەتا ئاوی شین و سەوزایی سروشت ، ئەگەر باسی باشی و خراپی ڕێژەیی یەکێتی و گۆڕان و پارتییان بۆ بکەیت پارتییان پێ باشترە ، چونکەچاکتر ترساندونی.
هەروەها کاتێکیش لە سەروەختی بەلاداخستنی داد و ناداد دا لەپارێزگای سلێمانیدا دادگەری و هەڵوێست و کۆمەڵگە پێویستی بە دەنگی ئیخوانییەکان بو دیسانەوە بێ هەلوێستی و نا جوامێری و ترسنۆکی بویەوە بەکاڵای بەریان و دەستیان کردەوە بە مینجە مینجی موعەلیمانەو هێنانەوەی پاساوی ساویلکانەو نەیانویست و نەیانوێرا بە ئاراستەی دادگەری بڕیار بدەن و خۆیان لەو بڕیارە گرنگە بوارد و ترسنۆکانە باڵانسەکەیان لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا ڕاگرت.
لە ١٩ ی ئابیشدا کە گەل و دیمۆکراسی پێویستی بە دەنگی ئەمانە بو ئەمانە پەیمانشکێنییان هەڵبژاردو لەدابەشکارییەکی قیزەونی بادینی و سۆرانی پەڕلەمانتارەکانیاندا کارێکی وایان کرد دەنگی پێویست بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی کۆ نە بێتەوەو بارودۆخی کوردستان نەگۆڕێ.
ئیدی پێم ناڵێن دەبێ بیجامە لەپێکانی کوردستان چی سودێکیان بۆ کۆمەڵگەی کوردایەتی هەبێ؟
ئیسلام کە دینی هەڵوێست و بوێرییە ئەم بیجامە لە پێیانە دەتوان پراکتیزەی بکەن؟
سەیر لەوەدایە لە پارادیگما یۆتۆپییەکەیاندا چەسپاندنی حوکمی ئیسلام و چەسپاندنی شەریعەت ئیبراز دەکەن ، کە هەمومان دەزانین چەسپاندنی حوکمی ئیسلام و شەریعەتەکەی بەبابایەکی ترسۆکی وەک یەکگرتو تا ئەو ڕۆژەی فو دەکرێت بە نەفخی سوردا نایەتە دی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست