کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی كوتلەبازیان تێپەراند

Friday, 21/08/2015, 22:45


پرسی سەرۆكایەتی هەرێم  لە زۆر لاوە  قازانجێكی زۆری  بەخشیە لایەنەكان  و لەدەرەوەی ئەم بابەتە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر كۆمەڵێك بابەتی نێوخۆیی حزبی و یاسایی هەبوو، لەلایەكی تریشەوە ئەم بابەتە بووە سەنگی محەكی سەربەخۆیی راو بۆچون و هەڵوێستی سەرجەم لایەنەكانی كوردستان  . لەو ماوەیەی پێشودا،ئەوەی گوێبیستی راو بۆچونی كادرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوبێت چەندین  جیاوازی زۆر زەقی لە قسەكانیان بەدیدەكرد، هەندێكیان زۆر نزیك لە هەڵوێستی پارتیەوە قسەیان دەكرد و تەنانەت راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ بە شێوەیەك لە شێوەكان وا دەردەكەوت كە لە كادرانی پارتی  زیاتر بەرگریان لە راوبۆچونی پارتی دەكرد، ئەو هەڵوێستەیان  بەهەر شێوەیەك نواندبێ، نەك  لەبەر ئەوەی  كە لە پارتیەوە نزیك بن، بەڵكو لە دژی راو هەڵوێستی كوتلەكەی تردا بووە  كە لە پارتیەوە دوورە،لەم بارەشەوە پارتی ئیستیغلالی ئەمەی دەكرد و تەنانەت لە راگەیاندنی رەسمی خۆیەوە قسەی ئەو كادرانەی دووبارە دەكردەوە و نان و پیازیشی پێوە دەخوارد،  لەبەرامبەردا كادرانی تر هەبون زۆر لە دژی هەڵوێستی پارتی و كە بە نزیك لە گۆران دەكەوتەوە، راوبۆچونی خۆیان دەردەبری، ئەمیش لەبەر هەمان هۆكاری پێشوو بەڵام بە پێچەوانەوە، لایەنی سێیەم میانگرانە یان بە پشت بەستن بە یاسا و رێگە ئاساییەكان باسیان لەم پرسە دەكرد و بۆچونی سەرجەم كوتلەكانیان لەبەرچاو دەگرت . ئەم زۆری و بۆریەی هەڵوێست و راوبۆچونەی كوتلەكانی یەكێتی، نیشانەی پەرشوبڵاوی و ناگونجانی ریزەكانیان دەردەخست و،  وای لە چاودێران كرد كە هەڵوێستی تایبەتی و سەربەخۆی یەكێتی لەم پرسەدا بە روونی نەخوێنێتەوە  . ئەوەی زیاتر لە لایەن یەكێتیەوە لەبەرچاو دەگیرا، كە تەنانەت وەفدەكانی وتوێژی یەكێتی پێكهاتەی سەرجەم كوتلەكانیی تێدابێت و، تەنانەت لە وتوێژەكانیشیاندا، لە كۆبونەوە چەند قۆڵیەكان بە پێی ئەو هەواڵانەی دزەیان كردووە،  ناكۆكی ورد و درشتیشیان لە بۆچون و هەڵوێستدا لە نێوان خۆیاندا هەبووە لەمەر وردەكاری و كۆی گشتی پرسەكەش . 
لە بەرامبەردا، ئەوەی زۆر دلخۆشی هەواداران و ئەندامانی یەكێتی كردووە كە پەرلەمانتارانی  فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان و گەنجانی خوێن گەرمی ئەو حزبە بە یەكگرتوویی و یەك بۆچونی و هاوهەڵوێستی قسەو بۆچونی خۆیان لەسەر ئەم مەسەلەی دەربری و سوربون لەسەر بە یاسایی چارەسەركردنی پرسەكە و لانەدان لەو رێرەوە راستەی كە خەڵك پشتگیری دەكات  لە پێناو شتی لاوەكیدا ، ئەمەش وای فەرز كرد و  دەخواست كە رێزو پێزانینی خەڵك و زۆرێك لە چاودێران و سیاسەتمەداران بۆ خۆیان تۆمار بكەن ومێژووش بۆیان دەینوسێت و، لەمەشدا بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە لەم رەفتارە سەركەوتوەیاندا رەسیدێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی  زۆر باڵایان دەستبكەوێت . 
لەم گونجاندن و هاوكاری و یەكگرتووییەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز، زۆرێك لەكادرانیانی دڵخۆش كردووە و تەنانەت زۆرێك لە قاعیدەش بە ئەڵتەرناتیظێكی گونجاوی سەركردایەتی ئەم حزبەیان دادەنێن، كە چۆن لە رەفتار و بۆچون و هەڵوێستە سیاسی و یاساییەكان نەچونە ژێر ركێظی هیچ كوتلەیەكی ئەو حزبە  و تەنها پشتیانبەست بە یاسا و رێزگرتن لە پەرلەمان و ئەركە تایبەتیەكەی خۆیان و بەرژەوەندیە گشتیەكان . بەم شێوەیەش دەتوانین بڵێین، بەم كارەیان بۆ خۆیان سەلماندیان كە بە توانان  و خاوەن هەڵوێست و بۆچونی تایبەتیی خۆیانن و دەتوانن  كوتلە هەمەلایەن و زیانبەخشەكانی نێوخۆی یەكێتی تێپەرێنن و بە بەردەوامی لە سەر ئەم جۆرە رەفتارو بۆچون و هەڵوێستانە  دوارۆژی حزبەكەیان زامن بكەن . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە