دۆسەیی سەرۆكایەتی هەرێم لە نێوان قاسمی سلێمانی و برێت ماكگوركدا
Friday, 21/08/2015, 23:13
ئەگەر كێشەی سوریا و ئەو نەخشەیە كە هەیە بۆ دابەشكردنی سوریا و دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام , بریتی بێت لە بەشێك لە سایكس بیكۆیەكی تر لە نێوان ئێران و ئەمریكادا , وە ئەگەر توركیا پاشەكشەی كردبێت لە هاوكێشەی ناوچەیی و ئەو سیاسەتەی كە پیادە دەكرێت لە ناوچەكەدا , ئەوا بۆ ئەو نەخشە ڕێگایەیە هەم ناتۆ و هەم ئێران پێویستیان بە جیوپۆلەتیكی توركیا دەبێت , ئەوەی كە ناتۆ كردی بۆ بەكارهێنانی بنكەی ئەنجەرلیك , بەو مانایە دێت كە پێگەی جوگرافی توركیا گرنگە نەك سیاسیەتی توركی , بە دیوێكی تریشدا هەم ناتۆ و هەم ئێران دەیانەوێت هەموو هێزەكانی چواردەوری سوریا بخەنە سەر هێڵی ئامانجەكانی خۆیان و نایانەوێ هێزێك دژی سیاسەتەكانی ئەوان ببێت , بە تایبەت لەم كاتانەدا كە دۆسیەی موسڵ و ئازادكردنەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆیە .
• خۆ ئەگەر بە پێ ی ئەو نەخشە تازەیەی كە ناو دەبرێت بە سایكس بیكۆیەكی نوێ , توركیا تەواو پاشەكشەی كردبێت و عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە خرابێتە سەر ئێران و بیانەوێت لەگەڵ ئەمریكا پێكەوە كار بۆ بەرنامەیەكی گشتی بكەن ,ئەوا دەبێت هەموو هێزەكان یەكبخرێت , تا بتوانن كار بۆ ئازادكردنی موسڵ و ئەنبار بكرێت , لەم چوارچێوەیەدا هەرێم و پێشمەرگە پێگەیەكی گرنگی هەمە لایەنەی هەیە و نابێت پشێوی تێدا ڕوو بدات و دەبێت هێزەكان لە چوارچێوەیەكدا یەكبخەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەكەیان جێبەجێبكەن .
• ئەگەر لە دوای پاشەكشەی توركیا كە زۆنی زەرد سەر بە درێژكراوەی توركیا بوە , ئێران ویستبێتی لە ڕێگەی قاسمی سلێمانیەوە , زۆنی زەرد سەوز بكاتەوە , ئەوا لە ئێستادا پێویستیان بە جیوپۆلەتیك و ڕۆڵی توركیا هەیە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی سوریا , بۆیە نایانەوێت لەم كاتانەدا هەرێم لەسەر ئەو دابەشكاریە جێبەجێبكەن , بەڵكو دەیانەوێت بە هیواشی و پلە بە پلە كاری لەسەر بكرێت.
• ئەوەی قاسمی سلێمانی دەیویست لەسەر هەرێم بیكات , هێمنی ئاسایشی هەرێم بوو بۆ ئەوەی پشێوی دروست نەبێت و داعش نەتوانێت سود لەم پشێویە وەربگرێت , برێت ماكگوركش هەمان مەبەستی هەیە , بە مانایەكی تر ئەمریكا و ئێران خاوەنی بەرژەوەندی هاوبەشن لە هەرێمی كوردستان .
• لە گێمی یەكەمدا قاسمی سلێمانی هەوڵی دا , بە بێدەنگی یارییەكە چوە گێمی دووەم و برێت ماكگورك ئەو ڕۆڵەی بینی , كە پێ دەچێت چی ئێران و چی توركیا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەمریكا هەڵكردبێت و هاوكاری بكەن , كە ناوبژیوانی ناو گۆڕەپانەكە بەو بسپێرن , چونكە هەرسێ لایەنیان بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە كوردستان , ئەوەی ماكگورك دەیكات و بەو مانیە دێت كە ئەگەر ئێران ئەو ڕۆڵەی بگێڕایە دور نەبوو كە توركیاش بێتە گۆڕەپانەكەوە , بە واتایەكی تر سیناریۆی بریكاری بەڕێوە دەبرێت تا هێڵێك بكێشرێت كە نەهێڵن بارودۆخی هەرێم تێك بچێت .
• ئەوەی ماكگورك دەیكات بۆ ئەوەیە هاوسەنگی بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی ناوچە و كۆمپانیا زەبەلاحەكان لە هەرێم بپارێزێ , بۆ ئەمەش ئەو كاتەی 40 هامەڕەكەی پارتی كە دێنە ناو هەولێرەوە ئەمریكا پێیان لا دەبات , ئەو كاتەی هەوڵی داگیركردنی پەرلەمان دەدرێت , ئەمریكا دێتە سەر خەت و ئەو هەڕشە ناهێڵێت , ئێران لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا هیچ ناڵێت , كە دەكاتە ڕێكەوتن لەسەر ئەو سیناریۆیەی كە ئێران و توركیا ڕازین پێ ی .
• ئەوەی هەیە ئێستە هەرێم لەسەر دۆسیەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و ولایەتی سەرۆكی هەرێم , چی ماكگورك و چی قاسمی سلێمانی كار لەسەر ئەوە دەكەن كە هێڵێك بدۆزنەوە بۆ ڕێككەوتنی هەموو هێزەكان و نەهێڵن هەرێم بچێتە دۆخێكی لێكترازاو , وە لەم ململانێیەدا لایەنگیری هیچ هێزێك ناكەن , بە تایبەت كە سنورێكی گەورەی شەڕی داعش بە دەست پێشمەرگەوەیە و بەنداوی موسڵ دەكەوێتە سەر هێڵی بەرگری پێشمەرگە , بۆیە بە پێ ی هاوكێشە ناوچەیی و جیهانیەكان ڕێگە نارێت دۆخی هەرێم بشێوێ .
• ئەوەی ئێستە هەیە كەوتوەتە سەر هێزە لۆكاڵییەكانی هەرێم تا چەندێ دەتوانن ململانێ ی سیاسی بكەن , بێ ئەوەی دۆخی هەرێم تێك بچێت , بە واتایەكی تر نە ئەمریكا و نەئێران و نە توركیا لایەنگری هیچ بەرەیەكیان نابن و لە هیچ بەرەیەكی قبوڵ ناكەن دۆخەكە بشێوێنێ , ئەوەی دەمێنێتەوە یاری لایەنە سیاسیەكانە لە نێوان گۆڕینی سستمی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمانی و درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی هەرێم , دوو بەرە لە نێوان باڵادەستی سازانی حیزبی و سەرۆكایەتیدا و باڵادەستی پەرلەمان و یاساكاندا , چاوەڕێ ی كۆتایی یارییەكەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست