کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زیندانه‌کان پڕبکه‌ن له‌ شڤان!

Saturday, 22/08/2015, 11:31


هه‌میشه‌ ده‌سته‌ڵاته‌ دکتاتۆر و گه‌نده‌ڵ و نادادگه‌ر و سته‌مکاره‌کان له‌ هاوڵاتی و گه‌لی خۆیان ده‌ترسن، چونکه‌ باش ئه‌زانن په‌رێزیان پاک نیه!‌ هه‌میشه‌ گوێ قوڵاغن، بۆ هه‌ر جۆره‌ توڕه‌بوونێک و ناڕه‌زایه‌ک، ئه‌وه‌نده‌ی پێیان بکرێ دژی ئه‌و جۆره‌ ده‌نگ و ناڕه‌زاییانه‌ ده‌بنه‌وه‌، که‌ له‌وپه‌ڕی توڕه‌بووندان و له‌تاو ئازاری هه‌ژاری خۆیان هاواریان لێهه‌ستاوه‌،
له‌ جیاتی گوێگرتن له‌ ده‌نگ و هاواریان، به‌ده‌م چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان بچن، له‌ڕێگه‌ی سیخوڕ و ده‌زگاکانیانه‌وه‌ به‌دوای ده‌نگه‌ نا ڕا‌زیه‌کاندا ده‌گه‌ڕێن، یان ده‌یان فڕێنن و بێسه‌رو شوێنیان ده‌که‌ن یان به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان ده‌یان کوژن و له‌ناویان ده‌به‌ن، یان به‌هۆی تۆمه‌تێکی ناڕاسته‌وه‌ ده‌یان خه‌نه‌ گۆشه‌ی زیندان!
ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتارانه‌ له‌ده‌سته‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستانیش به‌دوورنیه‌، چونکه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا زۆر کاری ڕفاندن و بێسه‌ر و شوێن کردن و کوشتن و زیندانیکردنمان دیوه‌.
ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا گه‌نجێکی شاری هه‌ولێر به‌ناوی شڤان ئازاد له‌کاتی توڕه‌بوونێکی زۆردا به‌ده‌ستی خۆی ڤیدیۆیه‌کی توڕه‌یی ناو ناخی تۆمارده‌کات و له‌واڵه‌که‌ی خۆی دایده‌به‌زێنێت، له‌کاتێکدا زۆر بێمنه‌تانه‌ ناو و ناونیشان و پیشه‌و ژماره‌ موبایلی خۆیشی ده‌ڵێ، که‌ هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی توڕه‌بوونی حه‌قیقی ناو ناخیتی بۆیه‌ ئاوا ڕقی خۆی ده‌ڕێژێ و جنێو ده‌دات، هه‌رچه‌ند من له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌ نیم، 
ئه‌م ڤیدیۆیه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری لێکه‌وته‌وه‌ له‌تۆڕه‌ کۆمه‌ڵاتیه‌کان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌جیاتی گوێگرتن و به‌دواداچون له‌ هۆکاری توڕه‌یی کاکه‌ شڤان و هاوڕاکانی، پۆلیسی هه‌ولێر هه‌ڵساوه‌ به‌ده‌ستگیر کردنی ئه‌و گه‌نجه‌‌،
لێره‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر به‌کوشتنی سه‌رده‌شته‌کان و سۆرانه‌کان و کاوه‌کان، په‌رده‌ پۆشی گه‌نده‌ڵی و خراپه‌کاریه‌‌کانتان ده‌کرێت ئه‌وا قه‌ساپخانه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌ دروستبکه‌ن چونکه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێک گه‌نج ولاو لێتان توڕه‌یه‌، بنه‌بڕ نابن ئاوا یه‌ک یه‌ک هه‌موویان به‌یه‌که‌وه‌ سه‌رببڕن.!
یان ئه‌گه‌ر به‌گرتنی شڤانه‌کان پێتان وایه‌ کۆتایی به‌ده‌نگه‌ ناڕه‌زاکان دێنن ئه‌وا زیندانی گه‌وره‌ گه‌وره‌ دروست بکه‌ن، چونکه‌ شڤانه‌کان زۆرن جێگایان نابێته‌وه‌ له‌و زیندانه‌ بچوکانه‌ی ئێوه‌…!
وه‌رن کوشتنی به‌کۆمه‌ڵ ئه‌نجامبده‌ن، خۆ ئێوه‌ فێرن و ده‌ستان سوره‌ به‌خوێنی گه‌ل، ئه‌گه‌ر ده‌زانن به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ده‌سته‌ڵات و درێژه‌ ده‌ده‌ن به‌ دزی و گه‌نده‌ڵی وه‌ په‌رده‌ پۆشی خراپه‌کاریه‌کانتان ده‌که‌ن، وه‌رن قه‌سابخانه‌ دابنێن و ڕه‌شبگیری ده‌ست پێبکه‌ن، خۆ ئه‌وه‌ پیشه‌ی خۆتانه‌، چیتان له‌ده‌ست دێت بیکه‌ن، ویژدانتان ئاسوده‌که‌ن، وه‌ک چۆن له‌ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا درێغیتان نه‌کردووه‌، وه‌رن زیندانه‌کان پڕبکه‌ن له‌شڤانه‌کان، چونکه‌ ئێمه‌ هه‌مومان شڤانین…

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە