خوێندنەوەو پێشبینی خۆم لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستا
Saturday, 22/08/2015, 20:20
خوێندنەوەو پێشبینی خۆم لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستاو دەرئەنجامەکانی ئەو دانیشتنانەی پێنج حیزبەکان و دانیشتنەکەی یەکشەموی پەڕلەمانی باشوری کوردستان.
رۆژی یەکشەم ٢٣/٨/٢٠١٥ دەبێتە رۆژێکی مێژوویی لە باشوری کوردستان. لە دروشما یاسا سەروەردەبێت. دەسەڵاتەکانی حکومڕانی ئەو هەرێمە ئاڵوگۆڕیەکی زۆری بەسەردادەکرێت. سیستەمی دوو ئیدارەیی نامێنێت و پەرلەمانی کوردستانیش یاسای سەرۆکایەتی هەموار دەکاتەوە و سەرۆکایەتی بارزانیش بەپێی یاسا درێژ ناکرێتەوە. بەکوردیو بە کورتی، دروشمی نە شیش بسوتێو نە کەباب لە ناو پێکهاتە حیزبیەکان دەگاتە بەر ئامانج. بەڵام بۆ هاووڵاتیان دەبێ شوکرانەی خوای بکەن کە دەتوانن ئەو نانە رەقەی هەیانە لە لەگەڵ بۆنی ئەو کەبابە نەسوتاوانە بخۆن.
بە درێژی/
زۆر لەو شەش خاڵانەی کە د.بەرهەم سالح پێشنیازی کردبوو لەگەڵ زۆر لە خاڵەکانی پارتیش دەبێتە قەرارو ئیشیان لەسەر دەکرێ. وە پەڕلەمانیش دەبێتە مەرجەعی سەرەکی حکومڕانی باشوری کوردستان.
لە خاڵە هەرە گرنکەکان کە ئەو پێنج حیزبە ڕێککەوتنی لەسەر دەکەن ئەمانەن:
١/ یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی وهەولێر بە هەموو داموو دەزگاکانیانەوە.
٢/ دامەزراندنی/یەکگرتنەوەی پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان و ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وەکو جیهەتێکی بێلایەن لە حیزبەکانەوە.
٣/ چاو پیادا چونەوە بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان.
٤/ لە سەر پرسەی سەرۆکایەتی هەرێمیش، سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پەڕلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.
٥/ زۆر لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک دەگوازرێنەوە پەڕلامان و سەرۆک وەزیران.
٦/ ڕەشکردنەوەی یان بەدوا نەچونەوەی هەموو ئەو تێرۆرو تاوانانەی کە حیزبەکانی دەسەڵات بەرامبەر هاووڵاتیان و ڕۆژنامە نوسەرەکانی کوردستان لە رابردودا ئەنجامیان داوە.
٧/ ڕەشکردنەوەی یان پیادانەچونەوە بەسەر زۆر لەو گەندەڵیانەو دزیو تاڵانیانەی کە حیزبەکان لە ڕابردوو کردویانە. وە بە تایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندیان بە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە هەیە، بە بیانوی نەبونی بەڵگەنامەی کاملو سەقەتی لە سیستێمی ئیدارەی پێشودا.
٨/ بۆ دیعایەکردن، تەنیا لێپرسینەوەی یاخود دادگاییکردنی چەند بەرپرسێکی تاوانبارو گەندەڵ لە دەرەوەی بنەماڵەی بارزانیو تاڵەبانیەوە ( ئەوەش وەکو ئاشتی هەورامی و چەند بەرپرسێکی تر).
لەلایەن پرسەی پەڕلەمانیشەوە، ئەو ئەندامانەی کۆمەڵەی یەکگرتوی ئیسلام کە حازر نەبوون لە دانیشتنە نائاساییەکەی ڕۆژی ١٩/٨ ئەمجارە لە خەیبوبەکەیان هەڵدەستنەوەو بەشداری ئەم دانیشتنەیان دەکەن. لەم دانیشتنەشدا دەستوری سەرۆکایەتی هەرێم هەمواردەکرێتەوەو بەپێی یاسا سەرۆکایەتی بارزانیش درێژ ناکرێتەوە. (بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵە لە ڕووی سایکۆلۆجی و حکومڕانی دەوڵەت بەرەو کۆمەڵگای دیموکراسی، بە خاڵە هەرە گرنکەکان دادەنرێت. ىڕیاری پەرلەمان لە سەر ئەم خاڵە یاساییە مانای دەسەڵاتی پەرڵەمانو سەروەری یاسا پێشان دەدات لە بەرامبەر هەمو هەستوخوازەکانی تر، مانای ئەوەیە سەروەری یاسا لەسەروی داخوازیەکانی "زاناکان" و نوسەرو شاعیرەکان و مەلاو سەندیگاکان و سوهێر قەیسی بێژەرە. وە مانای سەروەری یاساشە لە کوردستان لە سەروی داخوازیەکانی ئەمریکاو حیزبە دەسەڵاتدارەکان). ئەوەش بە دەسکەوتێکی گەورە لەلای بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە قەلەم دەدرێت.
بۆ کەیسی مەسعود بارزانییش، مەسعودبارزانی لەسەر کورسیەکەی دێتە خوارەوە، بەڵام هەر وەکو سەرۆکی پارتی دیمکراتی کوردستان دەمینێتەوەو دەوری سیاسی خۆشی لە ساحەی سیاسی هەرێم هەر بەردەوام دەبێت.
بۆ کەیسی کاندیدی سەرۆکایەتیش، چەند کەسێک خۆی کاندید دەکات بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و بارزانیش لەسەر داواکاری خۆی، خۆی کاندید ناکاتەوە! د.بەرهەم سالح یەک لە کاندیدە سەرەکیەکانی سەرۆکایەتی هەرێم دەبێتو ئیحتمالی زۆریشە پۆستی سەرۆکایەتی بە ئەو بدرێت.
بەڵام سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیانەی کە لە سیستێمی حکومڕانیدا دەکرێت ئەوە نابێتە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا. وەزارەتەکان پێویستیان بە ئاڵو گۆڕەکی رادیکاڵیانە هەیە. وە دەبێت زۆر لە دامو دەزگاکانی دەوڵەت بە موئەسسەساتی بکرێت و لێپرسینەوەی جدی بکرێت لە کارو ئادای وەزارەتەکان و بەرپرسەکانی دەوڵەت. وەهەروەها کەسانی شیاو لەسەر ئەم کورسیانە دابنرێن کە دوور لە حیزبایەتیەوە بتوانن خزمەتی هاووڵاتیان بکەن. بەڵام بۆ هێنانەدی و جێبەجێ کردنی ئەو کارانە ئیرادەو توانای ئەو ئەکتەرانەی دەوێ کە لە ساحەی حکومڕانیدا شتیان بەدەستەو بڕیاردەرن. ئەو ئەکتەرانەش جگە لە چەند کەسێکی ناو بزوتنەوەی گۆڕان زۆربەیان لە ڕووی سیاسەتی بەڕێوە بردنی دەوڵەتەوە ئیکسپایەرنو لەناو کەلتوری دزیو گەندەڵی ودیکتاتۆریەتدا بۆ ماوەیەکی زۆر حکومڕانیان کردوە. وە ئەو کەسایەتیانەش کاریگەریەکی نێگەتیڤی سەرەکیان دەبێت لەسەر ئازادیەکان و بنەما دیمکراسیەکان و خزمەتگوزاریەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەوە مەتەلەیە بە گۆرینی چەند ووشەیەک لە شاعیری کورد حاجی قادری کۆییەوە وەرگیراوەو دەڵێت:
"بە أللە أکبر و ریشە پانە و وورگە زلەو سەرە سورەی پڕ لە ئەسپێ بناخەی دەوڵەتی کوردان چۆن دەچەسپێ"
لوند/سوید ٢١/٨/٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست