کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگه‌وازێکی کراوه‌ بۆ هه‌موان !

Wednesday, 19/08/2015, 0:35



به‌رێزان : سڵاو :
بانگه‌وازێکی کراوه‌ بۆ هه‌موان !
ئه‌مشه‌و ،شه‌وێکی کاریگه‌ره‌، له‌ چاوه‌روانی سبه‌ینێیه‌کی چاره‌نوس سازد ا ، که‌ وا چاوه‌روان ده‌کرێت په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی مێژووی بکات . ده‌رباره‌ی هه‌مواری ده‌ستور و چه‌سپاندنی  سیسته‌می  په‌رله‌مانی و سه‌رۆکایه‌تیه‌کی ته‌شریفاتی . هه‌روه‌ها بۆ رێو ره‌سم و رێکاری یاسایی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی داهاتوی هه‌رێم ، هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ، کۆتاییایی هاتنی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی ، به‌رێز کاک مه‌سعود له‌ دوای 19 ی ئابی 2015 .
ئایا سبه‌ینێ چ په‌رله‌مانتارێك و لایه‌نێک ده‌چێته‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵوێستیان چۆن ده‌بێت و ، چ لایه‌نێک له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی تردا ، خۆی ده‌کێشێته‌وه‌ بۆ دواوه‌و له‌ سه‌نگه‌ری ئازادی و دیموکراتیدا ، ئاماده‌ نابێت و پشتی میلله‌ت به‌رده‌دات ؟
 
رێکارێکی ئاسایی یاسای ژماره‌ 19 ی په‌رله‌مان و ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی داهاتوو . به‌داخه‌وه‌ کراوه‌ته‌ قه‌یران ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاک مه‌سعود و پارتی ، له‌ یاسای ژماره‌ 19 و ئه‌و گرێبه‌ست و به‌ڵێنه‌ی ساڵی 2013 یان پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه‌ و رێگری ده‌که‌ن له‌هه‌ر یاسایه‌ك ، سنور دابنێت بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌تا هه‌تایی کاک مه‌سعود . به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی کاک مه‌سعود پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ ، ئه‌و پاساوه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێویست وابێت کاک مه‌سعود سه‌رۆکی هه‌تا هه‌تایی بێت (( مدی الحیات)) .  چونکه‌ به‌دیهێنانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هیچ ماوه‌و سنورێکی نیه‌ .
له‌ ماوه‌ی رابوردودا ، هه‌ڵوێستی سه‌رۆکی هه‌ریم و پارتی به‌رامبه‌ر به‌ چوار هێزه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی تری په‌رله‌مان به‌داخه‌وه‌ ،تاکتیکی راگه‌یاندنی شه‌ری ناوخۆ و به‌ خیانه‌تکردن و تاونبارکردن به‌ کوده‌تاو جیبه‌جێکردنی ئه‌جه‌ندای بێگانه‌ بوه‌ . به‌ ئاشکرا و به‌ به‌کار هێنانی هه‌موو جۆره‌کانی فشارو به‌رتیل ، هه‌وڵی خۆ سه‌پاندنیان دراوه‌ و سوکایه‌تی زۆریان کردوه‌ به‌ په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم و هه‌ره‌شه‌ی کوشتن و رێگرتن له‌ چوون بۆ کۆبونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان . به‌ ئاشکرا ئاماده‌باشی کراوه‌ ، نه‌ك بۆ به‌ره‌کانی به‌رامبه‌ر داعش ، به‌ڵکوو به‌ره‌کانی ناوخۆ دژی ،لایه‌نه‌کانی تر . ئاماده‌کاری بۆ شه‌ری ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی و نیازی کۆنترۆڵی زیاتری سامان و ناوچه‌کان . له‌به‌رامبه‌ریشدا ، هه‌وڵێ کرێنی وێژدان و هه‌ڵوێستی لایه‌ن و په‌رله‌مانتارانی لایه‌نه‌کانی تر ، هه‌ریه‌که‌ به‌ چه‌ند ملیون دۆلار . بۆپشتیوانی له‌ هه‌ڵوێستی پارتی و پشتیوانی له‌ به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵات و حوکومرانی کاک مه‌سعود . بۆیه‌ ئێستا و بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی رۆژی 19ی ئاب ، هه‌موو به‌رپرسیاری که‌وتۆته‌ سه‌ر کاک مه‌سعود . ئایا چ هه‌ڵوێستێک هه‌ڵده‌بژێرێت ؟ شه‌ری ناوخۆو ودوو ئیداره‌یی  و دووباره‌ کردنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کانی رابوردوو ، یان ئاشتی و سه‌قامگیری هه‌رێم و به‌رده‌وامی کاری په‌رله‌مان و رێکاره‌ یاساییه‌کان . هه‌موی به‌ده‌ست کاک مه‌سعوده‌وه‌یه‌ . کاک مه‌سعود ئه‌مشه ‌و سبه‌ێنێ له‌به‌رده‌م هه‌ڵوێستیکدایه‌  که‌ چۆن بچێته‌ مێژوه‌وه‌ .؟
هیوادارم کاک مه‌سعود ، به‌ هه‌ڵوێستیکی راست ترو ئاشتیخوازانه‌ تره‌وه‌ بچێته‌ به‌رده‌وم دادگای مێژوو .
له‌ مۆدێله‌کانی سه‌رکرده‌کانی تری دنیادا ، چاولێکه‌ری مۆدێله‌ باش و نه‌مره‌کان بێت و هه‌ڵوێستی 19 ی ئابی ، مایه‌ی شادی و یه‌کخستنی رێزه‌کانی گه‌ل بێت . کاک مه‌سعود سه‌رۆکی فه‌رمیش نه‌بێت ، به‌ڵام پایه‌و کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ و ده‌توانی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ، له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌ل و نیشتیماندا بێت و پشتیوانی سه‌رۆکی داهاتوبێت و باشتریش کاربکات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ نیشتیمانیه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کانی تر ، بۆ هێنانه‌دی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و پاشه‌رۆژێکی باشتر . ئه‌و کاره‌ پرۆژه‌یه‌کی نیشتیمانیه‌و پێویستی به‌ هاوبه‌شی و خه‌بات و توانای هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌ ‌ .
مێژوو چاویشی له‌سه‌ر رۆڵی هه‌موو حیزبه‌کانی تره‌ووه‌ ، ئایا هه‌رێم به‌ چ ئاقارێکدا ببرێت و ئاسۆکانی پاشه‌رۆژ چۆن بێت ؟  ئایا ، بانگه‌شه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ بۆ ئازادی و دیموکراتی و چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی و بنیاتنانی سیسته‌مێکی په‌رله‌مانی ئازاد تا چه‌ند راسته‌ و چ مێژوویه‌ك بۆ خۆیان و حیزبه‌کانیان تۆمار ده‌که‌ن و چ میراتێکی خه‌بات جێ دێڵن بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو.
 
مێژوو لێ بوردنی نیه‌ و ، ئێمه‌ خۆمان نامێنێن ، به‌ڵام مێژوو  به‌رده‌وام ده‌بێت . ئێستاش دنیا زۆر گۆرراوه‌ و بۆ شایه‌تی دادگای مێژوو ،هه‌موو به‌ڵگه‌کان دیارو ئاماده‌ن .
له‌گه‌ڵ رێزی براتان :
به‌کری میرزا حسه‌ین
سوید : شه‌وی 2015-08-19/18

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە